کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فێڵ و تەرفەندی واگوزاری سەهامی میلیاردی سپای پاسداران

243

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی مانگی خەزەڵوەر، بونیادی تەعاونی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامیی لە ڕاگەیاندنێکدا وتی: سەهامی چەند سەد میلیارد تمەنی سپا لە شیرکەتی “تەوسه‌عەی ئیعتماد” دا کە بریتییه‌ له‌ سەهام لە شیرکەتەکانی “مۆخابراتی ئێڕان” و “شیرکەتی هەمراهی ئه‌وه‌ڵ” واگوزار کردووە. لەو ڕاگەیاندنەدا هۆکاری ئەم کردارە” ئیجرای تەدابیری ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان” ڕاگەیەندراوە. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی ئەم واگوزاریەیان گەڕاندووه‌تە بۆ فه‌رمانه‌كانی ساڵی ڕابردووی عەلی خامنەیی سەبارەت بە دەرچوونی نیزامییەکان لە کارە بەناو” نا مەڕبووتەکان” و سیاسەتی خوسوسی سازی ڕژیم. بەڵام وادیارە کە ئەم بڕیارەی سپای پاسداران تەرفەندێکە لە ڕاستای بە پاڕیزراوی هێشتنەوەی سەرمایەی کەڵانی سپای پاسداران لە مەترسی دەوری دووهەمی تەحریمە ئابوورییەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژی ١٣ی مانگی خەزەڵوەرەوە دەست پێدەکەن و دیارە سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسدارانیش دەکاتە ئامانج.

ئەوەیکە لەم ڕاگەیاندنەدا سەبارەت بە بابەتی سەرەکی مەعمول لە قەراردادێکدا لەوانە کە بە بڕەکەی ئاماژە نەکراوە ئەم سەهامە دراوە بە کام شیرکەت و یان چ ناوەندێکی دەوڵەتی یان خوسوسی، خۆی گومانی زیاتری خستووه‌تە سەر ئەم واگوزارییە و وەک فێڵ و تەرفەندێک بۆ پاراستنی سەرمایەکانی سپا دەردەکەوێ.

سپای پاسداران ئێستا نە تەنیا وەک گەورەترین ئامرازی دەسەڵاتی سەرکوتی ڕژیم لە نێوخۆدا و گرنگ ترین ئامرازی دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامیی لە کاروباری ناوچەکە بە ئەژمار دێت، بەڵکوو بووه‌تە گەورەترین مافیای ئابووری و دەسەڵاتی بێ ڕکابەر چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری حاکمییەتی سیاسی لە ئێراندا. لە بەشی ئابووریدا، سپای پاسداران بە دەست بەسەردا گرتن و قەبزە کردنی ٨٠ لەسەدی ئابووری و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی پەڕاوێز خستووە و بۆ دەوڵەتیش ئیختیاراتێکی ئابووری ئۆتۆی نەهێشتووه‌تەوە.

لە پێوەند لەگەڵ چلۆنایەتی بوونە خاوەنی سەهامی ” شیرکەتی مۆخابرات” و ” شیرکەتی هەمراهی ئه‌وه‌ڵ”، لە ساڵی ١٣٨٨ دا بە کەڵک وەرگرتن لە توانایی نیزامی و فەزای خوسوسی سازییەکان لە ساتوسه‌ودایه‌كی خێرادا و بەبێ دانی هیچ پولێک، ٥١ لەسەدی سەهامی شیرکەتی مخابراتی ئێران بە ئەرزشی ٧ هەزار و ٨٠٠ میلیارد تمەن بە شیرکەتی “تەوسه‌عەی ئیعتمادی موبین” ی سەربە سپای پاسداران واگوزار کرا. لەم ساتوسه‌ودایه‌دا دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد قەبوڵی کرد کە ئەم شیرکەتە نرخی ئەم سەهامە بە شێوەی قیستی و لە سودی کەڵانی شیرکەتی مۆخابەرات و شیرکەتی هەمراه بداتەوە. هەڵبەت ئەویش حەتمەن شاملی تەسویە حیسابی بەناو قەرزەکانی دەوڵەتە بە سپای پاسداران. بەپێی ئەسنادی بڵاو کراوە لە ماڵپه‌ڕی “ویکی لیکس” دا سپای پاسداران دەیان شیرکەت، کارخانە، بانکی گەورە و پایانەی زەمینی و دەریایی دەوڵەتی لەوانە شیرکەتی مۆخابراتی ئێران، پاڵاوگەی ئیسفەهان، پیشەسازی پێترۆشیمی، معدەکانی فلزات، تراکتۆرسازی تەورێز، پیشەسازی دەریایی سەدرا، داروسازی جابریان، بانکەکانی میللەت، سادرات، توجاڕيتی مێهر، سبنا، پارسیان و دەیان بانک و شیرکەتی دیکەشی بەم شێوەیە لە تەمەلوک دایە و خاوەنیانە.

کەوایە لە وەها مەوقعیەتێکدا فەرماندە دز و گەندەڵەکانی سپای پاسداران کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی حکومەتیی، سەروەتێکی کەڵانیان خستووه‌تە گیرفانیانەوە، قەت ئامادە نابن بە فەرمانی عەلی خامنەیی یان بە هەرا و هوریای بەرپرسانی دەوڵەتی و کەسانی وەک ئەحمەدی نیژاد و ڕووحانی دەست لە سەروەتە باد هاوردەکانیان هەڵبگرن. بێ گومان دامودەزگای سپای پاسداران وەک ئامادەکاری پێویست بۆ پارێزراوبوونی سەرمایەکانیان لە تیغی تەحریمەکانیان گرتووه‌تە پێش کە فێڵ و تەرفەندی واگوزاری سەهامی ئەم دوو شیرکەتە گەورەیە بەشێکیەتی. هەڵبەت تا ئێستا ئیتر هاو دەستە تاڵانچیەکانی سپا واتە خامنەیی و باقی بەرپرسانی حکومەتی لە قسە و هەڵوێستەکانیاندا باسێکیان لە سپای پاسداران و فەرماندەکانی سپا وەک بەشێک لە سەبەبکارانی بارودۆخی بەڕێچوونێکی فەلاکەتبار کە ڕژیم بەسەر کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندووە، نەکردووە و تەنانەت دخاڵەت لە پرۆژە کەڵانەکانی ئابووریدا لەژێر ناوی” فەعالیەت لە حەوزەی سازەندەگی”شیان بۆ سپا بە ڕەسمیەت ناسیوە. پێوستە بوترێت کە ناوەندەکانی سەربە بەیتی ڕێبەریش لە دەست بەسەردا گرتنی ماڵ و مڵکی گشتی خەڵکی ئێراندا دەستی کەمیان لە سپا نییە و هەرکام لە ناوەندەکانی لەوانە” ستادی فەرمانی ئیجرایی ئێمام”، سەرمایەیەکی چەند سەد میلیارد دۆلاری لە گەورە ترین بانک و شیرکەتەکاندا لەوانە بیمە، بەرهەمهێنانی وزە، پالاوگەی نەوت و گاز، ساخت وساز لە ئێراندا هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی گرووپی کاریی ئابووری لە هەواڵنێریی رۆیتێرز بە پشت بەستن بە بەڵگە و مەدارکی مەوجودی خودی ڕژیم ڕێژەی سەروەت و داراییەکانی ستادی فەرمانی ئیجرایی ئیمامی بە ٩٥ میلیارد دۆلار خەمڵاندوە.

لە بارودۆخی قەیرانێکی ئابووری قووڵ و بەردەوامدا کە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و بێکار، هەژاری و برسیەتییەکی تاقەت پڕوکێن كه‌ بەسەر ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێراندا سەپاوە، سەروەت و سامانی فەرماندەکان و بەرپرسانی دز و گەندەڵی سپای پسداران و بەیتی ڕێبەریی و باقی بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامیی، سەر لە هەزاران میلیارد دۆلار ئەدات. ئەمە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکی بارودۆخی شپرزەی ئابووری و قەیرانی چەند لایەنە و هەژارییەکە کە بە زۆری سەرنێزە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاوە. کرێکاران و باقی حقوق بگیرانی کەم داهات لە ئێرانیش ئەم ڕاستیە ڕۆژانە دەبینن و بە گۆشت و پێستەوە هەستیان پێ کردووە. بەم هۆکارەیە کە بەشێکی زۆر لە ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کرێکارییەکان ڕووی لە خاوەنانی سەروەت و سامانەکانە لە کارخانەکان لەو شیرکەتانەدا کە لە مالیکیەتی بەرپرسانی سپا و باقی دەزگاکانی حاکمیەتدان. تا کاتێک کە سەران و بەرپرسانی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە دەرگا هەر له‌ سەر هەمان پاژەنە دەسوڕێتەوە. ئەوان بە هەزینەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتو لە هەوڵی کەڵەکە کردنی سەروەت و سامان و درێژەی ژیانی مشەخۆری و زەروو سفەتی و ئەعیانی خۆیاندان و کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیتوش دەبێ لە هەژاری و برسیەتیدا بن و لەگەڵ ئاسەوارەکانی ژیانێکی فەلاکەتباردا کە حاکمیەتی ئیسلامیی سەرمایە بۆیانی بەدی هێناوە دەست وپەنجە نەرم بکەن. ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و جەنایەتکارە ئەولەویەتی هەنگاوی یەکەمی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە و بێجگە لەمە ڕێگا چارەیەکیتر لەبەردەمدا نییە.