بەپێی دوایین زانیارییەکان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “مەحموود شاددڵ” و “مستەفا عەلیپوور” کە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبارن، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “مەحموود شاددڵ” تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕژیم لە بجنۆرد بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” و “تەبلیغ دژ بە ڕژیم“، سزای سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا ئۆتۆمبێلەکەی دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئەمنیەکان و دواتر لە گرتووخانەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و تەنانەت نینۆکەکانی پێی هەڵکێشراون. لە لایەکی دیکەوە، “مستەفا عەلیپوور” تەمەن ٣٢ ساڵ لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە کە دانیشتنەکەی بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە. شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە چەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتگەرەکان بریندار کرابوو.
