کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فرمێسکی درۆینەی گورگەکان بۆ گۆڕخەوەکان

ڕاپۆرتی رۆژنامەی هەمشەهری سەبارەت بە ٥٠ ژن و پیاو و منداڵ کە شەوانە لە گۆڕستانی نەسیرئابادی شەهریاردا دەمانەوە، دەرفەتێکی فەراهەم کرد کە باندە حکومەتییەکان بکەونە گیانی یەکتر. چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر هێندێک لە هەڵوێستەکانی سەرانی باندە حکومەتییەکان لە پێوەند لەگەڵ ” گۆڕخەوەکاندا” نیشان ده‌دات كه‌ له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و فرمێسكه‌ درۆینانه‌ کێشەی دیكه‌ی هەیە کە دەبێ بەرەو پێشەوە بچن.

قاڵیباف شارەداری تاران کە وەک یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٩٦ ناوی دەهێندرێت، لە نووسراوه‌یه‌کدا دەنووسێ:” ئەم گرفتە بەرهەمی جۆرێک سەرمایەداری- ئەشڕافیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. گۆڕخەوی بەشێکی ئاشکرا و دیاری ئەم گرفتەیە. ئەم مۆدێلەی بەڕێوەبردنی وڵات ئاسیب و خەساری شاراوەشی هەیە کە گورزی کاریگەرتر لەم نیزامە ئەدات.” قاڵیباف کە تۆپەکە دەخاتە مەیدانی ڕەقیبەوە، بێشەرمانە لەبیر خۆی ئەباتەوە کە سازمانی بازڕەسی گشتی وڵات لە مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا باسی لە فرۆشتنی ٢٠٠ پارچە لە مڵکەکانی شارەداری تاران بە هێندێک لە مودیرانی ئەم ناوەندە و کەسانی دیكه‌ ” بە نرخێکی ناواقعی” و ” زۆر کەم” لەگەڵ ” ٥٠ لەسەد ته‌خفیف” و لە قیستی ٦ مانگەدا کرد. واتە ئیختیلاسێکی ٢٠٠ ملیارد تمەنی لە سازمانی ژێر مودیریه‌تی ئەودا، و دیسانیش قاڵیباف لە بیر خۆی بردەوە کە بە فەرمانی ئەو دەستفرۆشەکان لە تاران دەکەونە بەر لێدان و ئەزیەت و ئازار. ئەو دەستفرۆشانەی لە گەرما و سەرمادا، لەنێو دوکەڵی ژاراوی ماشێنەکان و لە قەراخ شەقامەکان دەبێ پاروە نانێک بۆ خۆیان و بۆ بنەماڵەکەیان بەدەست بهێنن.15 3

موحسین ڕەزایی دەنووسێ:” ئێرانیەکی خاوەن شەرافەت وێنەیەکی لەو هاونیشتمانیانەی لە گۆڕدا دەخەون کێشاوە و هونەرمەندێکی دەرد ئاشنا، ئەم دیمەنەی بە شەرمەزاریەکی گەورە زانی. سەرۆک کۆماری بەرێز لە وڵامدانەوەدا ئەڵێ من ناڕاحەتم. ئاغای رۆحانی! ٦ مانگەی یەکەمی بەخێرهاتن و پیرۆزباییه‌كانی سەرۆک کۆماری کۆتایی هاتوە. ئێستا ساڵی چوارەمە، ساڵی وڵامدانەوەیە. کارێک بکە تا ئازارەکانی خەڵک کەم بێتەوە.” دەبێ بەم فەرماندەیە بوترێت شەرمت هەبێ و چاوێک لە بوجەی ٩ هەزار و ٦٢٨ ملیارد تمەنیەکەی ستادی هاوبەشی سپا ئەم ئۆرگانەی سەرکوت و بەرەو پێش بەری سیاسەتە دەستدرێژی کارانەکانی ڕژیم و گەورەترین باندی ئابووری بکە. تەنیا بەشێکی کەم لەم ڕەقەمە نجومیە کافیە کە گرفتی کارتۆن خەوەکان چارەسەر بکات.

سەعید جەلیلی ڕەقیبی رۆحانی لە دەورەی ڕابردوودا روو بە رۆحانی و قاڵیباف دەڵێ:” نیگەرانی سەبارەت بە کارتۆن خەوەکان کاتێک دەتوانێ ڕاست بێت کە لە حقوقە نجومیەکان و ئەموال و ئەملاکی نجومیتان شەرم بکەن.” رۆژنامەی جەوانی سەربە سپا نووسی:” کەسێک هەیە بڵێ:” دەوڵەت نابێ پوڵەکانمان خەرجی ئەو منداڵانە بکات کە لە کارتۆن خەوەکان لە دایک دەبن و دەبێ ئەوان نەزۆک بکرێن.” ئەم کەسە بۆ سەگەکان زیاتر نیگەرانە كه‌ تەنانەت ئامادە نییە ببینێ کە خەڵک لە جنێوداندا هێندێک جار لە واژەی سەگ کەڵک وەربگرن.”

نوێنەری سیستان و بلوچستان لە مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەرییش دەڵێ کە :” سەرچاوەی گۆڕخەوی بێ ئیرادەیی کەسەکانە و هیچ پێوەندیەکی بە حکومەتەوە نییە.” جێگری ئوستانداری تارانیش بە وتنی ئەوەیکە ” دەبێ بە قانع سازی، ڕوسپیەکان و موعتادانی کارتۆن خەو نەزۆک بکرێن”، سەهمی خۆی لەم ئۆرکێسترەی بێشرمی و بێ ئابڕوییەدا بەجێ هێنا. ڕێگا چارەی ئەو تێکرار کردنەوەی هەمان پێشنیارە کە شەهیندوختی مولاوێردی جێگری کاروباری ژنانی سەرۆک کۆمار کردبووی کە ” دەبێ ژنانی کارتۆن خەو نەزۆک بکرێن تا لە ڕێژەی هەزینە و مەترسیەکانیان کەم بێتەوە.”

دەبێ پرسیار بکرێت کە ئایا هیچ چەشنە جیاوازیەک لە نێوان فاشیستە هیتلێریەکان کە کەم ئەندامان و ئاسیب دیتوانی کۆمەڵایەتیان دەخستە کورەکانی ئینسان سوتاندنەوە و یان لەوان وەک مشکی تاقیکردنەوە کەڵکیان وەردەگرت و ئەوانەی کە پێشنیاری نەزۆک کردنی ژنانی کارتۆن خەو دەکەن بۆ بەرگرتن لە ” خەساری کۆمەڵایەتی”، هەیە؟ هەم ئەو ئیدئۆلۆژیە و هەم ئەم ئیدئۆلۆژیە جیاواز لەوەی کە بە چ ناوێک باس دکرێن جەوهەرێکی گەلێک کۆنەپەرستانە و نا مرۆڤانەیان هەیە. هەڵبەت لەم نێوانەدا پێشنیار دەهەندە لەبیری چۆتەوە کە بۆ منداڵ بوون تەنیا بوونی ژن کافی نییە و ڕەنگە لە ئەفکاری دژی ژنی ئەودا ژنان شتێکی بێجگە لە ماشێنی جوجە کەشی هیچی تر نەبن.

دەبێ بوترێ کە هیچ چەشنە ئەملاو ئەولا کردنێک ناتوانێ ئەم ڕاستیە بشارێتەوە کە گۆڕخەوەکانی ئەمرۆ کارتۆن خەوەکانی دوێنێن و ئاکامەکەی لە ٣ دەیە حاکمیەتی نیزامێکدایە کە گۆڕخەوەکان بەشێکی بچوک لە ئاسیب و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانین. ئەمانە بەرهەمی هەمان سیاسەتن کە لە دەورانی سازەندەگیدا دەوترا کە ” هەژاران و بێ ماڵ و مسکەنەکان بە ناچار دەبێ لەژێر چەرخەکانی تەوسعەدا بپلیشێنەوە”. تەنانەت ئەگەر ئەم گۆڕ خەوانە بە موعتادیش بزانین کە بە بۆچونی حکومەتیەکان ” موتەجاهر”ن و خۆیان بەرپرسی بارودۆخی خۆیانن کەوایە ئەو بە ملیۆن موعتادەی کە لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە، مەسئولیەتەکەی لە ئەستۆی کێیە. ئەوەیکە گشت ئامارە ڕەسمیەکان تەنانەت باس لە زیاتر بوونی رۆژ لەگەڵ رۆژی موعتادان و هاتنە خواری تەمەنیان دەکات کێ وڵامدەرەوەیەتی. باندە حکومەتیەکان بێ هودە هەوڵ ئەدەن کە لە هەراو هوریای ڕقابەتەکانیاندا سورەت مەسەلەکە کە ڕێشەی هەموو ئەم نابەسامانیە کۆمەڵایەتیانەیە، پاک بکەنەوە. بە ملیۆن منداڵی کار، بە ملیۆن ژنی کارتۆن خەو و لەشفرۆشی شاراوە و ئاشکرا، هەڕاج کردنی ئەندامانی جەستە، کارتۆن خەوەکان و بە ملیۆن ئینسانی چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا کە گیانی بێهێزیان لە رۆژێکەوە بۆ رۆژێکی تر بە ئاستەم بە زیندویی ڕادەگرن، ئەو خەسارانە نین کە بکرێ بیانشاریەوە و لە هەر دەرفەتێکدا کە فەزای کۆمەڵگا وەک لوتکەی فەلاکەتی ئینسان، داگیر دەکەن، فرمێسکی درۆینەیان بۆ بڕێژی و دوای چەند رۆژ دامرکێتەوە و لەبیر بکرێت.

ئێمە ماندو نابین کە بڵێین گشت ئەمانە قوربانیانی نیزامێکی کۆمەڵایەتین کە خراونەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. ئەوەی کە لە هەژاریدا دەسوتێ، ئەوەی کە لە گۆڕدا مردن تەجروبە دەکات، ئەوەی کە کولیەکانی دەفرۆشێ، باوکێکی کە بە هۆی نەبوونی هەزینەی چارەسەری بینایی، خۆی بە پردی پیادەڕەوی میرداماد دا هەڵدەواسێ بە گشتی دەخەری قوڵ ترین داماوی و داڕمانی نیزامێکی کۆمەڵایەتیە کە ئینسانی کردۆتە کاڵا. ئه‌و نیزامه‌ دەبێ بڕوخێندرێت تا کەرامەتی ئینسانی بگەڕێتەوە بۆ مرۆڤەکان.