محەممەد شەریفی موقەدەم، قائیم مقامی ” سازمانی نیزام پەرهستاری”، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی دەوڵەتی ئیلنا، وتی کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت لە دەورەی حکومەتی ڕووحانیدا بارودۆخی پەرهستاران خراپتر بووە. ئەو وتویەتی کە هەر چەند ئامارێکی دەقیق لە ڕێژەی کۆچکردنی پەرهستاران لەبەر دەستدا نییە، بەڵام لە ڕووی ژمارەی ئەو پەرهستارانەوە کە ڕاستەخۆ دێن بۆ وەرگرتنی گەواهی ” سازمانی پەرهستاری” بە شێوەی مامناوەند ساڵانە ٥٠٠ پەرەستار بە نیازی چوون بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عهرهبی، تورکییە و وڵاتانی کانادا و ئوستڕالیا ئەم وڵاتە بەجێدێڵن.
ناوبراو دانی بهوه دانا کە ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوەش زیاترە. ناوبراو هۆکاری ئەم شەپۆلی کۆچکردنە دەگەڕێنێتەوە بۆ لە خوارە بوونی ئاستی حقوقی پەرەستاران لەگەڵ حقوقی دوکتورەکان، “کە لە نێوان ٢٠٠ تا ٣٠٠ بەرابەر زیاترە”، نەدرانی لە کاتی خۆیدای مانگانەکان و بڕە پارەیەک کە وەک کارانە، بە هۆی دژوار بوونی کار قەرارە بدرێت بە پەرهستاران، تا ئەو جێگایەی هێندێکیان تەنانەت زیاتر لە ساڵێکە هیچیان لە دەوڵەت و خاوەن نەخۆشخانەکان وەرنەگرتووە. ئەو دەڵێ، ” پەرهستارانێک هەن کە بە ٥٠٠ هەزار تمەن داهات ژیان بەسەر دەبن و لە کۆتاییدا هۆشداری ئەدات کە:” کۆمەڵگەی پەرهستاری لە حاڵی تەقینەوە دایە.”
بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان لە ئێراندا لەبەرانبەر هەر ٣ تەختی نەخۆشخانەدا تەنیا یەک پەرهستار هەیە و لەم بارودۆخەدا گەلێک لە نەخۆشەکان بە هۆی ئاگاداری لێنەکرانی پزیشکییەوە دەمرن. لە حاڵێکدا کە بەپێی ئیستانداردە جیهانییەکان دەبێ بۆ بەشە گشتییەکان لانیکەم ٢ پەرهستار و بۆ بەشە تایبەتەکان ٤ بۆ ٥ پەرهستار بۆ هەر تەختێکی نەخۆشخانە بوونی هەبێت. گوشاری کەم بوونی تەختی نە خۆشخانە ڕاستەوخۆ دەگوازڕێتەوە بۆ سەر پەرهستاران.
کێ دەتوانێ حاشا لەم ڕاستییە بکات کە یەکەم، پیشەی پەرهستاری یەکێک لەو کارە دژوار، پڕ مەسئولییەت و پڕ لە دڵەڕاوکێیانەیە کە ئەگەر خەمی نان و دابین کردنی بەڕێچوونیشی پێوە زیاد بکەی، گەلێک دژوار تر دەبێت. ئەگەر باقی پیشەکان بە گشت دژواری و هەستیارییەکانیانەوە لەگەڵ ئامیر و کەرەسە و کەلوپەلدا سەروکاریان هەیە پەرهستاری ڕاستەوخۆ پێوەندی بە گیانی ئینسانەکان و ژیان و مانیانەوە هەیە. بە هیچ پێوانەیەک ڕەوا نییە کە پەرهستاران هەم مایە لە سڵامەتی و گیان و پشودانی شەو ڕۆژیان دابنێن و هەم دەرگیری خەمی نان و نیگەرانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان و داهاتوی منداڵەکانیان بن. دووهەم، بەهەر ڕادەیەک ئیستانداردەکانی ژیان، بەڕێچوون و بارودۆخی کاریی پەرهستاران لە خوارەوە بێت بە هەمان ڕادەش شانسی باشتر بوونەوەی نەخۆشەکان دادەبەزێت. کاتژمێری کاری درێژماوە، قەبارەی لە ڕادەبەدەری کار و بەرپرسیاریەتی هەستیار لە لایەکەوە و حقوق و دەرماڵەی کەم و داهاتووی زەمانەت نەکراو، لە لایەکی دیکەوە تەنیا کاریگەری لەسەر ئاستی ژیانی پەرهستاران نابێت؛ بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئەم ڕادەیە لە بێبەش بوون، بە شێوەیەکی جیدی کار دەکاتە سەر سڵامەتی کۆمەڵگە و لە چاک بوونەوەی نەخۆشدا کێشە و گرفتی جیدی پێکدێنێ.
پەرهستاران ئەو زەحمەتکێشانەن کە خۆشەویستی هەموانن و خاوەنی ڕێزێکی تایبەتن لە کۆمەڵگادا، بەڵام قەت پاداشی ڕاستەقینەی خزمەتەکانیان وەرناگرن. ئەمان کە شەو و ڕۆژ بە شیفتی کاریی درێژماوە و بە کاری پڕ لە دڵەڕاوکێ، دڵسۆزانە و سەبوورانە لە خزمەت نەخۆش و سەدەمە دیتوان و بێ تواناکاندان، بەردەوام بە جەستە و رۆحێکی ماندوەوە و دنیایەک لە دڵە ڕاوکێ دەچنەوە بۆ ماڵەوە، تا خۆیان بۆ رۆژی دواتر و شیفتێکی تر ئامادە بکەن. یەکێک لە ئازارە ڕۆژانەکانی پەرهستارانی زەحمەتکێش، گوشاری کاری زۆر و بێتوانایی لە وڵامدانەوە بە گشت پێداویستی نیازمەندانی حەوزەی کاری خۆیانە. ئەگەر پیشەی پەرهستاری یەکێک لە پیشە دژوارەکانە، کە دەبێ وابێت؛ ناکرێ بە شیفتی درێژماوەی کار، بە بێ لەبەرچاو گرتنی پشوی حەفتانە، بە بەهرەمەند بوون لە حقوقی کافی، ئەو دژوارتر بکرێت. داسەپاندنی ساعاتی کاری درێژماوه، ڕەوچاو نەکرانی مافی پەرهستاران بۆ کاری شەوانە و کاتەکانی پشوو وە نەدرانی حقوق و دەرماڵەکانی پێوەندیدار پێیان، نا مرۆڤانەیە و لەم بارەیەوە کۆماری ئیسلامیی تەنانەت یاسا پەسند کراوەکانی خۆیشی ڕیعایەت ناکات. یاسای ناسراو بە ” تەعرەفە گوزاری خەدەماتی پەرهستاری” پەسند کراوی ساڵی ١٣٨٦، کە بەکردەوە دەرهاتنی یەکێک لە داخوازییە بەردەوامەکانی پەرهستارانە، هەروا بەسەر کاغەزەوە ماوەتەوە و ئیجرا نەکراوە.
” تەختی بێ پەرهستار وەک قەبرێکە بۆ نەخۆش” ئەمە تەعبیری یەکێک لە ئەندامانی شوڕای باڵای نیزام پەرهستارییە لە پێوەند لەگەڵ کەمبوونی پەرهستار لە ناوەندە دەرمانییەکاندا. ڕوون تر لەوە ناکرێ ئیعتیڕاف بکرێت کە بە کەمبوونی پەرهستار و ئاسەواری ئەم کەمبوودە چ هەڕەشەیەک لە کەمینی نەخۆشدایە.
داخوازی پەرهستاران لە هەر ئاستێکدا بێت لەوێوە کە ڕاستوخۆ کاریگەری لەسەر ڕاندمانی کاری ئینسانی ئەوان دەبێت و بابەتی چاک بوونەوەی نەخۆشەکان خێراتر دەکات، جێگای پشتیوانی نەخۆشەکان، کەسوکاریان و سەرجەم کۆمەڵگایە، بە واتایەکی تر پەرهستاران و خەڵک، ویست و داخوازی هاوبەشیان هەیە. ئەم ” سازمانی نیزامی پەرهستارییە”، کە نە سەربەخۆیە و نە ڕەخنەگرێکی جیدی دەوڵەت بە گشت سازشکارییەکەوە کە دەیکات، ناتوانێ مەحرومییەت و بێمافی پەرهستاران نەبینێت و بێدەنگ بێت. هەر لەم مانگی گەلاوێژی ڕابردوودا بوو کە پەرهستاران لە چەندین ئوستانی ئێران، هاوکات بە کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارە دەوڵەتییەکاندا خوازیاری زیاد کرانی حەقدەست، دامەزراندنی زیاتری پەرهستار و لە ئاکامدا کەم بوونەوەی ساعاتی کار بوون.
تەنیا بە هەوڵی هاوبەش و یەکگرتوانەی پەرهستاران و دەور و نەخشی هەڵسوڕاوانی ئەم بوارە و ڕاکێشانی پشتیوانی باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت هیوادار بیت کە پەرهستاری وەک پیشەیەکی دژوار، هەستیار و پڕ مەسئولییەت بە ڕەسمییەت بناسرێت و بەرابەر لەگەڵ ستانداردە قەبوڵکراوە جیهانییەکان ببێتە خاوەنی سەرجەم ماف و مەزایای پیشەی پەرهستاری.