ئیلنا هەواڵنێری کاری کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ کە “ستادی ڕێزگرتن لە حەفتەی کرێکار”ی ساڵی ١٣٩٦ کارەکانی دەست پێکردوە و جەلەسەکانی پێوەندیدار بە پێكهێنانی هاوئاهەنگی نێوان بەڕێوەبەران و ناوەندە دەوڵەتیەکان لە گەلێک شوێنی جۆراوجۆر لە ئارادایە. ئیلنا جەخت دەکاتەوە کە بە پێی مادەی ٦٣ی قانونی کار “١ی مانگی مهی بهرابهر لهگهڵ ١١ی مانگی گوڵان” بە رۆژی جیهانی کرێکار دیاری کراوە و وەک کاتی پشوی کرێکاران دادەندرێت و بەپێی ئەم یاسایە دەبێ خاوەنکاران بە گشت ئەو کرێکارانەی کە لەم رۆژەدا خەریکی کارن، حەقدەستی تایبەتی کار لە رۆژانی پشودا بدەن. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، حەفتەی کرێکار لە رۆژی سێشەممە ٥ ی مانگی گوڵان دەست پێدەکات و تا دوو شەممە ١١ ی مانگ درێژەی دەبێت.
ئامادەکاری مەڕاسمی حەفتەی کرێکار لە حاڵێکدا لە جەریاندایە کە کۆماری ئیسلامی، گوشاری بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی یەکی ئەیار دەست پێکردوە. ڕژیم بۆ ئەوەی کە بتوانێ مەراسم و کۆبوونەوەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە ناوەرۆکی کرێکاری و چێنایەتی بەتاڵ بکات، لە هەوڵێکی فریوکارانەدا بە جێگای رۆژی کرێکار “حەفتەی کرێکاری” دیاری کردوە. بەگوێرەی ئەم فریوكارییه، حەفتەی کرێکاری هەموو ساڵێک لە حەفتەیەک پێش لە رۆژی جیهانی کرێکارانەوە دەست پێدەکات و لەم رۆژەدا کۆتایی دێت. لە گشت ماوەی ٦ رۆژەکەدا لە ڕێگای ئامرازە دەوڵەتیەکانەوە كار بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمی دڵخوازی ڕژیم و خاوەنکاران دهكرێت به خۆرێك كه لە رۆژی حەوتەمدا ئیتر هیچ نیشانەیەک لە تێکۆشان، له ناڕەزایەتی و لە هاوپشتی جیهانی بەو مەراسمانەوە کە بەڕێوەدەچێت نامینێت. خانەی کارگەری کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییدا، بەرپرسی بەرەو پێش بردنی ئەم سیناریۆیە بووە. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ستادی بەڕێوەبەری حەفتەی کرێکار، لە نوێنەرانی فەرمانداری، سپای پاسدارانی شوێنەکە، نوێنەرانی شیرکەتەکان و نوێنەرانی خانەی کارگەر پێکدێت. لەم ستادەدا بۆ هەرکام لە رۆژەکانی ئەم حەفتەیە، ناوێک دیاری دەکرێت و لە هەرکام لەم رۆژانەشدا، جەخت لەسەر لایەنێک لە مەوجودیەتی دژه کرێکاری ڕژیمی ئیسلامی دەکرێتەوە. وەک نمونە، ئامادە بوون لەسەر گۆڕی خومەینی یان بەشداری کردن لە نوێژی هەینیدا، دیدار لەگەڵ خامنەیی و بابەتی لەم چەشنە لە زوومڕەی بەرنامە ڕوتینەکانی حەفتەی کرێکاری ئوستانی تارانە. لەم حەفتەیەدا هەروەها کرێکارانی نمونە دیاری دهكرێن و خهڵاتیان پێ ئەدرێت. بەڵام کرێکاری نمونە لە ڕوانگەی پێکهاتەی ئەم ستادە دژه کرێکاریەوە، کەسێک نییە کە لە ماوەی ساڵدا بۆ دابین بوونی مافی هاوچینەکانی تێکۆشابێ، بەڵكو کرێکارێکی مل کەچ و موتیعە کە توانیبێتی لە هەموو بارێکەوە، ڕەزایەتی خاوەنکارەکەی بەدەست هێنابێت.
ئەگەرچی ڕژیم مافی بەرپا کردنی ڕێپێوانی لە رۆژی جیهانی کرێکاردا بە تایبەتی بە خانەی کارگر سپاردوە و ئەم تەشکیلاتە زەردە دژی کرێکارییە، مەراسم و ڕێپێوانەکانی ئەم رۆژە دەکاتە ئامرازێک بۆ دوو بەرەکی نانەوە لە ڕیزی بزوتنەوەی کرێکاریدا بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ڕژیم و لە نارۆک خاڵیکردنی فەلسەفەی وجودیی ئەم رۆژە جیهانیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاشەکشەی ڕژیم تا ئەم ئاستەش لە بەرانبەر بزوتنەوەی کرێکاریدا، دەتوانێ ئەمری بەڕێوەچوونی مەراسم و ڕێپێوانەکانی سەربەخۆی کرێکاری بۆ هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری، هاسان بکاتهوه. لە بەرانبەر گاڵتەجاڕی خانەی کارگەردا، کرێکارانی پێشڕەو سەرەڕای سەرجەم گۆشار و هەڕەشەکان، هەموو ساڵێک دەست دەکەن بە بەرپا کردنی مەراسمە سەربەخۆکانیان و بە شێوەی جۆراوجۆر، بەڕێوەیان دەبەن.
رۆژی یەکی مهی، بزوتنەوەی جیهانی چینی کرێکارە. داخرانی بە رەسمی گشت کارگا و کارخانەکان و بەرپا کردنی جێژن و مەراسمی ئەم رۆژە، سەربەخۆ لە دخاڵەتی ئۆرگانە دەوڵەتیەکان، مافی سەرەتایی و ئینسانی کرێکارانە. مەراسمە فەرمایشی و دژه کرێکاریە دەوڵەتیەکان، فورسهتێك نین بۆئهوهی کرێکاران داخوازی و دروشمەکانیان دەربڕن. ئەگەر بێتو بە شێوەیەکی بەرتەسک، ناڕەزایەتیەکیش بێتە گۆڕێ، ئۆرگانە تەبلیغیەکانی کۆماری ئیسلامی کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم جۆرە مەراسمانەیان لە ئەستۆیە، دەریناخەن. مەراسمە دەوڵەتیەکان نە تەنیا نشانهی هاوپشتی کرێکاران، کە لەم رۆژردا بە شێوەیەکی جیهانی خۆی پیشان ئەدات، نییە، بەڵکو خۆی دەبێتە هۆکاری تەفرەقە لەنێوانیاندا.
سیاسەتی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ رۆژی جیهانی کرێکار و بە گشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری، لەسەر دوو پایەی “ڕیاکاری و درۆ”، و “توندوتیژی و سەرکوت” دامەزراوە. ڕژیم لە لایەکەوە، “حەفتەی کارگەر” بەڕێوەدەبات و باس لە “پێگەی بەرزی” کرێکاران دەکات و بەناو، ڕێزیان لێدەگرێت و لە لایەکی دیکەوە، دەست دەکات بە گرتن و ئازار و هەڕەشە کردن لە هەڵسوڕاوانی کرێکارای و هەوڵ ئەدات، ڕێگا لە بەڕێوەچوونی مەراسمە سەربەخۆکانیان لە رۆژی ئەوەڵی مەیدا بگرێت.
بەڵام له راستیدا نە ڕیاکاریەکانی ڕژیم لەنێو کرێکارانی ئێڕان، گوێگری هەیە و نە گوشار و هەڕەشەکانی ڕژیم توانیویانە، هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمە سەربەخۆکانیان، سارد بکاتەوە. کرێکاران بۆ ناسینی ماهیەتی دژه کرێکاری ڕژیم، ناڕواننە ئەو بەرنامە پڕ زەرق و بەرقانەی کە بەناوی حەفتەی کرێکارەوە، ئامادەکاری بۆ کراوە، بەڵکو چاو لە بارودۆخی ژیانی دژواری بنەماڵەکانیان، لە سفرەی بەتاڵ و بێ ڕەونەقیان، لە بێبەش بوونیان لە سەرەتایی ترین مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان دەکەن. کرێکاران هەموو ساڵێک ئەم جۆرە مەڕاسمە فەرمایشیانە و شانۆگەریە دەوڵەتیەکانیان، تەحریم کردوە و بەشداریان تێدا ناکەن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەهەر ڕادەیەک لە حهرهكهتی کرێکاران و هەوڵدانیان بۆ هاوپشتی و یەکگرتن نیگهران بێ و هەڕەشە دەکات و کۆسپیان بۆ دروست دەکات، بەڵام ئەزمونی ئەم ساڵانەی دوایی نیشانی داوە کە لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و ڕیزی پتەو و ڕێکخراوی کرێکاراندا ناچارە بووه، حوزوری کرێکارانی یەکگرتو لە مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی کرێکاردا، قەبوڵ بکات.