کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی ستراتێژی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خۆڕاگری ژنان و لاواندا

کۆماری ئیسلامی خاوەنی گەلێک بۆنەی کۆنەپەرستانەیە. لەم نێوانەدا رۆژی ٢١ی مانگی پوشپەڕ کە وەک “رۆژی عیفاف و حیجاب” ناو نراوە، یەکێک لە کۆنەپەرست ترینیانە. بەپێی ڕەواڵی ئاسایی ڕژیمی ئیسلامی بەوەشەوە نەوێستاوە و حەفتەیەک واتە مەودای نێوان رۆژەکانی ١٧ تا ٢٣ی مانگی پوشپەڕیشی وەک حەفتەی عیفاف و حیجاب دیاری کردووە. لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا ” سازمانی بەسیجی ژنان”، سەر بە سپای پاسداران، کۆمەڵێک بەرنامەی کۆنەپەرستانەی بەناو فەرهەنگی بەرین لە سەرتاسەری ئێراندا ئیجرا دەکات. لەم حەفتەیەدا بابەتی حیجاب و بەد حیجابی ژنان، دەبێتە مەسەلەی رۆژ و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم خەت و نیشان بۆ ژنان دەکێشن. لەم حەفتەیەدا دەستگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیم لە سەدا و سیماوە گرتویەتی تا تریبونەکانی نوێژی هەینی، ئامادە کراون تا فوو بە شەیپوری دژی بێ حیجابی و بەد حیجابیدا بکەن و ڕیگای هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان خۆش بکەن. دەزگای قەزاییش ئامادە کراوە تا لەو جەنایەتانەی کە لە لایەن ئەم هێزانەوە لە شەقامەکاندا روو ئەدەن، پشتیوانی بکات. فەرماندەی گشتی هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لەم بارەیەوە وتویەتی کە: “بەد حیجابی لە نیو ماشێنەکانیشدا کۆنترۆڵ دەکرێت”. بە وتەی ئەو: “مەئموری پۆلیس زابتی یاسایە و هەر جۆرە لادانێک لە یاسا و بەدحیجابی لە نێو ماشێندا بەرەوڕووی بەرخوردی مەئمورەکان دەبێتەوە”. بەم مەبەستە ئۆرگانە حکومەتیە پێوەندیدارەکان بەسیج کراون تا بە ناوی “ئەمنیەتی ئەخلاقی”یەوە وێڕای ئازاردانی ژنان لە هەموو کۆمەڵگادا چاوترسێنیان بکەن. سەرۆکی پۆلیسی ئەمنیەتی ئەخلاقی تاران وتویەتی: “تەرحی بەرخورد لەگەڵ بەد حیجابی و کەشفی حیجابی سەرنشینانی نێو ماشێنەکان لە چوار ڕێیانەکانی ئاستی شاری تاراندا دەست پێدەکەنەوە”. ئەو هەروەها وتویەتی: “پۆلیسی تارانی گەورە بە دامەزراندنی گەشتەکانی ئەمنیەتی ئەخلاقی و گەشتەکانی پۆلیسی مەخفی، لەگەڵ بەد حیجابیدا بە شێوەیەکی جیدی بەرخورد دەکات.”171

توند بوونەوەی گوشار بۆسەر ژنان بە بیانوی بەد حیجابی ئەگەرچی ڕیشەی لە ئیدئۆلۆژی و باوەڕەکانی ئەم ڕژیمەدایە، بەڵام لەمرۆدا ئەساسەن وەک ئامرازێکی سیاسی نە تەنیا لەدژی ژنان بەڵکوو لەدژی سەرجەم کۆمەڵگا بەکار دێت. کێشمەکێش لەسەر حیجابی ژنان لە هەر دوو لاوە، هەم لە لایەن ڕژیم و هەم لە لایەن جەماوەری ژنانەوە نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی لە خودی مەسەلەی حیجاب واوەتر دەچێت. مەسه‌لەی حێجاب ئەگەر لە لایەن ڕژیمەوە ئامرازێکە بۆ قودرەت نمایی لە ئاستی شەقامەکاندا، توند کردنەوەی فەزای خەفەقان و سەرکوت، چاوترسێن کردنی هەموو کۆمەڵگا، لە لایەن ژنانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە، هەوڵێکی نمادینە بۆ دەرچوون لە مەوقعیەتی پڕ لە سوکایەتی و ژێر دەستەیی کە ئەم ڕژیمە بەسەریانیدا سەپاندوە.

ئاشکرایە کە مەسەلەکە تەنیا لەسەر کۆنترۆڵی ئەخلاقی کۆمەڵگا نییە، بەڵكوو لەسەر هەموو مەوجودیەتی ڕژیمە. یەکێک لە ئاخوندەکان لە نوێژی هه‌ینیدا ئیعتیرافی بەمە کردووە و وتویەتی: “ئەو کەسانەی کە بێ حیجابن یان حیجاب لادەبەن لە ڕاستیدا دەیانەوێ سوکایەتی بە نیزام بکەن.” بەم جۆرە مەسەلەی پۆشینی ژنان و لاوان، بۆتە مەیدانی نەبەردێک کە ئاست و ئەنگیزەکانی هەم لە لایەن ڕژیم و هەم لە لایەن ژنان و لاوانەوە لە خودی بابەتی پۆشین واوەتر چووە. پێداگری لەسەر داسەپاندنی پۆشینی ئیسلامی لە لایەن ڕژیمەوە لە عەینی حاڵدا بیانویەکە بۆ قودرەت نواندن، توند کردنەوەی فەزای ئیختیناق و سەرکوت و چاوترسێن کردنی سەرجەم کۆمەڵگە و لە لایەن ژنان و لاوانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە. هەوڵێکە بۆ دەرچوون لە مەوقعیەتی پڕ لە سوکایەتی و ژێردەستەییەک کە ئەم ڕژیمە بەسەریدا سەپاندون. زاڵ کردنی ئەخلاقیاتی کۆنەپەرستانە بەسەر کۆمەڵگادا قەرار بوو ببێتە سپەری بەڵاکانی ڕژیم، بەڵام بۆتە بەڵای گیانیان. گۆمانی تێدا نییە خۆڕاگری ژنان و لاوان لەم مەیدانەدا تا شکست پێهێنانی بە تەواوەتی ئەم سیاسەتانە بە تایبەت لە بواری سیاسەتی داسەپاندنی پۆشینی ئیجباری بەسەر ژناندا درێژەی دەبێت.

٣٨ ساڵە کۆماری ئیسلامی بە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و فریودانیەوە لە هەوڵی داسەپاندنی پۆشینی زۆرەملێ بەسەر ژنان و لاواندایە، کە ئەمرۆ خۆی ئیعتیراف بە شکست هێنانی دەکات. بەکارهێنانی زمانی زۆر و هەڕەشە لە پاڵ کەمپەینەکانی ڕەواجدان بە فەرهەنگی دژی ژن و سەرفی هەزینەی زۆر، نیشانەی شکستی ستراتێژی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامییە لە بەرانبەر خۆڕاگری ژنان و لاواندا.

ژنانی ئێران لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا لەپاڵ چینی کرێکاردا زۆرترین ئازار و چەرمەسەریان لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە تەحەمول کردووە. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵداوە تا وێڕای بەکار هێنانی پیلانی سەرکوتی ڕاستەوخۆ، بە پشت بەستن بە باوەڕە مەزهەبیەکان، ستەم لەسەر ژنان دەروونی بکاتەوە و ئەوان وادار بکات تا بە موقعیەتی ژێردەستەیی خۆیان ڕازی بن، بەڵام نە تەنیا لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بۆڕکانی قین و توڕەیی ئەوانیشی زیاتر کردووە. ئەوەی کە ئەمرۆ لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا لە باری حوزوری بەرینی ژناندا دەیبینین، تەنیا بەشێکی چکۆلەیە لەو شەپۆلە بەرین و خورۆشاوەی کە لە ڕێدایە. وشیارییەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باوەڕ بە خۆییەکی بەهێز و سەرسەختی و لێبڕاویەکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە ئێران لە حاڵی شکڵ گرتن دایە. ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی شۆڕشی داهاتوی ئێرانە، شۆڕشێك کە لە هەر هەنگاوێکی بەرەو پێش چوونیدا یەکێک لە پایەکانی ستەمکێشی ژنان دەڕوخێنێ.