بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەی سەروبەندی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“، بە بەرجەستە کردنەوەی لایەنە بەناو پۆزەتیڤ و هاندەرەکانی، سەرلەنوێ پرسی منداڵبوونی دەستوورییان هێناوەتە ئاراوە. مستەفا قەمەری وەفا، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی بانکی ناوەندی، ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ ڕایگەیاند: بەگوێرەی یاسای پشتیوانی لە گەنج مانەوەی دانیشتوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بانکەکانی وڵات بە بڕی نزیکەی ٦١ هەزار ملیار تمەنیان قەرزی هاوسەرگیری داوە بە ٣٠٥ هەزار داواکار، کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٢٧% زیادی کردووە. ئیبراهیم ڕەئیسی، هەروەها سەرەتای مانگی گەلاوێژ و لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ستادی نیشتمانی دانیشتووان، سەرلەنوێ سیاسەتی شکستخواردووی زیادکردنی دەستووریی ژمارەی دانیشتووانی هێنا گۆڕێ. ناوبراویش وەک عەلی خامنەیی، لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی فەرهەنگ سازی و بەهێزکردنی ئاراستە هاندەرەکانی ئەو پرسە جەختی کردەوە.
خامنەیی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٦ باسی لە پێویستی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئێرانی بۆ ١٥٠ میلیۆن کەس کرد. دوابەدوای قسەکانی ناوبراو، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی هاندان و سزادان هاتە دەستووری کارەوە. بڕیاردرا تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی فۆرماڵیتەش بووبێت بە پەسەندکردنی “گەڵاڵەی گەنج مانەوەی دانیشتوان و پاڵپشتی خێزانی” بەرگێکی یاسایی بکەنە بەر هەوڵەکانیان لەم پێوەندییەدا. بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیانەوە حەوت ساڵی خایاند تا بڕیارەکەی وەلی فەقیە لەلایەن پاڕلمانەوە پەسەندکرا. بەڵام بەرپرسە پەیوەندیدارەکان وەک زۆرێک لە پرۆسەکانی تر چاوەڕێی یاسای ساختەیان نەکرد و ناوەڕۆکی پلانەکەیان بەکردەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوان نەزۆککردنی ژن و پیاویان جگە لە چەند حاڵەتێکی سنووردار دا، وەک تاوان پێناسە کرد. بودجەی دابینکردنی بەخۆڕایی ئامرازەکانی پێشگیری لە دووگیانی لە ناوەندە پزیشکییەکان بڕدرا. لەباربردنی کۆرپەڵە، جگە لە چەند حاڵەتێکدا و هەروەها هەڵگرتن و دابەشکردنی دەرمانە پێوەندیدارەکانی قەدەغە و بە تاوان هەژمار کرا. سکرینکردن کە ڕێگە دەدات بزانرێت کۆرپەڵەکە لە سکی دایکیدا تەندروستە یان کەمئەندام، قەدەغەکرا. ناوەڕۆکی پەروەردەیی لە میدیا و وانە و پۆلەکاندا دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ کرا بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی ناوەڕۆکەکەی دژی منداڵبوون بوو، نەهێڵن و بوونی منداڵی زۆر وەک کارێکی پۆزەتیڤ و بەسوود نیشان بدەن.
حەوزەی عیلمییە، سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، وەزارەتی فەرهەنگ، ئیرشادی ئیسلامی و سازمانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بەسیج بوون تا گۆڕانکارییەکانی جێ مەبەستی خاوەنانی دەسەڵات لەبواری هونەری دەستووریی و فەرهەنگی کۆنەپەرستانە، بەکردەوە دەربهێنن.
ڕێژیم هاوکات لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنە فەرهەنگییەکان، لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە فەرمانی بە بانکەکانی وڵات کرد کە قەرزی خانووبەرە و منداڵبوون بدەن بە بنەماڵە داواکارەکان. سەرەڕای هەموو ڕێوشوێنە سزابەخش و هاندەرەکان، بنەماڵەکان و لە سەرووی ئەوانەوە، ژنان بە خۆڕاگریی دوورئەندێشانەی خۆیان ئەو پلانەیان شکست پێهێنا. ئاژانسێکی هەواڵی دەوڵەتیی ڕایگەیاند کە لە نێوان ساڵانی ١٣٩٠ بۆ ١٣٩٩ ژمارەی هاوسەرگیری کەمبووەتەوە و بەگوێرەی ئەم ئامارە بەڕێژەی زیاتر لە ٣٦% دابەزیوە. کارناسێک نووسیویەتی، لە ساڵی ٩٩دا ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی وڵات گەیشتە ٦ بۆ ٧ دەهەمی لەسەد کە ئەوە کەمترین ڕێژەی گەشەسەندنە کە ئێران لە مێژوودا بەخۆیەوە بینیویەتی و بەم زووانە دەگەینە ڕێژەی گەشەسەندنی لەسەدا سفر، کە پێدەچێت تەنها ١٠ بۆ ١٥ ساڵی تر بخایەنێت.
پرسی گەنج ڕاگرتنی دانیشتوان بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مافە پشتیوانی و دێموکراتیکەکانی هاووڵاتیان، کارێکی پێویستە. بەڵام کۆماری سەرەڕۆ و سەرمایەداری ئیسلامی، وەک فاشیستەکانی ئەڵمانی نازی و ئیتالیا لە دەیەکانی سی و چلی زایینی، بەنیازن دانیشتووان بە گەنجی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی بە کەڵک وەرگرتن لە ئاموزشی خوڕافاتی مەزهەبی، منداڵان، لاوان و تازەلاوان بۆ هێزەکانی بەسیج و سپا و دام و دەزگای ئیتلاعاتی و هەروەها نمایشکردنیان لە مانگەکانی محەڕەمدا، باربهێنن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی مەبەستیان ئەوە بووە و هەرئێستاش ئەوەیە کە لە جەستەی ژنان و سۆزی عاشقانەی دایکان لە بواری بەخێوکردن و بارهێنانی منداڵ، وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە دژە ئینسانییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. پلان و کردەوەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا لە درێژ ماوەدا ستراتژیک و لە کورت ماوەدا سەرکوتگەرانەیە.
هێنانە ئارای سەرلەنوێی ئەو سیاسەتە، بابەتێکی سیاسییە. بەرپرسانی ڕێژیم لە ترسی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا کە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“دا یەکگرتوویی خوڵقاندووە، بە هەموو شێوەیەک گوشارەکانیان بۆسەر هاووڵاتیان و بەتایبەت ژنان توندتر کردووەتەوە. بابەتی “پلانی گەنجی دانیشتووان و پاڵپشتی خێزانی” لەلایەن ڕەئیسی جەلادەوە بەهەمان ئاراستەی توندکردنەوەی فشارەکان هاتۆتە ئاراوە.
خۆڕاگریی و تێکۆشانی جێی ستایشی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی دژایەتی لەگەڵ باڵاپۆشی ئیسلامی و حیجابی زۆرەملێ، یان ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە بزووتنەوەی دادخوازیدا سنووردار نابێتەوە. دژایەتی و خۆڕاگریی ئەوان لە بەرامبەر منداڵبوونی “دەستووریی“ش، بوارێکی دیکەی خۆڕاگریی و بەرخۆدانی سەرکەوتووانەی ژنانە، کە بەردەوامی و بەهێزکردن و پشتیوانیکردنی، بە تایبەت لەم ڕۆژانەی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا لە هەموو کاتێک پێویستترە.