لە کاتێکدا زیاتر لە دوو مانگی ماوە بۆ ڕادەستکردنی فەرمی دەسەڵات بە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئەگەرەکان سەبارەت بە سیاسەتی ناوبراو بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، بۆتە بابەتی گەرمی میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان. دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی هەردوولا بە ئاشکرا سووکایەتی بە شعوور و وشیاری ئینسان دەکەن. درۆ و ڕیاکاریی، مانۆڕ و فریو لەژێر ناوی “هەوڵی دیپلۆماتیک بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانەکان” دەرخواردی بیروڕای گشتی دەدرێت. لە ڕاستیدا هەموو لایەنەکان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن. هەموویان دەستی یەکتریان خوێندووەتەوە و خەریکی سەرقاڵکردنی ڕای گشتیین، بۆ ئەوەی لە پشت پەردەوە، ئەوەی کە بەپێویستی دەزانن، ئەگەر شەڕ بێت یان دانوستان، یان ئەگەر نە شەڕ بێت و نە دانوستان، هەرچییەک بێت، دوور لە چاوی خەڵک، ئامادەی بکەن. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ژێر ئەو گوشارە ئابووریی و سیاسییانەی کە بەهۆی ئەو گورزە کوشندانەی کە بە تایبەتی لە حیزبوڵڵای لوبنان دراوە، نە ڕێگای بەرەوپێشچوونی هەیە و نە گەڕانەوە. “خۆڕاگریی” لەم بوارەدا، جگە لە درۆ، هیچی تر نییە. توانایی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هێزی نیزامیی و تکنۆلۆژیی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستی بە قسە لەسەرکردن نییە. هاویشتنی مووشەک لە ژێر ناوی “مژدەی سادقی یەک و سادقی دوو“، سەرەڕای تێچووی زیاتر لە دوو ملیارد دۆلار، نەک هەر نیشانەی خاڵی بەهێز نەبوو، بەڵکوو لاوازیی نیزامیی ڕژێمیان ئاشکرا کرد. لەمڕووەوە لەو دانوستانە حەتمیانەی کە لەڕێدایە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لەسەر تواناییە نیزامییەکەی بۆ سات و سەودا و بەدەستهێنانی هیچ دەستکەوتێک حیساب بکات.
نەفرەت و بێزاری جیهانی لە ئاست تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنانیش، فاکتەرگەلێک نین کە گاریگەریی لەسەر دانوستانەکانی داهاتوو بە قازانجی کۆماری ئیسلامی دابنێن. کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی ڕێژیمی دژە ئینسانیی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل، لەلای بیروڕای گشتی خەڵکی جیهان، گۆشەگیر بووە. کەس، مناڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، لەبیر نەچۆتەوە. مەترسیدارتر لەو گوشارە ئابوورییانەی سەر کۆماری ئیسلامی کە چاوەڕوان دەکرێت کابینەکەی ترامپ توندتری بکاتەوە، ئەوەیە کە ڕێژیم بتوانێت بە مانۆڕی دیپلۆماسی و درێژکردنەوەی پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆکان، لەئاست ئەو گوشارانەدا دەوام بهێنێت. هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەک لە کەلێنی نێوان دەوڵەتەکانی چین و ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا، هیچ ئاکامێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نابێت. ترامپ بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت و پوتینیش یەکەم سەرۆکی دەوڵەت بوو کە سەبارەت بە سەرکەوتنی ترامپ بەکردەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و پیرۆزبایی لێکرد. دەوڵەتی چینیش لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، جگە بەتاڵانبردنی نەوتی هەرزانی ئێران، هیچ کارێکی بۆ سووککردنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی نەکردووە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایەکی دیکەی نابێت، جگە لە دانی ئیمتیازاتی جددی لەو بوارانەی کە ئەمریکا دەیەوێت، لەوانە کۆتاییهێنان بە ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەمنییەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە و ڕاگرتنی پڕۆژەی ئەتۆمیی.
دانوستان چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، شاراوە بێت یان ئاشکرا، ناتوانێ هیچ دەرەنجامێکی تری لێ بکەوێتەوە جگە لە تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی و ئەمەش جامێکی ژەهرە کە ڕێژیم زوو یان درەنگ دەیخواتەوە. پێویستە پاڵنەر و بزوێنەرە ڕاستەقینەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا، لە شوێنێکی دیکە و لە دەرەوەی ئەم مانۆڕ و فریوکاریانەدا ببینرێت. داڕێژەرانی سیاسەتی گشتیی لە ئەمریکا، چ لە سەردەمی سەرۆککۆماریی پێشووی ترامپ یان سەردەمی بایدن و چ لە دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ، بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر شەڕێک هەڵگیرسێت و کۆماری ئیسلامی بە سڵامەت لێی دەرباز نەبێت، کە نابێت، چی بەسەر ئێرانی داهاتوودا دێت؟ سیاسەتمەدارانی ئەمریکا، نە ئێستا ئەو متمانەیان بە لیبراڵە لایەنگرەکانی ڕۆژئاوا هەیە و نە ٤٦ ساڵ لەمەوبەریش لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی شادا متمانەیان پێیان بوو، کە کۆنترۆڵی ئەم وڵاتە هەستیارە ژیۆپۆلەتیکییەیان پێ بسپێرن. لەمڕووەوە دەوڵەتی ترامپ، هەروەک بە ئاشکرا وتوویەتی، نایەوێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت و تەنیا بیر لە گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم دەکاتەوە. دەوڵەتی ئەمریکا لە باشترین حاڵەتدا، لەم ئۆپۆزسیۆنە تەنیا بۆ گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئیمتیازی زیاتر، کەڵک وەردەگرێت. لە ڕاستیدا دەوڵەتی ئەمریکا لەناوخۆی ئەم دەسەڵاتەی ئێستادا، بەدوای بەدیلی خوازراوی خۆیدا دەگەڕێت. ترامپ پرۆسەی دانوستان تا ئەو کاتە درێژ دەکاتەوە کە ئەو بەدیلە لە هەناوی ئەم ڕژێمەی ئێستادا شکڵ بگرێت. بەڵام لەم نێوەندەدا ڕوخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، لە ئاکامی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری وەگیانهاتووش، یەکێک لەو ئەڵتەرناتیڤانەیە کە کەس ناتوانێ لەبەرچاوی نەگرێت. شۆڕشی “ژینا” لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕیشەی داکوتاوە. ئەم سات و سەودا نهێنیانە، ناتوانن بە ئاسانی بەسەر خەڵکی کۆمەڵگای ئێراندا تێپەڕبن. ئەم کۆمەڵگایە ئەوەندە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نییە کە کۆنەپەرستان و باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی ناوخۆیی و ئیمپریالیزم، بتوانن بە ئاسانی بەسەر دەیان ملیۆن ئینسانی تینووی خۆشبژێوی، ئازادی و یەکسانیدا تێپەڕ بن و هەر سیاسەت و بەدیلێکیان بەسەردا بسەپێنن. ڕاپەڕینی بەهێزی ئەو خەڵکەش یەکێکە لە نیگەرانییە جیددی و هاوبەشەکانی داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی.