کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی لە کۆنفڕاسی رێكخراوی هاوکاری ئیسلامیدا

رۆژی پێنجشەممە ٢٦ ی مانگی خاکەلێوە سیزدەهەمین ئیجلاسی سەرانی وڵاتانی ئەندام لە ” رێكخراوی هاوکاری ئیسلامی” لە ئیستانبول دەستی بەکارەکانی کرد. ئەم كۆبوونه‌وه‌یه‌ بە ئامادە بوونی نزیکەی سی دەوڵەت لە ٥٧ دەوڵەتی ئیسلامی ئەندام، لەوانە کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو وە ماوەی دوو رۆژی خایاند.
” رێكخراوی هاوکاری ئیسلامی” ساڵی ١٣٤٨ دامەزرا و هەر ساڵی جارێک کۆبونەوەی خۆی لە یەکێک لە واڵاتانی ئەندام بەڕێوەدەبات. ئەم کۆبونەوە کۆنەپەرستانەیە ئەگەرچی لەباری به‌رینی ناوچەییەوە یەکێک لە گەورە ترین رێكخراوه‌كان پاش رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌، بەڵام لە ڕوانگەی کاریگەری دانان و کردارەکانیەوە وەک یەکێک لە بێ خاسیەت ترین و پڕ ناکۆکی ترین رێكخراوه‌ ناوچەییەکان بە ئەژمار دێت.رۆژێک بەر لە دەست پێکی ئەم کۆنفرانسە وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لە کۆبونەوەیەکی سەرەتاییدا دەستور جەلەسەکانی ئەم دانیشتنەیان دیاری کرد کە بریتیبوو لە: قسە کردن لەسەر شەڕی نێوخۆیی یەمەن، بارودۆخی قەیراناوی و شەڕ لە سوریە، لیبی، سۆمالی، مالی و ئەفغانستان، ناوچەی قەرەباغ و فەلەستین و هەڕەشەی گوروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان. هەڵبەت دەوڵەتانی شوڕای هاوکاری کەنداویش تەرحێکیان لەپێشدا ئامادە کردبوو کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە کۆماری ئیسلامی بەهۆی دخاڵەتەکانی لە کارباری وڵاتانی عەرەبیدا مەحکوم بکرێت و حێزب اللەی لوبنانیش وەک ڕیکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.693
مێحوەری سەرەکی باسەکان لە یەکەم رۆژی ئەم کۆنفرانسەدا بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ کەم کردنەوەی ناکۆکی نێوان دەوڵەتانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی کە ئۆردوغان ئەوی لەژێر ناوی پێویستی چارەسەر بوونی ناکۆکیەکانی نێوان شیعە و سوننی، کردە كاكڵه‌ی سەرەکی سوخەنڕانیەکەی. بەڵام ئەم هەوڵانە ئاکامێکی نەبوو وە ئێوارەی رۆژی هەینی بەیانیەی کۆتایی کۆنفرانس کە لە چوار بەندیدا کۆماری ئیسلامی بەخاتری دەست تێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا و پشتیوانی لە ڕژیمی بەشار ئەسەد و پشتیوانی لە حیزب اللەی لوبنان و هێرش کردنە سەر سفاڕەت و کۆنسولگەری عەرەبستان مەحکوم كردیوو، پەسند کرا. لەم بەیانیەدا هەروەها حیزب اللەی لوبنان وەک گوروپێکی تیرۆریستی ناوی هاتوە. ئەم بەیانیە بێچگە لە عێڕاق و لوبنان نەیارێکی تری ئەوتۆی لەنێو ئەم وڵاتانەدا نەبوو. رۆحانی و تیمی هاوڕێی کە نەیانتوانی بەر بە دەرچوونی ئەم بەیانیە بگرن، لە جەلەسەی کۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا بەشدارییان نەکرد.
بەڵام شەڕ و ئەو بابەتانەی کە قەرار بوو وەک دەستور جەلەسە بدرێنەبەر باس، ئەو موشکلات و موسیبەتانەن کە لە ڕاستیدا دەوڵەتانی سەرەکی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا لەوانە عەرەبستانی سعودی، کۆماری ئیسلامی، قەتەر و تورکیە لە بەدی هێنانی ئەم موسیبەتانە بەسەر خەڵکدا نەخش و دەورێکی بنەڕەتیان هەبوە. هەر ئەم دەوڵەتە ئیسلامی و جەریاناتی کۆنەپەرستی سەربەوانن کە لە ڕێگای دابین کردنی مەسڵەحەت و بەرژەوەندی و ئامانجی تەوسعە تەڵەبانەیاندا بە سەرف کردنی بە ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی زۆرلێکراو و چەوساوە، بە بەرپا کردنی شەڕ و کوشتار و وێرانی، ناوچەکەیان توشی گێژاوه‌ کردوە و بە دۆزەخێک کە بەرپایان کردوە، ژیانی خەڵکیان بە زەلکاوی فەلاکەتدا بردوەتە خوارێ. تەنزی جێی سرنجی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە خەبات لەدژی گوروپە تیرۆریستیەکانی وەک داعش و قاعیدە و بوکوحرام و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ی وەک ئەوانیش، وەک بەندێک لە دەستور جەلەسەی ئەو کۆنفرانەسە دەکەوێتە دەستور کاری ئەم دەوڵەتانەوە. بەڵام کێیە کە نەزانێ هەر ئەم دەوڵەتە ئیسلامیانەی حازر لەم کۆنفرانسەدا و لەپێش هەموشیانەوە کۆماری ئیسلامی، تورکیە و عەرەبستان و قەتەر خۆیان دابینکەری سەرەکی ئیمکاناتی ماڵی و ته‌سلیحاتی و تەداروکاتی گوروپە تیرۆریستیەکانن؟ کێیە کە باوەڕ بە دژایه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ لەگەڵ تیرۆریزم و گوروپە تیرۆریستیەکاندا دەكات؟. ” ئەیاد مودنی” سكرتێری گشتی رێكخراوی هاوکاریە ئیسلامیەکان لە تەئیدی ئەمەدا وتی کە:” لە ٥٧ دەوڵەتی ئیسلامی ئەندامی ئەم رێكخراوه‌ تەنیا ٢١ دەوڵەتیان تەوافوقنامەی به‌ربه‌ره‌كانێ لەدژی تیرۆریزمیان مۆر کردوە و مابەقی خۆیان لە مۆرکردنی بواردوە.”
پێکهاتنی ئەم کۆنفرانسە لە ئیستانبول و بەدەستەوە گرتنی سەرۆکایەتیە دەورەییەکەی لە لایەن ئۆردوغانەوە لە ڕوانگەی خۆیەوە دەرفەتێکە بۆ هەوڵدان لەڕێگای بەدەست هێنانەوەی پێگەی لەدەستچووی. ئۆردوغان هه‌ر به‌و هیوایه‌ رۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە، پێشوازیەکی گەرمی لە مەلەک سەلمان پاشای سعودیە کرد و بە تاریف کردنێکی زۆر لە دەور و نەخشی ئەو لە ” ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا” باڵا ترین نیشانی دەوڵەتی تورکیەی پێشکەش کرد. ئۆردوغان وێڕای ئەوەی کە لە ئیجرای سیاسەتە ناوچەییەکانیدا شکستی خواردوە، لە ئاستی جیهانیشدا کەوتوەتەبەر ڕەخنەی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداری. لە بواری نێوخۆییشدا بەرەو رووی گەلێک کێشە و گرفتی هەمەلایەنە بۆتەوە و ئاستی ئیعتیبار و دەسەڵاتی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بۆ مەلەک سەلمان و باقی ئەو دەوڵەتانەش کە پێوەندیەکی ئاڵۆزیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، نزیکایەتی لە دەوڵەتی تورکیە و هەوڵدان بۆ هاودەنگ کردنی دەوڵەتانی ئەندام لە ” رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی”دا، بە ئامانجی دروست کردنی کۆسپ لەسەر ڕێگای به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەدەچێت. بەڵام بۆ رۆحانی و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کە لە کێژاوی قەیرانە ئابووری، سیاسی، حکومەتی و نێونەتەوەییەکاندا پەلەقاژەیەتی، هیوا ئەوە بوو کە ئەم کۆنفرانسە وێڕای ئەوەی کە بتوانێ کرانەوەیەک لە پێوەندی و مناسباتی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا بەدی بێنێ، ئەو وەک هەوڵێک بۆ فەراهەم کردنی زەمینەی بارودۆخی پەسا بەرجام بە دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانیەکانی سەرمایەداریش نیشان بدات. لە بواری کێشەی باڵە نێوخۆییەکانی حکومەتیشدا رۆحانی هیوای ئەوە بوو کە وەک بەرەو پێشەوە چوونێک لە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەدژی ڕەقیبە نێوخۆییەکانی بەکاری بێنێ. سەرەڕای ئەوەی کە رۆحانی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە و ئامادە سازی فەزای کۆنفراسەکە ڕیاکارانە وتبووی کە ” عەرەبستان و ئێران کێشە نین بۆ یەکتر و بوونی ناکۆکی نێوانیان سوئی تەفاهومی دنیای ئیسلامە کە لە مەسیری دیپلۆماتیکدا شیاوی چاسەرن” بەڵام ئەم هەڵوێست گرتنە ئاکامێکی بۆی نەبوو وە رۆحانی نەتەنیا بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە، بەڵکو ئاکامی ئەم ئیجلاسە و بەیانیەی کۆتاییەکەشی شکستێکی ئابڕوبەرانە و سوکایەتی ئامێز بۆ کۆماری ئیسلامی بوو.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-