کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قسەکانی خامەنەیی، نائومێدی و دانپێدانان بە شکستدا

62125337 9115 l 7700

 قسەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی عەلی خامەنەیی،، بۆ پاساوکردنی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریە بوو، کە بە کۆڵەکەی سەرەکی خێمەی مێحوەری خۆڕاگریی ناوزەد کرابوو. ناوبراو قسەی بۆ ژمارەیەک لە لایەنگرە دەستەبژێرەکانی خۆی دەکرد. ئەوانیش وەک هەمیشە ناوبەناو لەڕووی ناچارییەوە دروشمێکیان دەوتەوە و بە نیشانەی بەیعەت، سەریان بۆ دەلەقاند. فەرماندەکان، کاربەدەستان، سیاسەتمەداران و ئەو کەسانەی کە لەژێر ڕێبەرایەتی شەخسی خامەنەیی دا، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار ئێرانی، ئەفغانستانی و پاکستانیان لە سوریا بەکوشت دا و زیاتر لە پەنجا ملیارد دۆلار سەرمایەی خەڵکیان بە فیڕۆ دابوو، لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نەبوون. هەڵبەت ئیزن نەدرابوو کە ڕاپۆرتی ئەو کۆبونەوەیە لە ڕۆژنامە سەرەکییەکاندا بڵاوبکرێتەوە. تەنیا لە ماڵپەڕ و ناوەندە هەواڵگرییەکاندا بڵاو کرایەوە. خامەنەیی لە یەک دوو ڕستەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شکستی سیاسەتەکانی خۆی لە سوروریە قبوڵ کرد. بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵیدا بە شێوە دەربڕینێکی ئیدئۆلۆژی، بدوێ بۆ ئەوەی لایەنگرەکانی پاساوی ئەم شکستەیان بۆ قبووڵ بکرێت. ناوبراو وتی: خۆڕاگریی لە ئیمان و باوەڕدایە و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەم ئیمان و باوەڕە لەناو فەلەستینییەکان و موسڵمانانی لوبنان و ئێراندا زۆر بەهێزە. ئەو هەروەها ئیدیعای کرد که لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە خۆڕاگرییە، کە ئەو خەڵکە لە هەر شوێنێک زەبریان بەربکەوێت، شێلگیرانەتر لە جاران لەبەرامبەر دوژمندا دەردەکەون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر تا دوێنێ هەندێک کەس لە لوبنان و فەلەستین، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییان بە ڕێگای ڕزگاریی خۆیان لە دەست زوڵم و ستەمکاری دەزانی، ئەمڕۆ بە نەفرەتەوە باس لەم ڕژێمە و ئامانجە ناڕەواکانی لە ناوچەکەدا دەکەن. ئاژانسەکانی هەواڵ گەڵێک ڕاپۆرتیان لەم بابەتەوە لە زاری پەنابەرانی خەڵکی لوبنان و سوورییە، بڵاوکردۆتەوە کە بە نەفرەتەوە باس لە کۆماری ئیسلامی دەکەن.

واقیعییەت ئەوەیە کە دەستێوەردانە پڕ هەزینەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوورییە، لوبنان، فەلەستین و عێراق، لە بەدیهێنانی ئامانجە ناڕەواکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، لەگەڵ شکستێکی گەورە و لە قەرەبوو نەهاتوو و بێگەڕانەوە بەرەوڕوو بۆتەوە. بەڵام ئەوەی کە پتر لە هەموو شتێک خامەنەیی نیگەران کردووە، بریتییە لە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی شکستی سیاسەتە ناوچەییەکانی لەناو کۆمەڵگای ئێراندا. بێ هۆ نەبوو کە لە بەشێک لە قسەکانیدا، هێرشێکی ئاشکرای کردە سەر ئەو ڕۆژنامە و بیرمەند و نووسەرانەی کە واقیعییەتی شکستی سیاسەتەکانی ئەویان لە سوورییە بە بەڵگەوە بەیان کردووە. خامەنەیی ئەم کارەی میدیاکان و نووسەرانی بە کردەوەیەکی تاوانکاری ناوبرد و فەرمانیدا لێپێچینەوەیان لێبکرێت. گومان لەوەدا نییە کە کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی سووریە، گەیشتووەتە کۆتاییەکانی تەمەنی و درەنگ یان زوو چارەنووسێکی هاوشێوە چاوەڕێی دەکات. لە لایەکەوە کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاریی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ ڕێگایەکی نییە بۆ چارەسەرکردنی تەنانەت بچووکترین کێشەکانی ئەو جەماوەرە. لە سیاسەتی دەرەوەدا شکستی خواردووە و لە ناوخۆی وڵاتیشدا لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و داواکاری تەوەرکان بەرەوڕوو بووەتەوە. لە حاڵێکدا لە ئاست جەماوەری ناڕازیدا هێز و هەیمەنەی خۆی نیشان دەدات، کە لە ئاستی ناوچەکەدا بە شێوەیەکی سەرشۆڕانە ناچار بووە لە هەڵوێستەکانی تا ئێستای خۆی پاشەکشە بکات.

ستراتێژی مانەوەی ڕژیم هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکارییەوە، لەسەر دوو بنەما دامەزرابوو: بنەمای یەکەم بریتی بوو لە نواندنی هێز و هەیمەنە لە ناوچەکەدا بە مەبەستی دروستکردنی قوڵایی ستراتێژیک لەڕێگەی پشتبەستن بە پرس و کێشمەکێشە ڕاستەقینەکانی ناوچەکە، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی چەکداری یان لە ڕێگەی هێزە بە وەکالەتەکانەوە لەم کێشانەدا، هاوکات باج وەرگرتن لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی هەڕەشەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە. بنەمای دووەمیش بریتیبووە لە: پشتگوێخستنی ویست و داواکارییەکانی خەڵک و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لە ناوخۆی وڵاتدا. بنەمای یەکەم بەشێوەیەکی گشتی بەجۆرێک داڕماوە کە بە چیتر شیاوی سەرلەنوێ دروستکردنەوە نییە و بۆ هەمیشە لەدەست چووە. ئەگەرچی پرسە ناوچەییەکان و ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە تایبەتی لە خەڵکی فەلەستین دەکرێت، هەروا بەردەوامن، بەڵام هەم بێتوانایی و هەم ئیدیعای درۆ و فریوکارانەی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بەوەی کە گۆیا پشتیوان و لایەنگری ئەو خەڵکەیە، بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە و چیتر کەس ئۆمێد بەم ئیمامزادەیە نابەستێت. بنەمای دووەمی مانەوەی ڕێژیمیش، گەلێک لەرزۆکە. هەم سەرکوت چیتر کاریگەریی نەماوە و هەم ڕژیمیش لەگەڵ قەیران و شپرزەییەکی ئەوتۆی ئابووری بەرەوڕوو بووەتەوە کە توانایی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خەڵکی نییە. سەرەڕای چاپکردنی بێ سەرەوبەرەی دراوی بێ پاڵپشت، تەنانەت توانایی ئەوەی نییە کە حەقدەستی مانگانەی مووچەخۆرانیش لە کاتی خۆیدا بدات. جگە لە هەژاریی لەڕادەبەدەر و نەهامەتی ئابووری، لەم زستانە ساردەدا، ماڵەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بێ کارەبا دەبن و بەکارهێنانی سووتەمەنی گازۆیل بەمەبەستی دابینکردنی ئەم بڕە کارەبایەش، تەندروستی خەڵکی لەگەڵ مەترسیی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەمجۆرەیە کە ئەم ڕێژیمە لە هەردوو لاوە گەیشتووە بە بنبەست و چاوەڕێی داڕمانی خۆیەتی. قسەکانی خامەنەیی، وێڕای خۆ فریودانێکی ئاشکرا، نیشانەی ئەوپەڕی نائومێدیش بوو سەبارەت بە داهاتووی ڕێژیمی ئیسلامی.