کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەڕی غەززە سەرەتا له‌ کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن دەستی پێکرد، دواتر باشووری لوبنانیشی گرتەوە

5595 371

شەپۆلی نوێی هێرشەکان بۆ سەر حیزبوڵڵا کە بە تەقینەوەی پەیجەرەکانی ئەم گرووپە لە سەرتاسەری لوبنان دەستی پێکرد، بە کوژرانی فەرماندە باڵاکانی ئەم بزووتنەوەیە لە هێرشەکانی ئیسرائیل، درێژەی پێدرا. لە کاتێکدا نزیکەی یەک ساڵە کوشتاری خەڵکی غەززە بێ پسانەوە بەردەوامە، ئێستا ئاگری شەڕێکی ماڵوێرانکەر و هەمەلایەنە، سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیلی گرتۆتەوە. بەهۆی موشەک هاویشتنی حیزبوڵڵا و بۆردومانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و کوشتاری فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا، هەڕەشەکانی ئیسرائیل بەمەبەستی هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان و ئامادەیی هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و یەمەن، بۆ چوونە ناو ئەو شەڕە لە ئەگەری هێرشی زەمینی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، ئاگری شەڕ لەم ناوچەیەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بڵێسە دەستێنێت. نزیکەی ساڵێکە هێزەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، ناوچە سنوورییەکانی یەکتر ئاگرباران و مووشەکباران دەکەن. هاوڵاتیانی سڤیلی هەردوو دیوی سنوورەکە ڕوویان لە ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیل و لوبنان کردووە.، حزبوڵای لوبنان لە سەرەتای دەستپێکی شەڕ لە ٧ی ئۆکتۆبرەوە، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بووەتەوە و چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکە و پێگەکانی ئەوانی لە باکوور کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل بۆ یەکەمجار هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باکووری بەیروت و حزبوڵڵای لوبنانیش مووشەکێکی دوور مەودای ئاراستەی تەلئەبیب کرد. هەزاران کەس لە دانیشتووانی باشووری لوبنان بەمەبەستی دەربازبوون لە هێرشەکانی ئیسرائیل، ڕوویان لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبوڵڵا کردووە. نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی لوبنان، زیادی کردووە. هەزاران کەس بۆ دەربازبوون لەم بۆردومانانە، بەرەو سوریا هەڵاتوون. بەپێی ئاماری ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی لوبنان ئاوارەبوون. بەرپرسانی لوبنان ڕایانگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە ٥٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات گفتوگۆکان سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززەش، ڕاگیراوە.

توندڕەوە ڕەگەزپەرستەکانی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل، لەلایەکەوە هەوڵیانداوە شەڕی غەززە بەرەو ناوچە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردنیش ڕابکێشن و لە لایەکی دیکەشەوە مەودای شەڕەکەیان لە بەرەی لوبنان فراوانتر کردووە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و فەڕانسە و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانی تر، نەیانتوانیوە بەر بە شەڕخوازییەکانی دەوڵەتی توندڕەوی ئایینی ئیسرائیل بگرن. لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ لە بواری سیاسیدا کەوتووەتە ژێر گوشاری ڕای گشتی خەڵکی جیهان و تەنانەت زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا بەمەبەستی ئاگربەست لە غەززە، لە دۆخێکدا کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئیسرائیل خوازیاری لەسەر کار لابردنی ئەو دەوڵەتە و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی گشتین، لە هەلومەرجێکدا کە پێدەچێت لە ئەگەری دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ لەدەسەڵات، بەهۆی دۆسیەی دادگاکەیەوە بکەوێتە زیندان، لە ئاوا دۆخێکدا، بەردەوامبوون و پەرەسەندنی شەڕ، وەک ڕێگە چارەسەرێکی کاتی بەکاردەهێنێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانەکانی ئێستای لە خزمەت بە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا.

لەم نێوەندەدا پێویستە بزانین کە کۆماری ئیسلامی لەم ڕووداوەدا چ ڕۆڵێک دەبینێت. واقیعییەت ئەوەیە کۆماری ئیسلامی کە لە نێوخۆی وڵاتدا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی چارەهەڵنەگر بەرەوڕووە، توانایی بەرەوڕووبوونەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لەخۆیدا نابینێت، هەر بۆیە لە مەسەلەی شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل و هەروەها تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیەش لە تاران، جارێ دانی بە جەرگی خۆیدا گرتووە. دەوڵەتی ئیسرائیل کە لەوە دڵنیا بووەتەوە کە ناتوانێ دەوڵەتی ئەمریکا ڕابکێشێتە ناو شەڕێکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە درککردن بەم ڕاستییە، لە مەسەلەی هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵای لوبنان و قبوڵنەکردنی ئاگربەست لە غەززە، ئەم پاسیڤبوون و خۆبەدوور گرتنەی کۆماری ئیسلامی، لەبەرچاو گرتووە. هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە و لە ئەگەری دەستپێکی هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان زۆر نزیک بۆتەوە، تا بە خەیاڵی خۆی دوای کۆتایی هێنان بە قەزییەی حەماس، دۆسیەی حیزبوڵڵاش بەجۆرێک دابخات.