هێرشی لەناکاوی بەفر و سەرمای زستانه لە ئۆرووپا، ئەگەر بۆ بەشێک شور و شەوق و بۆ کەسانێک بواری وەرزشه زستانه‌كانی ڕه‌خساندووه، به‌ڵام بۆ بەشێکی دیكه لە ئینسانەکان کە مۆری پەناخوازیی و ئاوارەیی بە ناوچاوانیانەوە دراوه، دیارییەکی بێجگەلە ته‌رمی سەرمابردوو نه‌بێ، هیچ خێر و خۆشییه‌كی پێنەبووه. بەشێک لە ئیسانەکان بەدوای جلوبەرگی تایبەتەوە بوون بۆ ڕۆیشتن بۆ پیستەکانی ئیسکیی و خلیسکێن و بەشێک لە ئینسانەکانیش بەشوێن تەنپۆش یان سەرپەنایەکەوە بوون، هه‌تا بخزێنە ژێری و لەگەڵ تەزووی سەرمای زستاندا دەست و پەنجە نەرم بکەن و مخابن كه چ کەله‌به‌رێكی قووڵ و سامناك، ئەمانی لێک جیا دەکردەوە. میدیای جەمعیی تەنها بۆ چەند ساتێک پەنابەرانیان لە سێربستان، بۆلغارێستان، مەجارستان و یۆنان پیشاندا کە له‌به‌ر سه‌رمای سه‌خت هەڵدەلەرزین و بەدوای تەنپۆشێکدا به‌ناو کیسەی نایلۆنیدا دەگەڕان، هه‌تا به‌شكوو لانیکەم تۆزێک لە کاریگەریی بەفر و سەرمای زۆر بیانپارێزێ.
بە پێی ڕاپۆرتەکان لە سنووری تورکییە و بوڵغارێستان، تەرمی ٢ پەناخوازی عێراقیی دۆزراوه‌ته‌وه کە لەناو دارستاندا ڕه‌ق ببوونه‌وه. ڕۆژی پێشتریش تەرمی پەنابەرێکی سۆمالییایی دۆزرابۆوە. وترا كه زیاد لە ٢ هەزار پەنابەر یان لە مۆحه‌وەتەی تڕانزیتی نێوان مەجارێستان و سێربێستان و یان ده‌نا لە کەمپە بێ سه‌قفه‌كانی نێو مەجارێستان و لە هەوای ژێر ٢٠ پلەی سفردا ڕادەگیرێن. کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێكخڕاوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگەیاند کە تەنها لە یەکێک لە دوڕگه‌كانی یۆنان‌دا لە ١٥ هەزار و ٥٠٠ پەناخواز، نیوەیان زیاتر لەناو خێوەتدا دەژین، کە هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەیان تێدا نییە. بە تایبەت بارودۆخەکە لە جەزیرەی ساماس، جیووس و لیسبووس، گەلێک جێگه‌ی نیگەرانییە. هه‌ر لەبەر ئەوە ئەم کۆمیساریایە داوای لە دەوڵەتانی ئۆرووپایی کرد کە به‌ڵێنه‌كانیان بۆ وه‌رگرتنی په‌ناخوازان به‌رنه‌سه‌ر. لە ماوه‌ی ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا، دەوڵەتانی ئۆرووپایی به‌ڵێنیاندا کە لە مەودای نێوان ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا، ٦٦ هەزار و ٤٠٠ کەس لە پەناخوازانی ناو کەمپەکانی یۆنان لەناو خۆیاندا دابەش بکەن. هه‌تا ژانوییەی ٢٠١٧، تەنها ٧٦٠ کەس لەم پەنابەرانە گواستراونەتەوە بۆ باقی وڵاتانی ئۆرووپایی. لەبیرمان نەچێت کە ساڵی ڕابردووش لەگەڵ دەستپێكی سەرمای زستانه‌دا، شایه‌تی بارودۆخێکی دڵتەزێنی لەمجۆرە بووین. ساڵی ڕابردووش وترا کە لە لەهێستان لە سنووری بۆڵغارێستان و توورکییە، لەناو سێربستان و چه‌ند شوێنێكی دیكه، پەناخوازان و کەسانی بێ ماڵ و مەسکەن له‌به‌ر سه‌رما ڕه‌ق بوونه‌ته‌وه. با ئه‌وه‌شمان لەبیر نه‌چێت كه وێنەی کاریگەریی سەرما و سۆڵەی زستان، تەنها گۆشەیەکی بچووک لە تراژێدیی ئاوارەییە.
وێنەی ئەم ئینسانانە کە هەموو داراییه‌كه‌یان لە ساک یان کیسەیەک ناوە و چارەنووسی خۆیان داوەتە دەست کەسانێک کە بڕیاربوو بیانگه‌یێننه وڵاتێكی ئەمن و ئێستا هیوا و ئاواتەکانیشیان لەبه‌ر سەرمای زستاندا خەریکە دەیبەستێ، بۆ هەر ویژدانێکی زیندوو، پڕه له ئێش و ئازار. کاتێک كه هاواری برسێتیی منداڵێک لەناو هه‌را و هه‌یاهووی ئاپۆڕەی ئینسانەکاندا ون دەبێت و دەنگ ناداتەوە، کاتێک شیتاڵەکانی ئاخرین جلوبەرگەکان بەسەر ته‌لدڕووەکانەوە دەمێنێتەوە، ئه‌و كاته‌ی کە پاسەوانەکانی قەڵای ئۆرووپا بە باتۆمەکانیان به‌ر ده‌بنه سەر و گوێلاکی ئیسانەکان، کاتێک کە چاوی بێ سۆمای ئەم دەرکراوانە لە ماڵ و حاڵیان بە سەرسووڕماوییەوە لەم ئۆردووگاوە بۆ ئەو ئۆردووگا فڕێ دەدرێن، کاتێک کە هەواڵی خنكانی هەزاران کەس لەناو ئاوی لێوارەکانی قەڵای ئۆرووپا مێدیای جیهانیی پڕ دەکات، کاتێک کە تەزووی سەرما جەستەیان گرمۆڵە دەکات، ئیتر ئەوانەیکە سەبەبکارانی ئەم کارەساتە مەترسیدارە ئینسانییەن، ناتوانن خۆیان لە پشت پەردەی مەوعیزەی خێرخوازانەدا بشارنەوە و لە بەیانییەوە هه‌تا ئێوارە، فوو به بڵیندگۆ ته‌بلیغییه‌كانیاندا بكه‌ن و گه‌رووی خۆیان به باسی بایەخ و به‌ها ئوروپاییەکان بدڕێنن.
ئەمه کام بایه‌خه کە ده‌ڕوانێته ڕه‌قبوونه‌وه‌ی له‌به‌ر سه‌رمای ئینسانێک کە بە هەزاران هیوا و ئاواته‌وه بۆ دەستڕاگەیشتن بە شوێنێکی ئەمن و ژیانێکی باشتر، ماڵ و حاڵی لە مەیدانەکانی شەڕدا جێهێشتووە، یان ساتوسەودایەکی دزێو لەگەڵ جەنایەتکارانێکی وەک ئه‌ردۆغان به ڕێگه‌چاره ده‌زانێت. تەنها ئه‌وه‌نده به‌سه كه چاوێک به بارودۆخی ئه‌و به‌هەزاران منداڵه سوورییه‌ی تورکییەدا بگێڕین، بۆ ئه‌وه‌یكه کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەمجۆرە ساتوسەودا نامرۆڤانەیەمان زیاتر بۆ ده‌ربكه‌وێت. دەوترێ کە هەزاران منداڵی سووری لە تەمەنی مەدرەسەدا، لە مەزراکانی تورکیەدا هه‌تا ١١ سه‌عات لە ڕۆژدا کاریان پێدەکرێت و کالایەک كه ئه‌وان بەرهەمی دێنن، لە زومرەی ئەو کالایانەیە کە هەناردەی بەناو ئۆرووپای خاوەن شارستانییه‌ت و ته‌مه‌دۆن دەکرێت. کۆمیسیۆنی منداڵانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان باس لە ڕەقەمی ٣٧٠ هەزار کەسیی منداڵی سووری دەکات کە لە تورکییەن و ناچنە مەدرەسە.
ئەوانەیکە خاکی عێراق و ئەفغانستانیان بە توورەکە کێشا، ئەوانەیکە تەمەنێک ئامێزی خۆیان بۆ دیکتاتۆڕەکانی وەک قەززافی، ئەسەد، ئه‌ردۆغان و سەرانی جەنایەتکار و گەندەڵی زۆرێک لە وڵاتانی قاڕرەی ئافریقا کردەوە و کاتێک کە خەڵک بۆ ڕووخاندنیان ڕاپەڕین، ڕەوتە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانیان چەکدار کرد و به‌ریاندایه گیانی خەڵک، ئەوانەیکە ململانێ و شەڕی جێگره‌وه‌ی خۆیان لەسەر حیسابی بەمیلیۆن ئیسان بەرەوپێش برد، بە چ ڕوویەکەوە باس لە “به‌هاكانی جیهانی ئازاد” دەکەن.
دەوڵەتانی ئۆرووپایی خۆیان لایەنێکی سەرەکیی قەیران، شەڕ، ئاوارەیی و کوشتاری بەمیلیۆن ئینسانن کە لەحاڵێکدا لەژێر گوشاری ڕای گشتیدا ژێستی مرۆڤدۆستیی دەگرن، بەڵام هاوکات بە پێکهێنانی قانون و ئەنجامدانی کرداری پێوەندیدار بە پاراستنی سنوورەکانی قەڵای ئۆرووپا، مەسیری تێپەڕبوونی پەنابەران دەکەنە ڕێگه‌ی مەرگ. ئەمانە لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانیاندا زیاتر لەوەیکە لەبیری پاراستنی گیانی پەنابه‌راندا بن، لەبیری ئەوەدان کە چۆنچۆنیی سنوورەکانی قەڵای ئۆروپاكه‌یان بپارێزن و بێشەرمانە ناوی خه‌بات له‌گه‌ڵ ته‌ماع و زێده‌خوازیی قاچاغچییانی ئینسان و یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی له‌سه‌ر داده‌نێن.
ئێمە بە سەرانی دەوڵەتانی ئه‌مپریالیستیی دەڵێین، ئەگەر تۆسقاڵێك ویژدانتان هه‌یه، وه‌رن جبه‌خانه‌ی چەکوچۆڵ و تەسلیحاتەکانتان دابخەن و ئابه‌مجۆره کۆتایی بە هەناردەکردنی مه‌رگ بهێنن. ئەگەر تۆسقاڵێک ویژدانتان هەیە، وه‌رن کۆتایی بە شەڕی جێگره‌وه و ململانێكانتان بهێنن. ئەگەر زەڕرەیەک وێژدانتان هەیە، وه‌رن کۆتایی بە تاڵان‌کردنی سەرچاوەی ئینسانیی و ژێرزەمینیی وڵاتانی دەوروبەر بهێنن. ئەگەر خاوەنی تۆزێک وێژدانن و ڕاست ده‌كه‌ن، ڕێگه بده‌ن با ئێمە خۆمان تەکلیفی خۆمان لەگەڵ دیکتاتۆرەکان و دەوڵەتانی گەندەڵی ناوچەکە یەکلا بکەینەوە.
ئێمە ئه‌وه بە سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی دەڵێین کە، ئێوە پاسه‌وان و پارێزه‌ری ئەو نیزامەن کە سەرچاوەی گشت مه‌ینه‌تییه‌كان، برسێتیی و ئاوارەبوونی بەمیلیۆن ئینسانە. ئێمە بڕوای ته‌واومان به‌وه هه‌یه کە کۆتاییهێنان بەم نیزامی کۆیلایەتیی مۆدێڕنەی ئێوە، کۆتاییهێنانە بە هەموو مه‌ینه‌تیی و کارەساتێك كه به‌سه‌ر جیهانی ئه‌مڕۆدا زاڵ كراوه.