له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتیه‌ك به ناوی “حه‌یده‌ر سه‌مه‌دی” له دیوانده‌ره، هونه‌رمه‌ندێكی خه‌ڵكی دیهلۆڕان به ناوی “وه‌ته‌ن دوستی” و سێ لاوی خه‌ڵكی شاری سه‌لاسی باوه‌جانی به ناوه‌كانی “ته‌حسین یووسفی”، “فه‌ردین سداقه‌ت” و “موسلم حه‌مدی” له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
به‌پێی زانیارییه‌كان، “حه‌یده‌ر سه‌مه‌دی” خه‌ڵكی گوندی “شاقه‌ڵا”ی دیوانده‌ره ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی خه‌رمانان به لێدان و ئه‌شكه‌نجه له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ڕفێندراوه. هه‌روه‌ها له هه‌مان ڕۆژدا هونه‌رمه‌ندێكی خه‌ڵكی دیهلۆڕانی ئیلام به ناوی “وه‌ته‌ن دوستی” به بێ به‌ڵگه‌ی قه‌زایی له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی ئه‌و شاره‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراوه‌ته‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیم كاتژمێر ٣ی به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه ١٣ی خه‌رمانان، هێرشیان كردۆته سه‌ر ماڵی سی لاوی خه‌ڵكی سه‌لاسی باوه‌جانی به ناوه‌كانی “ته‌حسین یووسفی”، “فه‌ردین سداقه‌ت” و “موسلم حه‌مدی” و هه‌ر سێكیان ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی كرماشان گواستۆته‌وه. شایانی باسه كه هێشتا هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به هۆكاری به‌ندكرانی ئه‌و پێنج هاووڵاتیه له‌به‌رده‌ستدا نییه و به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌كانیان تا به ئه‌مڕۆ بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه.
