کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیان لە کوردستان

شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیان لە کوردستان 3

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە درێژەی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورددا، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنیان لە شارەکانی پاوە، دیواندەرە و ئەسەدئاوا دەست پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری پاوە دوو برایان بە ناوەکانی “سەباح وەلەدبەیگی”، مامۆستای خانەنشینکراو و ژینگەپارێز، و “نەوزاد وەلەدبەیگی”یان دەستبەسەر کردووە. سەباح لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی “نۆریاو” بەبێ بەڵگەی قەزایی ڕفێندراوە و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنیی لە کرماشان ڕەوانە کراوە، هەروەها نەوزادی براشی لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە. لە لایەکی دیکەوە، بەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “ئێلیاس قاسمی” لە شاری ئاجینی سەر بە شارستانی ئەسەدئاوا و لەبەرچاو ژن و منداڵەکانی، بەوپەڕی توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردووە. هەر لەم پەیوەندییەدا، هێزە ئەمنییەکان لە دیواندەرە هاووڵاتییەکیان بە ناوی “ئارمان فەرەجی”، خەڵکی گوندی نەسارەی سەرێ، لە کاتی کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکەیدا دەستبەسەر کردووە. شایانی باسە کە سەرجەم ئەم دەستبەسەرکردنانە بەبێ بەڵگەی قەزایی بوون و تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانیان و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان نادیارن.