بڕیارە بەم نزیکانە خولی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هاوکات لەگەڵ ڕادەگەیاندنی هەڵوێستی دژبەیەک لە هەردوولاوە، لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت. لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری ئابووریی بەربڵاو لەگەڵ ئەمریکا، لەوانە لەبواری وەبەرهێنان لە کەرتی وزە، کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت و گاز، پڕۆژەی کانگا و تەنانەت کڕینی فڕۆکەش دەربڕیوە. حەمید قەنبەری، جێگری بەڕێوەبەری گشتی دیپلۆماسی ئابووری لە وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بەردەوام بێت، پێویستە ئەمریکاش سوود لەو ناوچانە وەربگرێت کە سەرچاوەی ” سوودی ئابووری بەرز و خێرا“ن. لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وێڕای ئەوەی کە دیپلۆماسی وەک رێگاچارە بە باش دەزانێت، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “هیچ کەسێک نەیتوانیوە لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو”. هاوکات ئەمریکا دووەمین کەشتی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و ئامادەکاری دەکات (وەک ئەوەی بۆخۆیان دەڵێن) بۆ ئەگەری ” شەڕێکی نیزامی درێژخایەن لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان“. جگە لە گوشارە نیزامییەکان، بەگوێرەی ئاکسیۆس، ترامپ و نەتانیاهۆ لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، هەنگاوێکی کە دەتوانێت داهاتی نەوتی تاران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە. ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە هەردوولا هاوکات ئاراستەی دیپلۆماسی و ئامرازەکانی گوشاریان پاراستووە. شێوازێکی کە دەتوانێت ئاراستەی گفتوگۆکان هەم بەرەو ڕێککەوتن ببات و هەم پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا، پرسیاری سەرەکی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، بریتی نییە لە “پشتیوانی یان دژایەتی” بۆ ئەم یان ئەو سیناریۆ. خەڵک نە بڕیاردەری شەڕن و نە خاوەن ئیختیاری سازش. ئەوەی کە یەکلاکەرەوەیە، بریتییە لە ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی هەردوو سیناریۆکە و بنیاتنانی هێزێکی سەربەخۆ لە خوارەوە. هێزێکی کە لە کاتی کرانەوەی کەشی سیاسی کۆمەڵگا یان ئەگەری داڕمان، هەم بتوانێت ژیانی ڕۆژانە بپارێزێت و لە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی پاشەکشە نەکات. ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، ئەگەری زۆرە ئاشتییەکی لەو شێوەیە، نەبێتە هۆی ئازادی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک. ئەزموونی بەرجام هێشتا تازەیە. ئازادکردنی زیاتر لە ١٥٠ میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر نەبووە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ژیانی چینی کرێکار و بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، بەڵکوو بووە هۆی قووڵتربوونەوەی کەلێنی چینایەتی و پەرەسەندنی گەندەڵی و بەهێزبوونی توانای ئەمنی و نیزامی ڕێژیم.
زیادبوونی داهاتی نەوت یان دەستڕاگەیشتن بە سەرمایەی دەرەکی، دەتوانێت لەبری خۆشگوزەرانی گشتی، لەپێناو پەرەپێدان بە توانایی ئەمنییەتی و چاودێریی و سەرکوت دا بەکار بهێنرێت. ڕەنگە کەمبوونەوەی ڕێژەی گوشارە ئەمنییەکان، پەراوێزێک بۆ پێکهاتنی ڕێکخراوە مەدەنی، کرێکاری، خوێندکاری و ژنان دروست بکات. بەڵام ئەم پەراوێزە بەردەوام مەرجدارە بە حیساباتی ئەمنی و دەتوانرێت وەربگیرێتەوە. مەترسی جددی ئەو ڕێککەوتنە، تەنیا بریتی نییە لە درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم ڕێژیمە، بەڵکوو گۆڕینی بۆ فۆرمێکی دڵخوازی ئەمریکا و شیاوی تەحەمولی زیاترە بۆ بەشێک لە ناوخۆی کۆمەڵگادا. دۆخێکی کە دتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتیی، جۆش و خرۆشی زۆربەی خەڵک بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی ڕێژیم کەم بکاتەوە و دەرفەتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژێم بسوتێنێت. ئەگەرچی ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێ توانای بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان پەرەپێبدات، بەڵام هاوکات ئامرازەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامیش بەهێزتر دەکات.
بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ ئەگەر سنوورداریش بێت، لۆژیکی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. هەموو شتێک دەبێتە بابەتی ئەمنییەتی. سپای پاسداران و دام و دەزگا هەواڵگرییەکان دەست بەسەر هەموو کۆمەڵگادا دەگرن و هەر ناڕەزایەتییەک بە “خیانەت” لێکدەدرێتەوە. “بەرگریکردن لە نیشتمان” دەبێتە بیانوویەک بۆ داخستنی فەزای سیاسی گشتی و ڕاگیرانی لانیکەمی حەقدەست و پەرەسەندنی سەرکوت. هەر دەنگێکی ناڕازی بە تۆمەتی جۆراوجۆر کپ دەکرێت. شەڕ هەڵاوسانی زیاتر و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و بێکاری و برسێتی هەرچی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. شەڕ واتە نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاو و کارەبا و شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەکەونە ژێر مەترسی داڕمان و لەناوچوون و ئەمەش واتە شەپۆلی کۆچ کردن و بێ خانە و لانەیی و شیرازەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی تێکدەدات. هەڵبەت چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم دۆخە بتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاخێزی گەورە و بەربڵاو، بەڵام بەبێ تۆڕی ڕێکخراو و ڕێبەرایەتی، ئاکامی ئاخێزێکی لەو شێوەیە دەتوانێت نادیار و هەزینەهەڵگر و تەنانەت بە قازانجی هێزە کۆنەپەرستانە تەواو بێت.
شەڕ دەتوانێت کەلێن و ناکۆکییەکانی ناوخۆی حکوومەت بەرینتر بکاتەوە. بەڵام “کەلێنی سەرەوە” تەنیا کاتێک دەبێتە “دەرفەت بۆ خوارەوە” کە ناوەند و دامەزراوە جەماوەرییەکان بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات پێکهاتبێتن. ئەگینا کەلێن و ناکۆکییەکان دەبنە هۆی کێبڕکێی نێوان باندە چەکدارەکان و سات و سەودا لەسەر داهاتووی خەڵک. مەترسی شەڕ، واتە سەرهەڵدانی شەڕخوازان و گرووپە توندڕەوەکان و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، واتە بە لیبیاکردنی کۆمەڵگای ئێران. تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە شەڕدا لاواز بێت یان شکست بهێنێت، لەوانەیە لە فۆرمێکی لاوازتر بەڵام ئەمنییەتی تردا درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و هاوکات ئێران لەگەڵ کارەساتێکی مرۆیی بەرەوڕوو ببێتەوە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە بۆ زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا هیچ کام لەم دوو سیناریۆیە، بژاردە نییە، هەردووکیان بەپێی سروشتی خۆیان تێچووی زۆریان بەدواوە دەبێت. لە ئەگەری ڕێککەوتندا، مەترسی سەرەکی بریتییە لە بەردەوامبوون و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ڕێژیم، بە ڕووخسارێکی جیاوازتر و بەهرەمەند بوون لە سەرچاوەی زیاتر. لە ئەگەری شەڕدا، مەترسی سەرەکی بریتییە لە کارەساتی مرۆیی و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات و بوونی ئێران بە گۆڕەپانی کێبڕکێی ژیۆپۆلەتیک. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەگەر هێزێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ پێکنەهێنرێت، خەڵک لە ژێر باری هەلومەرجێکدا کە هەڵبژاردەی خۆیان نەبووە، ژیانیان لێ دەبێتە دۆزەخ.
لەم حاڵەتەدا رێگاچارە چییە؟ هەروەک زۆر جار جەختمان لەسەر کردۆتەوە، رێگاچارە، بریتییە لە خۆڕێکخستن لە خوارەوە و پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات بە ناوەند و دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی. ڕەمزی سەرکەوتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەک لە گرەوی دەرئەنجامی دانوستانەکان یان ئاکامی شەڕ، بەڵکوو لە بنیاتنانی توانا و پۆتانسێلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادایە لە خوارەوە. واتە دروستکردنی تۆڕ و دامەزراوە گەلێک کە لە کاتی کرانەوەی کەشی سیاسی یان داڕماندا، بتوانن بەرگری لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بکەن و نان و دەرمان و ئەمنییەتی گەڕەک دابین بکەن. ئەمە واتا دروستکردنی شۆڕا و کۆڕ و کۆمەڵەی جەماوەری لە ناوەندەکانی کار و شوێنی ژیان، واتە شۆڕای کرێکاران لەناو کارگە، بەشی خزمەتگوزاری، گواستنەوە، نەوت و گاز، کۆڕ و کۆمەڵەی گشتی خۆجێیی لە گەڕەک و شارەکاندا، واتە دروستکردنی تۆڕەکانی هاوکاری و سندوقی هاوپشتی دارایی. ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک نەتوانن بۆشایی دەسەڵات پڕ بکەنەوە، بەشێک لە سپای پاسداران، ڕیفۆرمخوازانی حکوومی، یان هێزە دەرەکیی و شەڕخوازەکان پڕی دەکەنەوە. بەڵام ئێستا و لە کاتێکدا کە هیچ کام لەم دوو سیناریۆیە ڕووی نەداوە دەبێ چی بکرێت؟
پێویستە هەرلە ئەمڕۆوە و لە درێژەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستادا، ئەو ویست و داواکاریانەی کە خۆیان لە چوارچێوەی دروشمی نان، کار، ئازادی دا دەبیننەوە، بەیەکەوە گرێ بدرێن. ئەگەر ویست و داواکارییەکانی بژێوی ژیان و کار لە ئازادی جیابکرێنەوە، ئاکامەکەی دەبێتە باجگیریی لەلایەن باڵەکانی ناو حکوومەت یان ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی بۆرژوازیی. ئەگەر ئازادی لە نان داببڕدرێت، دروشمەکان لە پشتیوانی ماددی بێبەش دەبن. هێزە چەپەکانی کۆمەڵگا دەبێ ئەو دووانە لە ڕێکخستنێکی ڕاستەقینەدا بەیەکەوە گرێ بدەن. ئەوەی کە بڕیارە لە دانوستانەکانی ژنێڤدا ڕووبدات، چ ڕێککەوتن بێت یان شەڕ، یەکلاکەرەوەی کۆتایی چارەنووسی خەڵک نییە. ئەگەر هێزە چەپەکان بیانەوێت لە ساتەوەختە گرنگەکاندا ببنە هێزێکی چارەنووسساز، دەبێت هەر ئەمڕۆ، لەبری تەنیا شرۆڤە و لێکدانەوەی سەرەوە، دەست بکەن بە ڕێکخستن و بنیاتنانەوەی خوارەوە. بۆ هەردوو سیناریۆکە، وەڵامەکە یەک شتە: ڕێکخستن لە خوارەوە، هاوپشتی چینایەتی، و دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی دەسەڵات، لە بەرژەوەندی ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتردا.
