لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی دیكه ئۆرشەلیم بوو بە گۆڕهپانی بەرەنگار بوونەوەی فەلەستینییەکان و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیسڕائیل. بە ڕواڵەت بەم جۆرەیە کە ڕۆژی ١٤ی مانگی پووشپەڕ، ٢ پۆلیسی ئیسڕائیلی لە بهرامبهر درگای چوونە ژوورەوەی مزگەوتی “قودس” لە لایەن لاوێکی فەلەستینییەوە بە چەقۆ دراونەتەبەر هێرش و کوژراون. ئهمه لهحاڵێكدایه كه هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیسڕائیلیش کەسه هێرش بهرهكهیان کوشتووە و ڕێوشوێنی ئەمنییەتی نوێیان لەوانە، دامەزراندنی گەلێک دەزگای هەستیاری دۆزینەوەی فلزیان گرتۆتە پێش و بەریان بە چوونی ئەو فەلەستینیانەی كه تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ کەمترە بۆ ئەو ناچەیە گرتووە. مەحموود عەباس سەرۆکی تەشکیلاتیی خۆ بەڕێوەبەری فەلەستین ڕایگەیاند، تا کاتێک کە ئەم ڕێوشوێنە ئەمنییەتیانە لە دەورووبەری مزگەوتی قودس هەبن، سەرجەم پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل ڕادەگرێت و لەگەڵ ئەوەشدا خوازیاری ئەوە بوو کە دەوڵەتی ئیسڕائیل کردارەکانی ” بەگشتی لەدژی خەڵکی فەلەستین و بە ڕوونی “بهیتۆلمۆقدهس” و مزگەوتی قودس کۆتایی پێبێنێ.” ” بهنیامین نتانیاهوو” سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە وڵامدا ڕایگەیاند کە مەحموود عەباس لەسەر پەلی دارێک دانیشتووە و خەریکی بڕینەوەیەتی.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی مانگی پووشپەڕ، ڕێپێوانی فەلەستینییەکان لە ناڕەزایەتیی بەم کردارانە، بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیسڕائیل بوونەوە و سەدان کەس بریندار بوون. هەر لەم ڕۆژەدا کەسێکی فەلەستینی لە لێوارەی ڕۆژئاوی ڕووباری ئۆردۆن، سێ کەسیان لە دانشتیوانی ئاواییەکی یەهودی نشین بە زەبری چەقۆ کوشت. لەم ڕۆژەدا دوو فەلەستینی بە هۆی گوللەی هێزەکانی پۆلیسی ئیسڕائیلەوە کوژران. ڕۆژی شەممە ٣١ی مانگی پووشپەڕ، فەرماندەیەکی ئیسڕائیلی داوای لە ئۆردۆن و باقی وڵاتانی عەرەبی کرد کۆبوونەوەیهكی مەشوەرەتی ئەمنییەتی ئەنجام بدەن و وتی، ” ئەوەی ئێمە پێویستیمان پێیەتی ڕێگا چارەیەکی ئەمنییەتییە و نەک ڕێگا چارەیەکی سیاسیی”. هاوکات دەوڵەتانی سوئێد، فەڕانسە و میسر خوازیاری کۆبوونهوهیهكی خێرای ئهنجۆمهنی ئاسایش بوون بۆ پێڕاگەیشتن بە زیاد بوونی توندووتیژیەکان لە فەلەستین.
ئاشکرایە کە نە مەشوەرەتی کاربەدەستانی ئەمنییەتی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ فەرماندەیەکی نیزامی ئیسڕائیل و نە جەلەسەی خێرا و زەروری ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان و نە هەڕەشە پێچەوانەکانی نتانیاهو، مەحمود عەباس و حەماس وڵامێکن بەو ناکۆکیانە و تراژیدیە پڕ ئازارهی ئهم٧٠ ساڵە. ئەوە نییە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان بە پەسەند کردنی بڕیارنامهی ١٩٤، خوازیاری گەڕانەوەی ٧٠٠ هەزار فەلەستینی بوو کە لە جەریانی ئۆپڕاسیۆنی گورووپە میلیشیا و تیرۆریستییەکان بۆسەر ئاواییەکانیان ناچار بوون فەلەستین بەجێبێڵن. ئاخر ئەوە نییە ئهمڕۆكه ژومارەی ئاوارە فەلەستینییەکان گەیشتۆتە ٤ میلیۆن کەس کە ڕژیمی ڕەگەز پەرست، مافی گەڕانەوەیانی لێ زەوت کردوون. ئەوەنییە وێڕای بوونی زۆرێك بڕیارنامهیه ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان سەبارەت بە ڕاگرتنی پەرەدان بە درووست کردنی ئاواییە یەهودی نشینەکان لە لێوارەی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن، هەروا ئەم ئاواییانە لە حاڵی زیاد بووندان و نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بە بێشەرمی تەواوەوە باسی ئەوە دەکات کە دوای چەند دەیە دەستیان داوەتەوە درووست کردنی شارۆچکە یەهودی نشینەکان لە لێوارەی ڕووباری ئۆردن. مەگەر ئەوە نییە کە فەلەستینیەکان ئێستا تەنانەت کەمتر لە بیست لەسەدی ئەو سەرزەویانەیان لە ئیختیاردایە کە بە پێی نەخشەی دابەشکرانی ئەم سەرزەویە لە ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان دەبوو لە ئیختیاریاندا بێت. مەگەر ئەوە نییە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە نزیک بە ٢ میلیۆن کەس لە دانیشتوانی لێوارەی ڕۆژئاوا لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە گەمارۆ دراون و لە ڕاستیدا لە زیندانێکی سەر ئاوەڵادا دەژین. جێگایەک کە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی ئاوی خاوێن و پاک، بەرق، تەلەفون، دەرمانگا و تەنانەت ماڵیان نییە و لە زۆربەی ناوچەکان بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی ئاو، زێرابەکان ڕاستەوخۆ دەچنەوە نێو ئاوی بەندەرەکان. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ڕێكخهری یارمەتییە مرۆییهكانی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان، ڕۆژی ٢٠ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ باس لە” توندبوونەوە و خراپی بارودۆخ لە لێواری ڕۆژئاوا” دەکات و وەبیری هێناوەتە کە ” لە ئەگەری درێژەی ئەم بارودۆخە لە ساڵی ٢٠٢٠ ی زاینیدا لێوارەی ڕۆژئاوا کەسی تێدا نامێنێ.”
سەیر ئەوەیە گشت ئەوانەی کە پاراستنی دەوڵەتێکی داگیرکەری سەرتاپا چەکدار لەم ناوچەیەدا بە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانیان دەزانن، بێ شهرمانه ڕێگه بە خۆیان دەدەن کە ناڕەزایەتیی سەبارەت بەو توندووتیژیانەی ئێستا لە ئارادان نیشان بدەن و هەردوو لایەن بانگهێشت بە دان بەخۆ دا گرتن دەکەن. هەڵبەت لە گشت ئەم ڕادەربڕینانە “ئینسان دۆستانەدا”، ئەوەی کە لەبیر دەکرێت ڕاداشتنی پەنجەی تاوانە بەرەو لای ئەو دەوڵەتەی کە بە داگیرکاری و سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەکانی بەشێکی بەرین لە نەتەوەیەکی لە سەرزەویەکانیان وەدەرناوە و بەشێکی دیکەشی لە زیندانەکانی خۆیدا بەند کردووە.
لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا ئایا گەلێک دژوارە کە بزانین بۆچی لاوێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر پۆلیسێکی ئەمنییەتی چەکدار و یان فەلەستینیەکی دیكه بە چەقۆ سێ ئاوایی نشینی یەهودی دەکوژێت. ئایا دژوارە بزانین کاتێک کە نەتەوەیەک زیاتر لە ٧٠ ساڵ لەژێر حاکمییەتی ڕژیمێکی داگیرکەر و ڕەگەز پەرستدا لە گشت مافە ئینسانییەکانی بێبەش کراوە، لە هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی بارودۆخی موسیبەتباری ژیانی کەڵكی وەرگرتووە و قین و توڕەیی و بێزارییەکەی دەرببڕێت. ئایا دژوارە بزاندرێت بۆچی لە ٢٨ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا نزیک بە هەزار و ٥٠٠ کەس لە بهندكراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئیسڕائیلدا دەستیاندایە مانگرتن لە خواردنی بێ سنوور بۆ کەم کردنەوەی بارودۆخی نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر زیندانەکاندا و لەگەڵ گشت ئەمانەشدا ئەو لاوە فەلەستینیە تەنیا تەماشاگەری ئەم بارودۆخە بێت. ئایا دژوارە بزاندرێت ئەو بەرەیەی کە تەواوی تەمەنی لە ئۆردوگای پەنابەریدا بەسەر بردووە و لە دەرفەتێکدا کەوتۆتەبەر هێرشی بوڵدزێرەکان و ماڵەکانیان بەسەردا ڕووخاوە و هیچ جۆرە دیمەنگایەکی ڕوون بۆ ڕزگاربوونیان لەم بارودۆخە کارەساتەبارە شک نابهن، ڕێگای ڕزگاربوونی لە عەمەلیاتی قارەمانەی تاکە کەسیدا ببینێ. ئایا دژوارە بزاندرێت ئەو کەسانەی کە هەموو مافە دێمۆکراتییکەکانیان پێشێلی سەرکوتگەریەکانی دەوڵەتێکی ڕەگەز پەرست دەکرێت و ئەوجار لە بەیانییەوە تا ئێوارە باسی ” تەنیا دەوڵەتی دێمۆکراتیک” لە ناوچەکەی بە گوێدا بخوێندڕیت، قین و توڕەیی پهنگ خواردووی لە کردەوەیەکدا دەربخات کە لە بەرانبەر دەولەتێکدا کە یەکێک لە بەهێزترین هێزە نیزامییەکانی ناوچەکەیە، شانسێکی ئەوتۆی بۆ سەرکەوتنی نابێت.
بێ گومان ئەوەی کە بەسەر خەڵکی فەلەستیندا دێت، قوڵترین تڕاژیدی ٧٠ ساڵی ڕابردووی دنیایه. خەڵکێک کە نەتەنیا لە لایەن دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە خەڵتانی خوێن كراوه، بەڵکوو هاوکات لە لایەن ئەو هێزانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە یان سەرتاپا گەندەڵن و یان وەک ڕەوتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامیی خۆیان بەشێکن لە تراژیدی زاڵ بەسەر ئەم خەڵکەدا.
چارەنووسی خەڵکی فەلەستین و ڕزگار بوونیان لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا کە ناوەندی گشت تەزاد و ناکۆکی و کێشمەکێشەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی و هێزە تا سەر ئێسقان کۆنە پەرستە ئیسلامییەکانە، تەنیا بە هاتنە مەیدانی بەدیلێکی شۆڕشگێڕ، ئازادی خواز و سیکۆلار بۆ کۆتایی هێنان بە بشێوی زاڵ بەسەر ئەم ناوچەیەدا مومکینە. ئەم بابەتە گرنگەش بەبێ هاو جیهەتی و هاو ئاڕاەستەیی گشت هێزە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوو خوازەکانی ناوچەکە ئیمکانپەزیر نییە.