گوشارێکی نەژادپەرستانە بە ئامانجی سیاسی دژ بە ژنان و پیاوانی ئەفغانستانی کە بە ناچاری لە ئەفغانستانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئێران، بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. یەکسەر دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، وەزیری دەرەوە، لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە فەرمانی دەرکردنی بەربڵاوی کۆچبەرە ئەفغانستانییەکانی بە فەرماندەیی پۆلیسی ئێران ڕاگەیاند. لەم فەرمانەدا، ئەو کۆچبەر و ئاوارە ئەفغانستانیانەی کە بەڵگەنامەی فەرمی مانەوەیان نییە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت هەتا ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕ ئێران بەجێبهێڵن. جێگای ئاماژەیە کە زۆربەی هەرەزۆری ئەفغانستانییەکانی نیشتەجێی ئێران بەڵگەنامەی فەرمییان نییە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەم کاربەدەستانە دەیڵێن، دەرکردنەکان تەنیا کۆچبەرە نافەرمییەکان ناگرێتەوە. زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان نیشانیدەدەن کە لە نێو دەرکراوەکان کەسانی وایان تێدا بووە کە پاسپۆرت یان بەڵگەنامەی مانەوەی فەرمیان هەبووە. تەنانەت زۆرێک لەوانە لە ئێران لەدایکبوون و تەنیا دایک و باوکیان ئەفغانستانین. ئەم کەسانە پێش دەرکردنیان تاڵان دەکرێن. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراوەتەوە، مەئموورانی رژیم ئەفغانستانییەکان دەستگیر دەکەن و دواتر داوای بەرتیلیان لێدەکەن، زۆرجاریش کە پارەکەیان لێوەردەگرن، بە زۆر دەیانبەنە ناو کەمپەکانی ناردنەوە. ئەگەر کۆچبەرێک پارەی نەبێت، بەوپەڕی توندوتیژی دەیخەنە ناو ئوتومبێلی بارهەڵگر و دەیاننێرن بۆ ئەو کەمپانە. هێزە ئەمنییەکانی رژیم ڕایانگەیاندووە کە لەمەودوا بەکرێدانی هیچ جۆرە موڵکێک بە کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان ڕێگەپێدراو نییە و ئەگەر ئەم یاسایە پێشێل بکرێت، گرێبەستەکان هەڵدەوەشێننەوە و دەست بەسەر موڵکەکاندا دەگیرێت.
دوای ئەم ئاگادارکردنەوەیە، شەپۆلی گەڕاندنەوەی ناچاریی کۆچبەران لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان دەستیپێکردووە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، تەنیا لە هەفتەی یەکەمی دەرچوونی ئەم فەرمانەدا، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار ئەفغانستانی ناچاربوون ئێران بەجێبهێڵن. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە ٧٠%ی ئەو کەسانە تەنانەت دەرفەتیان پێنەدراوە کە سامانەکانیان کۆبکەنەوە و ناچاربوون هەموو شتێک بەجێبهێڵن. دەرکردنەکان لە زۆر حاڵەتدا هاوکات بووە لەگەڵ توندوتیژی و ئەزییەت و ئازار. بۆ زۆرێک لەو کەسانە تەنانەت دەستڕاگەیشتن بە زۆرێک لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک نان، دەرمان و ئاوی خواردنەوەش دژوار بووە. ئەم هەوڵانە بەشێکن لە ستراتیژێکی ئاگایانەی رژیم بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی وەک گەندەڵی و داڕمانی ئابووری و نیشاندانی ئەفغانستانییەکان وەک دوژمنێکی خەیاڵی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، لانیکەم ٣٢ شارۆمەندی ئەفغانستانی لە ئێران لەسێدارەدراون و لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم ژمارەیە گەیشتە زیاتر لە ٨٠ کەس. ئەم ئێعدامانە زۆربەی کات بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەبێ وەکیل و لەژێر ئەشکەنجەدا بەڕێوە دەچێت. کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ڕێگەی چڕکردنەوەی سیاسەتی دژە ئەفغانستانی، ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەکاردهێنێ. ئەوان بە فەرامۆشکردنی ڕۆڵی کاریگەری کرێکارە ئەفغانستانییەکان، هەر ڕووداوێکی بچووک وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی نەفرەت و بێزاریی دژ بەوان بەکاردەهێنن. ئەگەر تاوانێکی دەستدرێژی یان کوشتن ڕووبدات، ڕاگەیاندنەکان بەبێ هیچ توێژینەوەیەک ئەفغانستانییەکانی پێ تۆمەتبار دەکەن. ڕاگەیاندنە گوێڕایڵەکانی دەوڵەت بە لێکۆڵینەوەی بێ بنەما، کەمی ئاو، کارەبا و بەتایبەتی گرانبوونی نان، دەگێڕنەوە بۆ بەکارهێنانی زۆری ئەو پێداویستییە، لەلایەن کۆچبەرە ئەفغانستانییەکانەوە. ئەوان بوونی پێنج بۆ هەشت ملیۆن کۆچبەری ئەفغانستانی وەک هۆکاری هەژاری و دۆخی نالەباری کرێکاران و زەحمەتکێشان دەناسێنن.
ژنان و پیاوانی کرێکاری ئەفغانستانی، لە زومرەی هەرەزانترین هێزی کار لە ئێرانن. ئەوان بەردەوام لەژێر چاوەدێری، بێبەشی و سووکایەتی پێکردندا بوون بۆ ئەوەی ناچار بە قبوڵکردنی ژێردەستەیی خۆیان بن. بێبەشبوون لە بیمە و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، قەدەغەی نیشتەجێبوون لە زۆر پارێزگا، پیشاندانیان وەک دیلی ناو قەفەس و دەرکردنیان بەشێوەیەکی توندوتیژی لە کاتی دەستگیرکردندا، تەنیا بەشێکی بچووکن لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر ئەفغانستانییەکاندا دێت. ئێستا کە شەپۆلی دژە کۆچبەری لە ئورووپای ڕۆژئاوا، بووەتە هۆی بەهێزبوونی حیزبە ڕاستە توندڕەوەکان، کۆماری ئیسلامیش سیاسەتەکانی ئەوان وەک نموونە پەیڕەو دەکات. ئەمە ڕاستییەکی ڕوونە کە کرێکارە کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان سەرچاوەی ئاوەدانی و داهاتێکی زۆربوون بۆ خاوەنکارەکان و سپای پاسدارانیش لە شەڕەکاندا و لەوانە شەڕی سووریا بەکاری هێناون و بووەتە هۆی مەرگی ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانە. جێگەی پرسیارە کە بۆچی لەم بارودۆخەدا سیاسەتی دژە ئەفغانستانی و دەرکردنیان بەم شێوەیە چڕبۆتەوە؟ واقیعییەت ئەوەیە کە ئەمە بۆ دەسەڵاتداران و خاوەنکاران، وەک هەموو شوێنێکی تری جیهان، بابەتێکی سیاسییە. بەڵام ئەم سیاسەتە لە کۆماری ئیسلامیدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە. رژیم لە بارودۆخێکی هێندە خراپدایە کە تەنانەت ناتوانێت ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی خەڵک دابین بکات. هەربۆیە وەک هەموو لایەنە دەستی ڕاستەکانی جیهان، دەبێت بەدوای تاوانبارێکدا بگەڕێت، و ئەویش کرێکارانی کۆچبەرن.
رژیمی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ توندکردنەوەی گوشار بۆسەر کۆچبەرانی ئەفغانستانی، زیاتر لە هەزار کەس لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و ناڕازییانی دژ بەو دۆخەی ئێستای دەستبەسەر کردووە. لەمڕووەوە پێویستە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، ژنان، خانەنشینان و سەرجەم چین و توێژە خەباتکار و ناڕازییەکانی تر، وێڕای درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان، پتر لە هەمیشە بیر لە پشتگیری کردن لە هاوچارەنووسە ئەفغانستانییەکانی خۆیان بکەنەوە. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە پڕۆپاگەندەی درۆین و نەژادپەرستانەی شوینیستەکان پووچەڵ بکرێتەوە. پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەکرێت، بەرامبەر بە هەر هێرشێک لەلایەن مەئمووران، شوینیستەکان و هاووڵاتییانی بێئاگای ئێرانی بۆسەر ئەم خەڵکە (کە زۆربەیان کرێکارن) یارمەتیدەریان بن. پێویستە کاتێک دەکەونەژێر چاودێری و بەدواداچوون، پەنایان پێبدرێت. ئەم هەنگاوانە ئەرکێکی ئینسانییە و بەرەی خەباتی جەماوەر دژ بە کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات.