کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەڕی لەفزی تیرۆریستە دەوڵەتییەکان لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتی مونیخ

لەماوەی ئەم رۆژانەی دواییدا لە جەریانی “كۆنفڕانسی ئه‌منییه‌تی جیهانی” کە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا لە شاری “مونیخ”ی ئاڵمان بەڕێوەدەچێت، شەڕی لەفزی نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی و ئیسرایل سەبارەت بە مەسه‌لەی تێرۆریزم تۆند بۆتەوە. لە جەریانی ئەم کۆنفڕانسەدا وەزیرانی بەشدار لە لایەن عەرەبستانی سعودی و ئیسڕایل و هەروەها جێگری سه‌رۆک کۆماری ئامریکا هەر کامە و بە کۆمەڵێک وشەی توند کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە پشتیوانی تێرۆریزم لە ناوچەکەدا ناوبرد. لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش لە قسەکانی لەم کۆنفڕانسەدا، پشتیوانی لە گوروپە توندڕەوە سوننەکان و دابین کردنی ماڵی ئەوانی لە ماوەی ئەم ٤ دەیەی دواییدا خستە پاڵ عەرەبستانی سعودی. ئەم شەڕە لەفزیە لە ماوەی کۆنفڕانسەکەدا و لە زۆربەی ئەو جەلەسانەدا کە لە پەڕاوێزیدا بەڕێوەچوون تێکرار بوویەوە.
لەوەی کە گشت لایەنەکانی ئەم شەڕەقسەیە، لە ناوچەکە و جیهاندا پشتیوانانی تیرۆریزمن گومانێک نییە. هەڵبەت لانیکەم دەبێ تورکییە و پاکستان و قەتەریش بەم لیستەوە زیاد بکرێن. ئەوەیکە پلەی یەکەم لە جەنایەتی تیرۆریستی و پشتیوانی لە گوروپە ئینسان کوژەکان، بە نەسیبی کام یەک لەم لایەنانەی کێشەکە دەبێت، گرنگیەکی ئەوتۆی نییە. ئەوەی کە گرنگە جەخت کردنەوە لەسەر ئەم ڕاستیەیە کە هەموویان ئامرازی تیرۆر له‌ دژی یه‌كتر و له‌ دژی نه‌یارانیان له‌ پێناوی دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندی ناڕه‌وای خۆیان، چالاكانه‌ به‌كار دێنن. بانیانی شەڕ و تیرۆریزم لە کۆنفرانسی مونیخ یەکتری بە شتێک تاوانبار دەکەن کە خۆیان لە تاوانبارانی ڕیزی یه‌كه‌می دان.
ئەگەر حیزبۆڵڵا لە لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێڕاق و حوسیەکان لە یەمەن و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین، لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکرێن و هەرکامە و کۆمەڵێک جەنایەتی بێ ئەژماریان لەدژی شارۆمەندانی بێ دیفاع لە پەروەندەدا هەیە، ئەلقاعیدە و تاڵبیان لە ئەفغانستان لە هەمان رۆژی یەکەمەوە لە بەرەی عەرەبستانی سعودی و ئامریکادا شەڕیان دەکرد و بە دۆلارە نەوتییەکانی عەرەبستان و چەکی پێشکەتوی ئامریکایی تەیار دەکران. بەهێز بوونی داعش لە عێڕاق و سوریە بەرهەمی پشتیوانی دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودی، قەتەر و چاوپۆشی ئاگاهانەی دەوڵەتی ئامریکایە. تاڵبان لە لایەن ئەڕتەشی پاکستانەوە پشتیوانی دەکرێت و ئەڕتەشی پاکستانیش ڕاستەوخۆ بە یارمەتی بێدرێغی دەوڵەتی ئامریکا پشت ئەستورە. دەوڵەتی ئیسڕایل ڕاستەوخۆ و بێ واسیتە دەست ئەداتە تیرۆر کردنی ڕێبەرانی فەلەستینی لە ناوچەدا و لە هەموو جێگایەکی دنیا و کۆماری ئیسلامی تەشکیلاتێکی تیرۆریستی ڕاستەخۆشی بۆ تیرۆر و سەرکوتی نەیارانی لە هەموو شوێنێکی دنیا درووست کردووە. تیرۆریزمی دەوڵەتی و نە تەنیا نیابەتی، بۆتە شێوازێکی جێکەوتوو لە شەڕی شاراوەی نێوان ئەم دەوڵەتانەدا لەگەڵ یەکتر و لە تیرۆر کردنی نەیارانیاندا.51

لەم کۆنفرانسەدا وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان بە چاپلوسی تەواوەوە دەستی کرد بە تاریف و پێداهەڵدانی ترامپ و کابینەکەی و لەبەرانبەریشدا لە لایەن جێگری سەرۆکی ئامریکاوە وڵامی وەرگرتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە فرۆکە ئامریکاییەکان پێگەکانی داعش بومباران دەکەن و لە هەمان حاڵدا عەرەبستانی سعودی چەکوچۆڵ و پارە بۆ داعش دەنێرێ و لە هەوڵدایە تا ڕێگا بۆ ڕزگار بوونی کەسە گرنگ و کاریگەرەکانی داعش لە بازنەی گەمارۆ لە موسڵ بکاتەوە.

کرداری دەوڵەتی تورکییە لەدژی خەڵکی کوردستان و تیرۆری نەیارانی سیاسی و پشتیوانی ماڵی و لۆجستیکی لە داعش و خۆش کردنی ڕێگا بۆ پەیوەست بوونی ئەو خاریجیانەی دەیانەوێ بچنە نێو داعشەوە لە چاوی دەوڵەتانی ئامریکا و ئوروپایی شاراوە نەبووە و نییە. بێدەنگی ئەم دەوڵەتانە، پشتیوانی به‌ كرده‌وه‌ی ئه‌وانه‌ لە سەرکوتی خەڵکی کوردستان ئه‌و بێ ده‌نگیه‌ به‌ هۆی کە بەرژەوەندی هاوبەشیانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وه‌ڵتی تورییه‌ و هەراوهوریای شەڕی دژی تیرۆریستییان تەنیا فریوکاریەکی ئاشکرایە و هیچی تر.

نە کۆماری ئیسلامی و نە دەوڵەتانی نەیاری ئەم ڕژیمە چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت کە دەست لە پەێڕەوکردنی سیاسەتی تیرۆریستی، نیابەتی یاخود دەوڵەتی، لەدژی یەکتر و یان نەیارانی سیاسییان هەڵبگرن. ڕێگای دەرچوون لەم ئاشوفتە بازاڕیە و ڕزگار بوون لە بەڕبەڕیەتێک کە دەوڵەتانی حاکم لەم ناوچەدا خستویانەتەڕێ، وشک کردنی ڕیشەی تیرۆریزمە. گوروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان لە لایەکەوە ڕیشەیان لەو تەفرەقە و دوو بەرەکی نانەوانەدایە کە دەوڵەتانی کۆنە پەرستی ناوچەکە بۆ درێژەدان بە سوڵەتەی خۆیان لەنێو وڵاتەکانیاندا پەرەیان پێئەدەن و لە لایەکی دیکەوە بەرهەمی سوڵتەو دەسەڵاتخوازی ئیمپڕیالیستەکان و ڕقابەتی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ن.

تیرۆریزمی ڕەوت و گوروپە ئیسلامیەکانی، شیعە یان سوننی کە لەمرۆدا بوونەتە ئامڕازی حێساب لێک دەرکەردنی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان، وەک بەشێک لە خۆڕاگری کۆنە پەرستانە لە غیابی حوزوری ڕەوتێکی ڕادیكاڵ و پێشڕەوی کۆمەڵاتیدا درێژە بە حەیاتی خۆیان ئەدەن. ڕێگای ڕزگار بوونیش دەبێ هەر لەم خاڵەدا ببینینەوە. بۆ ئێمە کە لە ئێران دەژین و خەبات دەکەین، تەنیا ڕێگای كۆتایی هێنان به‌ تیرۆر ڕزگار بوونە لە چنگ ڕژیمی ئیسلامی وەک یەکێک لە ئاڵقەکانی زنجیری تیرۆریزم و ئینسان کوژی لە ناوچەکە و دنیادا. خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و جەماوەری سته‌ملێكراو و بێبەش لەم وڵاتەدا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و پڕ لە ڕیفاه، به‌شی ئێمه‌ و به‌شداری كردنی ئێمه‌یه‌ له‌ بزوتنەوەی جیهانیدا لەدژی تیرۆر و کوشتار و برسیەتی و ناداد پەروەری.