کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قازانج پەرستی سەرمایەداران، یاری بە گیانی ئینسانەکان دەکات

ماجەرای ئاگەر کەوتنەوە لە بۆرجی گرنفێلی لەندەن، هێشتا قسە و باسی گەرمی نێو رۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی بریتانیایە. قسە و باس لەسەر ئەمنیەتی ئەو بورجانەی شوێنی نیشتەجێن و ئەوەی کە چلۆن قازانج پەرستی سەرمایەداران یاری بە گیانی ئینسانەکان دەکات، گەرمتر بووە. لە ڕێکەوتی ١٦ی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ رۆژی هەینی ٢٦ی مانگی جۆزه‌ردان، ئاگرێك لە یەکێک لە ئاپارتمانەکانی بورجی گرێنفێل، کەوتەوە و هه‌موو بورجه‌كه‌ی داگرت. بەهۆی نەبوونی کەرەسەی ئاگر کوژاندنەوە و نەبوونی یارمەتی خێرا بۆ ڕزگار کردنی دانیشتوانی دەیان کەس بە زیندویی لە ئاگردا سوتان کە تا ئێستا پەیکەری ٧٩ کەسیان دۆزراوەتەوە و دەیان کەسی دیكه‌ش بێ سەروشوێنن. بەراورد دەکرێت کە ٦٠٠ کەس لە ٢٠٠ ئاپارتمانی هەڵکەوتوو لە ٢٧ نهۆمی ئەو بورجه‌دا ژیابێتن. دراوسێكانیان و تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی پاڕلمان بە رۆژنامە نووسانی وتوە کە دەیان منداڵ کە ئیتر ناچنەوە قوتابخانەکانیان و ئەو کەسانەی کە ئیتر وڵامی تەلەفونەکانیان نادەنەوە بە دڵنیاییەوە لە ئاگردا سوتاون و کاربەدەستان و بەرپرسان بۆ کۆنترۆڵ و هێور کردنەوەی قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک زانیاری تەواو بەرە بەرە و لەکاتێکدا ڕادەگەیەنن کە کارەساتەکە کۆن بووبێت. 159 1

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەم حەفتەیەدا لە بریتانیا بڵاو کرایەوە لە ویلایەتەکانی ئینگلیس، وێڵز و ئیسکاتلەند ٤ هەزار بورجی شوێنی نیشتەجێ بوونیان هەیە کە هەروەک بورجی گڕێنفێل لە لەندەن خاوەنی رووکەشی دەرەوەی فلیزین. بە پێی ئازمایش و تاقی کردنەوەکانی پێوەندیدار بە ئیمنی لە بەرانبەر ئاگر کەوتنەوەدا دانیشتوانی ٦٠٠ بورج، وەک گرێنفێل، خاوەنی هیچ ئیمکاناتێکی خۆ پاراستن نین.

سەدان بورج کە وێنای دەرەوەیان، بە فلیزی هەرزان و نا قایم لەبەرانبەر ئاگردا داپۆشراوە شوێنی نیشتەجێ بوونی کرێکارانی دەستکورت و پەنابەران و توێژی کەم داهاتن لە بریتانیا. لولەکانی گازی ئاپارتمانەکانی هەڵکەوتوو لەم بورجانه‌دا بە مادەیەکی هەرزان بایی داپۆشراون کە بە خێرایی ئاگر دەگرن. لەنێو کەم و کوڕیە ئیمنیەکانی ئازمایش کراو لە بورجی گرێنفێلدا ئه‌م دوو هۆکاره‌ بوونەتە هۆی پەرەسەندنی خێرای ئەگرەکە.

لە هەمان رۆژی ئاگر کەوتنەوەکەدا هەزاران کەس لە چەند شوێنێکی لەندەن و لەوانە لە بەرانبەر شارەداری گەڕەکی كێنزینگتۆن خۆپیشاندانیان كرد و خوازیاری دادپەروەری بۆ قوربانیانی گرێنفێل و توێژینەوەیەکی بێلایەنانە سەبارەت بەو کارەساتە بوون. ناڕازییان دواتر دەستیان کرد بە ڕێپێوان و دوای بەیەک گەیشتنەوەیان بەدەم وتنەوەی دروشمەوە بەبەردەم شوێنی دامەزرانی کابینەی ده‌وله‌تدا تێپەڕین. ئەوان دروشمیان ده‌دا كه‌ خوێنی قوربانیانی گرێنفێل لە ئه‌ستۆی تێرێزا مەی یه‌، و دەبێ بڕوات. ئەوان له‌ پلاکاردەکانیاندا سیاسه‌تی‌ کابینەی محافزەکار لە هەڵگرتنی یاسای پاراستن بۆ ماڵەکانی وەک تاوەری گرنفلیان بە هۆکاری سەرەکی کارەساتەکە ناوبرد. یەکێک لە ناڕازیان، کە مێعمارە بە ڕاگەیەنەرەکانی وت:

“کەم بوونەوەی بودجەی شارەداریەکان، کە بۆتە هۆی کەم بوونەوەی بودجەی پاراستنی بورجەکان و شوێنی نیشتەجێ بوون لە گەڕەکەکاندا هۆکاری سەرەکی ئەم ئاگر کەوتنەوەیە. بودجەی پاراستنی ئەم جۆرە مەسکەنانە بڕاوە، لەبەر ئەوەی کە دانیشتیوانی نێو ئەو ماڵانە هەژارن، لە ڕاگەیەنەرەکاندا دەنگیان نییە و ناتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن. ” ئەو لە درێژەدا دەڵێ: “مەترسی ئاگر کەوتنەوەی گەورە لە بناگوێی سەدان هەزار لەو کەسانەی دەنگیان بە هیچکوێ ناگات قەراری گرتووە و ئێمە دەستمان داوەتە ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی تا بڵێین نادادپەروەری ئیتر بەسە.”

بورجی گرێنفێل لە گەرەکی ” كێنزینگتۆن” هەڵکەوتوو لە ناوچەی ” كێنزێنگتۆن و چێلسی”، لە دەوڵەمەندترین ناوچەی لەندەن هەڵکەوتووە و نیشانه‌ی ڕاده‌یه‌ك له‌ جیاوازی چیانیەتی و نابەرابەری روو لە زیاد بوونە کە تا ئێستا لە مێژوی بریتانیادا نەبینراوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ٤ ساڵ لەوەپێش بڵاو کراونەتەوە نزیکەی ١٣ میلیۆن کەس لە ئینگلیس لەژێر هێڵی هەژاریدان کە ٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیان خاوەنی پیشەن و ٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی مابەقی بێکار یان خانەنشینن و مۆسته‌مه‌ڕی وەردەگرن. ڕواڵەتی هەژاری لە بریتانیایەکدا کە پێنجەمین ئابووری سەرمایەداری دنیای هەیە، زیاتر لە منداڵاندا ده‌بیندرێ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ” ئێقدام لەدژی هەژاری”، کە لە مانگی مەی ٢٠١٧ دا بڵاو کراوەتەوە، ٤ میلیۆن منداڵ لەم وڵاتەدا بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن. ئەم منداڵانە لە ماڵە بێ ئیمکانات و نا ئەمنەکان، سارد و شێداردا گەورە دەبن و لەگەڵ هەموو جۆرە نەخۆشیەکدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. لە لەندەنی بەناو دەوڵەمەند دا نایەکسانی و هەژاری بەرچاوترە لە باقی شوێنەکانی وڵات. یەک لەسەر سێی خەڵکی ئەم شارە لە حاڵێکدا لە هەژاریدا دەژین کە زۆربەیان خاوەن پیشە و لەسەرکارن. ئەوان لەو بورج و ئاپارتمانە لەسەر یه‌ك و هەڵچندراوان هەر ئانوساتێك ئەگەری هەیە گیرۆدەی چارەنووسی دانیشتوانی بورجی گرێنفێل بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٢٠ هەزار ماڵی چۆڵ لە لەندەندا هەیە کە هەرکامەیان چەند میلیۆن دۆلار قیمەتیانە و خاوەنەکانیان پێویستیان بەوە نەبووە کە رۆژێکیش تێیاندا بژین. هەر لەم كێنزینگتۆنه‌ لە پاڵ بورجی گرێنفێل کۆمەڵێک ویلا بوونیان هەیە کە نرخی مامناوەندیان بانتر لە ٥ میلیۆن دۆلارە.

نا یەکسانی و هەژاری و ناچار کردنی هەژاران بە ژیان بەسەربردن لە بورج و ماڵە نا ئیمنەکاندا ناڕەزایەتیەکی بەرینی لە بریتانیا لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌. ئەم ناڕەزایەتیانە لەم دواییەدا لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری بریتانیا و ئیرلەندی باکوردا خۆ دەرخست. هەڵبژاردنی سەرتاسەری بریتانیا رۆژی پێنجشەممە ٨ی ژوئه‌نی ٢٠١٧ بەرابەر لەگەڵ ١٨ی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٦ بە ئامانجی هەڵبژاردنی ئەندامانی ٥٧ تەمین پاڕڵه‌مانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بریتانیا، هەڵبژاردنی پاڕله‌مانی، سێ ساڵ زووتر لە کاتی خۆی بەڕێوەبرد. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە پێی وابوو بە زۆرینەیەکی ڕەها سەردەکەوێ و کورسی زیاتر دەستەبەر دەکات. بەڵام کرێکاران، ژنان و لاوانی ناڕازیی و بێ هیوا حیساباتەکەیان تكێدا. ئەوان لە هەڵبژاردندا دەنگیان بە حیزبی دەستەڕاستی محافزەکار، بە ڕێبەریی خانمی تێرێزا مەی و سیاسەتە ڕیازەتیە ئابووریەکانی نەدا و بەهۆی نەبوونی بەدیلێکی کۆمونیستی کرێکاری ڕادیکاڵ دەنگیان دا بە حیزبی کارگەر و ڕێبەریەکەی جێرمی کوربین. جێرمی کوربین بە مانیفیستی سۆسیال دیموکراتیک و چەپ هاتبوە مەیدان کە ئەوی بە سوسیالیستی ناودەبرد. حیزبی محافزەکار کە پێشتر خاوەنی ٣٣٠ کورسی مەجلیسی عەوام بوو هاتبوو تا بە داسەپاندنی شکستێکی گەورە بەسەر حیزبی کارگەردا سیاسەتە دژه‌ کرێکاریەکانی و چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئوروپا بە هێزی زیاترەوە بەرەو پێش بەرێت ١٣ کورسی لە دەست دا. حیزبی کارگەر بە دەستەبەر کردنی ٢٦٢ کورسی ٣٠ کورسی زیاتر لە پێشوی بە دەست هێنا.

ئەو کاتەی کە بڵێسەکانی ئاگری بورجی گرێنفێل، لە گەڕەکی ئەعیان نشینی ” کێنزینگتۆن” بە ئاسماندا دەچوو خەڵکی بریتانیا جارێکیتر بیریان کەوتەوە کە لەم وڵاتە ئیمپڕیالیستیەدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نوقمی هەژاری وبێ هیوایین. لە بریتانیاشدا وەک هەر جێگایەکی دیكه‌ی کۆمەڵگای بەشەری ئەمرۆ، تەنیا بەدیل بۆ ڕزگار بوون لە موسیبەتەکانی وەک ئاگر کەوتنەوە لە بورجی گرێنفێل کە گیانی دەیان کەسی ئەستاند، سوسیالیزمە. بەڵام ئەمه‌ دەسته‌بەر نابێت مەگەر ئەوەیکە کرێکاران لە باڵی چەپی حیزبی کارگەر بە ڕێبەریی جێرمی کوربین تێپەڕن و بە ڕیکخستنی خۆیان لە حیزبێکی کۆمونیستیی کرێکاری شۆڕشگیری سوسیالیستیدا ئامادەکاری بۆ بکەن.