کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فیلتێر کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کێشەکانی ڕژیم چارەسەری ناکات

لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و کۆبوونەوەی کرێکاران، خوێندکاران، مۆعه‌لیمان و باقی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و کەڵک وەرگرتنی بەرینی جەماوەری خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ زانیاری گەیاندن و سازماندانی ناڕەزایەتیەکانیان، کۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ فیلتێر و سانسۆڕ کردنیانی خستۆتە دەستوری کاری وەزاڕەتخانە و ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتیەکانیەوە. رۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی بەفرانبار “جاوید نیا” جێگری کاروباری فەزای مەجازی دادستانی گشتی ئێران و دەبیری کارگروهی” ڕایگەیاند کە: “حوکمی قەزایی فیلتێر کردنی ئینستا گرام دەرکراوە و شوڕای باڵای فەزای مەجازیش بە نیازە کە ئەم تۆڕە دابخات.” ئەو وتی “ئینستا گرام پێشتریش فیلتێر کرابوو وە دەوڵەتی پێشوو وەعدەی دابوو بە فیلتێری هۆشمەند فەزاکە کۆنترۆڵ بکات. بەداخەوە ئەگەرچی هەزینەیەکی زۆر سەرف کراوە بەڵام بە ئاکام نەگەیشتین.” هەنگاوەکەی ڕژیم بۆ داخستنی ئینستا گرام و تێلیگرام لە حاڵیکدا بەڕێوە دەچێت کە بەشێکی زۆر لە مۆعامەلات و کارە ئاساییەکانی رۆژانەی جەماوەری خەڵکی ئێران لە ڕێگای ئەم تۆڕەوە بەڕێوەدەچێت. بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوەی ڕژیم لەباری ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێ و دەبێتە هۆکاری زیاتر بوونی هەژاری و بێکاری.

شوڕای باڵای فەزای مەجازی ٧ ساڵ لەوەپێش بە دەستوری خامنەیی بە ئامانجی سانسۆڕی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کۆنترۆڵی بە تەواوەتی و رۆژانەی ئەمنیەتی چالاکیەکانی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوە پێکهات. یەکێک لە ئامانجەکانی پێكهاتنی ئەم ناوەندە دامەزراندنی تۆڕی ئیسلامی ئینتێرنێت بوو. تا بەڵکوو بتوانێ بەدیلێک بن لە بەرانبەر تۆڕەکانی دنیای مەجازی لە ئاستی دنیادا و خەڵکی ئێران بە تایبەت لاوان بەرەو سیاسەت و تەبلیغاتی درۆینه‌ و خۆرافی ڕژیم ڕابکێشن. بەڵام چاوگێڕانێک بەسەر پێکهاتەی ئەندامانی” شوڕای باڵای فەزای مەجازی ڕژیم” روونی دەکاتەوە کە ئەرک و ڕسالەتی سەرەکی وەها ناوەندێک لە بارودۆخی ئێستادا وێڕای دروست کردنی ئامرازی ئەمنیەتی و پۆلیسیەکی تر لە فەزای مەجازیدا، بۆ بەرگرتن لە دست ڕاگەیشتنی خەڵک لە ڕاستای هاوئاهەنگ کردنی ناڕەزایەتیەکان دایە. پێکهاتەی ئەندامانی ئەم شوڕایە بریتین لە: سەرۆک کۆمار، سەرۆکی قوەی قەزاییە، سەرۆکی مەجلیس، وەزیری بەرگری، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی، دادستانی گشتی وڵات، و سەرۆکی سەدا و سیما و سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، وەزیری ئیرتیباتات و وەزیری ئیتلاعات.

بە شوێن ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، لە سەرەتای مانگی گوڵانی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی تۆڕی تێلیگرام یشی فیلتێڕ کرد. عەلادین بروجێردی سەرۆکی کوموسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیسی ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ داخستنی تێلێگرام ئاشکرای کرد کە هۆکاری سەرەکی وەها کردارێک زیاد بوونی ترس و نیگەرانی ڕژیمە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵک. ئەو بە ئاماژە بە رووداوەکانی مانگی بەفرانبار وەتی: “بڕیار بۆ داخستنی تێلیگرام لە بانترین ئاستی نیزامدا دراوە. لەبەر ئەوەی گەلێک لە کردارە دژی ئەمنیەتیەکانی گروپە دژکبەرەکان لە ڕێگای ئەم ڕاگەیەنەرەوە ڕێک خراوە و ڕێبەری کراوە.” نیگەرانی و سەرلێشێواوی ڕژیم بە تایبەت لەوێوە زیاتر دەبێتەوە کە بە ئیعتیڕافی بەرپرسانی ڕژیم دوای ٧ ساڵ لە پێکهاتن و چالاکی” شوڕای باڵای فەزای مەجازی ڕژیم”، تۆڕی تێلیگڕام ٤٥ ملیۆن کەس و ئینستاگرام زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس کاربەریان لە ئێراندا هەیە لە حاڵێکدا کە تۆڕەکانی دروست کراوی سامانەی نەتەوەیی ڕژیم لەوانە” سروش” نە تەنیا لەنێو خەڵکی ئێراندا بەڵکوو تەنانەت لەنێو بەرپرسانی ڕژیمیشدا ئیعتیباریان نییە و بەکاریان ناهێنن. لە ڕوانگەی خەڵکەوە ئەم تۆڕانە ئامرازی ئەمنیەتی و سیخوڕی ڕژیمن لەدژی خەڵک. بەم ئیعتیبارەوە ڕژیم لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ خەڵک لەم بوارەدا شکستی هێناوە. مودیری گشتی دەفتەری بەرنامەرێژی ڕاگەیەنەرەکانی وەزارەتی ئیڕشادی ڕژیم رۆژی چوارشەممە لە سمینارێکی تەخەسوسی ڕاگەیاندن و ئابووریدا دانی بەم شکستەدا نا و وتی:” لە ڕاستیدا ڕاگەیەنەری میللی تێلیگرامە، ئینستاگرام و تویتێریش بە تەرتیب ڕاگەیەنەری دووهەم و سێهەمن لە فەزای مەجازی ئێراندا.” جەعفەر مونتەزیری دادستانی گشتی ئێرانیش چەند مانگ لەوەپێش لە قسە کردنێکدا دانی بەم شکستەدا نابوو. ئەو ڕه‌خنه‌ی لە شێوازی بەڕێوەبردنی فەزای مەجازی لە لایەن” شوڕای باڵای فەزای مەجازی ڕژیم” گرت کە نەیتوانیوە بە وتەی ئەو” ئەو بەڵا نازڵ بووە” لە لایەن تێلیگڕام و ئینستاگرامەوە لە فەزای مەجازیدا لەکۆڵ بکاتەوە.

بەڵام” بەڵای نازڵ بوو” بۆ ڕژیم نەک تێلیگرام و ئینستاگرام و باقی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەزای مەجازی بەڵکو خەباتی رۆژانەی ژنان و پیاوانی کرێکار، خوێندکاران، مامۆستایان، شۆفێران، پەرستاران، لاوانی بێکار و توڕە، خانەنشینان، وەکیل و ماف ناسان و باقی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانە کە رۆژانە لە خیابان و ناوەندەکانی کاردا بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خواست و داواکاریەکانیان بۆ نان، کار، ئازادی و دابین بوونی ژیانێکی شیاوی ئینسان دێننە گۆڕێ و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاست دابین کردنی ئەو ویست و داخوازیانەدا داماو و بێتوانایە. لەم نێوانەدا جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک ئامرازی هەواڵ گەیاندن و ئامڕازی پێوەندی نێوان خۆیان بۆ بەرەو پێش بردنی بابەتی خەبات و تێکۆشانیان گەڵک وەردەگرن. ڕژیمی گەندەڵ و دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خۆی بە سانسۆڕ و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەزای مەجازی دەتوانێ کاناڵی پێوەندی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان و جەماوەر بپچڕێنێ تا بەڵکوو ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتیان هێور بکاتەوە و ماوەیەکی تر تەمەنی حاکمیەتە پڕ لە شەرمەزاریەکەی درێژ بکاتەوە.

بەڵام بێگومان هەر ئەو جۆرەی کە ڕژیم تا ئێستا نەیتوانیوە بە سانسۆڕ و فیلتێر و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەربە پەرەسەندنی ئەم ڕەوتە بگرێت، لەوەش بەدواوە ناتوانێ. جەماوەری ملیۆنی کاربەرانی وشیاری فەزای مەجازی لە ئێران هەروا کە توانیویانە لە فیلتێره‌كانی ڕژیم تێپەڕن، ئێستا كه‌ ئەزمون و تەجروبە و زانست و زۆرتریان هه‌یه‌، هاسان تر لە ڕابردو دەتوانن دیواری سانسۆڕی ڕژیمی ئیسلامی تێپەڕێنن و کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ناکام كه‌ن.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-