کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شۆڕش تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی جێگیر لە حکوومەتی ئیسلامیدا

images 39

ڕەهەندەکانی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە بەربڵاو و شێوازەکانی هێندە فرەچەشنن کە هاوشێوەکەی لە کەمتر شوێنێکی جیهان دەبینرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی گەندەڵی ناوخۆییەوە، لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهانە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی نادادپەروەری و هەژاری و دیاردە نائاساییە کۆمەڵایەتییەکان. دزییە ملیارد دۆلارییەکانی باڵاترین کەسانی نزیک لە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، کە هەرچەند جارێک لە ئاکامی ململانێی نێوان دارودەستەکانی ناوخۆی حکوومەتدا گۆشەیەکیان لێ ئاشکرا دەبێت، بووەتە فۆرمێکی باو و ناسراوی گەندەڵی دارایی لە کۆماری ئیسلامیدا. گەندەڵی کارگێڕی و دارایی لەم وڵاتەدا نەک هەر سێکتەرە دەوڵەتی، ئابووری و جێبەجێکارییەکان، بەڵکوو سەرجەم بوارە وەرزشی، تایبەتی و ناحکومییەکان و تەنانەت هونەر و سینەمای فەرمیشی گرتووەتەوە. ئەم ڕاستییە خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕزین و لەکارکەوتوویی ئەم نیزامە. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت شەخسی خامنەییش دان بە بەربڵاوبوونیدا دەنێت. ناوبراو لە دوایین قسە و باسەکانی لەگەڵ ئەندامانی کابینەی پێشووی ڕەئیسی، گلەیی لەوە دەکات کە بۆچی پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک بەم شێوەیە تێکچووە و بە وتەی ئەو، خەڵک لە ڕژێم تووڕەن. خامنەیی هەروەها دەڵێت: “هەرچییەک دەبینین، لە دەستی نووری دیدەکانی دەوریبەری خۆمان دەیبینین“. ئەڵبەتە ئەو بە ئەنقەست خۆی لە نەفامی دەدات لەوەی کە میکانیزمی هێشتنەوەی کەسانی دەوروبەری ڕژیم و تەنانەت میکانیزمی تێبەردانی ئاتەش بە ئیختیارەکان لە ژیانی خەڵک، ئاواڵە کردنی دەستی ئەو تاقمەیە بۆ ئەوەی بە مەیلی خۆیان تاڵانچێتی بکەن. کاتێک خەنەی ئیدئۆلۆژی و باوەڕ بە پاداشتی ئەو دونیای تر لە لای نزیکان و کەسانی دەوروبەریی ڕژیم هیچ ڕەنگی نەماوە، لەم حاڵەتەدا هەمووان چاوچنۆکانە هەوڵدەدەن بۆ قەرەبوو کردنەوەی ڕابردوویان و بۆ ئەوەی هەر لەم دونیایەدا بەهەشتێک بۆ خۆیان بنیات بنێن، هەر چییەکی کە دەستیان کەوت تاڵانی دەکەن.

چاوخشاندنێک بە مێژووی چەند دەیەی ڕابردوودا دەریدەخات کە بابەتی ئەو دزی و تاڵان و بڕۆ بێ وێنە و سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندی کە بە بەهای پەرە پێدان بە هەژاری و لەناوبردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە جەماوەری بێبەش، گیرفانی تاقمێک لە بەرپرسانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی پڕ کردووە، بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر لەگەڵ نیزامی سەرمایەداری و پەیوەندیی کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لەو نیزامە، لە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتدارێتی ئەم سیستەمەدا ئاوێتە بووە. بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان و دارودەستەکانیان بەبێ جیاوازی، بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازات و دەسەڵاتی دەوڵەتی، لە دۆخێکدا کە بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی بەتەواو مانا و هەروەها بوونی سیستەمێکی گەندەڵی دادوەری، ئیمکانی هیچ چەشنە بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەک نییە، بە جۆرێک دەستیانداوەتە دزی و تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی وڵات و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتی و بەرتیلخۆری و ڕانتخۆری و هتد، کە بە دەگمەن هاوشێوەکەی لە جیهاندا دەبینرێت. لە مێژووی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا، دەیان هەزار گەندەڵی و دزی و تاڵانچێتی ڕوویانداوە و زۆربەشیان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەت، فەرماندەکانی سپا، ئاخوندەکان، یان بە پشتیوانی ئەوان بەڕێوە چووە. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بەرپرسانی ناو بازنەی سەرەکی دەسەڵات، ئاخوندەکان و سیستەمی گەندەڵی دادوەری، یان ڕاستەوخۆ دەستیان لەم گەندەڵیانەدا هەبووە، یان لە ئاست ئەو جینایەتەدا بێدەنگ بوون، بەڵام لە ئاست دەرکەوتنی چەند تاڵێک لە قژی ژنان هاواریان گەیشتووەتە ئاسمان و بە شێوەیەکی وەحشیانە بەربوونەتە گیانی ژنان و کچانی ئازادیخواز. سەرچاوەی هەموو ئەو دزی گەندەڵی و بەرتیل خۆرییە بەربڵاوە لە کۆماری ئیسلامیدا، بوونی ئەم سیستەمە کۆنەپەرستانەیە. تا کاتێک ڕژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدار بێت، کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا، نەک هەر ناتوانن هیچ ئومێدێکیان بە کۆتایی هاتنی ئەم گەندەڵییە جێگیرە و باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان هەبێت، بەڵکوو شاهیدی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاریی و گەندەڵی بەربڵاوتر دەبن. لەم نێوەندەدا جگە لە کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، هیچ کەسێکی تر، ناتوانێت ئەم دۆخە بگۆڕێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم ڕێگای نیشان دا، پێویستە تا گەیشتن بە ئامانج و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم شۆڕشە، ئەم ڕێگەیە درێژەی پێبدرێت.