لە ڕۆژانی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ بەردەوامی سەرکوتی ناڕازیان لە ئێران، ١٤ دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕابردوو، لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەو دادگایە کە بە بەرپرسیاریەتی “قازی سەڵەواتی” بەڕێوەچووە، “ئەبولفەزل کەریمی” و ١٣ زیندانیی دیکە، سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا ڕەوەندی دۆسیەکانیان ڕوون نەکراوەتەوە و هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و مەترسی لە سەر گیانیان هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێکخراوەكان و پارێزوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران و جیهان، دژ بە سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و جەختیان لە سەر ئەوە کردبووەوە کە ئەم کردەوەی ڕژیمە لە سەر بنەمای کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکە.
