لەپێشەکی پڕۆژەیاسای بودجەیساڵی١٤٠٥دا کەلەلایەن دەوڵەتی پزیشکیانەوە ڕادەستی پاڕلمان کراوە، هاتووەکەبودجەی ساڵی١٤٠٥لەسەربنەمای “کەم کرانەوەی سیفر” ئامادەکراوە. ئەم ئیدیعایە لە هەلومەرجێکدا دێتە گۆڕێ کە ئابووری ئێران لەژێر گوشاری سەختی هەڵاوسانی سەروو ٤٠ لەسەد، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و گوشاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانەکانی ئاو و وزە و ژینگەییدایە. لە وەها بارودۆخێکدا بودجەیەکی بەبێ کورتهێنان، زیاتر لە ئیدیعایەکی ژمێریاری دەچێت نەک خستنەڕووی وێنەیەکی ڕاستەقینە لە داهات و خەرجی وڵات. لە ڕاستیدا ژمارەکان لەسەر کاغەز هاوسەنگ دەکرێن و کورتهێنانی ڕاستەقینە لە گیرفانی خەڵک دابین دەکرێت. ڕۆژنامەی شەرق لە ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممەی خۆیدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە هەلومەرجی ناجێگیری داهاتی نەوتدا، لەبری دەستبردن بۆ سەرچاوەکانی قەیرانی لێخۆشبوونە گەورە ڕانتییەکان، خۆدزینەوە لە باج لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات و بودجەی بەبێ لێپرسینەوە، قورساییەکەی بەلای زیادکردنی باج لەسەر بەکاربەران و لابردنی نرخی دراوی دەوڵەتیدا شکاوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی کراوە کە بڕی داهاتی دەوڵەت لە فرۆشتنی نەوت بە نزیکەی ٧٠ لەسەد کەم ببێتەوە. بەپێی ئامارەکانی بودجە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هەڵاوسانی ٥٠ لەسەد، لە واقیعدا کۆی سەرچاوەکانی بودجەی گشتی بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٤٢.٤ لەسەد کەم دەبێتەوە. لەبەرامبەردا داهاتی باج بەڕێژەی ٦٢.٦ لەسەد زیادی کردووە. مانای چینایەتی ئەم گۆڕانکارییە ڕوونە. کاتێک داهاتی نەوت ناسەقامگیرە، دەوڵەت بە ئاراستەی وەرگرتنی باجی قورستر لە ئابوورییەکی چەقبەستوو و هەروەها قەرزدارکردنی داهاتوو بە چاپکردنی دراو و ئەوراقی بەهادار هەنگاو دەنێت. لە ئابوورییەکدا کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتبەستووە بە بازرگانی و بەرهەمهێنان لەوپەڕی پاشەکشەدایە، زیادکردنی باج واتا گوشاری هەرچی زیاتر بۆسەر بەکاربەر. ڕۆڵی ڕاستەقینەی باج لە ئێران دەبێ لە پێکهاتەی ئابووری ئێراندا ببینرێت. ئەم ئابوورییە نەک هەر پشت بە بەرهەمهێنانی بەرهەمدار نابەستێت، بەڵکوو پشتبەستووە بە بازرگانی، دەڵاڵی، هاوردە و دراوی ڕانتی و سات و سەودا. لە ئابوورییەکی لەو شێوەیەدا، گەشەی باج زۆرتر لەو ڕێگایانەوە مسۆگەر دەبێت کە لە کەمترین ئامرازەکانی خۆڕاگریی سیاسیی بەهرەمەندە. واتە باج لەسەر بەکاربەر و گوشار لەسەر موچەخۆران و چین و توێژە کەمداهاتەکان.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی شەرق بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە بەشێک لە زیادبوونی داهاتی باج، لە ڕێگەی “وەرگرتنی باج” لەو کسانەوە بەدەست دێت کە تا ئێستا خۆیان لە دانی باج دزیوەتەوە، بەڵام بەشێکی گرنگی دیکەی لە ڕێگەی سەپاندنی باج بەسەر بەهای زیادەوە دابین دەبێت. لە ڕاستیدا باج لەسەر بەهای زیادە، باجێکە کە لە گیرفانی بەکاربەرانەوە دەدرێت. پشکی ئەو باجە لە داهاتی هەژاران، زۆر زیاترە لە داهاتی دەوڵەمەندەکان، چونکە ئەم توێژە ناچارن بەشێکی زیاتر لە داهاتەکانیان خەرجی پێداویستییە سەرەکییەکان بکەن. لە لایەکی دیکەوە، زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیاکان و لەسەر داهات، لە دۆخێکدا پێشنیار دەکرێت کە بە وتەی شارەزایانی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی شەرق، گەشەی ئابووری ئێران، نەرێنییە. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە تێکەڵەیەکە لە پەرەسەندنی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و داخرانی یەکە بچووکە بەرهەمهێنەرەکان و گواستنەوەی قورسایی باج بۆ سەر نرخەکان و گوشاری هەرچی زیاتر بۆسەر هێزی کار و هەروەها کەمکردنەوەی حەقدەستی ڕاستەقینە، بێکاری و لەدەستدانی ئەمنییەتی پیشەیی.
یەکێک لە لایەنە هەرە مەترسیدارەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٥ ئەوەیە کە لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرق دا ئاشکرا دەبێت، کە بریتییە لە نەهێشتنی نرخی دراوی دەوڵەتی. نرخی دراوی دەوڵەتی، واتا دەوڵەت دۆلار یان یۆرۆ بە نرخێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ دەدات بە هاوردەکاران یان دام و دەزگا بەرپرسیارەکان، بۆ ئەوەی نرخی ئەو کاڵایانە بۆ خەڵک کەمتر ببێتەوە. نەهێشتنی نرخی دراوی دەوڵەتی لە سەر بەستێنی هەڵاوسانی بەردەوام، واتە دەستبردن بۆ سفرەی خەڵک بەمەبەستی دابینکردنی بودجە. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە بودجەی ساڵی داهاتوودا بڕی زیادکردنی حەقدەست بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد لەبەرچاو گیراوە، لە کاتێکدا خەمڵاندنی هەڵاوسان تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی ٥٠ لەسەدە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە بانکی ناوەندیش بودجەی خۆی بۆ ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای هەڵاوسانی ٥٠ لەسەد داڕشتووە. ئەگەر ئەم ژمارانە بە بنەما بگیرێن، بودجەی ساڵی ١٤٠٥، واتە ئەم سیاسەتی حەقدەستە، بژاردەیەکی چینایەتییە. واتە قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانەکان لە گیرفانی کرێکاران. واتە بێ خاوەن کردنی پڕۆژە نیوە و ناتەواوەکان، واتە بێکاربوونی هێزی کاری زیاتر، واتە کەمتربوونەوەی هەرچی زیاتری ئەو خزمەتگوزارییە کەمەی ئێستاش لە بوارە گرنگەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، خانەنشینی، بەساڵاچووان و هتد. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەت خۆی دان بەوەدا دەنێت کە سەرەڕای بوونی یەدەگ و سەرچاوەی زۆر و زەوەند، ناتوانێت نزیکەی یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی گاز و یەک لەسەر پێنجی خواستی کارەبای ناوخۆیی دابین بکات. بودجەیەکی کە ئاکامە سەرەکییەکەی بریتی بێت لە باج و هەڵاوسان، نەک هەر ئەم قەیرانە چارەسەر ناکات، بەڵکوو تەنها قورساییەکی زیاتر دەخاتە سەر شانی خەڵک.
ئەگەر قبووڵی بکەین کە ئیدیعای کەمکردنەوەی سیفری بودجەی دەوڵەت درۆیە، ئەوا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە دەوڵەت چۆن کورتهێنانی ڕاستەقینە قەرەبوو دەکاتەوە؟ واتە ئەم کورتهێنانە لە کام چین و توێژ و بە قازانجی کام چین و توێژ کەم دەکاتەوە؟ وەڵامەکەی ڕوونە. وەک هەمیشە باری گرانی ئەو قەیرانە دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا. هەر جارەی کە دەوڵەت باس لە زیادکردنی باج و چاکسازیی یارمەتییەکان دەکات، پێویستە بزانرێت کە ئایا ئەوە بە واتای وەرگرتنی پشکێکی زیاترە لە سەروەت و ڕانتە گەورەکان یان دروستکردنی قورسایی هەرچی زیاتر بۆسەر بەکارهێنەران و موچەخۆران. نیشانەکانی بودجەی ساڵی ١٤٠٥، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەوە دەردەخەن کە پایە سەرەکییەکانی دابینکردنی سەرچاوەکان، وەرگرتنی باجی زیاتر، واتە فۆرمولی ئاشنای زگ هەڵگوشین بۆ چین و توێژەکانی خوارەوە و پەراوێزێکی ئەمن بۆ چینە باڵاکان.
باج لەسەربەهای زیادە بەکردەوە باجێکە کە دەخرێتەسەر نرخی کۆتایی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و لەلایەن بەکاربەرەوە دەدرێ و بەو پێیەی کە پشکی خەرجییە سەرەکییەکان لەسەبەتەی هەژاراندا زیاترە،هاوکات زیادکردنی قورسایی باجلە سەربازرگانە بچووک و مامناوەندەکان دەتوانێت ببێتەهۆی داخستنیان و کەمکردنەوەی هەلی کار و بەرزبوونەوەی نرخەکان. لەکۆتاییدا داهاتی دەوڵەت یەکسان دەبێت لەگەڵ خەرجی خەڵک.
بەڵام هەموو ئەو ڕەقەم و ژمارانەی که لە بەشی ئاشکرای بوودجەی فەرمیدا ئاماژەیان پێدەکرێت، به بەراورد لەگەڵ بوودجە زۆر و زەوەندە نافەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر کەمن. پتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووری ئێران لەژێر دەسەڵاتی سپای پاسداراندایە. ئەم ناوەندە ئابوورییە زەبەلاحە لە ئاست هیچ کام لە دام و دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتدا وەڵامدەرەوە نییە. ئەم ڕاستییە، بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی کە لەبارەی بودجەی ساڵی ١٤٠٥ی دەوڵەتی پزیشکیانەوە دەوترێت، بەو مانایەیە کە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٥، لە ڕاستیدا جگە لە تیکە کاغەزێک هیچی تر نییە و ئابووریی فەرمی دەوڵەت بە شێوازی لەم ستوونە بۆ ئەو ستوون، لە باشترین حاڵەتدا نەک بەپێی پلانی درێژخایەن و ستراتژیک، بەڵکوو ئەم مانگ بۆ ئەو مانگ بەڕێوەدەبرێت. ئابووری نافەرمیش ئەولەویەت و بەرنامەکانی خۆی بەگوێرەی پڕۆژە ئەمنی و نیزامییەکان و خەرجییە زۆر و زەوەندەکانی دەرەوەی وڵات دیاریدەکات و دەوڵەتی فەرمی هیچ ڕۆڵێکی لە چاوەدێری و بەڕێوەبردنی دا نییە.
