کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شووشەی تەمەنی ڕژیم لە دەست کرێکاران و بێبەشەکاندایە

n00158803 b

مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتی خانەنشینان و پەرستاران لە دەیان شوێنی ئێران هەروا بەردەوامە. نە یاسا دژە خەڵکییەکانی ڕیژیم و نە بوونی یەکەی تایبەت و هێزە سەرکوتگەرەکان هیچکامیان ناتوانن بەر بە پەرەسەندنی بگرن. هەر فۆرمێک لەم ناڕەزایەتیانە و لەوانە مانگرتنیش، لە ڕوانگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە نایاساییە. لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا چەندین جار یاسای کار هەموارکراوەتەوە و هەر جارە و کۆمەڵێک تێبینی جۆراوجۆری لێ زیاد کراوە یان کەمکراوەتەوە، بەڵام لە هیچکام لە ڕەشنووسەکان و لە هیچ یەکێک لە دەقە پەسەندکراوەکاندا تەنانەت بۆ یەکجاریش وشەی مانگرتن بەکارنەهاتووە. وەک ئەوەی کە بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا بە هیچ شێوەیەک بوونی نەبێت. بەڵام سەرەڕای ئینکاری و پەردەپۆشکردنەکانی ڕژیم، مانگرتنە کرێکارییەکان، کابوسێکی بەردەوامی ناوەندەکانی سەرکوتی ڕاستەوخۆ، لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران و فەرماندار و پارێزگارەکانەوە بگرە تا دام و دەزگای سەرکوتی ناڕاستەوخۆی وەک ڕێکخراوە دژە کرێکارییەکانی خانەی کاریگەر و شۆڕا ئیسلامییەکانی کار و هتدبووە. مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی دانەبڕاوە لە بوونی چینێکی کە هەموو سەروەت و نیعمەتەکانی کەڵەکەبووی ئەم کۆمەڵگایە، بەرهەمی ڕەنج و کاری ئەوانە. ئەو حەقدەستەی که سەرمایەدارەکان بە کرێکارانی دەدەن، تەنیا بەشی دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن سبەی سەرلەنوێ بچنەوە سەر کار و بچەوسێنەوە و سەروەت بەرهەم بهێنن. بەڵام کرێکاران لە ئاست ئەم هەلومەرجە ستەمکارانەیەدا تەسلیم نەبوون و ئیرادەیان لەدەست نەداوە. ئەگەر سەرمایەدارەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تا بە پێدانی حەقدەستێکی کەم بە کرێکاران و خۆ بواردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لەگەڵ کرێکاران لەسەری ڕێککەوتوون، قازانجی زیاتر بەدەست بهێنن. لەبەرامبەرداکرێکارانیشبۆباشترکردنیبارودۆخیژیانیخۆیانوبنەماڵەکانیان،مانگرتنوەکتاکتیکێکیکاریگەرلەدژیسەرمایەداران

و دەوڵەتە پشتیوانەکەیان بەکاردەهێنن. خەباتی ڕێکخراوی کرێکاران لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیان، دەستپێکێکی بە بەرنامە و ئامانجداری خەباتی کرێکارانە وەک چینێک لە دژی نیزامی سەرمایەداریی. تا بەرلەوە، کرێکاران تەنیا بە شێوەی تاکەکەسی لە ململانێ لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا بوون. بەڵام لەمەودوا کرێکاران فێری ئەوە دەبن کە چۆن هێزی بەکۆمەڵی خۆیان لەم نەبەردەدا بەکاربهێنن. کرێکاران فێری ئەوە دەبن کە خەباتی تاکەکەسیی لە دژی سەرمایەداران هیچ ئاکامێکی نابێت. کرێکاران لە درێژەی ئەم خەباتەدا، خۆیان لەژێر باری سووکایەتی پێکرانی ڕۆژانەیان لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە ڕزگار دەکەن و متمانە بەخۆبوون و کەرامەتی ئینسانی خۆیان بەدەست دەهێننەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی هەر حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی وەک مانگرتن و هتد، خاوەنکارەکان دەرک بەوە دەکەن کە ستەم و سەرەڕۆیی ئەوان بەرامبەر بە کرێکاران، سنوورێکی هەیە و ئیتر ئەوان بەسەر چارەنووسی کرێکاراندا حاکمی موتڵەق نین. کرێکارانیش بەوە دەگەن کە ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەو نەهامەتیانەی کە سەرمایەداران بەسەریدا سەپاندوون بوونی هەیە و هیوا بە ڕزگاربوون لەو دۆخە ژێردەستەییە لە ناخیاندا دەپشکوێ.

لە کاتی مانگرتندا کرێکاران ڕووبەڕوو لەگەڵ سەرمایەدارەکان دادەنیشن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن و بە پشتبەستن بە هێزی یەکگرتووی خۆیان، داوای مافەکانیان دەکەن. بەم شێوەیە تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، خۆیان لە پێگەیەکی یەکسان لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا هەست پێدەکەن. لە ڕۆژانی مانگرتندا، ئەوە کرێکارەکانن کە بۆ سەرمایەدارەکانی دیاریدەکەن و فەرمانیان پێدەکەن. نیگەرانی لە شکڵگرتن و جێگیربوونی ورەیەکی لەو چەشنەیە کە ترس دەخاتە دڵی دەوڵەتەکانی پشتیوانی سەرمایەداران و سەرلێشێواوانە ئامرازە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی سەرکوت لە دژی کرێکاران بەکاردەهێنن. کاردانەوەی دەوڵەت، ئەو وانەیە فێری کرێکاران دەکات کە بۆ ئەوەی ئەم نەبەردە سەرکەوتووانە بگەیەننە ئەنجام، پێویستە هۆشیارانەتر، ڕێکخراوتر و شێلگیرانەتر پێ بنێە مەیدانی کردارییەوە. مانگرتن چاوی کرێکاران نەک هەر بەڕووی سروشتی سەرمایەداران، بەڵکوو بەڕووی سروشتی دەوڵەت و یاسا و ڕێساکانیشیدا دەکاتەوە، هەر مانگرتنێک ئەو ڕاستییە وەبیر کرێکاران دەهێنێتەوە کە دەوڵەت دوژمنی کرێکارانە و چینی کرێکار دەبێت خۆی بۆ خەبات لە دژی دەوڵەت و لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئامادە بکات. مانگرتن، کرێکاران فێری ئەوە دەکات کە بەیەکەوە یەکگرتوو بن، نیشانیان دەدات کە تەنیا کاتێک کە یەکگرتوو بن، دەتوانن لە دژی سەرجەم سەرمایەداران خەبات بکەن. هەروەها فێریان دەکات کە بیر لە خەبات لەدژی حکوومەتی پۆلیسی بکەنەوە و لەپێناو ئازادی هەموو خەڵک و هەموو ئەو کەسانەی کە لەژێر باری ستەم و سەرەڕۆیی دا ئازار دەبینن، تێبکۆشن. بەم شێوەیە مانگرتن بوارەکانی خەباتی سیاسی بەڕووی کرێکارانی پێشڕەو و ڕێبەرانی کرێکاریدا دەکاتەوە و فێریان دەکات کە ئەرکی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگا ئاوەژووە، کە چارەنووسی لە دەست چینێکی زیادە و مشەخۆردایە، لە ئەستۆی ئەوانە. ئەوان لە درێژەی ئەم خەباتەدا، فێری ئەوە دەبن کە هەموو ئەو هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە، برسێتی، هەژاری، ستەم لەسەر ژنان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئالوودەبوون بە مادەهۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، کاری منداڵان، منداڵانی سەر شەقام و سەرجەم گەندەڵییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە، بەرهەمی نیزامێکە کە مێژووی تەمەنی گەیشتۆتە کۆتایی و بە دەستی بەتوانای چینی کرێکار دەتوانرێ بگۆڕدرێت. بزووتنەوەی کرێکاریی لە هیچ وڵاتێک داوای مافی مانگرتنی لە ڕژیمە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەکان نەکردووە، بەڵکوو بە خەبات و هێزی یەکگرتوویی خۆی ئەم مافەی بەدەستهێناوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، ئەگەرچی ڕژیم هەرگیز مافێکی لەو شێوەیەی بۆ کرێکاران بەفەرمی نەناسیوە، بەڵام بەردەوام مانگرتن یەکێک بووە لەو ئامرازانەی کە جەماوەری کرێکاران بۆ دەرهێنانی بەشێک لە مافەکانیان لە قوڕگی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان، بەکاریان هێناوە.

مانگرتن ئامرازێکی بەکۆمەڵی خەباتی کرێکارانە، قوتابخانەیەکە بۆ ڕاهێنانی چینی کرێکار لە خەباتێکی چارەنووسسازدا کە لە پێشیدایە. مانگرتن دەرفەتێکە بۆ سەرهەڵدان و پەروەردەکردنی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریی. لە کاتی مانگرتندایە کە کرێکاران دەرک بە پێویستی ڕێکخراوبوون یان یەکگرتووترکردنی هەرچی زیاتری ڕێکخراوەکانیان دەکەن و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزووتنەوەکەیان دەناسن و ئەزموونەکانی خۆیان بۆ خەباتە چارەنووسسازەکانی داهاتوو دەوڵەمەندتر دەکەن. لە ڕەوتی مانگرتنەکاندا هاوڕێیەتی و هاوپشتی کرێکاران پتەوتر دەبێت. لە ڕۆژانی مانگرتندا، بنەماڵەی کرێکارەکان  زیاتر لە جاران هەست بە لێک نزیک بوونەوە دەکەن و لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەدا، بە هانای یەکترەوە دەچن. هیچ ئاستێک لە خزمەتگوزاری و بیمەی کۆمەڵایەتی، هیچ ڕادەیەک لە زیادکردنی حەقدەست و باشتربوونی دۆخی ئەمنییەتی کار، بەرهەمی بڕیارێکی داوتەڵەبانە و ئیختیاریی سەرمایەداران نەبووە. هەر مافێکی کە لەم بوارانەدا بەدەست هاتبێت یان بڕیارە لە داهاتوودا بەدەست بهێنرێت، تەنیا حاسڵی خەباتی ڕاستەوخۆی کرێکاران یان ترسی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لە کاردانەوەی توندتر و بەربڵاوتری کرێکاران بووە. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا کاتێک لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران لە شێوەی مانگرتن بەرەوڕوو نەبنەوە، وڵامی ویست و داواکاریی کرێکاران نادەنەوە. بەڵام کاتێک کە کرێکاران پرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی قازانجی سەرمایەدارانیان وەستاند، ئەو کاتەیە کە ئیتر ترس بەسەریاندا زاڵ دەبێت و تێدەگەن کە چۆن شووشەی تەمەنی نیزامەکەیان لەدەست ئەو هەژار و بێ بەشانەدایە کە تا دوێنێ بە کۆیلەیان دەگرتن و سووکایەتییان پێدەکردن..