کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین جەمعیەتی لاوی دنیای هەیە و دیسانیش هەربەم ڕێژەیە زۆرترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بە نەسیبی ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەبێت. ئەم ڕاستیە گەلێک جێی هۆشداری دانە کە چوونی لاوان، بەرەو مادەی هۆشبەری سەنعەتی وەک شیشە، بە خێرایی زیادی کردووە و بەپێی هەڵسەنگاندەنە ڕەسمیەکان یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵیدان و تەمەنی مامناوەندی گیرۆدە بوون لە ئێران دابەزیوە بۆ ژێر ١٣ ساڵی.
ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە لە رۆژنامەکانی ئێراندا باس لەوە دەکەن کە لە ١٠٠ کەس لەو لاوانەی بە شوێن کارەوەن لە ئێران ٣٣ کەسیان بێکارن. لەو ئامارەدا ئەو لاوانە ئەژمار نەکراون کە بە هۆی بێ هیوایی خۆیان لە لیستی لاوانی بەشوێن کارەوە تۆمار نەکردووە و لە بازاڕی ناڕەسمیدا بە کارێکی کەم داهاتەوە خەریکن. بێکاری و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و لەوانە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەرەوە بە تەواوی بەیەکەوە پێوەندیان هەیە. ئەو لاوانەی کە بە هەزار ئۆمێد و هیواوە دوای تێپەڕین بەسەر دەیان گرفت و کۆسپدا کە ڕژیم و یان هەژاری زۆری ماددی خستویەتە سەر ڕێگایان، سەرئەنجام توانیویانە مەدرەکی خوێندن لە دەبیرستان، هونەرستان و یان زانکۆ وەربگرن و دوایەش ٢ ساڵ لە ژیانی خۆیان لە دەورەی سەربازی بۆ ڕژیم، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە، هەموو ئاوات و ئارەزوەکانیان بە لەدەست چوو دەبینن.
حاڵ و رۆژی ئەو لاوانەی کە بههۆی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی ماڵی سەربەخۆی خۆیانەوە خۆ بە سەرباری بنەماڵە دەزانن و تەنانەت توانایی دابین کردنی خەرجی زەماوەند و پێکهێنانی بنەماڵەشیان نییە، بۆ هەموو ئینسانێک قابیلی دەرکە. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا لاوان نە لە نیشات و شور و شەوقی لاوێتی بەهرەمەندن و نە ئەو دەرفەتەیان دەبێت تا توانایی و لێهاتوویی خۆیان گەشە پێبدەن.
لەگەڵ ئەمەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام خەریکی ئامادەکاری بۆ تۆڵە ئەستاندنەوەیە لەو لاوانەی کە لە دەورانی مەدرەسە و دەبیرستاندا نەیتوانیوە ئەوان بەپێی ئۆلگوی جێی سەرنجی خۆی، کەللە وشک و بێ مێشک و سەرکوتکراو و لاواز لە باری نەفسیەوە باربێنێ. لە ڕاستیدا هەموو سەرمایە گوزایەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا لەم بوارەدا بە با چووە. ڕژیمی ئیسلامی گەلێک پرۆژەی جۆراوجۆری بۆ زاڵ بوون بەسەر جەستە و رۆحی لاواندا بهڕێوهبردووه، بەڵام گشت ئەم پرۆژانە لە بەرانبەر شەپۆلی روو لە پێشی کۆمەڵگادا بوونەتە بڵقی سەرئاو.
لاوانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەند بوون لە مەزایای سروشتی قۆناغی لاوێتی خۆیان بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا، تەسلیمی بارودۆخی مەوجود نەبوون و ڕێگای خەباتیان لەدژی ڕژیم گرتۆتە پێش. ئەم ڕاستیە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئەم لاوانە تا دەرفەتێک بەدەست دێنن سەرجەم پایەکانی کۆماری ئیستبدادی ئیسلامی دەخەنە ژێر زهبری خۆیانەوە.
لێرەدا دەبێ لەسەر ئەم ڕاستییە جەخت بکەینەوە گەرچی لاوانی ئێران بە هۆی حاکمیەتی ڕژیمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادیەوە، خاوەنی كێشهی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەربە چینی جیاوازن، ڕەنج و موسیبەتەکانیان یەکسان نییە. ئاشکرایە کە كێشهی لاوانی سەربە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە لەژێر چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند دان جیاوازە، بەڵام پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە و ڕزگار بوونی ئەم چینە لە دهست ڕژیمی ئیسلامی و لە چهوساندنهوهی نیزامی سهرمایهداری، بێگومان دەبێتە ڕزگار بوونی لاوانی ئێران لە بارودۆخێکی نا مرۆڤانەی کە ڕژیم بەسەریانیدا سەپاندووە. ئەو لاوانەی کە لە لایەن ڕژیمێکی کۆنەپەرستەوە پێش به گهشه كردنی تواناییهكانیان دهگیرێ، ئەو لاوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە مەدرەسە و دەبیرستان و زانکۆکاندا لە ژێر گوشاری دژی زانستی و کۆنەپەرستانەدا تێپهڕ دهبێ، ئەو لاوانەی کە تەنانەت ئازادی هەڵبژاردنی پۆشینیان لێ درێغ کراوە، ئەو لاوانەی کە لەبەر خاتری چکۆلە ترین ناڕەزایەتیی بهرانبهر به ئازارهكانیان و به هۆی خهباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەچنە زیندان و ئەشکەنجە دەکرێن، ئەو لاوانەی کە لە مافی سەرەتایی هەڵسوکەوت و معاشرەتی ئینسانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەری خۆیان بێبەش دەکرێن، هەموو ئەم لاوانە لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش دەردی هاوبەشیان هەیە و ڕزگار بوونیان لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە لە ڕێگای پەیوەست بوون بە خەباتی چینی کرێکارەوە مومکین دەبێت.
له ڕاستیدا ئۆلگوی ئیسلامی تەربیەت و بارهێنان لە ئێران تووشی شکست هاتووە. لاوان ناتوانن و نابێ محافزە کار بن. دەبێ پرسیار کەر و ڕادیکاڵ و دەخاڵەتگەر بن بۆ گوڕینی ئەم بارودۆخەی ئێستا. بۆ بە شادی ژیان دەبێ پرسیار و داخوازیەکانی بەرەی لاو بە ڕەسمیەت بناسرێت. لاوان دەبێ توانایی و ئازادی ڕەخنە گرتنیان هەبێت. ئازادی دەربڕینی بیر و باوەڕیان هەبێت. کۆمەڵگا دەبێ ئەم تواناییانە و بواری بەهێز کردنیان ڕیکبخات و ئیمكاناتی پێویست بۆ ئەم مەبەستە دابین بکات. ئاشکرایە کە هیچکام لەم خاڵانە لەگەڵ دهسهڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا نایەنەوە.