کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی کۆماری ئیسلامی لە بەرەو روو بووونەوە لەگەڵ دیاردە مۆدێڕنەکان و ڕەواجدان بە فەرەهەنگی کۆنەپەرستانە

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری حكومەتیی ” فارس”، سەد هەزار دەزگا لە ئامێری وەرگری ماهوارە کە بەم دواییانە لە ماڵەکانی خەڵکدا دەستیان بەسەردا گیرابوو، بە ئامادە بوونی سەرۆکی سازمانی بەسیجی موستەزعەفانی ڕژیم، لە رۆژئاوای تاران لە بەین بران. ئەم کردارە لە حاڵێکدا بەڕێوەچوە کە عەلی جەننەتی، وەزیری فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی ڕژیم بەم دواییانە خوازیاری ئیسلاحی قانونی قەدەغە بوونی ماهوارە بووە و ئیعتیڕافی کردبوو کە کەڵک وەرگرتن لە ماهوارە نا یاساییە، بەڵام لانیکەم ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران کەڵکی لێوەردەگرن. لەوە پێشیش کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕژیم گەلێک جار وتویانە کە تەرحی بەرخوردی پۆلیسی و ئینتیزامی لەگەڵ بابەتگەلی وەک پۆشین و ماهوارە شکستی هێناوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئامانجی ڕژیم لە بەرپا کردنی ئەم جۆرە شانۆگەریە گاڵتەجاڕانە وێڕای بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ هەموو دیاردەیەکی مۆدێڕن و ئەمرۆیی و هەموو ئامرازێک کە چاو و گوێی خەڵکی ئەم وڵاتە بەرووی پێشکەوتنەکانی بەشەری ئەمرۆدا بکاتەوە، لە هەمانحاڵدا هێز نواندنە لە بەرانبەر خەڵکێکدا کە بەردەوام قانون و دەستورەکانی پشتگوێ دەخەن. ڕژیم خۆی لە ئاستی کەڵک وەرگرتنی خەڵک لە شەبەکەی ماهوارە ئاگادارە و هەروەها بێ سەمەر بوونی ئەم جۆرە حەرەکاتەشی ئەزمون کردوە. ئەوەی کە لێی نیگەرانە، زیاتر چوونە پێشی خەڵکە و پاشەکشەی زیاترە بەسەر کۆنەپەرستیی حاکمدا. بە تەجروبە دەرکەوتوە کە ئەم جۆرە هێز نواندنەش نەیتوانیوە زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە لە بەدەست هێنانی شتێکی کە ئیرادەیان کردوە و وێستویانە دەستەبەری بکەن پاشگەز بکاتەوە.772
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێشینەی خۆڕاگری ڕژیم لە بەرانبەر تێکنولۆژی مۆدێڕنی ڕاگەیاندن دەردەکەوێ کە ئەم ڕژیمە چلۆن بە کرداری سەرکوتگەرانە و توندوتیژ زیاتر لەوەی کە لەمرۆدا ئەنجامی ئەدات، لە بارودۆخی سیاسی نالەبار تردا بۆ خەڵکی ئێران، کردارەکانی توشی شکست و ناکامی هاتون و هەموو جارێک سەری لە بەرد دراوە. داستانی قەدەغە بوونی ویدۆ و گرتن و زیندانی کردنی ساڵەکانی پێشو کە سەبارەت بەم بابەتە کەوتبوە ڕێ لەبیر کەس نەچۆتەوە. ئاکامەکەی چی بوو؟ لە گەرمەی ئەم کێشەیەدا ئێران بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوانی لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆر ترین کەڵکیان لە دەزگای ویدۆ و وێنەی ویدۆیی وەردەگرت لە دنیادا. فیلمە سینەماییەکان بەرلەوەی کە لە وڵاتدا بەرهەمهێنەرانیان بیانخەنە سەر پەردەی سینەما لە ئێران لەنێو لاواندا دەستاو دەست دەکران و سەر ئەنجام نە تەنیا دەستگای ویدۆ بەڵکو ویدۆ کلوپی ئاشکرا، خۆیان بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا سەپاند. دواتر سەردەمی کەڵک وەرگرتن لە ئانتێنی ماهوارە هات. کۆماری ئیسلامی بە سەر سەختی تەواو بەری بە هێنان، بەرهەمهێنان، فرۆشتن و دامەزراندنیان گرت. یاسای بۆ دیاری کرد، خەڵکی لەبەر هەبوونی ئەم دەزگایە خستە زیندان و جەریمەی کردن، لەدژی کەڵک وەرگرتن لێی تەبلیغاتێکی بەرینی کۆنەپەرستانەی خستەرێ، مەئمورانی پۆلیس و هێزی ئینتیزامی بۆ لەنێوبردنی ئانتێن و ماهوارەکان ناردە نێو ماڵ و سەر سەربانی خەڵک و هەرچی پێیان کرا لەم بوارەدا کردیان، بەڵام زۆری پێنەچو کە ئاخوندەکان لە ماڵلەکانی خۆیاندا بەساتی ماهوارەیان دامەزراند و ناچار بوون تەبسەرە بۆ یاساکانیان دابنێن و دواتر هەنگاو بە هەنگاو و بە سەر شۆڕیەوە بوونی ئەم ئامیرەیان بۆ خەڵک ناڕاستەوخۆ قەبوڵ کرد. لەمرۆدا ئاماری فرۆشتنی ئەم ئامێرە نوییەی ڕاگەیاندن بە بەراورد بە ڕێژەی جەمعیەت، لە ئێراندا لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، کە لەم بارەیەوە هیچ بەربەستێک بوونی نەبووە زیاترە.
بەڵام سەرەڕای ئەم ناکامیانە سەرانی ڕژیم دیسانیش لەم ڕەوتە واقعیە دەرسیان وەرنەگرتوە و کارایی ئەم سیاسەتەیان سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕەکانی ئینتێڕنێتیش تەجروبە کرد. سەرەتا ئیجازەی کاریان بە شیرکەتە خوسوسییەکانی پێشکەشکاری خزمەتگوزاری ئینتێڕنێتی نەدا و دواتر نرخی کەڵک وەرگرتن لە ئینرنێتیان گران کرد و ئەمجار خێراییەکەیان کەم کردەوە، قانونی جەرایمی ڕایانەییان لە مەجلیسەکەیان دەرکێشا و ئەویش ئاکامێکی نەبوو. ئێستا لە گشت ئەم بوارانەدا پاشەکشەیان کردوە. وێبلاگ نووسینیان قەدەغە کرد و وێبلاگ نووسانیان خستە زیندان،. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ بانترین ئاماری وێبلاگ نووس لە ئێراندا سەریان هەڵداوه‌. فیلتێریان خستە سەر سایتە ئینتێرنێتیەکان، پیشەسازی فیلتێر شکێن گەشەی کرد و ڕەواجی گرت، سپای پاسداران بۆ نەبەرد لە دنیای مەجازی ئینتێرنێتدا ناوەندێکی تایبەتی دامەزراند، به‌ڵام تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتێرنێت زیاتر پەرەیان گرت.
لەمرۆدا لەگەڵ زیاتر پەرەسەندنی ڕەوتی بە جیهانی بوون و شۆڕشێکی بەرین کە لە مەیدانی پێوەندی و بەرەو پێش چوونی تێکنولۆژی زانیاری و وشیاری خەڵکی ئێراندا بەدیهاتوە، رۆژ بەرۆژ کەلێن و کەلەبەری فەرهەنگی نێوان خەڵک و حکومەت و ئیدئۆلۆژی حاکمیەتی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای فەرمانە دینیەکانی ئیسلام دامەزاوە قوڵتر بۆتەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی ئیدئۆلۆژیک و په‌ره‌پێدان بە فەرهەنگی ئیسلامیدا شکست خواردوە. کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر و لاوانی پڕشوری ئێران دەبێ ئەم شکستەشی بکەنە بوار بۆ پەرەدان بە خەباتی خۆیان بۆ روخاندنی نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-