لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هێزە سەڵتەنەتخوازەکان سەرکەوتوو بوون لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی تا ڕادەیەک پڕژمارە لە شارەکانی وەک میونخی ئاڵمان، تۆرۆنتۆی کەنەدا و چەند ناوەندێکی دیکە. ئەم ڕووداوانە لە کەشوهەوای سیاسیی ئێستای ئێراندا سەرنجێکی زۆریان بۆلای خۆیان ڕاکێشا. بەڵام، خودی توانای کۆکردنەوەی ئەم جۆرە گردبوونەوانە نە دیاردەیەکی چاوەڕواننەکراوە و نە نیشانەی باڵادەستیی (هەژموونی) سیاسییانە بەسەر داهاتووی ئێراندا. ئەوەی دەیبینین پێش هەر شتێک ڕەنگدانەوەی کرانەوەی «دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی»یە لە ئێران و دەستپێکی شکڵگرتنی ڕیزبەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانە بۆ ڕۆژی دوای کۆماری ئیسلامی.
کۆمەڵگەی ئێران لە دۆخێکدایە کە قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی چووەتە قۆناغێکی چۆنایەتییەوە. لە ئاوا ساتە ساتەوەختێکدا، هێزە کۆمەڵایەتییەکان چیتر تەنیا تەماشاکار نین، ئەوان هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان لە نەزمی داهاتوودا پێناسە بکەن. هەر کاتێک پرسی دەسەڵاتی سیاسی ببێتە بابەتێکی ڕاستەقینە، بەرژەوەندییە چینایەتییەکان لە ئاستی نائاگایی کۆمەڵایەتییەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ئاستی هەڵبژاردنی سیاسیی ئاگایانە.
لەبەر ئەوە، کۆبوونەوەکانی سەڵتەنەتخوازان نابێ تەنیا وەک چالاکییەکی پڕوپاگەندەیی ببینرێن، بەڵکوو وەک نیشانەیەک بۆ دەستپێکی ململانێی هێزە چینایەتییەکان لەسەر داهاتووی ئێران تێبگەین. کۆمەڵگەی ئێران، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە. کرێکارانی پیشەسازی و کشتوکاڵی، مامۆستایان، پەرستاران، مووچەخۆرانی شار، بێکاران، چینی مامناوەندی شار، وردەبۆرژوازی بازرگانی، سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بۆرژوازیی ڕانتخۆری گرێدراوی دەوڵەت، هەر کامەیان ئاسۆیەکی جیاوازیان بۆ داهاتوو هەیە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیکەی پێنج دەیە حوکمڕانیدا، بە تێکەڵەیەک لە سەرکوتی سیاسی، جیاکاریی سیستماتیک و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالییەکان، درزە کۆمەڵایەتییەکانی قووڵتر کردووەتەوە. تایبەتکردنی (خسوسی سازی) ڕانتخۆرانە، لەناوبردنی ئەمنییەتی پیشەیی، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تەشەنەسەندنی هەژاری، توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەی خستووەتە دۆخی ناڕەزایەتییەکی بەردەوامەوە.
ئەم دۆخە، هێزە دژبەیەکەکانی دژی کۆماری ئیسلامی کۆکردووەتەوە؛ لە بزووتنەوە کرێکارییە عەداڵەتخوازەکانەوە تا هێزە بۆرژوازییەکانی لایەنگری نەزمی بازاڕی ئازادی جیهانی، لە ڕەوت و باڵی جیاوازدا ڕیزیان بەستووە. لەم نێوەندەدا سەڵتەنەتخوازان نوێنەرایەتی بەشێک لەو چینە دەکەن کە خوازیاری گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسین بەبێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا. جموجۆڵی سەڵتەنەتخوازان دەربڕینی سیاسیی بەشێک لەم ڕیزبەندییە چینایەتییەیە؛ بەو مانایەی کە بەشێک لە بۆرژوازیی داهاتووی ئێران لە هەوڵی بنیاتنانەوەی نەزمی سەرمایەداریدایە بە شێوازێکی جیاواز لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێستا.
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سەڵتەنەتخوازان لە دەرەوەی وڵات، بریتی بووە لە شەپۆلێکی بەرفراوانی دروشم و ڕەفتاری دژە–چەپ. ئەم دیاردەیە ناکرێ تەنیا بۆ کلتووری سیاسی یان پەرچەکردارە سۆزدارییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوەی لەم ڕەفتارانەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە «هیستریای سیاسی» کە ڕەگێکی قووڵتری هەیە. چەپ لە ئێرانی ئەمڕۆدا ڕەنگە خاوەن ڕێکخستنێکی ناوەندیی یەکگرتوو یان حیزبێکی سەرتاسەریی بەهێز نەبێت، بەڵام هێشتا وەک «سێبەرێکی سیاسی» لە مەیدانەکەدا ئامادەیە؛ سێبەرێکی کە گەلێک پرسیاری مەترسیدار بەرەوڕووی نەزمی سەرمایەداری دەکاتەوە. پرسیارگەلێکی وەک: سامان چۆن دابەش بکرێت؟ دەسەڵاتی ئابووری لە دەستی کێدا بێت؟ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی چ واتایەکی هەیە؟
ئەگەر سەڵتەنەتخوازان بە ڕاستی باوەڕیان وایە کە چەپ چیتر هێزێکی کاریگەر نییە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا، ئەی ئەم هەموو چڕکردنەوە پڕوپاگەندەیی و دەروونییە لە دژی، چۆن لێکدەدرێتەوە؟ دوژمنە چینایەتییەکان زۆربەی کات باشتر لە هەر کەسێکی تر هێزی شاراوەی ڕکابەرەکەیان دەناسن. هیستریای دژە–چەپ لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بە زیندوویی بەرنامە، ستراتیژ و سیاسەتی سۆسیالیستی کە چەپ نوێنەرایەتی دەکات. زمانی چەپ هێشتا لەناو کۆمەڵگەدا زیندووە؛ سەرەڕای سەرکوتی توند، شکستە مێژووییەکان و پرشوبڵاویی ڕێکخراوەیی، زمانی چەپ لە کۆمەڵگەی ئێران نەسڕاوەتەوە. چەمکگەلێکی وەک دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، مافی کار، خوێندن و چارەسەری پزیشکیی بێبەرامبەر، بەرەنگاربوونەوەی تایبەتکردنی هەوسارپچڕاوانە و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداریی ڕانتخۆر، هێشتا لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لە نێوان بەشێکی بەرینی کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە. ئەم ئامادەییە مەرج نییە بە واتای هێزێکی ڕێکخراوەیی کردەیی بێت، بەڵکوو باس لە هێزێکی گوتاریی (دیسکۆرسیڤ) دەکات. تەنانەت بێ پێکهاتە کلاسیکییەکانی حیزبیش، ڕەوتی سۆسیالیستی لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی خۆیدا دەتوانێت کارنامەی سیاسیی داهاتوو دابڕێژێت. سەڵتەنەتخوازان و پڕۆژە بۆرژوازییەکانی تر ڕێک لەم توانایە دەترسن. واهیمەی ئەوان لە ئەگەری ئەوەی کە پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ببێتە تەوەرەی سیاسەت لە ئێراندا، تەواو شیاوی تێگەیشتنە. هیستریای دژە–چەپ، لە ڕاستیدا کاردانەوریەک نییە بەرامبەر بە هێزی ئێستای چەپ، بەڵکوو پەرچەکردارێکی پێشوەختەیە لە بەرامبەر توانا و پۆتانسێلی شاراوەی ئەو.
واقعییەت ئەوەیە کە سەلتەنەتخوازان هیچ پڕۆژەیەکی ڕوونیان نییە بۆ وەڵامدانەوەی هەژاریی گشتی و نایەکسانیی ئابووری. ئەوەی لە باشترین دۆخدا لە ئاسۆ ئابوورییەکەی ئەوانەدا بەدیدەکرێت، کۆپیکردنی نسخە نیولیبرالییەکانە: سپاردنی هەموو شتێک بە لۆژیکی بازاڕ، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بچووککردنەوەی دەوڵەت، ڕاکێشانی سەرمایە بە هەر نرخێک. بەڵام قەیرانی ئێران تەنیا قەیرانی شێوازی حکوومەت نییە؛ قەیرانی دابەشکردنی سامان و دەسەڵاتی ئابوورییە. بێ گومان کۆمەڵگەیەک کە ملیۆنان کەس تێیدا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بە گۆڕینی هێما سیاسییەکان بەبێ گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، ناگاتە سەقامگیری.
سەڵتەنەتخوازان لە بواری دیموکراسیشدا هەر لە ئێستاوە پێیەکیان لەنگە: حەزکردن بە سڕینەوەی ڕکابەر، هەوڵدان بۆ یەکدەستکردنی مەیدانی سیاسی، دژایەتیی هیستریانە لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران، نیشانەی ئەوەیە کە پڕۆژەکەیان لەگەڵ فرەیی سیاسی (پلۆڕالیزم)، دیموکراسیی ڕاستەقینە و مافی ڕێکخراوەیی کرێکاران ناگونجێت. دیموکراسی ناکرێ تەنیا بە دروشم بخوازرێت و لە هەمان کاتدا بە هەڕەشە و بوختان لە سەرەتاوە بخنکێنرێت.
چەپ هێزێکی بێ ناوەند بەڵام زیندووە، ئەمە تایبەتمەندییەکی گرنگی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێرانە. هێزی چەپی کۆمەڵایەتی لە دەرەوە پەرتەوازە دەردەکەوێت، بەڵام توانایەکی بەرزی هەیە بۆ بەرهەمهێنانەوەی گوتار و شکڵ پێدان بە داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان. چەپی ئەمڕۆ دەتوانێت تەنانەت بەبێ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی فەرمی، کارنامەی داهاتوو بگۆڕێت. بەسە کە پرسیارە بنەڕەتییەکان بە زیندوویی بهێڵێتەوە: کێ بەرهەم دەهێنێت؟ کێ بڕیار دەدات؟ کێ سوودمەند دەبێت؟ هیستریای سەڵتەنەتخوازان دژی چەپ، لە لایەکەوە زیاتر لەوەی نیشانەی هێزی خۆیان بێت، نیشانەی ترسە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پرسیارانە؛ لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی ڕواڵەتەکەی، نیشانەی لاوازیی چەپ نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لە نەبوونی ڕێکخراوێکی یەکگرتووشدا، ئامانجە سۆسیالیستییەکان لە مەیدانیان چۆڵ نەکردووە. ئەو سێبەرەی کە گەلێک جار ڕاگەیانگەیاندووە کە «ڕەویوەتەوە»، هێشتا هەر باڵی بەسەر کەشوهەوای سیاسیی ئێراندا کێشاوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دوژمنەکانی ناچارن بەردەوام لە دژی هاوار بکەن.
جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی سەڵتەنەتخوازان نیشان دەدات کە ململانێ لەسەر داهاتووی ئێران چووەتە قۆناغێکی جدییەوە. هێزە بۆرژوازییەکان خەریکی ڕێکخستنی خۆیانن تا لە ئەگەری کرانەوەی سیاسی، باڵادەستیی خۆیان بچەسپێنن. بەڵام داهاتووی ئێران پێشوەختە دیاری نەکراوە. لە بەرامبەر پڕۆژەیەکدا کە دەخوازێت گۆڕانکاریی سیاسی بەبێ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بەرێتە پێشەوە، ئەرکی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان ڕوونە: هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەیی و گوتاریی، گۆڕینی ناڕەزایەتییە بەرفراوانە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرنامەیەک بۆ ئازادی، یەکسانیی ئابووری و بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵک لە دەسەڵاتدا. بە پێچەوانەوە مەترسی ئەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی بڕوات، بەڵام پەیوەندیگەلێک بمێننەوە کە کرێکار هەروا بە چەوساوەیی، بێدەنگی و بێمافی ڕابگرن.
