کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەردەمی ئاوابوونی ئەستێرەی ئەردۆغان و حزبی ئیسلامی “ئاکەپە” دەست پێدەکات

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، هەڵبژاردنی ناوچەیی لە تورکیا بەڕێوەچوو؛ هەڵبژاردنێکی کە تیایدا سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی ناوچەکان هەڵبژێردران. هەڵبژاردنی شارەوانی شارە گەورەکانی تورکیا و هەروەها شارەکانی کوردستان، بەزۆر هۆکار گرنگییەکی سیاسی و ڕەمزیی ئەولاتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیەکانی پەیدا کردووە. سەرکەوتنەکانی نەیارانی پارتی کۆماری گەل و هەروەها پارتی یەکسانی و دێموکراسی گەلان (دەهەم) کە لە نێو خەڵکی کوردی تورکیادا نفووز و کاریگەری هەیە و هەروەها شکستەکانی پارتی دەسەڵاتدار، کە ئەردۆغان هەوڵی دەدا بە فریوکاریی پەردەپۆشی بکات، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. نزیکەی ٦١ ملیۆن کەس لە  شارۆمەندانی تورکیا مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا هەبوو. ڕێژەی بەشداریکردن لە ٨١ پارێزگای ئەم وڵاتە بە زیاتر لە ٧٧% مەزەندە کراوە. ئاک پارتی (حیزبە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان) ٣٧%ی دەنگەکان و پارتی کۆماریخوازی گەل ٣٨ و نیو لەسەدی کۆی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، پارتی یەکسانی و دێموکراسی، زیاتر لە پێنج لەسەدی دەنگەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی چەند شارێکی کوردستان لەوانە ماردین، وان و دیاربەکری بەدەستهێناوە. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە دوو حیزبە ڕکابەرە سەرەکییەکان واتە پارتی کۆماری گەلی ئۆپۆزسیۆن و پارتی دەسەڵاتداری ئەردۆغانەوە هەیە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانەوە، دەنگدەران بە هەر هۆکار و پاڵنەرێکەوە چووبێتن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، لە ڕاستیدا لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە دا، لە نێوانخراپ و خراپتردا، خراپیان هەڵبژارد. بەڵام هەر ئەم هەڵبژاردنە بوو بە نیشانەیەکی ئاشکرای ئاوابوونی خۆری حکوومەتی مەزهەبی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیسلامی سیاسی و هەروەها نیشانەی هەلومەرجێکی نوێی خەبات لەو وڵاتەدا. تا ئەو جێگایەی کە تەنانەت بە واتایەک دەکرێ بە کۆتایی

قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی تورکیادا ناو ببرێت. سەردەمێکی نوێی کە وردە وردە و بەشێنەیی هەلومەرجە بابەتییەکەی بۆ ڕەخساوە. ئەو هاوسەنگی هێزە نوێیەی کە ئێستا درووست بووە، لە سەر بەستێنی بێکاری و هەژارییەکی کە بەردەوام خەریکە پەرەدەسێنێت، ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە تورکیادا زیاتر دەکات. ئەردۆغان کە بەهۆی لەخۆبایی بوون و غروری ساویلکانەی خۆیەوە، هێشتا نەیتوانیوە لە ڕەهەندەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی هێز بە زیانی خۆی تێبگات، دوای ئاشکرا بوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە باڵکۆنی بارەگای حیزبەکەیەوە لە ئانکارا قسەی کرد و بەڵێنیدا کە لەو چوار ساڵەی تا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوو لەبەردەمیدایە، بۆخۆی نوێکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانکەڵک وەربگرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕێبەریی ئاک پارتی، کە سەردەمانێک توانی بورژوازی تورکیا لە سەرلێشێواوی سیاسی دەرباز بکات، ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا جگە لە کەسێکی بێ پلان و شکستخواردوو هیچی تر نییە. شکست و ناکامییە بەردەوامەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، یەک و دووان نین. ئەستێرەی بەختی دەوڵەتیئەردۆغانلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتی ڕووداوەکانی ناسراو بەبەهاری عەرەبیدا ڕووی لە ئاوابوون کرد. خۆشباوەڕییە سەرەتاییەکانی ئەردۆغان و حیزبەکەی، کە خۆیان بە سەرچاوەی ئیلهام و ڕێبەری مەعنەوی ڕەوتە ئیسلامییە لیبراڵەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەزانی و بە شانازییەوە خەیاڵیان دەکرد کە دەتوانن جێگەی ئیمپراتۆریەتی ڕووخاوی عوسمانی بگرنەوە، وەک بڵقی سەرئاو تەقیەوە. پاڵپشتیکردن لە داعش بوو بە ڕسواییەکی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتی ئەردۆغان. سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سوریا شکستیان هێنا و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا هیچ ڕۆڵێکیان لە داڕشتنی ئایندەی سیاسی سوریادا نابێت. دەوڵەتی تورکیا بوو بە یەکێک لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە سوریا. مانۆڕی سیاسی و دیپلۆماتیکی ئەردۆغان لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ناوچەکەدا، جگە لە شەرمەزاریی هیچ ئاکامێکی بۆ ئەردۆغان لێنەکەوتەوە. ئەو ڕەوتی گەشەی ئابوورییەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاری ئاک پارتی، بوو بە پلیکانی پێشکەوتنی ئەم حیزبە، ئێستا ئاراستەیەکی خێرای ڕوولە دابەزینی بەخۆیەوە گرتووە. بەهایلیرەیتورکیاگەیشتۆتە

نزمترین ئاست لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا. دەوڵەتی ئەردۆغان کە توانیبووی ئابووری سەرمایەداریی تورکیا لە چنگ قەیرانی بەربڵاوی ئابووری ڕۆژئاوا ڕزگار بکات، نەیتوانی ئەو سەرکەوتنە بۆ ماوەیەکی زۆر بپارێزێت. گەشەی ئابووری وەستا و ئێستا چەقبەستوویی و بێکاریی و هەژاریی جێگای گرتووەتەوە. شکستی هەوڵەکانی ئەم دەوڵەتە بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی ئەوروپاش دەبێ بە لیستی شکستەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان زیاد بکرێت. ساڵانێکی زۆرە دەوڵەتەکانی ئەوروپا تورکیایان لە پشت دەروازەکانی یەکێتی ئابووریی ئەوروپا، بە چاوەڕوانی هێشتووەتەوە.

هەموو ئەم ڕاستیانە دەستیان داوەتە دەستی یەک و بوارەکانی پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی و ئابوورییان لە تورکیادا ڕەخساندووە. دەوڵەتی تورکیا بە ڕێبەرایەتی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان، هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونیان لەم قەیرانە لەبەردەمدا نییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بزووتنەوەی کرێکاریی لەو وڵاتە، خاوەنی گەلێک نەریتی بەنرخ و دەوڵەمەندی خەباتکارانەیە و یەکێکە لە بەهێزترین بزووتنەوە کرێکارییەکان لە جیهاندا. هێز و ڕەوتە چەپەکانی کۆمەڵگا، لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەو وڵاتەدا ڕیشەیان داکوتاوە. ڕەوتی سکۆلار و پێشکەوتنخوازی تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ لە نەریتە کەمالیستییەکان دوورتر دەکەوێتەوە، بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی، یەکێکە لە پایەکانی خەباتە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان لەو وڵاتە، بزووتنەوەیەکی کە لە ڕاستیدا بووە هۆی شکستی حیزبەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا. تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، ئاڵوگۆڕێکی چارەنووسسازی کە دەتوانێت لەو هەلومەرجە بابەتییەوە سەرچاوە بگرێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵبژاردنی نێوانخراپ و خراپترلە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، یەک ناگرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-