لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئێران شاهیدی شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی ڕێکخراو بوو، شەپۆلێکی کە لە ڕواڵەتدا بواره جیاوازە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە یەک لۆژیکی دیاریکراوی ئەمنییەوە سەرچاوە دەگرێت. گوشاری بەربڵاو بۆ سەر کۆمەڵگەی بەهائییەکان، توندکردنەوەی لەسێدارەدانە سیاسییەکان، پەسەندکردنی کۆی گشتی پڕۆژەیاسای “بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نفووز” و دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە کوردستان و بەشەکانی تری وڵات، هەموویان ئەڵقەی زنجیرەیەکی هاوبەشن کە کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە بەکاریان دەهێنێت.
ئەو ڕاپۆرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن سەرچاوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو کراوەتەوە نیشان دەدەن کە لە ۳۱ی گەلاوێژەوە تا ۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵، هێزە ئەمنییەکان لە حەوت پارێزگای ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری بەهائییەکان. ئەم هێرشانە نە تەنیا بەربڵاو، بەڵکوو هاوکات بووە لەگەڵ ئەوپەڕی توندوتیژیی ئاشکرا و سەرەڕۆیانە. مامۆران بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا، لە دیواری یەکێک لە ماڵەکانەوە سەرکەوتوون، دایک و باوکەکەیان لە بەرچاوی منداڵە دوو ساڵانەکەیان دەستبەسەر کردووە، ئامێرە مۆسیقییەکەیان زەوت کردووە و تەنانەت گوڵدان و فەردە برنجەکانیشیان ژێرەوژوور کردووە.
لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، کەلوپەلی تایبەتی، ئامێری کار، کۆمپیوتەر، زێڕ و پارەی نەخدینە، ئامێری مۆسیقا، کەلوپەلی ناوماڵ و تەنانەت یارییەکانی منداڵانیش دەستیان بەسەردا گیراوە. لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، مامۆران کەلوپەلی بنەماڵەیەکیان خستووەتە ناو چەمەدانی هەمان ئەو بنەماڵە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، ڕەفتارێکی کە ڕاستەوخۆ بە مانای تاڵانکردنی ڕێکخراوی سەروەت و سامانی هاوڵاتییانە.
ئەم کردەوانە، جگە لە سەرکوتی ناسنامەیی، زەبرێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر بژێوی و توانای ئابووریی بنەماڵە بەهائییەکان. پڵۆمپکردنی کارگەی دروستکردنی ئامێری مۆسیقا، زەوتکردنی ئامێری کار و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، نیشان دەدات کە ئامانجەکە تەنیا دەستبەسەرکردنی تاکەکان نییە، بەڵکوو لەناوبردنی بنەما ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی بەهائییەکانە، کۆمەڵگەیەکی کە دەیان ساڵە لەژێر گوشاری سیستماتیکی هەڵاواردن، بێبەشکردنی پەروەردەیی و ئاستەنگی پیشەییدایە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، پرۆسەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی پەرەی سەندووە. ڕاپۆرتی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ نیشان دەدات کە لە ۱۰ی پووشپەڕەوە تا ۹ی گەلاوێژ، لانیکەم ۷۱ کەس لەسێدارە دراون کە بەشێکیان لە خۆپێشاندەرانی سیاسی بوون. لە مانگی پووشپەڕدا لانیکەم پێنج بەندکراوی سیاسی و لە مانگی گەلاوێژدا شەش کەس لەسێدارە دراون.
لە ڕاپۆرتی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران لە ۶ی خەرماناندا، ژمارەی لەسێدارەدراوانی مانگی گەلاوێژ ۷۲ کەس ڕاگەیەندراوە، لەوانە ژنان و دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان. ئەم ئامارە نیشانەی بەکارهێنانی بەربڵاوی لەسێدارەدانە وەک ئامرازێک بەمەبەستی دروستکردنی ترس و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. ماشێنیلەسێدارەدانلەئێرانساڵانێکەبەبێلەبەرچاوگرتنی
جۆریتاوان،بووەتەئامرازێکبۆپاراستنیکەشوهەوایسەرکوت،ئامرازێکیکەلەکاتیقەیرانەسیاسییەکان،خێراتروتوندتردەبێتەوە.
لە کوردستانی ئێران، دەیان کەس بە تۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان” دەستبەسەر کراون. ئەم دەستبەسەرکردنانە تەنیا کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو لە سەرانسەری وڵات هەواڵی حاڵەتی هاوشێوە بڵاو کراوەتەوە. لە ڕاستیدا، کوردستان جارێکی تر بووەتەوە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەرکوت.
لە کەشوهەوایەکی لەوشێوەیەدا، پەسەندکردنی کۆی گشتی پڕۆژەیاسای “بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نفووز” لە مەجلیس، هەنگاوێکی ترە بەرەو بەرتەسککردنەوەی بازنەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. ناونیشانی پڕۆژەکە لە ڕواڵەتدا سەبارەتە بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیخوڕی و چالاکیی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، بەڵام ناوەرۆکی ۱۹ مادەکەی نیشان دەدات کە مەودای پڕۆژەکە زۆر فرەڕەهەندترە لەم پێناسە سنووردارە.
لەسەر بنەمای دەقی پڕۆژەکە، پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان، هاوکارییە زانستی و زانکۆییەکان، پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزخانەکان، وەرگرتنی پشتیوانیی دارایی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، و بەشێکی زۆر لە چالاکییە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت وەک تاوانی “نفووز” لەقەڵەم بدرێن. ئەم بەربڵاوییە بە کردەوە بە مانای بەتاوان لەقەڵەمدانی بەشێکی زۆری چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانە.
بۆ نموونە، هاوکارییە زانستییەکان لەگەڵ دامەزراوە بیانییەکان بڕیارە لە لیستێکدا سنووردار بکرێتەوە کە وەزارەتی ئیتلاعات دیاریی دەکات. ئەمە واتە توێژەرێک، مامۆستایەکی زانکۆ یان خوێندکارێک بۆ ناردنی نموونەی توێژینەوە یان ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی هاوبەش دەبێت لە فلتەری دامەزراوەیەکی ئەمنییەوە تێپەڕێت. ئەم لۆژیکە چالاکیی دامەزراوە مەدەنییەکانیش دەگرێتەوە و بە کردەوە پەیوەندیی کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمنییەوە.
ئەگەرچی ئەم ڕووداوانە لە ڕواڵەتدا پرشوبڵاون، بەڵام لە ڕاستیدا سەرجەمیان لە لۆژیکێکی یەکگرتوو پەیڕەوی دەکەن: لۆژیکی ئەمنیی دەسەڵاتێکی کە لە کاتی قەیراندا، لەبری چاکسازی لە پێکهاتە ناکارامەکاندا، پەنا دەباتە بەر توندکردنەوە و پەرەپێدانی سەرکوت.
گوشار بۆ سەر بەهائییەکان، توندکردنەوەی لەسێدارەدانەکان، دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای “بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نفووز“، هەموویان هەوڵێکن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەیەکی کە لەژێر گوشاری قەیرانی ئابووری، گەندەڵیی پێکهاتەیی، هەڵاواردن و ناڕەزایەتیی بەربڵاودایە. حکومت هەوڵ دەدات بە بڕینی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، زاڵکردنی کەشوهەوای ترس و گورز وەشاندن لە گرووپە لاواز و بێ دیفاعەکان، توانای کۆنترۆڵی خۆی بپارێزێت.
لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا، یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی خۆڕاگریی، بریتییە لە مانگرتنی گشتی و ناوچەیی. بە پێچەوانەی خۆپێشاندانی سەرشەقام کە بە خێرایی سەرکوت دەکرێت، مانگرتن توانای ئیفلیجکردنی دەزگای ئابووری و ئیداریی حکومەتی هەیە. ئەزموونی وڵاتە جیاوازەکان نیشانی داوە کە مانگرتنی ڕێکخراو دەتوانێت تەنانەت سەرکوتگەرترین حکومەتەکانیش ناچار بە پاشەکشە بکات.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستە کە هێزە کۆمەڵایەتییەکان، کرێکاران، خوێندکاران و هەڵسووڕاوانی مەدەنی، لە هەوڵی خۆ ئامادەکردندابن بۆ هەڵگرتنی هەنگاوێکی لەو شێوەیە. ئەو شەپۆلی سەرکوتەی ئێستا، ئەگەرچی قورس و بێبەزەییانەیە، بەڵام نیشانەی ترسی حکومەتە لە داهاتوویەکی کە دەزانێت توانای کۆنترۆڵکردن و پێشگرتن بە ناڕەزایەتییەکانی نابێت.
