کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فرمێسکی درۆینەی ئۆردۆغان سەرۆککۆماری تورکیە بۆ خەڵکی غەززە

images 2

هێرشی ئاسمانی وەحشیانەی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات هەروا بە چڕی بەردەوامە، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، بیرەکانی دەرهێنانی نەوت و هەموو ئەو شتانەی کە بە ژێرخانی ئابووری هەژمار دەکرێن، کراونەتە ئامانج. لەو هێرشانەدا ئەرتەشی تورکیە کە بە پێشکەوتووترین چەکی کۆمەڵکوژ و مۆدێرنترین فڕۆکەی جەنگی تەیار کراوە، بێباکانە هێرش دەکاتە سەر هەر شوێنێک کە ئاسەوارێکی خەڵک و ئاوەدانی لێبێت. ژمارەی قوربانیانی خەڵکی بێ دیفاع بەردەوام لە زیادبووندایە. منداڵان و بەساڵاچووان زۆرترین قوربانیانی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەی ئەرتەشی تورکیە پێکدەهێنن. هەموو ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دوو لێدوانێکی ڕیکارانەدا فرمێسکی درۆینەی بۆ خەڵکی غەززە ڕشتووە و هاوکات بۆخۆی هەمان کردەوەی جینایەتکارانە لە ڕۆژاڤا ئەنجام دەدات. نەخۆشخانەیدێرککە خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی ناوچەکە دەکرد، لەلایەن بۆمب هاوێژەکانی ئەرتەشی تورکیاوە بەتەواوی وێرانکرا و ئەردۆغانیش دەڵێت: “هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەیەک کە چارەسەری ژنانی بێتاوان و منداڵان و خەڵکی سڤیل دەکات، نموونەی بێ ئەوپەڕی نەبوونی سەرەتاییترین بەها مرۆییەکانەبەڕاستی کە بێشەرمی ئۆردۆغان هیچ سنوورێک ناناسێت. ناوبراو هەروەها دەڵێت: داوا لە سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکەم کە ئەم وەحشیگەرییە بێ وێنەیە لە کەرتی غەززە ڕابگرن“.

ئەوەی کە ئەرتەشی تورکیە لە ڕۆژئاوا دەیکات، نموونەی ئاشکرای تاوانێکی جەنگیی بە تەواومانایە. ئەو ئامانجانەی کە ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیە دەستنیشانی کردوون،  دەریدەخەن کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لەناوبردنی سەرچاوە و ژێرخانە ئابوورییەکان، لەناوبردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ناچارکردنی خەڵکە بە جێهێشتنی ناوچەکە و سەرەنجام شکستپێهێنانی دەسەڵاتدارێتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا. بزووتنەوەی ڕۆژئاوا ئەگەرچی بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە، بەڵام گەلێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە کە بە ئاسانی وەرناگیرێتەوە. لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی کوردستانی سوریەدا، بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، کۆمەڵێک یاسا لە بواری بەرابەری نێوان ژن و پیاو و بەشداری ڕاستەوخۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەرابەری یاسایی کەسانی سەر بە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و  هەروەها دەستەبەرکردنی ئازادییە سیاسییەکان، جێگیر کراوە کە هێشتاش دەتوانێت بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیلهامبەخش بێت. ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی دەستکەوتەکانییەوە نەک هەر سەرنجی خەڵکی سوریه، بەڵکوو سەرنجی خەڵکی سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنیا بە سەرکەوتنە شکۆدارەکانی لە دژی داعش و بەرخۆدانی قارەمانانەی لە بەرامبەر فاشیزمی ئۆردۆغانیدا، بەڵکوو پێویستە بەو بەها مرۆییانەش کە لە پێناویدا بەرگری دەکات بناسرێتەوە.

ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەی دێموکراتیک لەم ناوچەیەی سوریه بە هیممەتی ئەو ژن و پیاوانەی بڕیاریاندابوو کە چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان بێت، بۆ دەوڵەتی تورکیە تەحەمول ناکرێت. ئەوان بە فیداکاری و قارەمانەتییەکی کەم وێنە، هێزێکی وەک داعشیان تێکشکاندبوو و ناوچە ئازادکراوەکانیان کردبووە شوێنێکی تاڕادەیەک ئەمن و ئارام بۆ خەڵک لەچاو باقی ناوچە وێران و نیمچە وێرانەکانی سوریه. ئەم ئەزموونە و ناو و ناەبانگە جیهانییەکەی، لەو ڕووەوە کە ژنان و پیاوانی کوردستانی سوریه ڕۆڵی سەرەکییان تێدا دەبینی، بەردەوام وەک دڕکێک بوو لە چاوی ئەردۆغاندا. ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی تورکیە ڕاستەوخۆ هێرشی کردووەتە سەر ئازادی و مافی ئەو خەڵکە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان، لە دۆخێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا بەمەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پشتگیری لە دەوڵەتی تورکیەی بەلاوە گرنگترە لە پشتیوانیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە سەرجەم دەوڵەتەکانی ناوچەکە و لەوانە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی بەشار ئەسەدیش، بە لێدوانی ڕیاکارانە بەکردەوە لایەنی ئەردۆغان دەگرن، لە ئاوا دۆخێکیدا تەنیا پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە ئەم پشتگیری و پشتیوانییە لە هێزەوە ببێت بە کردار. پشتیوانی هەمەلایەنە لەو خەڵکە ئازادیخواز و مافخوازەی کە بەم شێوەیە کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە فاشیستەکانی تورکیە و بەکرێگیراوەکانیان، پێویستییەکی هەنووکەیی و بەپەلەیە لە هەموو ئاستەکاندا.