کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی پرۆژەی حکوومەتی ئیسلامی، لە بواری ئیدئۆلۆژیدا

Untitled 47

 هاتنی ڕۆژانی ماتەمینی شیعەکان لە مانگی موحەڕەمدا، باس لە ئایینداری یان دوورکەوتنەوە لە ئایینی لە کۆمەڵگای ئێراندا گەیاندۆتە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و تەنانەت بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامیش. هەموو ئەو باسانەی کە لەم بوارەدا هاتوونە ئاراوە، لەلایەن ئەو کەسانەوەیە کە خۆیان باوەڕی ئایینییان هەیە و زۆر بە بەداخەوە باسی ئەم دیاردەیە دەکەن و نیگەرانی خۆیان لەوە ناشارنەوە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری وەها دۆخێکە. ئەوەی کە لە درێژەدا ئاماژەی پێدەکرێت، چەند نموونەیەکە لەم پێوەندییەدا: سەعید حەجاریان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێک لە تیۆریستەکانی ڕەوتی بەناو ڕیفۆرمخواز، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیعتماد دڵێ،بێباوەڕبوون بە خودا لە ئێران خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی گشتگیر. عەلیڕەزا پەناهیان، ئاخووندێکی توندڕەو و یەکێک لە وتاربێژانی بەیتی عەلی خامنەیی، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیمانگی منلە تەلەفزیۆنی فەرمییەوە، دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە دین پشتڕاست کردەوە و وتی، ئەم دۆخە چیتر تەحەمول ناکرێت، ناکرێ ئێمە تا ئەم ڕادەیە شاهیدی دوورکەوتنەوە لە ئایین لە کۆمەڵگادا بین. حەمید پارسانیا ئەندامی شۆڕای باڵای شۆڕشی فەرهەنگی، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، دان بەوەدا دەنێت کە ئەو لێکۆڵینەوانەی لەم بابەتەوە ئەنجام دراوە بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە دۆخی ئایین و ئایینداری لە ئێراندا هەرگیز بەو ڕادەیە ڕوو لە کزی نەبووە“. سەدیقە وەسمەقی ئیسلامناس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئینساف نیوز، باس لە هۆکاری ئەم دیاردەیە دەکات و دەڵێت: لە هەر شوێنێک ئایین تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسی بێت، ئەمە ئاکامەکەیەتی. هەموو ئەوانەی کە لە سیاسەتەکانی وڵات ناڕازی دەبن، لەگەڵ ئیدئۆلۆژیش ناتەبا دەبن. عەباس عەبدی، نووسەری ستوونی ڕۆژنامەی ئیعتماد، دەنووسێت: ئامارەکان و ئەوەش وا بەرچاو دەکەوێت، ئاماژەن بۆ ڕەوتی ڕوو لە کەمبوونەوەی

چوون بۆ مزگەوتەکان، ڕۆژووگرتن، کەمتر بوونەوەی دانی خومس و ناونانی نائایینی منداڵان. ناوبراو لە وەڵامی نەیارانی ئەم بۆچوونەدا دەڵێ، ئەوانەی ژمارەی بەشداربووانی مەراسیمی عەربەین و گەشتکردن بۆ مەشهەد و جەمکاران وەک هۆکار بۆ نکۆڵی لەو ڕەوتە دەهێننەوە، تەنیا بابەتە لاوەکییەکان دەبینن و چاویان لە حاند ڕەوتی ئاشکرای ڕوو لە کەمبوونەوەی ئایینداری لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا، دەبەستن.

واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، لە زۆر لایەنەوە پڕۆژەیەکی شکستخواردووە، کە دیارترین نیشانەی ئەم شکستە لە بواری ئیدئۆلۆژیدایە. هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا بوونەتە بڵقی سەرئاوماوەی ٤٥ ساڵە زاڵبوون بەسەر بواری پەروەردە و گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ ناوەندی پەروەردەی ئایینی و خوڕافات، دەرئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتۆتەوە، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ دوورکەوتنەوە لە ئایین لە نێو گەنجاندا بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران. نیو ملیۆن مەلا، کە جگە لە بڵاوکردنەوەی جەهل و گەندەڵی و پەرەپێدان بە سیغە و لەشفرۆشی ئیسلامی، هیچ کارێکی تریان نییە، نەک هەر یارمەتیدەر نەبوون بۆ قووڵکردنەوەی بیروباوەڕی ئایینی، بەڵکوو نەفرەت و بێزاری لەم ڕژیمەیان قووڵتر کردووەتەوە و بوونە هۆی دوورکەوتنەوە لە بیروباوەڕی ئایینی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە جەخت لەسەر ئەو واقیعییەتە بکرێتەوە کە ڕزگاربوونی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە کۆت و بەندەکانی بیروباوەڕی ئایینی لە ئێران، کۆتایی کار نییە و هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ دبێ بەم ئاراستەیەدا بپێورێت، کاری وشیاریدەرانە و شیکاری زانستی بۆ پرسە جیهانییەکان، ئەگەرچی پێویستە، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا کاریگەر دەبێت. ڕزگاربوونی مرۆڤەکان لە دیلێتی ئەم باوەڕانە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا، تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە بارودۆخی ماددی ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت و ئەو هێزە سروشتی و کۆمەڵایەتیانەی کە مرۆڤ لە ترسیان پەنا بۆ ئایین دەبات، بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی مرۆڤەوە. بەم ئاڕاستەیە و لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی لەم شێوەیەدایە کە ویستی جیایی دین لە دەوڵەت دێتەئاراوە. وەدیهاتنی خواستی جیایی دین لە دەوڵەت، ئەم ئامرازی سەرکوتە لە دەستی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دەردەهێنێت. جیایی دین لە دەوڵەت واتە هەڵوەشاندنەوەی بێ ئەملاو ئەولای هەر چەشنە ئیمتیاز و جیاکارییەک لە پیشە دەوڵەتییەکان و مافی تاکەکان بەپێی ئایین و پێگەی ئایینی ئەوان، یان باوەڕمەند بوون یان نەبوونیان بە ئایین، واتە هەڵوەشاندنەوەی هەرچەشنە یارمەتییەکی دارایی و هتد، لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ چالاکی و دامودەزگا ئاینیەکان، واتە هەڵوەشاندنەوەی کەرەستەکانی فێرکاری و داب و نەریت و ڕێوڕەسمی ئایینی لە قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییە دەوڵەتییەکان، واتە هیچ ئایینێک وەک ئایینی فەرمی ناناسرێن و ئایین وەک بابەتی تایبەتیی تاکەکان دادەنرێت و هەر تاکێک ئازادە لەوەی کە ئایینی ببێت یان نەیبێت. “جیایی دین لە دەوڵەتدروشمێکە، هاوکات گوزارشت دەکات لە پابەندبوونمان بە پڕەنسیپەکانی ئازادی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ. واتە جەخت لەسەر ئەو پرەنسیپە دەکاتەوە کە کۆمۆنیستەکان چ وەک ئۆپۆزسیۆن و چ لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بە توندی دژی پەنابردنە بەر ئیجبار و زەخت و زۆر و لێکۆڵینەوە لە بیروباوەڕ و هەروەها پێکهێنانی هەڵاواردن و سنووردارکردنی یاسایی بەرامبەر بە مرۆڤە ئایینییەکانن و بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینی لە کۆمەڵگادا، جگە لە خەباتی تیۆری و ڕۆشنگەری و پەروەردە و ڕازیکردن، هیچ شێوازێکی تر بەکار ناهێنن.