کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

شەڕ ژەهرێکی کوشندە بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، شەڕخوازان دوژمنانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران ( ڕاهی کارگەر)

شەڕ ژەهرێکی کوشندە بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، شەڕخوازان دوژمنانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی

١سێبەری شەڕ لە سەر ئێرانسێبەری ڕەشی شەڕی غەززە و لوبنان خەریکە باڵ بەسەر ئێراندا دەکێشێت. دەوڵەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و هاوپەیمانیی حیزبە بناژۆخوازە یەهودییەکان بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، دوای وێرانکردنی غەززە و تێکدانی لوبنان، هەوڵدەدات بە دروشمیگۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگری ئەو شەڕە بەرەو ئێران ئاراستە بکات. وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ ڕوو لە ئێرانییەکان و بەڵێنی ڕزگارکردنی خەڵک لە چنگ کۆماری ئیسلامی، نیشانی دا کە ئەو و هاوپەیمانەکانی خەونی ترسناکیان بۆ ئێران دیتووە. ئەم گومڕاییەی نەتانیاهۆ بەرامبەر بە خەڵکی ئێران و هەوڵی ناوبراو بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕێبازی سەربەخۆی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە دوای ئەوە دێت کە ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە ساڵێکی تەواوە لە زەلکاوی غەززەدا گرفتار بوون، بە ئاراستە کردنی شەڕەکە بەرەو بەرەی باکووری لوبنان، هەندێک سەرکەوتنی نوێیان بەدەستهێناوە. گورزی کوشندەی ئەرتەشی ئیسرائیل لەدژی کادری ڕێبەرایەتی حزبوڵای لوبنان سەرەکیترین هاوپەیمانی ڕێژیمی ئیسلامی لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل، ئەم ڕێکخراوەی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر تووشی شۆک کردووە و بردوویەتە لێواری دارمان و لەبەریەک هەڵوەشانەوە. ئەم گورزە یەک لە دوای یەکانە نیشانەی نفووزی هەمەلایەنەی هەواڵگریی موسادە لە ناو پێکهاتە تەشکیلاتیەکانی حیزبوڵڵا و سپای قودس و پێکهاتە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا. بوونی زانیاری لەسەر شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسان و فەرماندەکان، زانیاری دروست لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و زانیاری تەواو لەسەر پێکهاتەی بەشداربووان، شتێکی ئاسایی نییە. نفووز و دزەکردنە ناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، چ لە ڕێگەی تاکەکانەوە یان لە ڕێگەی تۆڕە پێشکەوتووە پێوەندییەکانەوە، ئیسرائیلی لە پێگەیەکی ئەمنی باڵادەستتردا داناوە. ئەم شکستە زانیارییە شەرشۆڕانەیە بۆ ڕێژیمی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی، زۆر گران تەواو بووە. بە پشت بەستن بەم باڵادەستیی زانیارییە، پێدەچێت کە ئیسرائیل بەپێی پلان و بەرنامەیەکی ورد و دیاریکراو سەرقاڵی تێکشکاندنی هێزە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و دروستکردنی دوودڵی و ڕاڕایی لەناو ڕیزی ئەو هێزانەدا و هەروەها بێکاریگەر کردنیبەرەی خۆڕاگریی، بێت. بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنانیش بەم ئاراستەیە دراوە. ئێستا ئیتر دەرکەوتووە کە هەموو ئەو هەزینە زۆر و زەوەندانەی کۆماری ئیسلامی لەپێناو دروستکردنی قووڵایی ستراتێژیکدا، تەنانەت بە وێرانکردنی ئابووری ئێرانیش لەپێناو دروشمیلەناوبردنی ئیسرائیل، هەزینەیەکی بێهودە و ئێجگار مەترسیدار بووە. لاوازبوونی لەڕادەبەدەری حەماس و وێرانبوونی تەواوەتی غەززە، لاوازبوونی بەرچاوی حزبوڵڵا و داڕمانی پێکهاتەی فەرماندەییەکەی، بۆردومانی چڕی لوبنان و هێرشی زەمینی بۆسەر ئەو ناوچەیە و بۆردومانی توندی شار و ژێرخانەکانی یەمەن، بووەتە هۆی لاوازبوونی ئێجگار زۆری بەرەی خۆڕاگریی. ئێستا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی ئیسرائیل خەریکن خۆیان بۆ هێرشێکی کاریگەر و بنەڕەتی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکەن و مەترسیی تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ سەرجەم ناوچەکە، ڕۆژ بەڕۆژ بەرجەستەتر دەبێتەوە. بابەتێکی نەخوازراوی کە بە پێچەوانەی ویستی زۆرێک لە دەوڵەتەکانە و بە نیگەرانییەوە لەسەر ئەم بابەتە دەدوێن.

٢کۆتایی هاتنیسەبری ستراتیژیک” – سیاسەتیسەبری ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران و دواخستنی وەڵامدانەوەی ڕێژیمی ئیسلامی بەم هێرشە، بە دانی بەڵێنی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە لەلایەن ئەمریکاوە و هەروەها بە ئومێدی هەوسارکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەو وڵاتەوە، قەیرانێکی بەربڵاوی لەناو پێگەکانی ڕژێم و لەناو لایەنگرانی لەبەرەی خۆڕاگرییدا دروست کردبوو. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی پاش هەڵبژاردنی نوێی سەرۆککۆماری و هاتنەسەرکاری پزیشکیان، لەسەر بنەمای پاشەکشەکردن لە سیاسەتی دەرەوە، دامەزراوە. ئەم سیاسەتە نوێیە لە وتارەکەی سەرۆککۆماری ڕێژیم لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ڕوونی ڕاگەیەندرابوو. ڕێژیمی ئیسلامی هیوای خۆی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵچنیبوو کە بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ڕێژیم و وڵاتانی ڕۆژئاوا، چارەسەرکردنی پرسی بەرجام و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تر، دەرفەتێک بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووریی ڕژێم و بێتوانایی لە ئاست بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا پێکدەهێنێت. بەڵام ئەم سیاسەتە بە ئاشکرا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تووشی ئاڵەنگاری هاتووە. تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، ڕێبەری سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لە ڕۆژی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان وەک سەرۆککۆمار و هەروەها تیرۆرکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵا، ڕۆژێک دوای وتارەکەی پزیشکیان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک هەوڵێکی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ شکست پێهێنانی ئەم سیاسەتەی ڕێژیمی ئیسلامی لێک دەدرێتەوە. هەوڵی ئیسرائیل بۆ تێکدانی پێکهاتەی تەشکیلاتیی حیزبوڵڵای لوبنان، دوای وێرانکردنی تەواوەتی غەززە و کوشتاری ٤٢ هەزار فەلەستینی، سیاسەتیسەبری ستراتیژیکی ڕژیم و چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوای، لەگەڵ ئاڵەنگارییەکی زۆر جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەم دۆخە سەرلێشێواوییەکی بەربڵاوی لەناو لایەنگرانی ڕێژیم و تێکچوونی ڕەوتیپێشگیرانەی لە نێوان ڕژیمی ئیسلامی و ڕژیمی ئیسرائیلدا، لێکەوتۆتەوە. لەمڕووەوە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی جگە لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بە هەوڵەکانی ئیسرائیل نەماوەتەوە. ئامانج لە موشەکبارانی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ژێر ناویبەڵێنی سادقی دوو، بریتی بوو لە پێکهێنانی ڕەوتێکی پێشگیرانەی نوێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بێهیوایی و سەرلێشێواوی لە نێو لایەنگران و هێزەکانی لە ناوخۆی وڵات وبەرەی خۆڕاگرییدا.  ئەم هەنگاوەی ڕێژیم، جارێکی تر کەشوهەوای سیاسی ڕۆژئاوای بە قازانجی دەوڵەتی نەتانیاهۆ گۆڕی. نزیکەی سەرجەم وڵاتەکانی ئەمریکا و ئورووپا، هێرشەکانی ڕژیمی ئیسلامییان بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە کرد و مافی گورزی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلیان بە فەرمی ناسیوە. بە واتایەکی تر، هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، بێدەنگیان هەڵبژاردووە، سەرلەنوێمافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆیبە مافێکی ڕەوا دەزانن.

٣شەڕخوازیی دەوڵەتی ئیسرائیلئاگری شەڕێکی کە خەریکە بەشێنەیی تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە، لە هەنگاوی یەکەمدا ئاکامی هەوڵی شەڕەنگێزانە و سیاسەتی داگیرکاری و دەستدرێژیکارانەی دەوڵەتی ئیسرائیلە کە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەی فەلەستین و دەرکردنیان لە زێدی باوباپیرانیانی گرتووەتەبەر و ئێستاش چاوی بڕیوەتە باشووری لوبنان. شێوازی بەرەوپێشبردنی ئەم شەڕە بە وێرانکردنی تەواوەتی ژێرخانەکانی ژیانی مرۆڤ لە غەززە و لوبنان و بە کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بەیانگەری پەیڕەوکردنی سیاسەتی جینۆسایدێکی ئاشکرایە کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی و دادگای عەداڵەتی نێودەوڵەتی لاهەوە، ئیدانە کراوە. بەڵام ئەوەی کە ئەم جینایەتانەی ئیسرائیل بەلای زۆر کەس و لایەنەوە کەم کاریگەر و بێ بایەخ نیشاندەدات، بوونی بەرچاو و کاریگەریی هێزە بناژۆخوازە ئیسلامییەکانە لە بەرەی خۆڕاگریی جەماوەری فەلەستین و لوبناندا و هەروەها بێکاریگەر بوونی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانە لەو ڕەوتەدا. ئاشکرایە کە بناژۆخوازیی ئیسلامی، هەڵگری هەمان تایبەتمەندی قێزەونە کە بناژۆخوازیی یەهودی نوێنەرایەتی دەکات. ئەگەر بناژۆخوازانی یەهودی خوازیاری لەناوچوونی نەتەوەی فەلەستینن، لە هەمانکاتدا بناژۆخوازە ئیسلامییەکانیش خوازیاری لەناوچوونی نەتەوەی یەهود لە ئیسرائیلن. وتەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە نوێژی هەینی لە تاران و دروشمیمەرگ بۆ ئیسرائیلخۆراکێکی زۆر گونجاوە بۆ دەزگای تەبلیغاتی یەهودە بناژۆخوازەکان. هەروەک چۆن وتەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر بنەمای بە مرۆڤ ئەژمار نەکردنی فەلەستینییەکان، خۆراکی تەبلیغاتیی پێویست بۆ بناژۆخوازە ئیسلامییەکان دابین دەکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چنگ دوو ڕەوتی لەڕادەبەدەر کۆنەپەرست و فاشیست و وێرانکەردا گرفتار بووە. بەڵام نابێ ئەوەش لەبەرچاو نەگیرێت کە بناژۆخوازیی یەهودی، بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەهرەمەند بوون لە باڵادەستی تەکنەلۆژی و زانیاریی، خاوەنی هێز و تواناییەکی گەلێک وێرانکارترە. واقیعییەتە مێژووییەکان دەریانخستووە کە بوونی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هێزە بە وەکالەتەکانییەوە لە فەلەستین و لوبنان و ناوچەکە، پتر لەوەی کە لەبەرژەوەندی ئارمانی فەلەستینییەکاندا بێت، بە زیانی ئەوان شکاوەتەوە. ئەم بوونە بەرچاوەی فاشیزمی ئیسلامی، بیانوویەکی جددی داوەتە دەست فاشیزمی یەهودی. بە واتایەکی تر، فاشیزمی ئیسلامی وەک کانگایەکی زێڕ وایە بۆ فاشیزمی دەستدرێژیکار و ڕەگەزپەرستی یەهودی.

٤شکستی سیاسی ئیسرائیل و قەیرانی ناو پرۆژەی زایۆنیستیدەوڵەتی نەتانیاهۆ بە گرفتار بوون لە زەلکاوی غەززەدا، سەرەڕای جینۆسایدێکی ئاشکرا و وێرانکردنی تەواوەتی ئەم ناوچەیە، لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی بەرەوڕوو بوو. خۆپیشاندانە بەربڵاوە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئیسرائیل لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکاندا، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەری و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پێکهاتەی دەسەڵاتیش، ڕۆژ  بەڕۆژ پتر پەرە دەستێنێت. بەڵام بە سەرکەوتنە ئەمنییەکانی لە ڕێگەی لێدانی گورزی کاریگەر لە حیزبوڵڵا و پەیوەستبوونی ڕەوتێکی نوێ بە دەوڵەتە هاوپەیمانییەکەی، ئێستا خۆی بە براوەی ئەو کێشانە دەزانێت و پێیوایە کە توانیویەتی بەسەر قەیرانەکانی ئێستایدا زاڵ ببێت. بەڵام هەموو بەڵگەکان دەریدەخەن کە سەرکەوتنە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەرتەشی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، نەیانتوانیوە ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ڕووخسارێکی نوێی لە ڕژێمی ئیسرائیل بە جیهان نیشانداوە، بەجۆرێک کە وەک درێژەپێدەری ڕێبازی هیتلەر سەیر دەکرێت. وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لە هۆڵی چۆڵی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە سەیر دەکرێت. هەر ئێستا، بیروڕای گشتی وڵاتەکانی ئورووپا و ئەمەریکا، وێنایەکی تریان لە ڕژیمی ئیسرائیل هەیە و تێڕوانینیان سەبارەت بەو ڕێژیمە گەلێک جیاوازە و دیفاع لە ئارمانی فەلەستین تا دێت پەرە دەستێنێت. ئەم کەشوهەوای پشتیوانییە لە فەلەستین و نەفرەت و بێزارییە لە جیناتەکانی ئیسرائیل لە نێو جەماوەری چوارسەد و هەشتا ملیۆن کەسیی عەرەبەکان و یەک ملیارد و هەشت سەد ملیۆن موسڵمانی جیهاندا، بە شێوەیەکی هێرشبەرانە لە دژی ئیسرائیل و ئەو ڕێبەرانەیە کە لە حاند جیناتەکانی ئیسرائیل کەمتەرخەم و بێ هەڵوێستن. ئەگەر ئیسرائیل لە شەڕی وشکانیدا لە لوبنان هاوشێوەی غەززە، لە زەلکاودا گرفتار بێت، ئەم ورە هەنووکەییەی بەرپرسانی ئیسرائیل و هەستکردنیان بە سەرکەوتنیش، کەمڕەنگ تر دەبێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە ئەگەرچی دەوڵەتی ئەمریکا بە هۆکاری ستراتیژیک لە هەر بارودۆخێکدا، پشتیوانی خۆی لە ئیسرائیل درێغ ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، مەرج نییە ئەولەویەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا وەک دەسەڵاتێکی ئیمپریالیستی، لەگەڵ ئەولەویەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک هێزێکی ناوچەیی و بە تایبەتی، پڕۆژەی نەتانیاهۆ بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک یەک بێت. سیاسەتی گشتی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەگەری سەرکەوتنی هەرکام لە لایەنەکانی دێموکراتەکان یان کۆماریخوازەکان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەردا نایەت. دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل کە کۆمەڵێک لێکدانەوە و نیگەرانی تایبەتی خۆی هەیە، لە بوونی ئەم بۆشاییە تەسکەی نێوان بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاش نیگەرانە و لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵدەدات، ئەمریکا بخاتە دۆخێکی نەخوازراوەوە و بەدوای سیاسەتەکانی خۆیدا پەلکێشی بکات. بەڵام ئەوەی کە ئەم سیاسەتانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی خەڵکی فەلەستین، بتوانێت بەهیچ ئاکامێک بگات، جێگای گومان و تێڕامانە. لەهەر حاڵدا، جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، ئاسۆی پڕۆژەکانی زایۆنیزم، ڕۆژ بەڕۆژ لێڵ تر دەکات. دوای هێوربوونەوەی ئەم کەشوهەوای شەڕە، خەڵکی ئیسرائیل لەگەڵ کۆمەڵێک واقیعی نوێ بەرەوڕوو دەبنەوە. لەگەڵ گەشە و سەرهەڵدانی ئارمانی فەلەستین بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی سەرزەمینێک بۆ ژیان، پێدەنێینە ناو قۆناغێکی نوێوە کە لە پێناو پێکەوە ژیانێکی ئاشیانە لە نێوان خەڵکی یەهودی و فەلەستینی، لە نێوان موسڵمان، یەهودی و مەسیحییەکان لەسەر ئەو خاکە، ڕێگایەکی نوێ بگیرێتەبەر و ڕەوتێکی لەو شێوەیە بە واتای کۆتایی هاتن بە پڕۆژەی زایۆنیستی دەبێت. بێگومان وەها ڕەوتێک بە شێوەیەکی سروشتی بوارەکانی گەشەی بناژۆخوازیی ئیسلامیش لەناو دەبات. چونکە بناژۆخوازیی ئیسلامی، بە تایبەت لە غەززە و لوبنان، نیشانی داوە کە بە دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل، ڕەنج ئازارەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرەی، بە چەند قات زیاتر کردووە.

٥ڕێگە خۆشکردن بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بەمەبەستی بەرەوپێش بردنی سیاسەتی گۆڕینی بنەڕەتی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرش دەکاتە سەر ئێرانیش؟ وا پێدەچێت ئیسرائیل کە لە سیاسەتە دەستدرێژیکارانە و جینایەتکارانەی خۆی لە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی غەززە و لوبنان و یەمەن، لەگەڵ بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی بەرەوڕوو بووەتەوە و گوشارێکی ئەوتۆش لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە لەسەر خۆی هەست پێناکات، دۆخەکە بۆ ئاراستەکردنی شەڕ بەرەو ئێران بە گونجاو دەزانێت. بەڵام لە هەمان کاتدا هێرشکردنە سەر ئێران کارێکی ئاسان نابێ و بێگومان بۆ ئەم بابەتە پێویستی بە ڕازیبوون و پشتیوانی ئەمریکا دەبێت. بەڵام پێدەچێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، لەوە نیگەرانن کە ئێران بکێشرێتە ناو شەڕەکە و دژایەتی دەکەن. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە  ئەگەر ئیسرائیل بە پشتبەستن بە شێوازە کردارییەکانی لە غەززە و لوبنان و یەمەن، هێرش بکاتە سەر ئێران، ئێمە لەگەڵ چ دۆخێکدا بەرەوڕوو دەبینەوە؟ نفووزی زانیاری و موخابەراتی موساد لەسەر ئێران لە ڕێگەی دزەکردنە ناو ڕیزەکانی ڕێژیم و ئاواڵە بوونی ئاسمانی ئێران بە هۆی لاوازی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و نەبوونی هێزی ئاسمانی پێشکەوتوو، هاوکات لەگەڵ بێدەنگی ماناداری وڵاتانی عەرەبی و هەروەها نەبوونی گوشارێکی کاریگەر لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپاوە، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئەرتەشی ئیسرائیل خوڵقاندووە بۆ ئەوەی ژێرخان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکات یان بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی تیرۆر بکات. ئاشکرایە کە هەوڵێکی لەم چەشنە لەگەڵ کاردانەوەی توندی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئێستا کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنیبەڵێنی سادقی دووو هەروەها هەڕەشەی نوێ، هەوڵدەدات بە پشتبەستن بە توانایی موشەکەکانی، ڕێگری لە بەئاکام گەیشتنی ئەو سیناریۆیەی ئیسرائیل بکات. وەها دۆخێک، چەند هەفتە بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئەمریکا، حیزبی دێموکراتی ئەمریکا و دەوڵەتی بایدنی لەگەڵ قیرانی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەوڵەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەوەیە کە بە ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کاریگەری دانان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا و بوونی ناوبراو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەهێزتر بکات. ئەزموونەکانی تا ئێستا دەریدەخەن کە دەوڵەتی بایدن، دەسەڵات و ئیرادەی پێویستی نییە بۆ کاریگەری دانان لەسەر دەوڵەتی نەتانیاهۆ. بە بنبەست گەیاندنی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە بەمەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان دوای ڕازیبوونی ئیسماعیل هەنیە و شکست پێهێنانی وتوێژەکانی ئاگربەست لە لوبنان دوای ڕازیبوونی حەسەن نەسروڵڵا لەلایەن نەتانیاهۆوە، سەرەڕای ڕەزامەندی ئەمریکا، نیشانەی بێتوانایی ئەمریکایە بۆ کاریگەری دانان لەسەر پرۆسەکە. ئەم بابەتە لەوانەیە سەبارەت بە دۆخی ئێرانیش دووپات ببێتەوە.

٦شەڕخوازان دوژمنی شۆڕشی خەڵکی ئێراننمەترسی ڕاکێشانی شەڕ بۆ ناو ئێران و بۆردومانی وڵات لە لایەن جبەخانەی ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەگەری لێدانی گورزی قورس لە ڕێژیمی ئیسلامی، لەگەڵ کاردانەوەی جۆراوجۆر لە نێو ئێرانیان و هێزە سیاسییەکاندا بەرەوڕوو بووەتەوە. ئۆپۆزسیۆنی دەستی ڕاستیی، لەوانە سەڵتەنەتخوازان و گروپەکانی لایەنگری گۆڕینی ڕژێم لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە، پشتیوانی لە ڕاکێشانی شەڕ بۆ ناو ئێران دەکەن. جموجۆڵی ڕەزا پەهلەوی و مریەم ڕەجەوی لە دیدار و چاوپێکەوتنە سیاسییەکان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دەستی ڕاستیی ئورووپا و ئەمریکا و هەروەها پشتیوانی ئاشکرای ئەوان لە سیاسەتی وێرانکاری ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، نیشانەی هاوئاراستەیی ئاشکرای ئەوانە لەگەڵ فاشیستەکانی ئیسرائیل. کۆمەڵێک لە هێزە شۆڕشگێڕە چەپەکان و بەشێک لە کۆماریخوازەکانی ئێران، وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکی ئێران بۆ خۆ ڕزگارکردن لە چنگ ڕێژیمی فاشیستی ئیسلامی، دژی دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و وێرانکردنی ژێرخانی وڵات لە لایەن زلهێزە دەرەکییەکانەوەن. پێویستە لەسەر ئەو خاڵە جەخت بکرێتەوە کە هەر هێزێک کە ئیدیعای پێشکەوتنخوازی و دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ بکات و لایەنگری خۆشگوزەرانی و بەختەوەری خەڵکی ئێران بێت، ئەگەر لە ئاست ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی غەززە و لوبنان و یەمەن بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێت، لە ئاست جینایەتەکانی ئەرتەشی فاشیستی ئیسرائیل لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا چاوپۆشی بکات و تەنیا جەخت لەسەر جینایەتەکانی فاشیزمی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێران بکاتەوە، دەبێ پاڵنەر و ئەنگیزە خەباتکارییەکانی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم جۆرە هێزانە، هاوسۆزان و لایەنگرانی  شەرمێونی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلن، تەنانەت ئەگەر پڕۆژە وەرگرە فەرمییەکانی بنیاتە ڕەنگاوڕەنگەکانیمافی مرۆڤ، لۆبی بەهێزی یەهودی لە جیهاندا نەبن.

٧شەڕ ژەهرێکی کوشندە بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینائاشکرایە کە شەڕێکی، چ لەو ئاستەی ئێستایدا کە تاڕادەیەک بەرتەسک و سنووردارە و چ لە ئەگەری بلێسەسەندن و بەربڵاو بوونیدا، بە تەواوی بە زیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیدەبێت. شۆڕشێکی کە بەرەوپێشبردن و بە سەرئەنجام گەیاندنی لە هەر بارودۆخێکدا، ئەرکی سەرەکی و بێ ڕاوەستانی ئێمەیە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە شەڕێکی بەردەوام و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی کۆماری ئیسلامی بەرەوپێش دەبات، زۆرترین زیانی لە شەڕ و بارودۆخی شەڕ لێدراودا بەردەکەوێت. ئاشکرایە کە بە هەر هۆکارێک ئەگەر شەڕێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا ڕووبدات، ئەم شەڕە زیان بە بزووتنەوەی خەڵکی ئێران دەگەیەنێت. لە هەلومەرجی ئێستادا، شەڕی بەردەوام و بەشێنەیی خەڵک لەگەڵ ڕێژیم کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی خۆڕێکخستنی هەنگاو بە هەنگاو و بەردەوامی جەماوەر، گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕانەکان لە ئێران بە شێوەیەکی ئومێدبەخش بەرەوپێش دەبات. قەیرانی ناوخۆی دەسەڵات، داڕمانی ئابووریی و بێتوانایی ڕێژیم لە ئاست وەڵامدانەوە بە لانیکەمەکانی ژیانی خەڵک، گۆڕانی ئاراستەی سیاسەتەکانی ڕێبەریی ڕێژیم و گرتنەبەری سیاسەتی پاشەکشە لە دەرەوەی وڵات و هەروەها شێوازی دیاریکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی پزیشکیان هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی جەماوەریی پێکهێناوە. کاردانەوەی بەربڵاوی جەماوەری سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دڵتەزێنی زیاتر لە ٥٠ کرێکاری کانگای بەردی خەڵوزی تەبەس، بەیانگەری ورەیەکی نوێیە لەناو جەماوەردا کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ شکڵ پێدان بە هاودەنگی و یەکگرتوویی جەماوەریی. لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران، بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیش بەرەوڕوو دەبینەوە، کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەشوهەوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دابنێت و ببێتە هۆی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. ئاشکرایە بەهۆی وێنایەکی کە خەڵک لە جینایەتەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە غەززە هەیانە، بەدوور دەزانرێت که به تێپەڕبوونی کات، کەس یا کەسانێک هیچ وەهمێکیان سەبارەت بە هاوسۆزی ئەم تاقمە فاشیستە لەگەڵ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەبێت. هێشتا ئاگری ئەو شەڕە بڵێسەی نەسەندووە کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە بیانووی تێکدانیئارامی دەروونی کۆمەڵگاهەر تێبینیی و لێدوانێک سەبارەت بە شکست و سیاسەتە وێرانکارییەکانی ڕێژیم، بە پرسێکی ئەمنییەتی لە قەڵەم دەدەن. شەڕ و هەلومەرجی نیزامیی، دەستی دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و باندە سەرەڕۆ و سەرکوتگەرەکانی تۆڕە فاشیستەکانی لایەنگری ڕژیم بۆسەر سەر گیان و ژیانی خەڵک ئاواڵە دەکات. هەلومەرجێکی لەو شێوەیە هێز و وزەی خەباتکارانەی خەڵک کەم دەکاتەوە. ئەگەر شەڕەکە بەرەو وێرانکارییەکی هاوشێوەی ئەوەی لە غەززە و لوبنان و یەمەن ڕوویدا، بڕوات، ئیمکانی ژیانی خەڵکیش لەناو دەبات و ڕێگری لە هەر چەشنە بزاڤێکی خەباتکارانە دەکات. هەربۆیە پێویستە سەرجەم هێزە چەپ و پێشکەوتنخواز و جەماوەرییەکان، بە هەموو هێزەوە لە دژی شەڕ ڕابوەستن. پێویستە دروشمینا بۆ شەڕو ڕێگریکردن لە شەڕخوازان، ببێتە دروشمی سەرەکی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای خەڵکی ئێران. لەمڕووەوە ئیدانەکردنی سەرجەم ئۆپۆزسیۆنە ڕاستڕەو و لایەنەکانی هاوپەیمانی هێزە دەرەکییەکان بەتایبەت ئیسرائیل و هەروەها ئیدانەکردنی هێزەکانیبەرەی خۆڕاگرییکە بە چاوپۆشی کردن لە جەنایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، بە هەموو هێزەوە و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە بەرامبەر ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوادا، پشتیوانی لەم ڕێژیمە دەکەن، ئەرکی شۆڕشگێڕانەی سەرجەم هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانە. بێ هەڵوێست بوون لە ئاست شەڕ و جینایەتەکانی ئیسرائیل بە بیانووی جینایەتکاربوونی ڕێژیمی ئیسلامی، نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئیرادەیی و تەسلیم تەڵەبی هەر هێزێکی سیاسییە. شۆڕش، کاری کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە و پێویستی بە فریادڕەس نییە.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣

٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤