کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکست هێنانی گروپی ئیسلامی حەماس لە بەڕێوەبردنی غەززەدا

گروپی ئیسلامی حەماس رۆژی ٢٦ی مانگی خه‌رمانان لە بەیانیەیەکی ڕەسمیدا ڕایگەیاند کە کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەم سازمانە هەڵدەوەشێنێتەوە و بەڕێوەبردنی، لێوارەی غەزە دەداتەوە دەست دەوڵەتی خودموختاری فەلەستین. لەم بەیانیەدا داوا لە “دەوڵەتی وەحدەتی میللی” کراوە کە هەرچی زووتر بێت بۆ غەززە و بەرپرسیاریەتی ئەوێ وەئەستۆ بگرێت. لەم بەیانیەدا حەماس سەبارەت بە نەخشی سیاسی داهاتوی خۆی و چارەنووسی هێزە چەکدارەکەی هیچی نەوتووە کە ئەمە خۆی جێگای پرسیارە. هەر بەم هۆیەوە سازمانی فەتح و دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە پارێزەوە سەبارەت بەم بڕیارەی حەماس کاردانەوەیان پیشانداوە. بەشوێن ئەوەدا رۆژی سێ شەممە یازدەی مانگی ڕەزبەر “رامی حەمدالە”، سەرۆک وەزیری دەوڵەتی فەلەستین کە لەگەڵ کابینەکەی چووبونە غەززە، جەلەسەی دەوڵەتیان دوای ساڵانێک لە غەززە بەڕێوەبرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە حکومەتی فەلەستین ئامادەیە بەرپرسیاریەتی تەواوی بەڕێوەبردنی لێوارەی غەززە وەئەستۆ بگرێت. لەم پێوەندیەدا قەرارە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو لەسەر بانگهێشتی سازمانی ئەمنیەتی میسر، کۆبونەوەیەک لە نێوان هەیئەتەکانی فەتح و حەماسدا لە قاهیرە بەڕێوەبچێت و تێیدا باس لە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە و بارودۆخی نێوخۆیی غەززە بکرێت.

لێوارەی غەززە بە جەمعیەتێکی نزیک لە دوو ملیۆن فەلەستینیەوە، ناوچەیەکە کە لە لایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراوە. تەنیا سنوورێکی خاکی کەمی لەگەڵ میسردا هەیە کە ئەویش لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی دەوڵەتی میسردایە. حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧دا دوای شەڕێکی خوێناوی نێوخۆیی، لێوارەی غەززەی داگیرکرد تا تێیدا حکومەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت. لە ماوەی دە ساڵ حاکمیەتی ئەم گروپەدا لە غەززە خەڵکی ستەم دیتوی ئەم ناوچەیە بەرەوڕووی گەلێک کێشەی بەڕێچون، فەرهەنگی، سیاسی و ئەمنیەتی بوونەتەوە. دەوڵەتی ستەمگەر و داگیرکەری ئیسرائیل هاوردە کردنی کاڵا و پێداویستی خەڵکی غەززەی زۆر بەرتەسک کردۆتەوە. بەم دواییانە ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی غەززە بەرەوڕووی کەمبودی زۆری بەرق و ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە. نرخی بێکاری لە غەززە ٤٥ تا ٦٠ لەسەد بەراورد کراوە. ٨٠ لەسەدی خەڵکی غەززە لە هەژاریدا دەژین. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها روون کراوەتەوە لە گەرمای تاقەت پڕوکێنی ئەوێدا خەڵک رۆژانە تەنیا دوو کاتژمێر کارەبایان هەیە و بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوەشیان پیسە. خزمەت گوزاری پزیشکی و دەرمانی ئیفلیج بووە و بەو نەخۆشانەی کە بۆ چارەسەر پێویستیان بە چوونە دەرەوە هەیە ئیجازە نادرێت بڕۆنە دەرەوە. لە قوتابخانەکان بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ماڵەکانیان وێران دەبێت گەڵک وەردەگیرێت. گرنگی بە ئاموزش و خوێندنی نەوەیەک لە منداڵان نەدراوە. لەم مەودایەدا حکومەتی ئیسلامی حەماس سێ جار لەگەڵ ئیسرایل چۆتە شەڕەوە و هەموو جارێک بەرەوڕووی بۆمبارانی وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرایل بوونەتەوە و تەحەمولی گەلێک زیانی گیانی و ماڵیان کردووە. ئاخرین حاڵەتی ساڵی ٢٠١٤ بوو کە بە شەڕی “پەنجا رۆژە” بەناوبانگە و بەهۆیەوە نزیکەی ٢ هه‌زار و ١٠٠ کەس گیانیان بەختکرد و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بریندار و کەم ئەندام بوون.240

بەڵام سیاسەتە ناوچەییەکانی حەماسیش لە دە ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ڕێبەریی حەماس بەر لە شەڕ و قەیرانی سوریە دانیشتوی ئەو وڵاتە بوو. ئەم ڕەوتە بە چوونە بەرەی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سوریەوە لە یارمەتیە سەخاوەتمەندانەکانی کۆماری ئیسلامی بەهرەمەند بوو. گۆڕانی هەڵوێستی حەماس لە پێوەند لەگەڵ شەڕی سوریە بوو بە هۆی کەم بوونەوەی یارمەتیە ماڵیەکانی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە سیاسیەتی پشتیوانی و پشتگیری حەماس لە دەوڵەتی ئیخوانۆموسلمینی بە دەسه‌ڵات گەیشتوو لە میسر و شکست هێنانیشی بوو بە هۆی توند بونەوەی گوشارەکانی میسر و عەرەبستانی سعودی بۆسەر حەماس و تەنیا خاڵی پێوەندی سنوریی غەززە لەگەڵ دنیای دەرەوە، واتە ڕێگای ڕەفەح لە لایەن دەوڵەتی میسرەوە داخرا. دەوڵەتی نیزامی میسر تەنیا لە هێندێک حاڵەتی تایبەتدا بەشێوەی کاتی دەیکاتەوە. بەم دواییانە قەتەریش لەژێر گوشاری عەرەبستاندا یارمەتیەکانی خۆی بۆ حەماس ڕاگرتوە. هاوکات دەوڵەتی مەحمود عەباس بە کەم کردنەوەی ڕێژەی بارمه‌تییه‌ ماڵیەکان بۆ غەززە قەیرانی دارایی حەماسیان توند تر کردەوە.

ئەم گوشارانە حەماسیان خستۆتە نێو قەیران و بونبەستێکی توندی ماڵیەوە. ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی دەزگای ئیداری گەندەڵ و کۆنەپەرستانەی حەماس لە غەززە، زیاتر بەرهەمی توند بوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری دە ساڵەی حەماس و شکست هێنانی ئۆلگوی ئیسلامی حکومەتییە. حەماس ئێستا هەوڵ ئەدات بە مانۆڕدان لە فەزای کێشمەکێشی زلهێزە سەرمایەداریەکان لە ناوچەکەدا و ساتوسەودا لەگەڵیان ڕێگایەک بۆ دەرچوون لە قەیران بدۆزێتەوە.

هەوڵەکانی ئەم دواییەی حەماس بۆ دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ روسیە و دەست پێکردنەوەی یارمەتیە ماڵیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حەماس کە “یەحیا سنوار” ڕێبەری حەماس ٢٨ی مانگی ئەوت لە وتووێژێکدا ددانی پێدا نا، ئەو مانۆڕانە بن کە حەماس بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەنجامی دابێت. روسیەش بۆ بەستنی پێوەندی لەگەڵ حەماس بێ مەیل نەبووە لەبەر ئەوەی پێوەندی لەگەڵ حەماس لە غەززە بە ڕێگایەک بۆ کردنەوەی جێگا پێیەک لەنێو فەلەستینەکاندا و گوڕێنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی خۆی دەزانێ. لەم پێوەندیەدا سەرەتای مانگی ئوت سەفیری روسیە لە تاران ڕایگەیاند کە لە ڕوانگەی ئێمەوە حەماس گروپێکی تیرۆریستی نییە. بەر لەویش هەم سێرگی لاورۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیە و هەم جێگرەکەی لەگەڵ خالد مەشعه‌ل کە ڕێبەریی حەماسی لە ئەستۆ بوو، دیدار و چاوپێکەوتنیان بووە.

لە بەرانبەردا ئامریکا و یەکێتی ئوروپا و دەوڵەتانی ناوچەکەش بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کردار هەوڵ ئەدەن بەر بە نزیک بوونەوەی زیاتری حەماس لە بلۆکی روسیە بگرن. هێرشی توندی باڵوێزی ئەمریکا لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لەبەر دەست پێکردنەوەی یارمەتییە ماڵیەکانی بۆ حەماس، هەوڵی میسر بۆ قانع کردنی حەماس بە تەسلیم و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکەی لە غززە بەشێک لەو هەوڵانەن. هەر لەم پێوەندیەدا سەفیری فەلەستین لە یەکێتی ئوروپا ڕایەگەیاند “بەشوێن ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی حەماسدا، بەرپرسانی ئەم یەکێتیە پێیان وتووە کە یارمەتی ماڵی خۆیان بۆ فەلەستین زیاتر دەکەن تا سەرفی ئەنجامدانی پرۆژە گرنگەکان بکرێت لە غەززە و دانی حقوقەکان. ئەو لە درێژەدا وتی ئەم یارمەتیانە لە ئێستادا لە یەک حاڵەتدا ٦٠٠ ملیۆن دۆلار و جارێکی تریش ٢٠ ملیۆن یۆرۆ بووە.

بەڵام بۆ خەڵکی ستەم دیتوی غەززە نە هەڵوەشانەی دەوڵەتی ئیسلامی حەماس و نە وەئەستۆ گرتنی حکومەت لە لایەن دەوڵەتی گەندەڵ و بێ خاسیەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینەوە ناتوانێ ئەوان لەم ژیانە پڕ لە دژواری و مەینەتبارە ڕزگار بکات.