کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

شوورای ئیسلامی شاری سنە گرفتی كارتۆن خەو چۆن چارەسەر دەكات؟

39

2016-12-19 | ۱۳۹۵-۰۹-۲۹

نشریه پیشره و

39

 

بە پێی ڕاپورتی “ایلنا ” شۆرای ئیسلامی شاری سنە لە كۆبونەوەیەكدا بە بەشداری بەرپرسانی شارەداری و چەند بەرپرسی تری دەزگا دەوڵەتییەكان لەم شارە، گرفتی كارتۆن خەویی لە شەقام و پاركەكان و هەروەها پەرەسەندنی گیرودە بووان بە مادە هۆشبەرەكان و دیاردەی سواڵ كردنی تاوتۆێ كرد. لەم كۆبونەوە و چەند كۆبونەوەی تر دا هەر كامە لە بەشدار بووان گۆشەیەك لە پەرەسەندنی ئەم دیاردانەیان خستە روو، لەوانە، باس كرا كە كەس بە فیكری ئەم كەسانەدا نیە كە شەوانی ساردی زستان جیگایەكیان بۆ پەنا گرتن نیە. یان قسە لەوە كرا ئەم دیاردانە دەری دەخات كە فاسیلەی نێوان خەڵك و دەزگا دەوڵەتیەكان هەر دێت و زیاد دەبێ، بەڵام زۆربەی بەشدار بووان لەم كۆبونەوەدا نەیان توانی یان نەیان ویست دەس بخەنە سەر سەرچاوەی پەرەسەندنی ئەم دیاردانە لە شاری سنە و زۆر شوێنی تر. ڕای گشتیی لەم كۆبۆنەوە لە راستیدا دور خستنەوەی تاوانەكە لە سەر شانی كۆماری ئیسلامی بوو كە و هۆكاری بێ ماڵ و حاڵی خەڵك لەوانە دیاردەی كارتۆن خەوییە. بەشداربووان هۆڵیان دا هۆكاری پەرەگرتنی ئەم دیاردەانە بگێڕنەوە بۆ فاكتەرەكانی وەك ئەوەی كە كاری فەرهەنگی نەكراوە و ناكرێ بۆیە ئەم گرفتانە لە شارەكە هەر دێت و زیاد دەكات. دیارە نابێ چاوەروانی شتی زیاتریش لەم كەسانە بكەین كە بە لاریدابردنی ڕای گشتی و ڕێگا خوش كردن بۆ پێش چوونی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان شوغلیانە و نانی لێ دەخۆن.

كۆماری ئیسلامی وەك هێزی دەسەڵاتدار لە بواری سیاسی و ئابوری لە ئیران، بەرانبەر بەم هەموو كارەساتە لە ژیانی خەڵك دەڵێت میشێك میوانی نییە، چونكە هەر ئێستا سەرباری ئەم وەزعیەتە لە ناوخو و گوزەرانی تاڵی خەڵك، لە چەند وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەوانە لە سوریە، عیراق و یەمەن و لوبنان و… لە حاڵی شەڕدایە، مەسەرفی چەندین سازمان و گروپی سیاسی و نیزامی، وەك حزب اەلتی لوبنان ، حوسیەكانی یەمەن و حەشدی شەعبی عیراق و دەولتی بەشار ئەسەد دابین دەكات. خەرجی ئەم شەڕانە و ئەم سازمان و گروپانە كە تەنیا و تەنیا بۆ خزمەت بە درێژە ی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە كار دێت لە كوێ دابین دەكرێ؟ دیارە كۆماری ئیسلامی بۆ دابین كردنی ئەم مەسرەفە زۆرە دەبێ لە سفرەی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش كەم كاتەوە و دەبێ نانی ئەوان ببڕێ تا بتوانێ سیاسەتەكانی دەخاڵەتگەرانەی خۆی لە ناوچەكە بباتە پێشەوە. كۆماری ئیسلامی كە هەموو سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە بە زۆر و سەركوت و فریوی مەزهەبی هەوڵ دەدات كە نەك پیویستیەكانی كۆمەڵگا بەڵكە پیویستی درێژەی دەسەڵاتی خۆی دابین بكات و مەسڵەحەتی گشتی و هەموو كەسێك لەم روانگاوە یانی مانەوەی دەسەڵات، چاو لە چارە سەر كردنی گیروگرفتەكانی ژیانی خەڵك دەكات . هەر بویە ڕاستیەكان دەبێ بشاردرێنەوە و گیرو گرفتی وەك كارتۆن خەو لە شەقامی شارەكان بخاتە ئەستۆی خۆیانەوە یان لە باشترین حالت دا كاری فەرهەنگی بۆ بكردریت، گویا خەڵك نازانن ژیانی باش چۆنە؟ یان هەروەك بەر پرسی ستادی بە ناو موبارزە لە گەڵ موادی مەخەدیر دەڵێ، بەشكوم كەسانێكی ‘خێرخواز” پەیدا بن و خزمەتیك بكەن.

سەیر لەوەدایە كە لە كۆبونەوەی شورای شاری سنە كاتێك قسە لەوە دەكرێ كە دەبێ مەسئولین و دەزگا دەوڵەتیەكان بەرپرسایەتی خۆیان وەرگرن و شوێن و جێگا و ڕێگا بۆ ئەم كەسانە بە تایبەت لە كاتی سەرما و سەخڵەتی زستاندا دابین بكەن ، دەڵێی خێر دەكەن و دەڵێی كارێكی گەورە دەكەن و وا نیشان دەدەن كە ئەوە هەر ئەوانن لە فیكردان ، بەڵام لە ڕاستیدا خەریكن خوڵ لە چاوی خەڵك دەكەن و راستیە كان دەشارنەوە. كوماری ئیسلامی بە سیاستەكانی و كردەوەكانی لە كوردستان و گشت ئیران سەبب كاری سەرەكیە و شورای ئیسلامی شاری سنەیش بە هەر نییەتێكەوە خەریكن ئەم ڕاستیە دەشارنەوە… بەڕاستی دەبێ ئەم پرسیارە بكردرێت كە كۆماری ئیسلامی لە موسڵ و حەڵەب و یەمەن و لوبنان چی دەكات؟ ئاخر خەڵك لێرە لە شەقامی شارەكانی سنە و تاران و ….. خەریكن لە گەڵ ژیان، ژیانێك كە هەر ئەم حكومەتە لێی زەوت كردوون شەو و ڕۆژ لە شەڕدان بۆ بە دەس هینانی پاروە نانێك، ژیانی كرێكاران و كۆڵبەران كە گیانیان دەخەنە مەترسیەوە بۆ پاروە نانێك ئەم شەڕە بە زەقی نیشان دەدات. ئەوسەروەت و سامانە زۆرە كە لە موسڵ بە حەشدی شەعبی و لە حەڵەب بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد یان لە لوبنان بۆ حیزب اللە و لە یەمەن بۆ تەیار كردنی حوسیەكان سەرف دەكرێ لە سفرەی هەژارانەی ئەو خەلكە دزراوە و سەروەت و سامانی خەلی ئەو وڵاتەی كە لەم رێگەیەوە لە پێناوی حكومەتی ئیسلامی دا سەرف دەكرێت…. لەوانەیە پێمان بڵێن هەر چی بێ دەبی قەدری ئەم وەزعیەتە بزانین كە ئێران نەبۆتە سوریە و لیبی وعێراق….. دەڵێن هیچ نەبێ لێرە ئەمنییەت هەیە! بەڵام كامە ئەمنیەت، كاتێك نان نەبی و شەو وڕۆژ دەبێ هەڵێی بە دوای پاروە نانێكدا؟ كامە ئەمنیەت كاتێك ناچار دەبی كۆڵبەری بكەی تەقەت لێ دەكەن و دەتكوژن؟ كامە ئەمنییەت كاتێك دەنگی ئیعترازت بەرز دەكەیەوە ، دەتگرن ، زیندانیت دەكەن و ئەزیت و ئازارت دەدەن؟ بەڕاستی ئەو كەسانە كە لە شەقام و پاركەكاندا شەو بە ڕۆژ دەگەیەنن، ئەو كەسانە كە لە تایلە و نایسەر و فەرجە و پاركی نسیم و لالەی شاری سنە خەریكی گیان كەندنن، ئەو هەموو بیكارە كە ڕوو لە كۆڵبەری دەكەن. ئەو كرێكارە كە نازانێ بەیانی كاری دەبێ یان نا و چۆن كرێ خانو و بژیوی ماڵ و منداڵی دابین بكات، لە ژیاندا ئەمنییەتیان هەیە؟

لە حەقیقەت دا سەبەبی سەرەكی ئەم وەزعیەتە ئەوەیە كە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە سەرفی كۆمەڵگا و پیویستیەكانی ناكرێ. دەسەڵاتێك هەیە كە بە زۆر و فریو دەستی بە سەر ئەم سەروەت و سامانەدا گرتووە كە لە پێناو قازانج و بەرژەوندەكانی خۆی و چینی خۆی مەسەرفی دەكات. سەرفی دەزگا سەركوتگەرەكانی دەكات ، سەرفی دەزگا تەبلیغاتیەكانی دەكات بۆ فریو دانی خەڵك و سەرفی شەڕ لێرەو لەوێی دەكات تا دەسەڵاتی خۆی بپاریزێ ( جارێ با باسی دزیەكانیان نە كەین)، كە چی لێرە لە شەقامی شارەكان زۆر كەس لە نێو كارتۆن دا دەخەون و خەڵك بێكارن و سفرەیان بێ ڕەونەقە و تووشی هەزار و یەك گیرو گرفت دەبن. ئەم سیستمە كە دابین كردنی ئەمنییەت لە ژیان دا بۆ خەڵك مەبەستی نییە دەبێ بە دەسەڵاتیەوە بگۆڕدرێت و جێگای خۆی بدات بە سیستم و دەسەڵاتێك كە سەروەت و سامانی ئەم وەڵاتە لە پێناو باشتر كردنی ژیانی خەلكی كرێكار و زەحمەتكێش و بێ بەشی ئەو وڵاتەدا..