کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شوێن پێی کۆماری ئیسلامیی لە پەرەگرتنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەردا

ئاستی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ئێران بەردەوام ڕووی لە پەرەسەندنە. کۆماری ئیسلامیی لەوێوە کە کۆمەڵگای توشی موسیبەتی گەورە کردوە ئیجازە نادات تا ئامارێکی ڕاستەقینە لەو موسیبەتە بڵاو بێتەوە. بەڵام هەوڵی ڕژیم لەم بوارەدا بێ هودەیە لەبەر ئەوەی لە سەردەمی ئینترنێت و تەقینەوەی زانیاریدا، ڕاستیەکان ناکرێت لە خەڵک بشاردرێنەوە.

سایتی فەرارو کە یەکێک لە سایتەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامییە بە بۆنەی کۆتایی ساڵی ١٣٩٦ وە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ساڵی ڕابردوودا بڵاو کردەوە. ئەو ئامارەی دراوە لەم ڕاپۆرتەدا نیشانی ئەدات کە ڕێژەی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠، لە مەودای نێوان ٥ ساڵدا دوو بەرابەر زیادی کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە:” بەپێی نوێترین ئامارەکان، نزیک بە سی ملیۆن کەس بەکارهێنەری ” بەردەوامی” مادەی هۆشبەر لە ئێراندا هەن. ئەم ئامارە زیاتر لە دوو بەرابەری ژمارەی گیرۆدە بوانی ساڵی ٩٠ده‌.” هه‌ڵبەت تەنیا خاڵی نزیک لە ڕاستی لەم ئامارەدا ئیعتیڕاف بە دوو بەرابەر بوونی ژمارەی گیرۆدەبوانە لەم مەودا زەمەنییەدا. دەنا سەبارەت بە ژمارەی سەرجەمی گیرۆدە بوان لە ئێران ڕەقەمێکی گەلێک بەرز تر مەتڕەحە. بەڵام ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بە خاڵێک کردووە کە بەبێ ئەوەی ڕاپۆرتەکە خۆی ویستبێتی، دەقیقەن شوێن پێی کۆماری ئیسلامیی لە پەرەگرتنی گیرۆدە بوواندا نیشان ئەدات. لە ڕاپۆرتەکە هاتووە:” کاتی مامناوەندی دەست ڕاگەیشتن بە مادەی هۆشبەر بۆ دوو خولەک دابەزیوە.” واتە لە ڕاستیدا کەمتر کالایەک بەم ڕادەیە لەبەر دەست دایە کە بتوانی بەم خێراییە بە دەستی بێنی. ڕژیمێک کە لە ڕێگای دەم و دەزگا پان و بەرینە ئیتلاعاتی و سیخوڕیەکەیەوە حەریمی خوسوسی یەک بە یەکی دانیشتوانی کۆمەڵگەی لەژێر چاودیری دایە و بێ پەروا سوچ و قوژبنی ماڵی هەموو کەسێک دەپشکنێ و مەجلیسی میوانی و جێژن و شادی خەڵک تێکئەدات، چۆن بە بەرچاویەوە لە ماوەی ٢ دەقیقەدا لەسەر کۆڵان دەکرێت مادەی هۆشبەر تەهیە بکرێت؟ بیندراوەکانی ڕۆژانە و ئیعتیڕافی خودی کاربەدەستانی حکومەتی دەرخەری ئەوەن کە لەسەر ڕێگای بە دەست هێنانی مادەی هۆشبەردا، لە مەدرەسە، لە زانکۆ، لە دێهات و مەزراکان، لە بازاڕ و لە گەڕەکەکان، هیچ کۆسپ و بەربەستێک بوونی نییە و لە هەموو جێگایەک دەکرێ بە هاسانی دەستت بەم مادە وێرانگەرەی ژیانی ئینسانەکان ڕابگات. ئەگەر بەڕاستی دەستی فەرماندە نیزامییەکان، سپای پاسداران و مەئمورانی ئیتلاعاتی و حکومەتگەران لە کاردا نییە چۆن بەم خێڕاییە دەکرێت مادەی هۆشبەر بەدەست بێت؟72

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە خەڵک باش دەزانن کە سەرچاوە و عاملانی سەرەکی بەرهەم و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر کێن. هەموان دەزانن کە سەری هەودای ئەم سەنعەت و توجاڕەتە گەورەی مەرگ بە کوێوە بەندە و چۆن فەرماندە نیزامییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی و سەرانی حکومەتی و چەقۆ کێشانی لیباس شەخسی کە لە خزمەت ڕژیمدان، لە تۆڕی مافیایی بەرهەمهێنان، بڵاو کردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە نێو خۆ و هەناردە کردنی بۆ دەرەوەدا تێک تەندراون و چلۆن تۆڕێک لە خراپ کارانی حیرفەیی، هەر ئەوانەی کە تیمە عەمەلیاتیەکان لەدژی قاچاغچیانی غەیرە خودی فرماندەیی دەکەن، سەرانی سپای پاسداران و مودیرانی بونیادە ڕەنگاورەنگەکان، لەم تۆڕە مافیاییەدا ڕێکخراون تا ئەم کالا ماڵوێرانکەرە پڕ سود و قازانجە دەستاودەست بکەن و لە ڕێگایەوە ئیرادە و شور و شعوری لاوان بسوتێنن.

بەڵام پیشەسازی و توجاڕەتی مادەی هۆشبەر بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا توجاڕەتێکی سودئاوەر نییە ” بەرەکەتی تریشی هەیە، سستی و بێ حاڵی و بە خۆوە خەریک کردن و لەنیو بردنی وزە، توانایی و ئەنگیزەی خەباتکارانەش، لە باقی بەرەکەتەکانی ئەم ئەفیونەن بۆ ڕژیمی ئیسلامی. بە ملیۆن کەس لە لاوان بە جێگای ئەوەی کە پشت ڕاست بکەنەوە و مستەکانیان پیشان بدەن و هاواری مەرگ بۆ ئەم ڕژیمە بڵێنەوە، لە گۆشەی خیابانەکان گرمۆڵە بوون و ئازار دەکێشن. زیاتر لە ٦ ملیۆن ئینسان نەتەنیا لە گەردونەی چالاکی ئینسانە پڕ شور و پڕ جۆش و خورۆشەکان، ئەو ئینسانانەی سوننەت شکێن و نوێ خوازن دوور خراونەتەوە و بوونە بار بەسەر کۆمەڵگاوە؛ بەڵکو سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکانیان و هەموو کۆمەڵگا شەرمەزارە بە بوونیانەوە و ئازاریان پێوە دەچێژێ. کۆماری ئیسلامی پێویستی بە دەستاودەست بوونی مادەی هۆشبەرە لە کۆمەڵگادا لەبەر ئەوەی بە خەمۆکی و بێ کاردانەوەیی و بێ تەفاوەتی کۆمەڵگە، بە لەخۆ بێگانە بوونی خەڵک، بە دڵمردویی و گۆشەگیری و سەر بردنەوە نێو لاکی خۆی لاوان، بە بێدەنگی و کپ بوون، بە مل کەچی و هەست بە سوکایەتی کردنی شارۆمەندان ئەو زیاترهەست بە ئەمنیەت دەکات.

چارەسەر کردنی گیرۆدەبوان، چاو لێکردنیان وەک قوربانی و لەگەڵیان وەک نەخوش هەلسوکەوت کردن نەک وەک تاوانبار، لە جێگای خۆیدا کارێکی ئینسانیە. بەڵام خەبات لەگەڵ پەرەسەندنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لەنێو ئەو ئینسانانەدا کە هێشتا گیرۆدەی داوی ئەم بەڵایە نەبوون، دەبێ دەقیقەن لە پۆچەل کرنەوەی ئەم پیلانانەی دوژمنەوە دەست پێبکرێت. تێکۆشان و دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ کێشە و گرفتەکاندا، ڕێگا چارەی بەرگرتن لە گیرۆدە بوونیشە. تەجروبە نیشانی ئەدات کە لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا لەوێوە کە جموجۆڵ لە ئارادایە، لەوێوە کە هاوپشتی ئینسانەکان بە بەرەکەتی ئەم جموجوڵانە قوڵتر و بەرین تر دەبێتەوە، ڕێژەی ئاسیب پەزیری لاوان گەلێک کەمترە.