رۆژی شەممە، ٢٧ی ژانویە، بەرابەر لەگەڵ ٧ی مانگی ڕێبەندان دەیان هەزار کەس لە زۆربەی پێتەخت و شارە گەورەکانی ئوروپا و کانادا، بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی عەفرین و مەحکوم کردنی دەستدرێژی وەحشیانەی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر باکوری سوریە ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم هاوپشتیە شکۆدارە نیشانیدا کە بزوتنەوە ماف و عەداڵەت خوازانەکان خاوەنی چ زەرفیەتێکن بۆ بەسیج کردنی پشتیوانی جەماوەری لە ئاستی دنیادا. ڕاست حەفتەیەک لەوەپێش له بەرە بەیانی رۆژی ٢٠ی ژانویە بهرابهر لهگهڵ ٣٠ مانگی بهفرانبار هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆسەر کانتۆنی عەفرین بە ناوی عەمەلیاتی “چڵی زەیتوون” لە زەوی و ئاسمانەوە دەستی پێکرد.
لە ژێر چەتری ئاگربارانی تانکەکانی ناتۆدا، ئەڕتەشی داگیرکەری تورکیە و هاوپەیمانە کۆنەپەرستەکانی لەوانە “ئەڕتەشی ئازادی سوریە”، کەوتنە جووڵە. دەوڵەتی تورکیە دەڵێ کە ئەم عەمەلیاتە بۆ “دیفاع لە خۆی” بەڕێوەدەبات و ئیدیعا دەکات کە گۆیا، بوونی کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەره لە باکوری سوریە “مەترسیان بۆ نەتەوەی تورک”، دروست کردوە. هاواری شێتانەی ئەردوغان بۆ پاساو کردنی ئەم هێرشە لە حاڵێکدایە کە هەموو دەزانن لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆ لە سوریە ئەوە وڵاتی تورکیە بووە کە وەک پشتی جەبهەی ڕەوتە کۆنەپەرستە تیرۆریستە- ئیسلامیەکان جوڵاوەتەوە و دەوڵەتی تورکیە هەموو جۆرە ئیمکاناتێکی لۆجستیکی خستۆتە ئیختیار ئەوانەوە. و هەروەها هەموان دەزانن کە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانی رۆژئاوا گرنگترین هێزی خۆڕاگری بوون لەدژی جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی و بەبێ گیانبازی قارەمانانەی ژنان و پیاوانی ئەم یەکینانە قسە کردن لە شکستی ” داعش” نەدەکرا لە ئارادا بێت. ئێستاش ئەوە تێکۆشەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەلن کە لە بەرانبەر ئەڕتەشی سەرتاپا چەکداری ناتۆدا قارەمانانە خۆڕاگری دەکەن. ئامانجی شەڕی ئەردوغان لەنێوبردنی کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانە. ئەو کانتۆنانەی کە بە هەموو کەموکوڕیەکەوە کە لێرەو لەوێ لە سیاسەتیاندا بوونی هەبێت، وەک مۆدێلێکی پێشڕەو و پێشکەوتو هاتونەتە گۆڕێ.
سەرجەمی ئەو هێزانەی کە تا دوێنێ کەڵکیان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل وەردەگرت لە شەڕ لەدژی داعش لە باشترین حاڵەتدا وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوایان لە ئەردوغان کردوە کە لە هێرشهكاندا ” بە پارێزەوە هەڵسوکەوت بکات و خەسارەت و زیانی کەمتر بە خەڵکی سڤیل بگەیەنن”، کە گۆیا کوشتاری هیزەکانی پاراستنی گەل بابەتێکی زۆر گرنگ نییە. یان وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان کە ” داوای بە پارێز” بوونی لە هەردو لای کردوە کە گۆیا وانییە هێزێک دەستدریژی کردبێت و هێزێکی تر خەریکی دیفاع لەخۆی بێت. روسیەش هاوکات لەگەڵ چوونی ئەڕتەشی تورکیە بەرەو عەفرین، پێگە نیزامیەکانی لە ناوچەکەدا بە ” هۆکاری ئەمنیەتی” کۆکردەوە. ئەو دەلیلە ڕیاکارانەیە بە ڕادەیەک ئاشکرا بوو کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیە ڕایگەیاند کە ” چوون بۆ سنوری ئاسمانی عەفرین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ کاربەدەستانی روسی و ئێراندا بەڕێوەچووە”.
هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین تەنیا ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی عەفرین نییە. هاوکات ڕاگەیاندنی شەڕ لەگەڵ خەڵکی کوردی دانیشتوی تورکیە و سازمان و ناوەندەکانی پشتیوانیان، لەوانە ” پ ک ک” و ” حیزبی دیموکراتیکی گەلان”ە. بانگەوازی ئەم حیزبە بۆ ڕێپێوانی پشتیوانی لە عەفرین زۆر وەحشیانە لە سەرەتاوە سەرکوت کرا. هاوکات ئەردوغان هەڕەشەی کرد کە لەگەڵ نەیارانی ئەم شەڕە بە توند ترین شێوە ههڵسووكهوت دەکات. ئەو بە نەیارانی ئهو شهڕهی وت:” ئیجازە نادەین کە ئێوە لە شەقام و مەیدانەکاندا دەربکەون.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیە ساڵانێکە کە شەڕێکی خوێناوی لەدژی خەڵکی کورد لە تورکیە بەڕێوەدەبات. شەڕێک کە لە ئاکامیدا بە سەدان گوند سوتێندراون و لە دانیشتوانیان چۆڵ کراون. دەیان هەزار کەس کوژراون و زیندانی کراون و بە ملیۆن کەس لە خەڵکی کورد ناچار کراون ماڵەکانیان بەجیبێڵن. هەموو ئەو دەوڵەتە ئیمپڕیالیستیانە، هەموو ئەو کۆمپانیا چەک سازیانەی کە ئەڕتەشی تورکیەیان سەرتاپا چەکدار کردوە لەم جەنایەتەدا بەشدارن. تورکیە بەردەوام یەکێک لە گرنگ ترین مشتەریەکانی چەکی بەرهەمهاتو لە وڵاتانی ئیمپڕیالیستی بووە.
بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەردوغان نە لە نێوخوی تورکیە و نە لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیە، سەرکەوتنی دەستەبەر نەکردوە. لەنێو خۆی تورکیەدا سەرەڕای سەرکوتگەری و گرتن و زیندانی کردنی بەرین، خەبات و خۆڕاگری هەروا سەرسەختانە درێژەی هەیە و لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیەش ستراتیژی دەوڵەتی ئەردوغان بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ئەردوغان نە تەنیا نەیتوانیوە وێڕای ناردنی زۆری چەکی قورسی جەنگی بۆ گوروپە تیرۆریستەکان و بە تایبەت ” ئەڕتەشی ئازادی سوریە” جێگرەوەیەک بۆ ڕژیمی بەشار ئەسەد سازمان بدات بەڵکوو شاهیدی ئەوە بووە کە کانتۆنەکانی خۆبەڕیوەبەری لە باکوری سوریە پێکهاتوون و نزیکایەتی سیاسی و نیزامیان لەگەڵ ” پ ک ک” بوونەتە مەترسیەکی بیلقوە بۆ خەونە مزن خوازانە وشۆوێنیستییهكانی هكانی ئەردوغان. ئیستراتیژی ئەردوغان لە سوریە بۆ جێگرەوەی بەشار ئەسەد بە دەوڵەتێکی ئێخوان موسلمینی بوو کە وەک هاوپەیمانی نزیکی تورکیە کاروباری دەوڵەت لە سوریە بە دەستەوە بگرێت و تورکیە لەو ڕێگەیەوە ناوچەی نفوزی خۆی بەرینتر بکاتەوە. بەڵام دوای حەوت ساڵ شەڕ لە سوریە نە تەنیا نەیتوانی دەوڵەتێکی هاوپەیمانی خۆی لە سوریە بێنێتە سەرکار، بەڵکو سەرەڕای سەرفی هەزینەیەکی چەند ملیارد دۆلاری و ئابروچوونی سیاسی، تازە گەڕاوەتەوە خاڵی سەرەتا. ئیستا کە ستراتیژی جێگرەوی بەشار ئەسەد شکستی هێناوە، تورکیە دەیەوێ بە هێرش کردنەسەر سوریە و بەروپێش بردنی شەڕێکی جەنایەتکارانە لەدژی کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەر ” ناوچەیەکی ئەمن”ی ٣٠ کیلۆمیتری بکاتە جێگرەوەی ئەو کانتۆنانە و لە عەفرینەوە سنووری تا عێڕاق کۆنترۆڵ بکات. هەڵبەت ئەمە بەشێک لەو شەڕ و کێشمەکێشانەیە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە نێوان سەرجەم ئەو هێزانەدا هەیە لە پێوەند لەگەڵ ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی ناوچەکە کە بەشوێن بەرژەوەدنیەکانیانەوەن. لەم نێوانەدا ئەمریکا حوزوری خۆی لە سوریە و پاراستنی پێگە نیزامیەکانی تەنیا دەتوانێ بە پشت بەستن بە کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکان و بەهێز کردنی بونیەی نیزامی بە کردەوە دەربێنێ. هەڵبەت ئەمە ئەمریکا ڕووبهڕوو بوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانێکی نیزامی لە ناتۆدا واتە تورکیە دەبات و هەڵبەت یارمەتی نیزامی ئەمریکا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل تا کاتێکە کە بەرژەوەندی کەڵانی ئەمریکا نەکەوێتە مەترسیەوە.
شەڕی داگیرکارانەی تورکیە لەدژی کانتۆنەکانی رۆژئاوا و هەڵوێستی ڕیاکارانەی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان جارێکی تر دەریخست کە ئازادی دیارییەک نییە کە لە لایەن ئیمپڕیالیستەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەوە لەسەر کەشەفێکی تەڵایی پێشکەشی خەڵکی هیچ ناوچەیەکی دنیا بکرێت. خەڵکی ئازادی خواز و ماف تەڵەب دەبێ بە هێز بن و بە هێزی خۆیان ئەوەی کە مافی ڕەوای خۆیانە بە دەستی بێنن.
لە عەینی حاڵدا ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و داگیرکارانەیە ئەرکێکی گرنگ دەخاتە ئەستۆی هەموو هێزە شۆڕشگێڕ، ئازادی خواز، یەکسانی تەڵەب و دژی شەڕەکان. دەبێ لە ڕێگای ڕیکخستنی هاوپشتیەکی جیهانی بۆ دیفاع لە عەفرین و کانتۆنەکانی خۆ بەڕێوەبەردا، ئەم هێرش و دەستدرێژییە توشی شکست بکرێت. دەبێ داواکاری چوونە دەری خێرای سەرجەم هێزە ئمپڕیالیستی و کۆنەپەرستە ناوچەییەکان لە سوریە و نەهێشتنی پشتیوانی لۆجستیکی لە هێزە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بکرێتە داخوازییەکی گشتی جیهانی. لەبەر ئەوەی کە خەڵکی سوریە دەتوانن لە غیابی ئەم هێزانەدا خۆیان جارێکی تر خەباتێک کە بۆ روخاندنی ڕژیمی دیکتاتۆڕی ئەسەد خستبوویانە ڕێ، بە ئاکام بگەیەنن.