بەردەوامیی شەڕ لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، زیاتر لە هەر کاتێکی تر جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی دەرخستووە. ئەم شەڕە چیتر تەنیا ململانێی نێوان ئەرتەشەکان، بنکەکان و فەرماندەییە سەربازییەکان نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوون، بووەتە شەڕێک لەدژی ژێرخانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێتە ئامانجی بۆردومانەکان تەنیا ناوەندە سەربازییەکان نین، بەڵکوو وێستگەکانی کارەبا، زانکۆکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، تۆڕە خزمەتگوزارییەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکن، واتە هەمان ئەو شادەمارانەی کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەوانەوە گرێدراوە.
هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا بەواتای لەکارخستنی نەخۆشخانەکان، تێکچوونی تۆڕەکانی گەیاندنی ئاو و لەکارکەوتنی سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیانی شارنشینی. بۆردومانکردنی قوتابخانە و زانکۆکان، دەستدرێژییە بۆ سەر داهاتووی نەوەیەکی کە بڕیارە ئەرکی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بگرێتە ئەستۆ. لەم نێوەندەدا، پیسبوونی هەوا زیانە ژینگەییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، زیانگەیاندن بە سەرچاوەکانی ئاو و خاک و هەروەها ئاسەوارە بۆماوەییەکانی توندوتیژی لەسەر دەروونی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی و منداڵان بە تایبەتی، لە زومرەی ڕەهەندەکانی ئەو کارەساتەن کە زۆرجار لەناو هەراوهوریای ڕاپۆرتە سەربازییەکاندا پەراوێز دەخرێن.
ئەو تێڕوانینەی کە پێی وایە بۆردومانی ئاسمانی بەتەنیا دەتوانێت ڕژێمێک بڕووخێنێت، تێڕوانینێکی ناواقیعی و نادێروکییە. مێژووی شەڕە هاوچەرخەکان گەلێک جار ئەوەیان سەلماندووە کە هێزی ئاسمانی، هەرچەندە ئامرازێکی گەورەی وێرانکاریی دەخاتە بەردەستی دەوڵەتان، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم. بۆمب و مووشەک دەتوانن ناوەندەکانی فەرماندەیی، بنکەکان، پردەکان، پاڵاوگەکان و دامەزراوە کارگێڕییەکان لەناو ببەن، بەڵام ناتوانن سەرزەمینەکە داگیر بکەن، بۆشایی دەسەڵات پڕ بکەنەوە، یان سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ بونیاد بنێن. “گۆڕینی ڕژێم” بە واتای ڕاستەقینەی خۆی، پێویستی بە ئامادەیی بەربڵاوی هێزی زەمینی هەیە، هێزێکی کە بتوانێت لە مەیداندا کۆنترۆڵی سیاسی و کارگێڕی بەدەستەوە بگرێت و سیستەمێکی نوێ بسەپێنێت یان جێگیری بکات.
ئێمە لە نموونەکانی وەک ئەفغانستان، عێراق و لیبی لەم سێ دەیەی رابردوودا بینیمان کە گۆڕینی ڕژێمەکان تەنیا بەرهەمی بۆردومان نەبوون، بەڵکوو ڕووخانی حکومەت لەو وڵاتانە تەنیا بەهۆی ئامادەیی و پێشڕەویی هێزە زەمینییە ناوخۆییەکانەوە مومکین بوو. جگە لەوەش، ئەنجامی کۆتایی بریتی نەبوو لە جێگیربوونی سیستەمێکی دیموکراتیک و سەقامگیر، بەڵکوو برەودان بوو بە پشێوی، پارچەپارچەبوونی دەسەڵات و خولێکی نوێی توندوتیژی. ئەم ئەزموونە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە لەناوبردنی پێکهاتەیەکی حکوومی، مەرج نییە ببێتە هۆی هاتنەئارای جێگرەوەیەکی سیاسیی سەقامگیر و مەشرووع.
سەبارەت بە ئێرانیش، ڕەوتی گۆڕانکارییەکان هەتا ئێرە سەلمێنەری هەرئەو ڕاستییەن. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرچەندە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی پلەباڵای ڕژێم، لەوانە شەخسی خامنەیی و زیانی قورسیان بە پێکهاتە حکومییەکان گەیاندووە، بەڵام ئەوەی ڕووی نەداوە، هەرەسهێنانی خێرای ئەو ڕژێمەیە، ئەو شتەی کە سەڵتەنەتخوازان و هەندێک لایەنی تر هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو.
بە هەمان شێوە، ئەم چاوەڕوانییەش کاڵفامانە و ساویلکانەیە کە خەڵک لە ناو جەرگەی شەڕێکی ئاوادا بە شێوەیەکی خۆڕسک دەست بدەنە ڕاپەڕینی سەرتاسەری. جەماوەرێکی ناڕێکخراو، بێ ڕێبەرایەتی و بێ چەکوچۆڵ، کە شەڕی مانەوە دەکات، چۆن دەتوانن لە گەرمەی شەڕ و بۆردوماندا، هەم گیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بپارێزن و هەم ماشێنێکی سەرکوتی ڕێکخراو و پڕچەکوچۆڵ تێکبشکێنن؟ ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی تەنیا بەرهەمی توڕەیی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئامادەیی، ڕێکخراوەیی مەدەنی، بوونی حیزب و لایەنە سیاسییە قبووڵکراوەکان، ئاسۆیەکی هاوبەش و بوونی ئیمکانێکی کردارییە بۆ بەرپاکردنی ئاخێزێکی جەماوەری. لە بارودۆخی شەڕدا، بەشێکی بەرچاوی وزە و پۆتانسێلی کۆمەڵگە لەپێناو مانەوە، دۆزینەوەی پەناگە، دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، خۆراک، ئاو و لانیکەمێک لە تەناهیی خەرج دەکرێت. لە بارودۆخێکی ئاوادا، کورتکردنەوەی ئەو پرسە لەم پرسیارە سادەیەی کە “بۆچی خەڵک ڕاناپەڕن؟” تەنیا بە واتای لەبەرچاو نەگرتنی ڕاستییە مادییەکانی شەڕ و بارودۆخی کۆمەڵگەیە.
لەم بارودۆخەی ئێستادا، ئەرکی بەپەلە و هەنووکەیی هێزە سیاسی و مەدەنییەکان، بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و، یەکەم پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە، بریتییە لە دروستکردنی گوشاری ڕای گشتیی جیهانیی بۆ کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕ. ئەم شەڕە دەبێ وەک کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بکرێتە بابەتێکی جیهانی لەسەر ئاستی ڕای گشتیدا. هەر ڕۆژێک لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، واتە لەناوچوونی هەرچی زیاتری ژێرخانەکان و دژوارتربوونی هەر جۆرە بنیاتنانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە داهاتوودا.
لەم چوارچێوەیەدا، لەقاودان و ئاشکراکردنی ڕۆڵی سەڵتەنەتخوازان و ئەو هێز و لایەنە ڕاستڕەوانەی تر کە هیوایان لەسەر دەستێوەردانی دەرەکی و بۆردومان هەڵچنیوە، گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. ئەمانە بە کردەوە وتەبێژی سیاسی و میدیایی پڕۆژەیەکن کە تێچووەکەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتوو، بە بەهای گیان و ژیانی خۆیان دەیدەن.
هاوکات، ئەرکێکی تەواو کرداری و بەپەلەش لەبەردەمدایە، کە بریتییە لە ڕێکخستنی گروپە فریاگوزارییە خۆجێییەکان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی شەڕ. لە بارودۆخێکدا کە نەخۆشخانەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تۆڕەکانی فریاگوزاری لەژێر گوشارێکی تونددان، هەر هەوڵێکی ڕێکخراو بۆ گەیاندنی دەرمان، خۆراک، پاڵپشتی دەروونی و گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بە خەڵک، گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە. دژایەتیکردنی شەڕ تەنیا لە ئاستی هەڵوێستی سیاسیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو لە بەرگرییەکی بەرچاو لە ژیانی خەڵکیش دا ڕەنگ دەداتەوە.
دژایەتیکردنی بۆردومان، بە هیچ شێوەیەک بە واتای پشتگیریکردن لە کۆماری ئیسلامی نییە، هەروەک چۆن ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیش نابێت ببێتە پاساوێک بۆ بێدەنگی و بێباکی بەرامبەر بە شەڕ، وێرانکاری و کوشتار. ئەم دوو بابەتە نەک هەر دژ بە یەک نین، بەڵکوو خۆی لە درێژەی لۆژیکێکی سیاسی و مرۆییدا دەبینێتەوە، واتە بەرگریکردن لە کۆمەڵگە لە بەرامبەر ستەم و سەرەڕۆیی ناوخۆیی و بەرامبەر بە دەستدرێژی و وێرانکاریی دەرەکی. ئەگەر بڕیار بێت بیر لە داهاتوویەکی ئازاد و ئینسانیی بۆ ئێران بکرێتەوە، ئەو داهاتووە نەک لە ئاسمانی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانەوە، بەڵکوو لە هەناوی ڕێکخستنی وشیارانەی جەماوەر، خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و خەباتێکی سەربەخۆ لە هەردوو جەمسەری کۆنەپەرستی ناوخۆیی و شەڕخوازی دەرەکییەوە سەرهەڵدەدات.
