کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەپۆلی نوێی هەڵاوسان، گوشارێکی قورس بۆسەر ژیانی خەڵک و ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی

Picsart 25 11 01 13 46 31 421

لەم ساڵانەی دواییدا شەپۆلێکی بێ وێنەی هەڵاوسان ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی تووشی دژوارییەکی تاقەت پروکێن کردووە. لە بنەماڵە کرێکارییەکانەوە بگرە تا بنەماڵە کەم داهاتەکان و چینی مامناوەند، هەموویان هەوڵدەدەن بە داهاتە جێگیرەکانیان، هەزینەی بەردەوام ڕوو لە زیادبوونی ژیان دابین بکەن. بەڵام دوایین ئاماری ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری ئێران کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە میدیا گشتییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، وێنەیەکی تاڵتر لە ڕابردوو سەبارەت بە دۆخی ئابووری بنەماڵە ئێرانییەکان دەخاتە ڕوو. ساڵی ١٤٠٣ ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بنەماڵەکان لە وڵاتدا گەیشتە ٣٨.٩ لەسەد. ئەم ژمارەیە نیشان دەدات کە توانای کڕینی خەڵک لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی یەک لەسەر سێ کەمی کردووە. بەڵام واقیعەکە گەلێک لەم ئامارە گشتیانە تاڵترە.

بۆ ئەو بنەماڵە کەم داهاتانەی کە بەشێکی زۆر لە بودجەکەیان خەرجی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن، دۆخەکە زۆر لەوەش خراپترە. ڕێژەی هەڵاوسان بۆ ئەم توێژە گەیشتووەتە ٤١،٣ لەسەد، لەکاتێکدا بۆ بنەماڵە خاوەن داهاتە بەرزەکان ٣٥،٤ لەسەد بووە. ئەمە نیشانەی قووڵایی نایەکسانی و گوشاری لەڕادەبەدەرە لەسەر چین و توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا. یەکێک لە دەرکەوتە هەرە ئازاربەخشەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییە، بریتییە لە گرانیی تێچووی خۆراک. ساڵی ١٤٠٣ ڕێژەی هەڵاوسان بۆ گروپی خۆراک و خواردنەوە گەیشتە ٤٨،٤ لەسەد، ژمارەیەکی کە بەشێوەیەکی گشتی زۆر زیاترە لە ئاستی مامناوەندی هەڵاوسان. ئەمەش واتە ئەوەی کە بنەماڵەکان دەبێت بۆ کڕینی هەمان شتومەکی خۆراکی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی نیو هێندە زیاتر خەرج بکەن. بۆ بنەماڵە کەم داهاتەکان دۆخەکە گەلێک لەوەش خراپترە. ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک بۆ ئەم بنەماڵانە گەیشتووەتە ٥٠،٥ لەسەد، ژمارەیەکی کە دەریدەخات زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچار بوون واز لە کڕینی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانیان بهێنن یان ڕوو لە بەدیلی هەرزان و خاوەن کوالێتی نزمتر بکەن. تەنها ماددە خۆراکییەکان نین کە گرانتر بوون، بەڵکوو نرخی کەرتی خزمەتگوزاریش بە ڕێژەی ٣٨،٦ لەسەد بەرز بووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە هەزینەکانی بێهداشت و دەرمان، پەروەردە، گواستنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت کە بەبێ ئەوانە ژیان مەحاڵە. بۆ بنەماڵە کەم داهاتەکان، دەستڕاگەیشتن بەم خزمەتگوزارییانە تادێت دژوارتر دەبێت. ڕێژەی هەڵاوسانی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم توێژە ٤٠،٦ لەسەد بووە، ئەمەش بە واتای پەرەسەندنی بێبەشبوونی هەرچی زیاتر لە مافە سەرەتاییەکانی وەک بێهداشت و دەرمان و پەروەردە.

بازاڕی خانووبەرەش لەم دۆخە بێبەری نەبووە. ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە کەرتی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە ٣٨،٢ لەسەد. ئەمەش بەو مانایەیە کە کڕین یان تەنانەت بەکرێگرتنی خانوو بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان بۆتە خەونێکی وەدینەهاتوو. بۆ ئەو بنەماڵە کەم داهاتانەی کە ڕێژەی هەڵاوسانی خانووبەرە ٤١،٩ لەسەد بووە، هیوای بوون بە خاوەن ماڵێکی ئەمن و گونجاو ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە.

کاتێک هەڵاوسانی خۆراک دەگاتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد، بنماڵە کەم داهاتەکان ناچار دەبن بەشێکی زیاتر لەو داهاتە کەمەیان خەرجی خۆراک بکەن. ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی بودجە بۆ پێداویستییەکانی دیکەی وەک پەروەردە و بێهداشت و دەرمانە. دەرئەنجامی ئەو دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکان لە گێژاوی هەژاری و بێبەشییەکدا گرفتار بن کە دەربازبوون لێی تا دێت دژوارتر دەبێت. بەراوردی ڕێژەی هەڵاوسان لە نێوان بنەماڵە جۆراوجۆرەکان، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتی ئاماری ناوەندی ئامارەکانی ئێراندا بڵاو کراوەتەوە، وێنایەکی ڕوون لە ئەوپەڕی نایەکسانی ناو کۆمەڵگا دەخاتەڕوو. ئەم کەلێن و جیاوازیانە ئەوە دەردەخەن کە هەژاران نەک هەر داهاتەکەیان کەمترە، بەڵکوو گوشاری زیاتری هەڵاوسانیش تەحەمول دەکەن، دۆخێکی کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری کەلێنی چینایەتی. ئەم قەیرانە ئابوورییە تەنیا خۆی لە ژمارە و ئامارەکاندا نابینێتەوە. لێکەوتەکانی بە ڕوونی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەرچاو دەکەوێت: زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچارن پرۆتینە گرانبەهاکانی وەک گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە سەبەتەی خۆراکەکانیاندا نەهێڵن، بەشێک لە بنەماڵەکان توانای دابینکردنی هەزینەی خوێندنی منداڵەکانیان نییە. گەنجان بەهۆی بێ توانایی لە دابینکردنی تێچووی ژیانیان، پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری دوادەخەن. نیگەرانی بەردەوام لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، مەترسی لەسەر تەندروستی دەروونی بنەماڵەکان دروست دەکات. دۆخەکە بەجۆرێکە کە تەنانەت بنەماڵەکانی سەر بە چینی مامناوەندیش خەریکە لە هێڵی هەژاری نزیک دەبنەوە.

هەڵاوسانی بەربڵاو لە ئێران تەنیا کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو قەیرانێکی کۆمەڵایەتییە کە شیرازەی ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی لەبەریەک ترازاندووە. کاتێک نرخی هەڵاوسانی خۆراک دەگاتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد و بنەماڵە کەمداهاتەکان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، دەبێ چاوەڕوانی لێکەوتەی کۆمەڵایەتی بەربڵاوتریش بین. توندتربوونەوەی هەژاریی کاریگەرییەکی زۆر وێرانکەر لەسەر ژیانی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت تەندروستی منداڵەکانیان دادەنێت. بەڵام ڕادەی ئەم کاریگەرییە، ڕەهەندی کارەساتباری دیکەش بەخۆیەوە دەگرێت. بۆ نموونە هەر لەو پێوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەژاری لەسەر ئاستی خەبات و هێزی ڕێکخراوبوونی کرێکارانیش بکرێت. هەژاری و بێکاری ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان کرێکاراندا پەرە پێدەدات. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکاران بە پشتبەستن بە لەشکری ملیۆنی بێکاران توانیویانه هەژاری و دووبەرەکی، سەختترین بارودۆخی کارکردن و حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن. ئابووری سەرمایەداریی ئێران هیچ ئاسۆیەکی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە لەبەردەمدا نییە. به‌ڵام کرێکاران و هاوپەیمانە کۆمەڵایەتییەکانی ئه‌م چینه به هاوئاهەنگ کردن و لێک هەڵپێکانی خەبات و تێکۆشانی ڕوو لە گەشەی خۆیان، دەتوانن بارودۆخێکی باشتری کار و ژیان بەسەر ڕژیم و چینی سەرمایەداری ئێراندا بسەپێنن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە، هەتا نەکەونە ژێر گوشاری خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی جەماوەری هاوچارەنووس، ستەملێکراو و چەوساوە، هیچ ئاڵووگۆڕیک لە ژیانی ئەو خەڵکەدا پێک ناهێنن.

لەم بارودۆخەی ئێستادا کە چینی کرێکار و نەوەی داهاتووی، لە مەترسیی لەناوچووندایە، تەنها بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەر دەتوانرێت پێش بەم لەناوچوونە بگیرێت. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاری تەوەر، پێویستە ئەو خەبات و  ناڕەزایەتیانەی ئێستا لەم پرش و بڵاوییە خۆیان ڕزگار بکەن. بەدیهاتنی ئەمەش پەیوەستە بە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاری و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان لەسەر ئاستی سەرتاسەری. بە حزوور و بەشداری چالاکانەی تێکۆشەرانی سۆسیالیست لەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستا و بە بەهێزکردنی هەستی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا، دەتوانرێت هاوسەنگییەکی باشتری هێز بۆ خۆڕێکخستن، بەدواداچوونی ویست و داواکارییەکان و هەروەها بە ئاکام گەیشتنیان پێک بێت. بابەتێکی کە دواجار دەبێتە سەرمایەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی چارەنووسساز بۆ ڕزگاربوون لەو مەینەتی و نەهامەتیانەی کە ئەم ڕێژیمە و ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە ڕزیوە، هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی.