لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەدا، بڵاوکراوەکانی تاران کە هەڵبەت زۆربه‌یان سەر بەم یان ئەو باڵی حکومەتین، پڕن لە ڕاپۆرت و ئیددیعای دژیه‌ك سەبارەت بە بارودۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئێران. چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر ئەم بڵاوکراوانەدا ده‌ریده‌خات کە بارودۆخی ڕژیم، بە گشت باڵەکانیەوە، وەها شپرزەیە کە خەتی تەبلیغیی خۆشیان ون کردووە. نموونە لەمبارەیەوە زۆرن. بۆ وێنه، پێویستە چاوێك بگێڕین به‌سه‌ر تەنها یەک ژمارە لە دوو ڕۆژنامەی سەر بە هەرتك باڵە حکومەتییەکە، هه‌تا ئاستی ئەم هه‌ڵوێسته دژیه‌كانه بەڕوونی دەرکەون. ڕۆژنامەی ” تێجارەت” کە لایەنگریی لە دەوڵەتی ڕوحانی دەکات و ئیددیعا دەکات کە لە ڕوانگەیه‌کی تەخەسوسی و کارناسانەوە دەڕوانێتە مەسەلەکانی وڵات، لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی سەرماوەزدا لەسه‌ر زاری ” حەسەن کەمالیی”، وەزیری کار لە دوو دەوڵەتی ڕەفسەنجانیی و خاتەمیدا، لەپێوەند لەگەڵ شپرزه‌یی بارودۆخی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی‌دا دەنووسێ: ” ٦ لەسەدی یەکە سەنعەتییەکانی وڵات داخراون و ئەو ژمارەیەش کە چاڵاکن بە ٥٠ لەسەدی زەرفییەتەوە کار دەکەن. لەم وڵاتەدا لەپاڵ بێکاریی سەرچاوەگرتوو لەم بارودۆخەدا ٤ میلیۆن مۆعتادی ڕەسمیمان هەیە و ١٥ میلیۆن کەسیش ناڕاسته‌وخۆ گرفتاری ئەم كه‌سه موعتادانەن و ٢٠٠ هەزار كه‌سیش له‌پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م خەسارە کۆمەڵایەتییانەدا کە ئەم بارودۆخەی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، زیندانیی كراون.بەڵام ئەم ڕۆژنامەیە هەر لەم ژمارەیەدا ئەمجار لەسه‌ر زاری جێگری وەزیری ناوخۆوە لە کۆبوونەوەیەکدا لە دانیشگای گیلان دەنووسێ: “دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمید، ئابوورییه لەسه‌ر ڕەیل ترازاوه‌كه‌ی ئێرانی له‌ڕێگه‌ی ته‌دبیری درووست و ئوسولیی خستۆتەوە سەر ڕەیل. ده‌شڵێ: “دەوڵەتی ڕوحانی هیچكات ئامادە نەبووه كه لە بانکی مه‌ركه‌زیی وام وەربگرێت و تەوەڕوم واته هه‌ڵئاوسانی دابەزاند بۆ ئاستی یەک ڕەقەمیی”. ئەم ڕۆژنامەیە کە وەک یەکێک لە ئۆرگانە تەبلیغاتییەکانی دەوڵەتی ڕوحانیش چالاكیی هه‌یه هەر لەم ژمارەیدا، لە به‌شی وتاری سەرەکیدا لەژێرناوی ” لێکدانەوەی ئابووریدا” دەنووسێ: “دەوڵەت، گەورەترین قەرزداری بانکییە و ٦١ هەزار میلیارد تمەن بە بانکی مه‌ركه‌زیی قەرزدارە. ئەم قەرزە لە مانگی ڕەزبەرەوە هه‌تا مانگی ڕەشەمه‌ی ساڵی ڕابردوو، به ڕێژه‌ی ٤٠لەسەد زیادی کردووە”. بەڵام ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی دژیه‌ك لەناو دەزگا تەلیغاتییەکانی باڵی ناسراو به ئۆسولگەراش، هیچ دەستی کەمێكی لە وڕێنه‌كانی لایەنی بەرانبەر نییە. بۆ نموونە لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەی ڕۆژنامەی ” جەوان”یشدا شایه‌تی چەندین نموونەی لەم چەشنەین. ئەم ڕۆژنامەیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بەڕێوە ده‌برێت. ئەم باڵەی ڕژیم لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەدا بە ئاراسته‌ی سیاسه‌تی گەرمکردنی تەنووری “هەڵبژاردن”ی داهاتوودا، هەوڵ دەدات له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی داتا و ئاماری دیاریکراو، باڵی بەرانبەر بخاتە ژێر گوشار. بەڵام لە ترسی ئەوەیکە نەکا زیادەڕۆیی کردبێت و زانیاریی به‌ئیستلاح “زیاده”ی دابێته بە خەڵک، مەعموولەن وه‌ك ده‌ڵێن، هه‌ندێک لەو شتانه‌یكه بە دەستێک داویەتی، بە دەستەکەی دیكه وەریان ده‌گرێتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە لە جێیه‌كدا دەنووسێ: “ئەمڕۆ ٢٤ لەسەدی بنەمـاڵەكان له ئێران، هیچ کەسێکی شاغڵیان نییە”. ئه‌مه له حاڵێکدایه كه ئەم باڵە هەر جارناجارێک گله‌یی و گازنده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌وڵه‌تی ڕوحانیی داتا و ئاماری ناڕاست بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ده‌بینین كه خۆی بەبێ سه‌رنجدان بەو ئامارانەی کە لەم ژمارەی ڕۆژنامەکەدا لە چوارچێوەی بنەماڵەکاندا بڵاوی كردۆته‌وه، سه‌باره‌ت به بێکاریی دەنووسێ: “هه‌نووكه لە ئێران‌دا چوار میلیۆن بێکارمان هەیە”. بەڵام هه‌ر به‌پێی ئامارێک کە له‌م ژماره‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌دا پێشکەش کراوە، دەبینین کە ڕێژه‌ی بێکاران لە ئێران گەلێک زیاترە لە ٤ میلیۆن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ڕوون و ئاشكرایه بۆمان كه ڕێژه‌ی ڕاستەقینە، گەلێک زیاترە لەهەرتكی ئەم هه‌ڵسه‌نگاندنه ناڕاست و ده‌غه‌ڵكارانه‌یه.
ڕۆژنامەی “جەوان” لە هه‌مان كاتدا كه باس لە “عەداڵەت گۆستەریی ڕژیمی ئیسلامیی” دەکات، لە به‌شێكی دیكه‌دا دەنووسێ: “مافی بەهرەمەندبوون لە مەسکەن، خۆراک و پووشاک لە زومرەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکن، بەڵام لە ئێران‌دا، ئەمڕۆ ئەم مافانە بوونەتە ئاواتێکی دووره‌ده‌ست.”
ئەم هه‌ڵوێسته دژیه‌كانه وه‌ك په‌ندی مشت نموونه‌ی خه‌روار، گۆشه‌یه‌كی چكۆله‌ی سەرچاوەگرتوو لە واقعیەتێكمان بۆ به‌یان ده‌كات. واقعییه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه کە ڕژیمی ئیسلامیی بە گشت باڵەکانیەوە گیرۆدەی قەیرانێکە کە ڕێگه‌یه‌کیش بۆ دەربازبوون لێی شک نابات. لە وەها دۆخێک‌دا ئیتر ئامرازی فریودانه‌كه‌شی کارایی جاری جارانی بۆ نه‌ماوه. ئەمڕۆكه و دوای نزیکه‌ی ٤ دەیە ئەزموون، ئیتر ناکرێ به ئیددیعا و درۆ، خەڵکی بێکار و بێ سەرپەنا و بێبەش لە مافە سەرەتاییەکان، لە چاوەڕوانیی واده و بەڵێنی پووچ و بێ ناوەرۆک ڕاگیر بكه‌ی، یان ده‌نا بیانكه‌یته ده‌سته‌چیله و تماشاوانی مه‌یدانی ململانێی کێشەكانی ناو ده‌سه‌ڵات. لەم ڕووەوە تاكه ئێستراتێژیی ڕاستەقینە و جێگه‌ی پشت پێ بەستن بۆ مانەوەی ڕژیم، بەکارهێنانی هێزی زۆر و سەرکوتە. ئەوەیکە ڕژیم زیاتر لە هەرشتێکی دیکە لێی نیگەرانە، ناڕەزایەتیی کرێکاریی و ئەو ناڕەزایەتییە پرژ و بڵاوانەیە کە ئەمڕۆ لەسه‌ر ئاستی کۆمەڵگه‌دا لەئارادان، بەرە بەرە تەشەکول و ڕێبەریی شایستەی خۆیان بدۆزنەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بە تەجره‌بەش بووه، جوان بۆی دەرکەوتووە کە ئامڕازی سەرکوت لە بەرانبەر شەپۆلی خەباتێکی ڕێبەریکراودا کە مژدەدەری جیهانێكی ئینسانە ئازاد و یەکسانیخوازەکان بێت، به‌رگه ناگرێت و چی له‌ده‌ست نایه‌ت. هه‌ر بەهۆی ئه‌م فاكته‌ره ساكاره‌شه‌وه‌یه کە سه‌رنجی زیاتری خستۆتەسەر هەڵسووراوانی کرێکاریی و سیما پێشڕەوەکانی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و پیلان و تەرحی پیچیده بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە دادەنێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گشت ئه‌م هه‌وڵانه، هیوا بە گۆڕانكاریی له‌ناو کۆمەڵگه‌ی ئێران‌دا زیندووە. مێژوی حەیاتی هه‌موو دیکتاتۆرەکانی سەردەمی سەرمایەداریی نیشانی دەدات کە ئامرازی سەرکوتیان هێنده په‌ڕتووكاوه کە به‌رگه‌ی ته‌وژم و حەڕەکەتی جەماوەریی بێبەشان و چەوساوەکان ناگرێت، جه‌ماوه‌رێك کە بۆ دەستەبەرکردنی مافە پێشێلکراوەکانیان، ئه‌مجاره‌یان به شێوازێكی وشیارانە و ڕێکخراو دێنە مەیدان،