بەرەو پەرەپێدان بە بزووتنەوەیەکی شێلگیر و هەموولایەنەی داواکاری تەوەر
ڕژیمیئیسلامی،ڕۆژیهەینی١٥یپووشپەڕ،لەخولیدووهەمیشانۆیهەڵبژاردنەکەیدا،یەکێکلەبێڕەونەقترینبەناوهەڵبژاردنیلەژیانی٤٥ساڵەیسیاسیخۆیدابەڕێوەبرد. لەم پرۆسەیەدا بە پێی ئەنجامە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکان، “مەسعوود پزیشکیان” وەک جێنشینی ڕەئیسی و سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دیاریکراوە. گومان لەوەدا نییە کە لە هیچ بوارێکدا و بە تایبەت لە پرسی هەڵبژاردندا هەرگیز ئاماری واقیعی لە زمانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نابیستین. واقیعییەتی ڕێژەی بەشداریکردن دەبێ لەو چۆڵی و بێدەنگییەی کە بەسەر ناوەندەکانی دەنگداندا زاڵبوو، ببینرێت، واقیعییەت دەبێ لەوەدا ببینرێت کە تەنانەت ئامارە ساختە و دەستکاریکراوەکانیش نەیانتوانیوە ڕێژەی بەشداریکردن لە گەڕی یەکەمدا زیاتر لە ٣٨% و لە گەڕی دووەمدا کەمێک زیاتر لەو ڕێژەیە ڕابگەیەنن.
واقیعییەت دەبێ لە گلەیی و گازندەی خامنەیی لە ڕۆژگار، لەوەی کە بۆچی خەڵک بەوجۆرە پشتیان لە سندووقەکانی دەنگدان کردووە، ببینرێت. هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ کەمی ڕێژەی بەشداریکردن و دەنگە پووچەکان دەریدەخات کە ئەم شانۆی هەڵبژاردنە، لەڕاستیدا وەک ڕیفراندۆمی، “نا“یەکی لێبڕاوانە بوو بە بوونی کۆماری ئیسلامی و جەماوەر لەم نەبەردە دا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە لەم نێوەندەدا خەڵکی کوردستان بە بەشدارینەکردنی لێبڕاوانەی لەم گاڵتەجاڕەدا، بەشێکی زۆری ئەم سەرکەوتنەیان بە ناوی خۆیان تۆمار کرد و جارێکی دیکە “نا“ی لێبڕاوانەی خۆیان بە دەنگێکی بەرزتر بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. یەکدەنگی خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا هێمایەکی تر بوو لە زیندوو بوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. جەماوەری خەڵک بە بەشداری نەکردن لەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەدا، بە هەموو خەڵکی جیهانیان نیشان دا کە ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعیەتێکی نییە و تەنیا بە زەبری زۆر و سەرکوت، خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە ڕیفۆرمخوازانی دوورخراوە لە دەسەڵاتەوە هەیە، کە ئێستا بەپێی “بەرژەوەندی نیزام” کاندیدەکەیان کە بە وتەی خودی ئەو “قاڵبووی ناو وەلایەتە“، سەری لە سندووقی دەنگدان دەرهێناوە، هەر ئەو پڕۆسەیە بەرەوپێش دەبەن کە لە ڕابردوودا وەک پێشخزمەتێک بەرەوپێشیان بردبوو. لە ڕاستیدا داهاتووی سیاسی ئێران ئەوان دیاری ناکەن، ئەرکی ئەوان یارمەتیدان بە مانەوەی ڕێژیمی ئیسلامییە کە ئیتر کار لەکار ترازاوە و ئەوان تەنیا “ئابڕووی خۆیان دەبەن و ئێمە دەخەنە ڕەنج و زەحمەتەوە“.
ئاخێزی سەرتاسەری بەفرانباری ٩٦ وەک خاڵێکی وەرچەرخان، کۆتایی بە هەژموونی گوتاری ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی بەسەر کەشوهەوای سیاسی ئێراندا هێنا. تا ئەو کاتە، زیاتر لە ٢٦ ساڵ بوو کە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی هەوڵیان دەدا خەبات لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی و یاسا و رێسا ئیسلامییەکاندا بکەن بە بەستێنی سەرەکی ناڕەزایەتی لەدژی دۆخی هەبوو. ئەوان بەڵێنیان بە خەڵک دەدا کە دەتوانن لە چوارچێوەی هەمان یاسای بنەڕەتی و بە هەمان پێکهاتەی حکوومەتیی پشتبەستوو بە وەلایەتی فەقی و شۆڕای نیگەهبان و هتد، چاکسازی لەم ڕژیمەدا بکەن. بەڵام بینیمان کاتێک کە هاتنە سەر کار، هەروەک چاوەڕوان دەکرا، خەڵک نەک هەر بە ئازادی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەگەیشتن، بەڵکوو هەمان ڕێگەیان درێژە پێدەدا کە وەلی فەقی بۆی دەستنیشان دەکردن. قەتڵە زنجیرەییەکان لە سەردەمی حکوومەتی خاتەمیدا ڕوویانداو ژمارەی ئێعدامەکان لە سەردەمی ڕۆحانیدا ڕیکۆردی شکاند. هەڵاوسانی دوو ڕەقەمی و دزی و گەندەڵی لەڕادەبەدەر، هەر لەو ماوەیەدا پەرەی سەند و لە سەردەمی ڕەئیسی دا بەردەوام بوو. ئاخێزی مانگی بەفرانبار، ستراتێژ و گوتاری ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی تێکشکاند و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕێگای دەربازبوونی لەو بازنەی بێ ئاسۆییە نیشان دا کە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت پێکیان هێنابوو.
واقیعییەت ئەوەیە کە پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا، کە لە یاسای بنەڕەتی ڕێژیمدا کۆکراوەتەوە، لەسەر بنەمای زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک دامەزراوە. بڕبڕەی پشتی ئەم یاسایە “ئەسڵی وەلایەتی موتڵەقەی فەقی“یە. ئەسڵێکی کە دەسەڵاتێکی ڕەها دەدات بە وەلی فەقی و سەرجەم ئەو ئۆرگانانەش کە بە ڕواڵەت هەڵدەبژێردرێن، ئۆرگانێکی بێدەسەڵات دەبن کە کاریان تەنها بریتییە لە ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی ڕێژیمی ئیسلامی. له ڕاستیدا دەسەڵاتی سەرەڕۆی وەلایەتی فەقی، شتێک نییه جگه له درێژه پێدانی تووندوتیژ تر و وحشیانه تر و دواکەوتووانە تری ئەو دەسەڵاتە پاشایەتییە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵەی که کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ههر له شۆڕشی مەشرووتەخوازانەوە تا شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و هەتا ئێستاش، هەوڵیانداوە و هەوڵدەدەن کە خۆیان لە دەستی ڕزگار بکەن و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەست بهێنن. ئاشکرایە کە ئەم ئامانجە لە ناو سندووقەکانی دەنگدانی ژێر دەسەڵاتی وەلایەتی فەقی و سپای پاسداراندا بەدی نایەت. بەبێ تێکشکاندنی دام و دەزگاکانی سەرکوت و بەبێ لەکارخستنی هەیکەلی برۆکراتیکی دەوڵەتیی لەڕێگەی خەباتێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی بەربڵاوەوە و هەروەها تێکشکاندنی دەسەڵاتی موتڵەقەی وەلایەتی فەقی بە شۆڕشێکی جەماوەریی، ناتوانرێت ڕێگای پێکهاتنی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا خۆش بکرێت. کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران، نەک ڕێگای ڕیفۆرم و چاکسازیی لە ڕێگەی ئەم یاسا بنەڕەتییەی ئێستاوە، وەک بەشێک لە ڕیفۆرمخوازانی دوورخراوە لە دەسەڵات خەیاڵ دەکەن، بەڵکوو ڕێگای شۆڕشێکی جەماوەرییان گرتووەتەبەر. ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەر دەتوانرێت لەسەر وێرانەکانی پێکهاتەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی مەزهەبی بنیات بنرێت.
ئەو شتەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەیانەوێت بریتییە لە: کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و بەدوور لە هەر چەشنە ستەم و چەوساندنەوەیەک. کۆمەڵگایەکی بەدوور لە هەڵاواردنی جنسییەتی و ڕەگەزیی کە تیایدا ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی بوونی هەبێت، خەڵک ئازاد بن کە خۆیان ڕێکبخەن، یەکێتی و ئەنجومەن و ڕێکخراوە سنفی، سیاسی، ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی خۆیان هەبێت. ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی خۆیان لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا، هەر لە کارگە و کارخانەکانەوە بگرە تا ئیدارە و گەڕەک و قوتابخانەکان، شار و گوند و هەتا پارێزگاکان و سەرتاسەری وڵات، ڕێک بخەن و ئازادیی ڕاستەقینە و نیزامێکی دێموکراتیک بەکردەوە جێگیر بکەن. بەرابەری مافی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی و فەرهەنگی و بەتایبەت مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان، دابین بکرێت. بەڵام سیستەمێکی حکوومەتی لەم چەشنە، ناتوانێ بە بەردەوامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، مادام کە گەشەی ئابووری و فراوانبوونی پێداویستییە ماددی و فەرهەنگییەکانی مرۆڤەکان و سەرەنجام یەکسانی و خۆشگوزەرانی لە ژیانی سەرجەم دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگایەی تێدا دەستەبەر نەکرێت. خەڵک “نان، کار، ئازادی” و بەدیهێنانی هەمەلایەنە و بێ ئەملاو ئەولای ناوەڕۆکی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“یان دەوێت، ئەم کۆمەڵە داواکارییە جەماوەرییە، لە سندووقەکانی دەنگدانی ڕژێمێکی سەرەڕۆی مەزهەبی کە لەلایەن باندە مافیاکانەوە بەڕێوەدەبرێت، چاوەڕوان ناکرێت. ئەوەی کە پێویستە لە سبەی ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی ئەم شانۆی هەڵبژاردنەوە بە بەردەوامی هەوڵی بۆ بدرێت، بريتييە لە پەرەپێدان بەو بزووتنەوە بەرینە داواکاری تەوەری کە ویست و داواکارییەکانی، تەنانەت لە ئاستی بەڵێنیشدا لە دیبەیتەکانی هەڵبژاردن و تەنانەت لە قسە و باسەکانی پزیشکانیش دا کە خۆی بە ڕیفۆرمخواز ناو دەبات، هیچ ڕەنگدانەوەیەکی نەبوو. بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، پەرستاران، مامۆستایان، پەراوێزنشینان، خوێندکاران و نەتەوە ستەملێکراوەکان، دەبنە مێحوەری پێشهات و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو لە ئێران. لە ڕەوتی وەها نەبەردێکی بەردەوام و بێ پسانەوەدایە کە وشیاری و ڕێکخراو و ڕێبەرییش، شکڵ دەگرێت.