کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قسەکانی روحانی ڕاگەیاندنی ئیفلاس و وەرشگست بوون لە یەکەم هەنگاودا

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی لە یەکەم دانیشتنی خەبەریدا لەگەڵ هەواڵنێران، ئیفلاسی خۆی لە دەستەبەر کردنی ئەوەی کە لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردندا وعدەی دابوو، لە هەمان هەنگاوی یەکەمدا نیشاندا. باس کردنی چەند گۆشەیەک لە قسەکانی روحانی بە روونی ئەم هەڵسەنگاندنە دەسەلمێنێ. روحانی و پرسیار و وڵامەکانی لەم کۆنفڕانسە خەبەریەدا دەکرێ لە سێ مێحوەردا کورت بکرێتەوە. لە بواری هەڕەشەکانی ترامپ لە کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، لە بواری ئابووری و لە زەمینەی ئازادیەکان و مافی خەڵکدا.

لە بواری هەڕەشەکانی ترامپ دا، روحانی هەر ئەو قسانەی کردەوە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەفەر بۆ عەرەبستانی سعودی پێویستی پێیان هەبوو. ترامپ هاتبوو تا مسابەقەی تەسلیحاتی لە ناوچەکەدا پەرە پێبدات و چەک بفرۆشێت و بۆ ئەمکارەش پێویستی بە بازاڕ گەرمی هەبوو. قسەکانی روحانی هەم معامەلەی ئەم جارەی چەساپاند و هەم ڕێگای بە رووی معامەلاتی دواتریشدا کردەوە. رۆحانی وتی:” ئێمە دەبێ بە هێز بین، موشەک و چەکەکانمان ئەگەر دروست نەکرێن هێندێک کەس توشی هەڵەی محاسباتی دەبن.” ئەوە لە حاڵێکدایە کە روحانی لە کەمپەینی هەڵبژاردندا ئاڕاستەیەکی پێچەوانەی ئەمەی تەبلیغ دەکرد.

سەبارەت بە ئابووری ئێران، روحانی ئیعتیڕافی کرد کە کارێکی لەدەست نایەت. لەم کۆنفڕانسە خەبەریەدا لە بواری باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی ٥٠ ملیۆن خەڵکێکدا کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە بواری حەقدەستی چەند جار لەخوار هێڵی هەژاری کڕێکاران، لە بواری وەرشکست بوونی بەردەوامی بونگاکانی بەشی خوسوسی و بێکار بوونی بە ملیۆن کەس، لە بواری گرانی، لە بواری بێ ئاسۆیی لاوانی خوێندەوار، لە بواری قانونی کاری دژی کرێکاری کە روحانی لە کەمین دایە تا لە یەکەم دەرفەتدا بە پەسەندی مەجلیسی بگەیەنێ، لە بارەی گشت ئەمانەوە کە بوارە واقعیەکانی ئابووری و بەڕێچوونی خەڵکن، نە قسەیەکی کرد و نە تەنانەت بەڵێنێکی دا. سەبارەت بە سیاسەتە کەڵانە ئابووریەکان روحانی نیشانیدا کە لەم بوارەشدا خاوەن ئیرادە نییە. کاتێک بە روونی پرسیاری لێکرا کە لە بەرانبەر ناوەندە باڵاسەرە قانونیەکاندا چی دەکات، ئەو تەنانەت نەوێرا باسی ئەو بابەتەش بکات و تەنیا بە ڕاگەیاندنی تەمایولی دەوڵەت بە خوسوسی سازیەکان لە ژێر ناوی:” ئابووری و فەرهەنگ و بابەتی کۆمەڵایەتی بدەین بە خەڵک”ی، ئاماژەی کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموان دەزانن ئابووری ئێران لە کۆنترۆڵی ئەو بونگایانە دایە کە نە تەنیا دەوڵەت هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەریانەوە نییە، بەڵکوو موەزەفیشە بەشی زۆری ئەوەشی کە لە خەزانەدا هەیە بۆ هاسان کاری بۆ ئەوانی تەرخان بکات. لە ڕاستیدا لە دەزگای حاکمیەتی ئێراندا دوو دەوڵەتی هاوتەریب بوونیان هەیە، دەوڵەتی ڕەسمی و بەناو هەڵبژێردراو کە لەم دەورەیەشدا روحانی بۆتەوە بە سەرۆکی و دەوڵەتێکی بە هێزی ناڕەسمی کە ئابووری و سیاسەت و شەڕ ئەساسەن لەوێدا دیاری دەکرێت، و لە لایەن فەرماندەکانی سپاو و خامنەیی و بەیتی ڕێبەریەوە هیدایەت دەکرێت.127

لە بواری ماف و ئازادیەکانی خەڵکدا، روحانی لە حاڵیکدا ئیدیعای کرد کە دیفاع لە مافی هەموو شارۆمەندانی ئێرانی تەنانەت ئەوانەشی کە لە دەرەوەی وڵاتن، دەکات، ئەم ئیدیعایەی خۆی لە خاڵێکی دیاری کراودا لە محەک دا. ئەو سەبارەت بە حەبسی خانەگی موسەوی و کەروبی و رەهنەوەرد، گاڵتەجاڕانە ترین وڵامی مومکینی دایەوە کاتێک وتی:” لەم بارەیەوە نامە بۆ سەرانی باقی قوا دەنووسم و جەلەسە تەشکیل ئەدات و دەچێت بەشوێن بابەتەکەدا.” واتە شتێکی گەلێک کەمتر لەوەی کە لە دەورەی پێشوی سەرۆک کۆماریدا بەڵینی دابوو. بێننە بەرچاوی خۆتان کاتێک روحانی سەبارەت بە کەسانێک کە هاوفکری ئەون و لە بەرەی ئەودان و کەوتونەتە حەبسەوە و تەنانەت ڕەنگە هێندێک کەس بە ئیعتیباری قەولی ئازاد کردنی ئەوان دەنگیان داوەتێ، بەم شێوەیە قسە دەکات، چلۆن لە مافی ئەو شارۆمەندانەی کە ئێستا لە زیندانەکان و ئەشکەنجە گاکاندا جەستە و دەرونیان زەڕە زەڕە دەتوێتەوە، دیفاع دەکات؟ چلۆن لە ماف و ئازادی خەڵکێک کە هەموو رۆژ و سەعاتێک لە هەر کارخانە و هەر گەڕەک و ناوچەیەک لە لایەن ئەو پاسدار و بەسیجانەوە کە ئەو زۆریشی خۆشدەوێن”، پێشێل دەکرێت دیفاع دەکات؟ مەسەلە ئەوە نییە کە روحانی گۆیا ئەیەوێ ماف و ئازادیەکانی خەڵک دابین بکرێت، بەڵام ئیختیاری ئەو کارەی نییە. هەڵبەت گومانێک لە سنوردار بوونی ئیختیاراتی روحانیدا نییە، بەڵام لەم بارەیەوە مەسەلەی واقعی ئەوەیە کە ئازادی پاشنە ئاشیلی کۆماری ئیسلامییە بە گشت باڵەکانی و لەوانە روحانی و دەوڵەتەکەیەوە. روحانی بە تەجروبە بۆی دەرکەوتوە کە خەڵک نایەوێ ئازادی خۆی قەترە قەترە لە دەوڵەت سواڵ بکات، بەڵکوو بە گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی جەماوەر، هەموو ئەو شتەی کە لە ماوەی ساڵانێکدا لێیان زەوت کردون، بە تەواوی دەوێت و دەشی ئەستێنن. ئەو ئازادیانەی کە لە توانایی تەحەمولی ڕژیمی ئیسلامیدا نییە. ئەوە نیگەرانی هاوبەشی روحانی و ڕەقیبەکانیەتی و پاشەکشە لەم بوارەدا بە ” مەترسیدار” دەزانن. ئەو ئازادیانەی کە ئەمرۆ لاوان و خەڵکی ئێران لە هێندێک لە بواری فەرهەنگیدا بەسەر ڕژیمیاندا سەپاندوە، بەرهەمی تەبلیغاتی هەڵبژاردن و سەر دەرهێنانی روحانی لە سندوقەکانی دەنگدان نییە، بەڵکو بەرهەمی خۆڕاگری لە ئاستی جەماوەری بە پانتایی ئێرانە، لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە، خەبات و قوربانی داندا.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتی واقعی لە سندوقەکانی دەنگدان دەرنایەت. هاوسەنگی هێزی باڵەکانی حکومەت، ئیفلاسی روحانی لە داهاتویەکی نە زۆر دوور ئاشکرا دەکات. بەشێک لە خەڵک لە بەرەکەتی سەری تەبلیغاتی ئاڕاستە کراوی ڕاگەیەنەرە بەکرێگیراوەکان و یان بە یارمەتی تەسلیم تەڵەبانی بەناو رۆشبیری بێ جیرە و مواجب، لە بازنەی بۆشی هەڵبژاردندا لە نێوان ” خراپ و خراپتر” دا بە تەبلیغاتی درۆینە سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری، بە گۆمانی ” سەرکەوتن”، سەرگەردان دەکەن تا ماوەیەکی تر درێژە بە حاکمیەتی دژی خەڵکی خۆیان بدەن. بێ گومان ئەم ڕەوتە ڕادەوەستێت و جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێش و خەڵکی بێبەش، شەڕی ئەم ڕژیمە لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە.