بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، ئەرتەشی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ژمارەیەک لە پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە باشووری ئێران دەستپێکرد.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو هێرشانە ناوچەکانی سیریک، جاسک، قشم، بەندەر عەباس و ژمارەیەک شوێنی دیکەی نزیک گەرووی هورمزیان گرتووەتە بەر. فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا “سێنتکۆم” ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ڕادارەکانی چاودێری و ناوەندەکانی کۆنترۆڵی زەمینی کراونەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر هەندێک بنکەی سەربازی ئەمریکا لە بەحرێن، کوەیت و ئوردن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو مووشەک و دڕۆنانە پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکێندراون.
