کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەپۆلی روو لە پەرە سەندنی بێکاری لاوانی تەحسیلکەردە لە ئێران

 بێکاری بەشێکی جیانەکراوەی نیزامی سەرمایەدارییە. هێزی کار لەو نیزامەدا کالایەکە کە وەک هەر کالایەکی تر، هەرچی بوونی لە بازاڕدا زیاتر بێت، نرخەکەی هەرزانتر دەبێت و ئەمە ڕاست ئەو شتەیە کە سەرمایەداران وەک کڕیارانی هێزی کار، بەشوێنیەوەن. کەڵەکە بوونی سەرمایە بەرهەمی هێزی کارە و هەرچی هێزی کار هەرزانتر بێت، سودئاوەری سەرمایە زیاتر و کەڵەکە بوونیشی خێراتر و قەبەتر دەبێت. بۆ کۆماری ئیسلامیش وەک دژی خەڵکی ترین ڕژیمی سەرمایەداری لە جۆری خۆیدا، بوونی لەشکرێکی گەورەی بێکاران، ئیمکانی بە هەرزانتر کڕینی هێزی کاریان بۆ فەراهەم دەکات. لەم ڕوەوە نە تەنیا بوونی بێکاری خۆی لە خۆیدا مەتڵوبە، سەرمایەداران دەست لەنێو دەستی دەوڵەت هەوڵ ئەدەن بە شێوەی جۆراو جۆر ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگرن. ئەگەر نیگەرانی لە پەرە سەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوە گرتوو لە بێکاری و نیگەرانی لە گوشاری خەباتی کۆمەڵایەتی نەبوایە، سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان، بەبێ پرینگانەوە ئەم دیاردەیان دەخستە خزمەت زێدە خوازی و تەماعی لەبن نەهاتویانەوە. بەڵام ئاشکرایە کە چینی کرێکار کۆیلەی بێ ئیرادەی قازانج پەرستی ئەوان نییە. تا ئێستاش لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری خەباتی چینی کرێکار هێندێک مەحدودیەتی خستوەتە سەر ڕێگای ئەم قازانج پەرستیە. وەک نمونە ئەم خاباتە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانی ناچار کردوە کە بیمەی بێکاری بدەن بە کرێکارانی بێکار.405

بەڵام بێکاری لاوان لە ئێران بابەتی قسەو باسی ئەمرۆی ئێمەیە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بێکاری لە ئێران بوونی خێڵی گەورەی بێکارانی تەحسیلکەردەی دانشگاهی و دەبیرستانییە. لاوان زیاتر لە نێوان تەمەنەکانی ١٥ تا ٣٠ ساڵیدا یەک لەسەر سێی جەمعیەت و ڕەقەمێکی نزیک لە ٢٥ تا ٣٠ ملیۆنی پێکدێنن. ئەگەرچی دانی ئامار لە لایەن ئۆرگان و ناوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە، بە تایبەت لەوێدا کە بە دانی وێنەیەکی روون لە مەسایلی و موشکلات و ئەو کێشە و گرفتانەی کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ژیانی خۆیاندا لە ژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا لەگەڵی دەستەو یەخەن، بەرپرسانی دەوڵەتی وادار دەکات کە هەر جار ناجارێک گۆشەیەک لە ڕاستیەکان بۆ شاردەنەوەی هەموو واقعیەتە تاڵەکانی ژیان لە ئێران ئاشکرا بکەن. دانی ئامار لە پێوەند لەگەڵ گرفتی بێکاری لەنێو لاواندا لەو دەستەیە.

سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕایگەیاندوە کە زیاتر لە ٢٥ لەسەدی لاوانی ئێرانی بێکارن کە ئەم ڕەقەمە لە شارەکاندا دەگاتە ٢٨ لەسەد و لە دیهاتەکانیش ١٩ لەسەد. بەڵام ئەوەی کە خەڵک لە ژیانی خۆیدا و لە کۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا دەژی، دیبینێ و هەستی پێ دەکات، نیشانی ئەدات کە نرخی بێکاری بۆ لاوان چەندین قات زیاترە لە نرخی بێکاری ڕاگەیەندراو. بەپێی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی، دیمەنگای بازاڕی کار تەنانەت جێگای نیگەرانی ترە لە ئامارە ڕاستەقینەکان لەبەر ئەوەی کە زیاتر لە ٤ ملیۆن خوێندکاری خەریکی خوێندنیش لە ماوەی ساڵانی داهاتودا دێنەنێو بازاڕی کارەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ئێستدا کۆی بێکارانی وڵات بەپێی ئامارە ڕەسمیەکانی ناوەندی ئامار لە پایزی ساڵی ڕابردودا، بە ٢ ملیۆن و ٥٢٠ هەزای بێکار بەراورد کراوە کە لەم ژمارەیە یەک ملیۆن و ٥٥٩ هەزار کەسیان لاوی تەمەن ١٥ تا ٢٩ ساڵن. ئەم ژمارەیە لە بێکاران لەم تەمەنەدا، نرخی بێکاری لاوانی گەیاندۆتە ٢١.٨ لەسەد. بەم حیسابە نرخی بێکاری لاوان دوو هێندەی مامناوەندی نرخی بێکارییەکە کە سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران ڕاگەیاندەوە و وتویەتی کە نرخی بێکاری گەیشتۆتە ئاستی قەیران.

هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێێن کە لە ئیستانداردی ئامار گیریەکانی ئێراندا، کەسێک بە بێکار دەزانن کە لە حەفتەی کاتی ئامارگەتندا بێکارە و لە ٣ حەفتە بەرلەویشەوە بەدوای کارەوە بوبێت. بە پێی ئەم تەعریفە، کەسێکی کە لە ماوەی حەفتەیەکدا لانیکەم یەک کاتژمێر کار بکات، وەک شاغڵ دەناسرێ. ئەم تەعریفە بەڵام لەگەڵ پێوانە جیهانیەکانی کار نایەتەوە. بەپێی فۆرمولی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئامارگرانی هێزی کار، فەردی شاغڵ بە کەسێک دەڵێن کە لانیکەم یەک لەسەر سێی کاتژمێری کاریی مەڕسومی وڵات لە سەردەمی جێی سرنجدا کاری کردبێت. بەم پێیە، کەسێک لە ئێراندا دەبێتە شاغڵ کە لانیکەم ١٤ کاتژمێر لە حەفتەیەکدا کار بکات.

کار و ئەمنیەتی شوغڵی، یان بیمەی بێکاری کافی، داواکاری و مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کرێکارانی شاغڵ و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بەڵام ئەم مافە بە خەباتێکی موتەشکل و سازماندراو و هەڵبەت تەنیا بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەک لە دژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیک کە شەرایەتە عەینیەکەی فەراهەمە. هێزی ئامادەی ئەم بزوتنەوەیە نە تەنیا خێڵی ملیۆنی کرێکارانی بێکار، بەڵکو بەملیۆن کرێکاری شاغڵ و ئەو بنەماڵە کرێکاریانەش کە دێوەزمەی بێکاری ئەمنیەتی پیشەیی لێ زەوت کردون دەگرێتەوە. بزوتنەوەیەک کە بە هۆی درێژەی قەیرانی ئابووری، پەرسەندنی بێکارسازیەکان و داواکاریە هاوبەشەکان، دەتوانێ بەخێرایی جەماوەری بێتەوە و بەهێز بێت. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ شگردی بێکاری کە لە لایەن سەرمایەدارن و دەوڵەتەکەیانەوە بۆ ئیجادی تەفرەقە لە ڕیزی کرێکاراندا بەکاردەهێندرێت، پوچەڵ بکەنەوە.

بەڵام بەرەو پێش بردنی ئەم خەباتە و گەشە پێدانی تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستی بە هاوپشتی هەڵسوڕاوان، تۆڕ و مەحفەلە وشیارەکانی لە ئارادان لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا هەیە. خێڵی بەرینی بێکاران و ئاگادار بوون لەسەر مەترسیەکانی ئەو ئازارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیاندان، زەرفیەتە باڵاکانی ناڕەزایەتی، بە تایبەت لەنێو توێژی تەحسیلکەردەی بێکاراندا، کە هەموو ئاواتەکانیان بە فیرۆ چوو دەبینن، بەدی هێناوە. شکڵ گرتنی وشیارانە و هەنگاو بەهەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە عەینی حاڵدا زەمینە سازی بەرپا بوونی تەشەکولە جەماوەریەکان و ئیدامەکاریی کرێکاران دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-