ڕۆژی شەممە ٥ ی مانگی خاکەلێوە حەسەن ڕووحانی بە سەرۆکایەتی شاندێک لە وەزیرانی کابینەکەی لە سهفەرێکی یەک ڕۆژەدا چووە شاری سنە. ئەو دوای کردنەوەی پڕۆژەی پترۆشیمی سنە بەشداری لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەیی و ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە ڕژیم دا کرد. گرینگی نەدانی خەڵکی شاری سنە بە حوزوری ڕووحانی لە سەفەری پێشویدا بۆ ئۆستانی کوردستان نیشانی دابوو کە چاوەڕێی ئەوە نەبێت خەڵک لە سەرەتای هاتینیدا پێشوازی لێبکەن و دواتر له پای میزی كۆبوونهوه گوێ بۆ قسەکانی بگرن. لەم ڕوەوە یەکەمیانی بەبێ هەراوهوریا بەڕێوەبرد و یەکسەر چوو بۆ کردنەوەی شانۆی پڕۆژەی پیترۆشیمی و دوو هەمیشیانی بە تەواوی لە بەرنامەکانی درهاویشت و تەنها لەگەڵ بەرپرسان و نزیکانی حکومەتی کۆبووهوە. قسەکانی ڕووحانی لە هەردووی ئەم ڕێوڕهسمانهدا تێکراری و بێ خاسیەت تر لەوە بوون کە سرنجی خەڵک و یان تەنانەت ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ڕژیمیش بۆلای خۆیان ڕابکێشن.
لە هەمان سەرەتاوە دیار بوو کە ئامانجی ڕووحانی لە سەفەر بۆ کوردستان تەبلیغاتییە و پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە شانۆی هەڵبژاردنەوە لە مانگی جۆزەرداندا هەیە. کردنەوەی پڕۆژەی کۆن و ناتەواو، تەنها دەرفتەێک بوو بۆ ڕووحانی تا لەم ڕێگهیەوە لە ئوستانی کوردستان خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی بەڵکوو لە بەشێک لە دەنگەکانی خەڵکی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆک کۆماری بەهرەمەند بێت. بەڵام هەوڵەکانی ڕووحانی لەم بوارەدا داماوانەیە. لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە، ڕووحانی نمونەی ئاشکرای وەعدە و بەڵینی دان و عەمەل نەکردنە. بەڵێنی کاری بە لاوانی کوردستان دا، بێکاری دوو بەرابەر کرد. هەزاران لاو لە خوێندەواران و هیتر، زیاتر لە ڕابردوو ڕوویان کردە کاری کۆڵبەری و تەپڵی ڕیسوا بوونی ڕژیمیان لەم بوارەدا لە سەرتاسەری جیهاندا لێدا. لە مەودای نێوان دوو سەفەری ڕووحانیدا بڵاو کردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر زیاتر پەرەی گرت و لاوانێکی زیاتری بە خۆیەوە گیرۆدە کرد. دەوڵەت بە جێگای بە بهڕێوهبردنی بهڵێنهکانی، سیاسەتی میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری کوردستان و ناوچە سنورییەکانی لە سنووری ئیلامەوە تا ورمێی ڕهچاو كردووه. بە جێگای پڕۆژەی ئاوهدان كردنهوه، بهڕێوهبردنی مانۆڕە نیزامییەکانی خستۆتە دەستوری کاریەوە. گرتن و زیندانی کردنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و مەدەنیی لە کوردستان كرد به بابەتێکی ڕۆژانە و رۆتین. لهڕاستیدا ڕووحانی هەر ناکۆکییەکیشی لەگەڵ باڵی ڕەقیبی حکومەتی خۆیدا هەبێت، لە کوردستان پەیڕەوی لە سیاسەت و جیهەت گیریەکانی سپای پاسداران دەکات. ئهگهر چی ڕووحانی لە جەمعی مەنسوبانی حکومەتیدا لە شاری سنە، دیفاعی له خۆی كرد، بهڵام ئەو و ڕەقیبەکانی لە سیاسەتی کەڵانی ئەمنییەتی خۆیاندا، کوردستان بە هەڕەشەیەکی جیدی و بەردەوام بۆ ڕژیمە ئیسلامیی دەزانن. ههر بۆیه لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران نەک دەزگای ئیداری دەوڵەت، بەڵکوو ناوەندە ئەمنییەتییەکان و سپای پاسداران لە هەموو بۆارێكدا قسەی کۆتایی دەکەن. ستڕاتێژی و ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامیی و هەموو باڵەکانی سەرەڕای هەر ناکۆکییەک بەیەکەوە هەیانبێت لە کوردستاندا یەکە و ئەویش ئەو جۆرەی خۆیان زۆر جار وتویانە ” دامەزراندنی ئەمنیەتی سەقامگیر”ە. لە بواری گەشەی ئابووریدا هێندێک جار کێشەی نێوان باڵەکانی ڕژیم بەشێک لە باوردۆخی واقعی لە کوردستاندا بەڵگەمەند دەکات. ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ئوسول گەراکان لەم ڕۆژانەدا پڕن لە تانە لە دەوڵەتی ڕووحانی سەبارەت بە ئامار سازییەکان و ئیدیعای ناڕاست.
ماوەیەک لەوە پێش هەواڵنێری “فارس”ی سەر بە سپای پاسداران نووسی، ” تەمەنی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید ڕووی لە کۆتاییە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە سەهمی خۆی لە ساڕێژ کردنەوەی برینەکانی هەژاریی، بێکاریی، دواکهوتویی، بێبەشی له كوردستاندا ئەدا بکات. هەر ڕۆژێک کە لە تەمەنی ئەم دەوڵەتە تێپەڕ ئەبێت، خەڵکی کوردستان سەبارەت بەو بێ هیواتر دەبن.” ڕووحانی ئەو کاتە لە وهڵام بەم جۆرە ڕەخنانەدا، تاوانەکەی دەخستە ئەستۆی كابینهی دەوڵەتانی پێشتر و وتبوی کە “هۆکاری دواکەتو مانەوەی ئەوەیە کە کوردستان خاوەنی ژێرخانی ئابووریی نییە”.
ڕووحانی لە قسەکانیدا کاتی کردنەوەی پرۆژەی پیتڕوشیمی ڕوو بە باڵی ڕەقیب وتی، ” پاشقول مەگرن تا خەڵک بێ هیوا نەبێت.” ئەو باش دەزانێ کە مەسەلەکە بێ هیوا بوون نییە، بەڵکوو هیوا بڕانی بە تەواوەتیە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و لهوهش زیاتر نەفرەت لە بوونی ئەم ڕژیمەیه.
ههرکام لەو دوو باڵەی كه خەریکی پاشقولدانی یەکترن، باسی هۆکارەکانی ئەم دواکەوتوییە ناکەن. ئەوان ناڵێن کە بۆچی لەگەڵ تێپەڕ بوونی ئەم هەموو ساڵە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی هێشتا ” کوردستان خاوەنی ژێرخانی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری نییە؟” چەند دەیەی دیکەی دەبێ پێبچێت و ژیانی چەند نەوەی تر لە لاوانی ئەم ناوچەیە دەبێ نابوود بێت تا ئەم ژێرخانە پێویستە فەراهەم بێت. لە ڕاستیدا وڵامەکە ڕوونە:
لەم بەشە لە ئێران بزوتنەوەیەک لە ئارادایە کە کۆماری ئیسلامیی بە ئوسول گەرا و میانەڕەو و ئیسلاح خوازیەوە، بە سپا و ئەڕتەش و بەسیجیەوە، ئەم ناوچەیە بە گوێرەی یاساکانی سەرزەمینێکی داگیر کراو بەڕێوە دەبەن و کۆنترۆڵی دەکەن. کار و بەرهەمهێنان تەنها لە ڕاستای دابین بوونی ئەم نیازەدا واتە دابین بوونی ئەمنیەتی ئەم ڕژیمەدا مانای هەیە. سەرجەم تەرح و گەڵاڵە ئابوورییەکان و گەشە کردن دەبێ جێی ڕەزامەندی ژووری عەمەلیاتی سپای پاسداران بێت و وهڵامدەرەوەی نیاز و ستڕاتێژی ئەمنییەتی ڕژیم بێت.
خەڵکی کوردستان بە ڕوونی بۆیان دەرکەوتووە کە لە بەرانبەر ئەم ڕژیمەدا هیچ ڕێگهیەکیان جگە لە پشت بەستن بە هێزی خەباتی خۆیان بۆ دابین کردنی ماف و ئازادیە پێشێل کراوەکانیان لەبەردەمدا نییە. خەڵکی کوردستان دەزانن تەنیا لە ڕێگهی پەرەدان بە خەباتی خۆیان و گرێدانی ئەم خەباتە بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و ڕادیکاڵی سەرتاسەری ئێرانەوە، دەتوانن داخوازی و داواکارییەکانیان لەوانە سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی دەستەبەر و بچەسپێنن.