کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

عەفرین زەلکاوێک بۆ هێزەکانی دەوڵەتی تورکیە

هێرشی ئاسمانی و زەوینی دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆ بۆسەر عەفرین بە هەموو ئیمکاناتێکی جەنگی مۆدێڕنەوە دوای تێپەڕبوونی ٢٦ رۆژ هێشتا سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە. ئەم هێرشە نەیتوانیوه‌ ئیرادەی خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری ناوچەکە بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانیان سست بکات. ئێستا عەفرین بۆ ئۆردوغان بۆتە کۆبانیەکی تر. بە هۆی درێژەی شەڕەوە رۆژانە بە ژمارەی کوژراو و برینداری هێزەکانی تورکیە و تێکشکانی تانک و کەلوپەلی جەنگیانەوە، زیاد دەبێت. هێزە زەمینیەکانی تورکیە لە بەرانبەر هێرشی پارێزەرانی عەفریندا زەمین گیر و گەلێک تەلەفاتیان بەرکەوتوە. ئەم هێزانە توانیویانە بەشێک لەو چەند دێهات و ناوچانەی کە ئەڕتەشی تورکیە لە رۆژەکانی سەرەتای هێرشدا داگیری کردبوون بستێننەوە.

دەوڵەتی تورکیە کە لە نێوخۆی وڵاتدا لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری و سیاسی قوڵدا بەرەو رووه‌ و لە بەرەو پێش بردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی ناکام ماوەتەوە، چاوەڕێ بوو بەم عەمەلیاتە نیزامیە، یەکەم، سەرنجی ڕای گشتی لە نێوخۆی تورکیەدا لە سەر موشکلاتی ئابووری و نا بەسامانی ژیانی جەماوەری خەڵک لابەرێت. دووهەم، بە سەرکەوتنێکی خێرا لەم شەڕەدا پێگەیەکی گونجاو تر لە کێشمەکێش و معادلاتی ناوچەییدا بۆ وەرگرتنی بەش لە داهاتوی سوریەدا بەدەست بێنێت و بە تێکدانی خۆ بەڕێوەبەرێتی دیموکراتیکی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریە، بتوانێ ڕەوتی روو لە کزی توانایی سیاسی خۆی وەک ڕێبەری ڕەوتی ئیسلامی “ئیخوانۆل موسلمین” لە ناوچەکەدا ڕابگرێت. سێهەم، سەرکەوتن لەم شەڕەدا بکاتە پاڵ پشتێک بۆ قەرەبوی کەم بوونەوەی نفوزی لە لەنێو خەڵکی دەنگدەری تورکیە لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتودا و بەم جۆرە درێژە و پاراستنی دەسەڵاتی ” حیزبی داد و گەشە” لە ڕقابەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتودا زەمانەت بکات. بەڵام سەرجەم دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە خۆڕاگری عەفرین تەواوی حیساباتی ئۆردوغانی تێکداوە و لەشکرکێشی بۆسەر عەفرین نە تەنیا یارمەتیدەری ئۆردوغان بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ کێشە و ئاستەنگەکانی دەوڵەتەکەی نەبووە، بەڵکو ئەوان چەند 39بەرابەریش زیاتر دەکات.

ئۆردوغان پێیوابوو لە بارودۆخێکدا کە شەڕ لەگەڵ داعش لە کۆتاییەکانی نزیک دەبێتەوە و دۆخەکە بۆ یەکلایی بوونەوەی باردۆخی داهاتوی سوریە فەراهەم دەبێت، بە نیشاندانی توانایی نیزامی خۆی، دەتوانێ شکستەکانی تا ئێستای سیاسەتەکانی لە سوریە قەرەبوو بکاتەوە و بە پێگەیەکی قایم ترەوە بچێتە معادلاتی داهاتو سەبارەت بە داهاتوی سوریە. پێیوابوو بە چرا سەوزێک کە لە لایەن دەوڵەتانی روسیە و ئەمریکاوە بۆی هەڵکراوە، کاری عەفرین لە چەند رۆژدا تەواو دەکات. بەڵام خۆڕاگری خەڵکی عەفرین و تێکۆشەرانی چەک بەدەستی، خەون و خەیاڵەکانی ئۆردوغانیان شێواند. خۆڕاگری سەرسەختانەی ئەو خەڵکە لەگەڵ دەربڕینی ئامادەیی هەزاران تێکۆشەری تر بۆ چەک هەڵگرتن و دیفاع لە عەفرین و پشتیوانی و پاڵپشتی خەڵکی بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستان و باقی ناوچەکانی سوریە لەم خۆڕاگرییە، لە عەینی حاڵدا معادلات و قەول و قەرارەکانی هێزەکانی تری دەرگیر لە قەیرانی سوریەیدا تێکدا.

دەنگدانەوەی هەواڵی کوشتاری بێ ڕەحمانە و جەنایەتکارانەی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لە شار و دێهاتەکان بەهۆی بۆمباران و تۆپ بارانەکانی تورکیەوە بە درێژە کێشانی ئەم شەڕە ڕای گشتی لە دەرەوەی تورکیەشی له‌ دژی ئەم هێرشە وەحشیانەیەی خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. ناڕەزایەتی و ئاکسیۆنەکانی خەڵکی لەدژی ئەم شەڕە لە وڵاتانی تر کە رۆژانە ئاستەکەی بەرین تر دەبێتەوە، دەوڵەتان و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی سەرەڕای مەیل و بەرژەوەندیه‌كانیان ناچار کردوە تا بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە هەڵوێست بگرن. دەوڵەتی روسیە کە پێش دەستپێکی شەڕ، لە ٢٠ ی ژانویەدا بۆ هاسانکاری عەمەلیاتی نیزامی تورکیە هێزەکانی لە عەفرین بردە دەرەوە، تا بەڵکو ” پ ی د” و یەکێنەکانی پاراستنی عەفرین وادار بکات کۆنترۆڵی ناوچەکە بدەنە دەست دەوڵەتی سوریە، لەم حەفتانەی ڕابردودا بۆ ماوەیەک ئیجازەی بە تورکیە نەدا فرۆکە جەنگیەکانی بەسەر ئاسمانی باکۆری سوریەدا بفڕن. دەوڵەتی ئەمریکاش کە بە بیانوی بە ڕەسمی ناسینی مافی تورکیە لە بەناو ” دیفاع لە ئەمنیەتی تورکیە و سنورەکانی” چاوی لە ئاست هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین گرتبوو، ئێستا ستادی ناوەندی ئەڕتەشی ئەمریکا لە خاوەرمیانە، لە بەرانبەر داخوازی ئۆردوغاندا بۆ بردنەدەری هێزەکانی لە منبج، ڕادەگەیەنێت کە ئەمریکا هێزەکانی لە منبج ناباتە دەرەوە. دەوڵەتی فەڕانسە کە لە سەرەتای هێرشەکەدا بە تورکیەی دەوت هەوڵبدات لە شەڕدا تەلەفاتی غەیرە نیزامیەکان کەم بێت، چەند رۆژ لەوە پێش لە زمان وەزیری دەرەوەی بە ئیختارێکی توند بە تورکیەی وت کۆتایی بەو شەڕە بێنێ. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئوروپاش لە درێژەی شەڕی تورکیە لە عەفرین ناڕازین و داواکاری کۆتایی هاتنین. گوشاری ڕای گشتی کاری گەیاندۆتە جێگایەک کە تەنانەت کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە تێکدانی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکانی رۆژئاوا دا لەگەڵ تورکیە هاو بۆچوونە، لە زمان حەسەن روحانیەوە نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی بەناو ” سەقامگیری ناوچەکە” بە هۆی ئەم شەڕەوە دەردەبڕێت و بە تورکیە دەڵێت کۆتایی بە شەڕەکە بێنێت. گشت ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی خۆڕاگریەکی لەخۆبردوانەیە لە نەبەردێکی ڕەوادا.

ئەم هەڵوێست گرتنانە و شکست و ناکامی ئەڕتەشی تورکیە لە شەڕی عەفریندا ئۆردوغانی بەرەو رووی ئاسەوارەکانی شکست لەم شەڕەدا کردۆتەوە. هەزینەی ئەم شکستە بۆ ئۆردوغان و حیزبەکەی ڕەنگە لە دەستدانی دەسەڵات و کۆتایی حاکمیەتەکەی بێت. لە خۆڕا نییە کە لەم ماوەیەدا لە تورکیە نزیکەی ٦٠٠ کەس لە نووسەران، رۆژنامە نووسان، مافناسان، پزیشکان، هەڵسوڕاوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی تەنیا لەبەرخاتری دژایەتی لەگەڵ شەڕی عەفرین وەک پشتیوانی تیرۆریزم و خەیانەتکار گیراون و خراونەتە زیندان و لە هەوڵی کۆنترۆڵ و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندان بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی سەبارەت بە شەڕ لەنێو خەڵکی تورکیەدا. بێ گومان هێرشی نیزامی تورکیە لە بەرانبەر ئیرادەی پتەو و پشت بەستو بە خۆی هێزەکانی پاراستنی عەفرین و پشتیوانی و پشتگیری جەماوەری خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خواز لە ناوچەکە و سەر تاسەری دنیادا ئۆردوغانی لە بەرەو پێش بردن و بە سەرئەنجام گەیاندنی ئەم سیاسەتەشیدا ناکام دێڵنەوە و سەرکەوتن بە نسیبی خەڵکی تێکۆشەر و ڕەزمەندەی رۆژئاوا دەکات.