کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شیکاریی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان

شیکاریی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە ڕژیمی ئیسلامی و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و بەم زووانە ڕایدەگەیەنن. ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت، دەتوانین بڵێین بە خۆشحاڵییەوە شەڕێکی کە سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان دەستی پێکرد، دوای ١٢ ڕۆژ بە فەرمی کۆتایی هاتووە. سەبارەت بە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئاگربەست و کۆتاییهاتنی فەرمی شەڕ و هەروەها هەڵسەنگاندنی ئەم شەڕە ١٢ ڕۆژە، لە دەرفەتێکی تردا قسە دەکەین. بەڵام لە هۆکاری بەشداری ڕاستەوخۆی ترامپ لە کاتژمێرە کۆتاییەکانی شەڕەدا، خاڵێکی گرنگ هەیە کە ناکرێت هەروا بەسەریدا تێپەڕبین.

ئێستا ڕوون بووەتەوە کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستپێکی کۆتایی شەڕ بووە. دەزانین کە ئەم هێرشە بە ئەنقەست زۆر گەورە پیشاندرا و بەرپرسانی ئەمریکا هەراوهوریایەکی زۆریان لەسەر ئەم ڕووداوە وەڕێخست. هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەو هێرشە گرنگییەکی سەربازی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام ئامانجێکی سیاسی ئیمریالیستی دیاریکراوی هەبوو کە دەروونناسی ڕەفتاریی ترامپ لەم ماوەیەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە.

ترامپ دەیزانی کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە چەندین هۆکار ناتوانێت درێژە بکێشێت. ئەگەر ئەم گفتوگۆ و سازشکردنە فەرمی بکرێتەوە یان نەکرێتەوە، پڕۆژەی ئەتۆمی ڕژیمی ئیسلامی لەم قۆناغەدا کۆتایی پێهاتووە و ئەمە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل سەرکەوتنێکە. بەڵام ترامپ نەیدەویست ڕێگە بدات کە «شانازی» کۆتایی هێنان بەو پڕۆژەیە تەنیا بە نەسیبی نەتانیاهو بێت. تا بەر لە ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان، ترامپ هەوڵیدا لەڕێگەی گفتوگۆ و لەژێر سێبەری هەڕەشەی سەربازییدا، ڕژیمی ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات و ئەم سەرکەوتنە بە ناوی خۆی تۆمار بکات. ترامپ پێویستییەکی زۆری بەم سەرکەوتنە هەبوو. لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، گەلێک دروشم و بەڵێنی گەورەی دابوو، بەڵام هەموویان بوون بە بڵقی سەرئاو. نە توانی کەناڵی پاناما بگەڕێنێتەوە بۆ ئەمریکا، نە دەست بەسەر گرینلاندی دانمارک دا بگرێت و نە کانەدا وەک پەنجاو یەکەمین ویلایەت بە ئەمریکاوە بلکێنێت، نە شەڕی ئۆکراین کۆتایی بهێنێت و خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بباتەوە. سیاسەتی دانانی باجەکانیش گەمەیەکی ئابووری بیرلێنەکراوە و مەترسیدار بوو، کە سەرەنجام ناچاربوو لە نیوەی ڕێگادا بیوەستێنێت. تەنیا دەمێنێتەوە سیاسەتی کۆچبەری و دەرکردنی پەنابەران، کە ئەگەرچی ئەویش لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بۆوە، بەڵام بەهەرحاڵ یەکێک لەو پرسانە بوو کە زۆر جێگەی شانازی نەبوو. لەنێوان ئەم هەموو شکست و ناکامییەدا، تەنیا ڕژیمی ئیسلامی مابوو کە دەیتوانی سەرکەوتنێکی هەرچەند بچووک، بۆ ترامپ دابین بکات.

لە مەودای ٢ مانگ و ٦ گەڕ گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەنێوان نوێنەرانی هەردوولادا، ئەم ئامانجە بەدەست نەهات. ترامپ تێگەیشت کە لە گەمەی دیپلۆماسیدا ناتوانێت ڕژیمی ئیسلامی شکست پێبهێنێت. ئەم کۆتا دەرفەتەش کە دەیتوانی ئەم سەرکەوتنە بچووکە لەنێوان ئەو هەموو شکستەدا مسۆگەر بکات، خەریکبوو لەدەست بچێت. لەم قۆناغەدا بوو کە گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی ئیسرائیل هەڵکرد.

دوای ١٠ ڕۆژ، کاتێک کەم تا زۆر لە دەرئەنجامی شەڕەکە دڵنیا بۆوە، لە کاتێکی گونجاودا دەست بەکار بوو و نەتانیاهوی تێگەیاند کە نابێت سەرکەوتنەکە تەنیا بەناوی ئەو تۆمار بکرێت و چیتر زێدەخوازی نەکات. دواخستنی بەکارهێنانی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانیش، ئەم دوایین دەرفەتەی لە کیس ترامپ دەدا بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە. لەمڕووەوە ئەو هێرشەی کە ئەنجام دەدرا، دەبوو لە کاتێکی گونجاودا بێت و زۆر هەراوهوریای لەسەر ساز بکرێت و دەنگ بداتەوە. ئەمە ڕاستیی سیاسەتی ئەمریکا بوو لە بەشداری ڕاستەوخۆی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە خولەکی ٩٠دا. ئەڵبەت نەتانیاهۆش کە لەوە تێگەیشتبوو، ڕۆژی دواتر بە فڕۆکەی ئاسایی کێوەکانی فۆردۆی کردەوە ئامانج، بۆ ئەوەی لە پەراوێزی ناوی ترامپ دا، ناوی ئەویش لەم ڕووداوەدا ببێتە وێردی سەر زمان!

بەڵام گاڵتەجاڕییەکەی ئەم ڕووداوە ئەوەیە: لە لایەکەوە ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیمان هەیە کە تریلیۆنەها دۆلاری لە سامانی خەڵکی ئێران و بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی کرێکارانی لە پڕۆژەیەکی ئەتۆمی بێکەڵکدا بەفیڕۆداوە کە دەیتوانی لەپێناو گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی ئێراندا بەکار بهێنرێت، لە لایەکی تریشەوە کەسێکی وەک ترامپ و جینایەتکارێکی وەک نەتانیاهۆمان هەیە کە حوکمڕانی جیهان دەکەن.