ئەوەندە بەسە کە چاوێکی خێرا بەو هەواڵانە دا بگێرین کە رۆژانە باس لە دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵ و بەرز بوونەوەی نرخی کالا ئەساسیەکان دەکەن، تا دەربکەوێ لێک هەڵوەشانی ئابووری کۆمەڵگا چ خێراییەکی بە خۆیەوە گرتوە. لە هەواڵەکاندا هاتبوو کە نرخی فرۆشی هەر کیلۆیەک سێوزهوینی لە بازاڕی وردە فرۆشیدا لە تاران گەیشتۆتە ٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن و ئەوە لە حاڵیک دایە کە قیمەتی هەر کیلۆیەکی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە نێوان یەک هەزار و ٢٠٠ تا ٢ هەزار و ٥٠٠ تمەن، لە بەرز و نزمیدا بووە. هاوکات وترا کە شیرکەتی کشت و سەنعەتی تەلاچین بە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی سێو زەمینی بەرهەمەکانی ڕاگرتوە و سەرجەم ٥٥٠ کرێکارەکەی سرگەردان ماونەتەوە. ئەو کرێکارانەی کە مام ناوەندی پێشینەی کاریان لە نێوان ٦ مانگ تا ١٠ مانگ دا بووە.
وترا کە نرخی هەر کیلۆیەک تەماتە لە ماوەی حەفتەی ڕابردودا زیاتر لە سەد لە سەد بەرز بۆتەوە و گەیشتۆتە ٧ هەزار تمەن. وتراوە کە نرخی ڕوبی تەماتە گەیشتۆتە زیاتر لە دوو بەرابەر و نیوی نرخی پێشوی و لە بازاڕدا لە نێوان ١٨ تا ٢٠ هەزار تمەندا دەفرۆشرێت. باسی ئەوە دەکرێت کە لە کۆتایی حەفتەی ڕابردودا نرخی مریشک گەیشتۆتە ١١ هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک و لە کۆتاییدا وتراوە کە نرخی کالا ئەساسیەکان بە شێوەیەکی مام ناوەندی نزیک بە سەد لەسەد بەرز بوونەتەوە.
ئەم شپرزەیی ئابووریە لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بێجگە لە ڕاگەیاندنی وەرشکست بوونی بەرنامە ئابووریەکانی دەوڵەتی ڕووحانیی. لە بیرمان نەچۆتەوە کە لە گەرما و گەرمی هەڵبژاردنی دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماریەکەیدا جاڕیان ئەدا کە ئەگەر ڕەئیسی بێت دۆلار دەبێتە ١٠ هەزار تمەن، ئەگەر ڕەئیسی بێت تەوافوقی بەرجام لەبەین دەچێت، ئەگەر ڕەئیسی بێت گەشەی ئابووری ڕادەوەستێت. سەناگۆیانی ڕووحانیی فویان بە زوڕنادا دەکرد کە لەوەی وەک خەڵکی سوریەتان لێبێت بترسن، لە ئیختیناقی سیاسی بترسن، ئێمە هەر ئەو کاتە وتمان کە ئەمە کێشمە کێشی هەڵبژاردنە و هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە. وتمان کە کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردودا هەموو باندەکانی ڕژیم و بەرنامە ئابووریەکانیانی تەجروبە کردوە. وتمان کە قەیرانی ئابووری ئێران ڕێگا چارەی سەرمایەدارانەی نییە. وتمان کە بە جێگای بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا دەبێ لەبیری ئامادەکاری بۆ شۆڕشدا بن.
ئێستا لە نیوەی دووهەمی دەورەی سەرۆک کۆماری ڕووحانییدا، دۆلار گەیشتۆتە سنوری ٢٠ هەزار تەمەن. لە بەرجام تەنیا پەیکەرێک ماوەتەوە و هیچی تر. لە ڕوانگەی ڕووحانیی و جاڕچیەکانیەوە بەرجام دەبوو زەمینەی گەشەی ئابووری و بارودۆخی چوونی سەرمایەی دەرەکی فەراهەم بکردایە، تا بۆرژوازی نێوخۆیی لە بەستێنیدا بههرهمهند بوایه. دەبێ کرێکاران بە بێڕەحمانە ترین شێوە ڕازی بوونایە بە بەهرەکێشی تا بۆ خاوەنانی سەرمایە هەرزانتر لە کرێکاری چینی و بنگلادێشی بن. بەڵام بە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام ڕهوتی لێک هەڵوەشانی ئابووری خێرا تر بوو. دوو ڕەقەمی بوونی تەوەڕوم، کەم بوونەوەی کارەسات باری توانیای کڕینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بە ملیۆن کەس لە خەڵک، دابەزینی سات بەساتی ئەرزشی ڕیاڵ تا ئەو جێگایەی کە خودی کاربەدەستانی ڕژیم باس لە دابەزینی ٣٦٠ لەسەدی ئەرزشی ڕیاڵ دەکەن لە بەرانبەر دۆلار دا. و لە کۆتاییدا بەرز بوونەوەی نرخی کالا ئەساسیەکان بە گشتی نیشانی دا کە گشت ئەوانەی کە هیوایان به دەوڵەتی ڕووحانیی بوو وە بە ئاواتی گەشەی ئابووری دانیشتبوون و چاوەڕێی ڕاخرانی فەڕشی سور بۆ سەرمایەدارانی دەرەکی بوون، دەستیان بە پهتێكی داڕزیوهوه گرتبوو. دەرکەوت بە سوریەیی بوونێک لە ئارادا نەبووە و ئەوەی کە بووە شەڕی ڕژیم لەدژی خەڵک بووە لە گشت حەوزەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. لەم شەڕەدا نەدەبوو نانێک لە سفرەی خەڵکدا بمێنێتەوە، دەبوو رۆژ لەگەڵ رۆژ بە ئەڕتەشی ملیۆنی بێکارانەوە زیاد بوایە، دەبوو حوزوری منداڵانی کار و خیابانی وێنای پاک نەکراوەی کۆمەڵگایان پیشان بدایە، دەبوو توانایی کڕینی کرێکاران ٨٠ لەسەد کەم بوایەتەوە، دەبوو هەژاری میوانی سفرەی خەڵک بوایە و دەبوو هەژاری بکرایەتە ژنانە. و لەم نێوانەدا مۆرە ورد و درشتەکانی ڕژیم بێشەرمانە خەڵکیان بۆ پشتیوانی لە بەناو ئابووری خۆڕاگرانە بانگەواز بکردایە و باسیان لە عەزەمەتێک بکردایە کە گۆیا ڕژیمەکایان لە دنیادا دۆزیویەتەوە. ئەوە تەنیا ئیمام جومعەی ئیسفەهان نەبوو کە دەیوت ” دین بۆ ئەوە نییە کە ڕوبی تەماتە هەرزان بێت” و ئەو هەڵبەت حەقی بوو لەبەر ئەوەی کە دین بۆ ئەوە بوو کە خەریکی خەڵەتاندنی خەڵک بێت، تا بەڕێوەبەرانی بەمیلیارد سەروەت کەڵەکە بکەن و خەڵک لە هەژاری گیان تاوێندا گیربخۆن. ڕووحانیی دەستێکی کەمی لەو نەبوو کاتێ کە لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا رۆژێک دوای بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی گشتی ڕێكخراوی نهتهوه یهكگرتووهكان ئیدیعای کرد کە ” گرانی ئەرز بابەتێکی گشتی خەڵکی ئێڕان نییە و لەسەر هێندێک لە معامەلات و بەشێکی کەم لە خەڵک کاریگەری دەبیت”. بەڵام بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران دەبینن کە لە چەند مانگی ڕابردودا شیرەمەنی لە سەر سفرەیان لا برابوو وە ئێستاش سێوزهوینی بەشوێندا دێت.
بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە لەسهر بەستێنی ئەم شپرزەیی ئابووریەدایە کە رۆژانە بەرەیەکی نوێ لە خەبات و خۆڕاگری خەڵک، بەرەیەکی نوێ لە پەرە گرتنی ناڕەزایەتی کرێکاری، لە ئاخیزی و ناڕەزایەتی خیابانی لە کۆمەڵگادا دەکرێنەوە. هاواری ناڕەزایەتی لە گشت جێگایەک دەبیسترێت لە کارخانە تا خیابان، لە ئوتوبوسەوە تا مێترۆ.
خەڵک فێر بوون کە نەترسن. خەڵک فێر بوون تا بە یەکەوە یەکگرتوو بن. خەڵک بە ڕژیم و ئۆرگانە سەرکوت گەرەکانی دەڵێن:” بترسن، بترسن، ئێمە هەموومان بەیەکەوەین.” هێشتا رۆژێک بەسەر قسەکانی دادستانی گشتیدا لەدژی مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان، ناوی ڕێگری لێنان و وتی كه تۆمهتی ههڵگرتنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک، و نانەوەی کێشە لە نەزمی گشتیدا” دایه پاڵیان و هەڕەشەی سزای ٣ تا ١٥ ساڵ و ٧٤ زەربە شهلاقی لێ كردن. هێشتا باس لە گیرانی ٨١ کەس لەوان و زیندانی کردنیان تێنەپەڕی بوو، کە مانگرتن ٢٣٦ شاری گرتەوە. ئەوان لەبەرانبەر تەرفەندەکانی ڕژیمدا بۆ پێكهێنانی تەفرەقە و دانی وەعدە و وەعیدی هەمیشەیی ڕایانگەیاند کە لاستیکی بە خۆڕایی وڵامی دەردی ئێمە کرێکاران نییە، ناڕەزایەتیی ئێمه واوەترە لە لاستیكی ماشێنه، ناڕەزایەتیی ئێمە لەدژی زوڵم و نا یەکسانی حاکمە.
ئەگەر هیچ هۆکارێک بوونی نییە تا خەڵک باوەڕ بکەن کە ئەم ڕژیمە ڕێگا چارەی بۆ هێور کردنەوەی قەیرانی قوڵی ئابووری، ڕێگا چارەی بۆ نابهسامانییه کۆمەڵایەتیەکان و هەژاری هەیە، بەڵام بە هەزاران هۆکار بوونی هەیە کە خەڵک باوەڕ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی کارەسات باری ئیستا ڕێگا چارەیەک بێجگە لە پەرەدان بە خەباتی کرێکاری، سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە، پەرەدان بە ناڕەزایەتی جەماوەری و هاو ئاڕاستە بوونی ئەم خەباتە لەگەڵ یەکتردا بوونی نییە. بێ گومان شەڕ کردن بۆ ژیانێکی باشتر و بۆ ڕیفاه، ئازادی و بەرابەری هەزاران جار بە نرخ ترە لە تەسلیم بوون بە بارودۆخی موسیبەتباری ئێستا.