کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستەکانی ئەم دواییەی داعش و درۆکانی خامنەیی

ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی سەرماوەزی ٩٦، عه‌لی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەسیجیەکان ئیدعای کرد کە ” هۆکاری ڕاستەقینەی نابوودی و لابردنی غودەی سەرەتانی داعش، بەسیجییەکان و رۆحیەی بەسیجی بووە”. ئەو هەروەها وتی، ” دوژمنەکان هەوڵیاندا لە ڕێگای ئەم گروپە تەکفیرییە نا ئیسانییەوە، ڕووداوێک لەدژی ڕەوتی خۆڕاگری بەدی بێنن بەڵام لاوانی موئمن، بە شەوق و ئەنگیزەوە هاتنە نێو مەیدانی جیهادەوە و دوژمنیان بە چۆکدا هێنا.”

بەر لە هەر شتێک دەبێ بزاندرێ کە ئەم ئیدیعایە کە گۆیا هێزێکی ئیسلامیی سوننی وەک داعش لەدژی حکومەتێکی شیعەی هاوتای “داعش”ی کۆماری ئیسلامیی ڕێکخراوە ڕاستە یان نا؟

داعش لە ڕەوتی موجاهیدینی ئەفغانستان، تاڵه‌بان و بە شێوەیەکی دیارتر ڕەگ و ڕیشەی لە قاعیدە دایە. موجاهیدینی ئەفغانستانی لەسەر ناوەرۆکی قەیرانی ئابووری لە کۆتایی دەیەی ٧٠ ی زاینی سەری هەڵدا و لەدژی یەکێتیی سۆڤییەت، لە لایەن ئیمپڕیالیزمی ئەمریکاوە پشتیوانی لێکرا. ڕەوتی ئیسلامیی خومەینیش دەقیقەن لەدژی هێزە کۆمۆنیست و چەپ و چالاکە شۆڕشگێڕەکانی ئێران و لە ترسی وابەستە بوونی ئەم وڵاتە بە یەکێتیی سۆڤییەتەوە لە لایەن دەوڵەتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا و فەڕانسەوە لە کۆنفڕانسی گوادلوپ پشتیوانی لێکرا. سەرانی ئەوکاتی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لە مانگی بەفرانباری ٥٧دا لەو دووڕگەیەدا کۆبونەوە و حکومەتی پەهلەویان وێڵکرد و دەستیان کرد بە پشتیوانی کردن لە ڕەوتی ناسراو بە خومەینی. ئەوان ژنڕالێکی ئەمریکایی بەناوی “هایزریان” نارد بۆ ئێڕان تا ئەڕتەش تەحویلی ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی بدات. بەم ئیعتیبارەوە دەکرێ بڵێین بە دروستی ئیدیعای کرد کە ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا لە شکڵ پێدانی سەرجەم هێز، دەوڵەت و ڕەوتە دژی کۆمۆنیستی و دژی ئینسانییەکانی، وەک کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا دەستی هەبووە.

بەڵام داعش بە شێوەیەکی ئاشکرا تر و لەم چەند ساڵەی دواییدا لە جەریانی سەرکوتی ئاخیزەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقادا پێکهات و بۆ بەرگرتن لە بەرپا بوونی ئاخێزێکی دووبارە لە ناوچەکەدا بە پشتیوانی تورکییە، عەرەبستان و بە تەئیدی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا هاتە گۆڕەپانەکەوە. ڕاستە کە ئەم ڕەوتە دژی ئینسانییە لە کۆنەپەرستانی ئیسلامیی دەمارگرژ و پاشماوەکانی ڕژیمی سەدام، هێزێکی زۆری وەرگرت؛ بەڵام داعش بە وەرگرتنی چەک و چۆڵ و ئیمکاناتی نیزامی ئەڕتەشی عێڕاق لە موسڵ بە فەرمانی مالکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێڕاق و هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی، لە مانگی ژوئێنی ساڵی ٢٠١٤ دا، بوو بەو داعشە کە لە بەشێک لە عێڕاق و سوورییەدا حکومەتی خۆی دامەزراند. بێجگە لە هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی پێشوی عێراق زیاتری هێزە سەرەتاییەکانی داعش ئەو زیندانیانە بوون کە لە زیندانەکانی ژێر چاودێری ئەمریکا “وەک ئەبو غریب” ڕزگاریان ببوو. یەکێک لە ئازاد کراوەکان ئەبوبەکر بەغدادی بوو. بەشار ئەسەد کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت، دەیان کەس لە سەلەفییەکان و ئیسلامگەرا توند ڕەوەکانی ئاگاهانە لە زیندان ئازاد کرد، تا هەستە سەرەتاییەکانی داعش لە سوورییە پێک بێنن.

حکوموتی مالکی، هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی، بە سەرکوتی ناڕەایەتییەکانی خەڵکی سوننی مەزهەب، بە کردەوە هێزی بۆ داعش فەراهەم کرد و هێزە سوننیەکانی بەرەو پشتیوانی کردن لە داعش پاڵ پێوەنا. لەم نێوانەدا ئەو هێزە ڕەزمەندە زەمینیەی کە بە شکست دانی داعش لە کۆبانێ، پڕۆسەی ڕووخانی حاکمیەتی ئەم هێزە ئیسلامیی و وەحشیەی دەست پێکرد یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو به‌ “یه‌په‌گه‌” و یەکینەکانی پاراستنی ژنان “یه‌په‌ژه‌” بوون. هێزە جەماوەری و چەکدارەکانی ڕۆژئاوا دوای ڕزگار کردنی کۆبانێ، شار و پێگە گرنگەکانی داعشیان یەک لەدوای یەک وەرگرتەوە. ئاخرینیان شاری ڕەقە بوو کە بە پێتەختی داعش دەناسرا. هێزی کۆماری ئیسلامیی و بەناو پارێزەرانی حەرەم و حیزبوڵڵای لوبنان لەپاڵ هێزەکانی بەعس و لەژێر چەتری پشتیوانی ڕووسییەدا لە گشت ئەو ماوەیەدا خەریکی سەرکوتی نەیارانی بەشار ئەسەد بوون.

کۆماری ئیسلامیی بە شکست دانی داعش لە هەموو ئەم ساڵانەدا لە سوورییە بە کردەوە و بەپێی بەرژەوەندیەکانی ڕووسییە و بە تایبەت لەم ئاخرانەدا لە عێڕاق بە کردەوە، بە قازانجی سیاسەتەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی، بە قازانجی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق وەک وڵاتێکی عەرەبی هەنگاوی ناوە. هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی لەدژی عەرەبستانی سعودی بە کردوە بۆتە هۆی ئەوەی کە سەدان میلیارد دۆلار لە گیرفانی شا و شێخە مفتە خۆرەکانی کەنداوەوە بڕژێتە گیرفانی خاوەنانی کارخانەکانی چەک سازی ئەمریکاوە. ئەم دۆلارانە یارمەتی ئەوەیاندا کە لە ئێستادا ئابووری قەیران لێدراوی ئەمریکا نەگلێتە نێو قەیرانێکی قوڵترەوە، کە لەبەر دەمیایەتی. کۆماری ئیسلامیی حیزبوڵڵا بەهێز کردووە و بۆ نابود کردنی ئیسڕائیل وڕێنەی کرد و لەم ڕێگایەوە ڕێگای بە پشتیوانیە دەوڵەتی و کۆنەپەرستەکانی داوە تا زیاتر لەپێشو یارمەتی ئەم حکومەتە ڕەگەزپەرستە دەژی بەشەریە بدەن. ڕژیمێکی لەم چەشنە ناتوانێ لەدژی داعش هیچ حەرەکەتێکی کاریگەر ئەنجامدابێت.

داعش بەشێک لە پەیکەری دژی کۆمۆنیستی، دژی ئازادیخوازی و خزمەتگوزاری سەرمایەیە و بەم ئیعتیبارەوە کۆماری ئیسلامیی بەشێکی دیکەی پەیکەرەکەیەتی. لەوێوە کە چەقۆ دەسكی خۆی نابڕێت، بەکرێگێراوانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی ژێر پشتیوانی ئەو لە سوورییە نەیانتوانی و ناتوانن لەدژی داعش بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕ بکەن. لە عالەمی واقعدا، شکستەکانی داعش، کە خامنەیی بە درۆ میداڵی شانازیەکەی دەکات بە بەرۆکی بەسیجیەکاندا، نەک لە لایەن بەسیجییەکان و لاوانی ئیماندارەوە، بەڵکوو ئەساسەن بەدەستی هێزە خەباتکارەکانی ڕۆژئاو، مسۆگەر بوو.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک باقی شوێنەکانی دنیا، تینوی ڕزگار بوونە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆڕە مەزهەبی و غەیرە مەزهەبیەکان، دابین بوونی دێمۆکراسی شوڕایی و لە کۆتاییدا رزگار بوونە لە سوڵتەی سەرمایە. سەرهەڵدان و بەهێز بوونی داعشەکان و کۆماری ئیسلامییەکان و پشتیوانی هێزە چەوسێنەر و سەرکوتگەرە جیهانی و ناوچەییەکان، توانیویانە دەستەبەر بوونی داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەدوا بخەن، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانن بەری پێبگرن. تەنیا کرێکارانی پێشڕەو، کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخواز کە چەندین دەیەیە لەدژی زوڵم و چەوساندنەوە بە لەخۆ بوردویی خەباتیان کردووە، دەتوانن ئەم کارە گرنگە بە ئەنجام بگەیەنن. کۆمۆنیستەکان، کرێکارانی وشیار و پێشڕەو بە دەرس وەرگرتن لە ئاخیزە پێشکەوتن خوازەکانی تائێستا، ئەم تواناییەیان دەبێت خەباتی خەڵکی ناوچەکە لە بواری خۆشکردنی ڕێگای گەیشتن بە سوسیالیزم دابین بکەن. یەکێک لە هەنگاوەکان لەم مەسیرەدا ڕەوانە کردنی کۆماری ئیسلامی و جۆرەکانی دیکەی داعشە بۆنێو زبڵدانی مێژووه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-