سەرئەنجام کاتی تەقینی ئەم دومەڵە چه‌په‌ڵه‌ش هات و بەزوویی ئاکامی چەندین مانگ ڕقابەت لە ململانێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئامریکاش بۆ هەموان ڕوون دەبێتەوە. به‌ده‌ر لەوەیکە کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری دواتری ئامریکا، هه‌بوونی شەڕلاتانێکی سیاسیی وەک دۆناڵد تڕا‌مپ بۆ کاندیدی سەرۆک کۆماریی، دژایەتیکردنی کەسایەتییەکانی پارتی کۆماریخواز لەگەڵ ئەو دەنگانەی کۆی کردوونەتەوە، لە خاڵە جێ سه‌رنجەکانی ئەم دەورەیه لە هەڵبژاردن دەبن.ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێك له جۆره‌كان، ڕەنگدانەوەی قینی په‌نگخواردووی خەڵکی ئامریکاشە. تڕامپی میلیاڕدێر لە بێزاریی و قین و داماویی خەڵکێک تەغزییە دەکات کە ئاكامی سیاسەتە ئابوورییە نێئۆلیبڕلییەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابردوو، سووكایه‌تیی پێكردوون و به‌ره‌و سووچ و په‌ڕاوێزی هاویشتوون، خەڵکێک کە خەونی ژیانی ئامریکایی بە پووچ و بێ ناوەرۆک دەزانن و ئیتر باوەڕیان پێی نییە. لە بەرانبەر تڕامپدا، هیلاری کلینتۆن وه‌ستاوه کە واڵ ئێستریت و ناوەندە داراییه‌كانی ئامریكاشی له‌پشته و نیازی ڕێككه‌وتن لەسه‌ر ویست و داخوازیی لاوانی توڕە و خەڵکێکیشی نییه کە لە بەرانبەر نایەکسانیی ئابووریی و کۆمەڵایه‌تیی و سوکایەتیی هه‌ر ڕۆژەدا ڕاساون.
تڕا‌مپ کە سەرەڕای مەیل و دژایەتیی ده‌یان کەس لە سیما ئەمنییەتی و بە هێزەکانی پارتی کۆماریخواز، توانیویەتی بچێتە ناو ململانێی هەڵبژاردن و لەم پێشبڕكێیه‌دا نوێنەرایەتیی حیزبێک دەکات كه خۆی بە پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایەدارانی گەورە، خاوەنانی پیشەسازیی چه‌كوچۆڵ و میلیاردێرەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆ و دەرەوە ناساندووە. بەڵام تڕا‌مپ کە نەک له‌به‌ر ڕابردوویه‌كی پڕ لە گەندەڵیی ، خۆدزینه‌وه ماڵیاتییه‌كان و ڕسواییه ئه‌خلاقییه‌كانی، بەڵکوو بەو هۆكاره کە خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی پێش بینیی نه‌كراوه، پشتیوانیی زۆرێک لە سیما سەرەکییەکانی حیزبه‌كه‌شی لەدەستداوە، به‌م حاڵه‌وه هەموو شگرد و فێڵێکیشی بەکار هێناوە هه‌تا دەنگ و بیروڕای خه‌ڵكی دواکەتوو و پەڕاوێزخراوی ئامریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. تڕا‌مپ بە تەبلیغاتی ڕەگەزپەره‌ستانەی لەدژی ئەو به‌ڕه‌گه‌ز ئافریقایی- ئامریکاییانه‌ی کە گۆیا ئەوان تەنها بۆ تاوانكاریی و جەنایەت دروستکراون، له‌ڕێگه‌ی دەستەوداوێن بوونی ناسیۆنالیزم و دژایەتیکردنی کۆچبەران و واده‌ی دەرکردنی مێکزیکییەکان، له‌ڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی تۆمی نەفرەت و فیرقەگەریی مەزهەبیی و واده‌ی قەدەغەکردنی هاتنی موسڵمانان بۆناو خاکی ئامریکاوهن به‌نیازه خەون و ڕۆئیای ئامریکایی زیندوو بکاتەوە و سەرلەنوێ ئامریکا بكاته‌وه به زلهێزی بێ هاوتا . تڕا‌مپ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م فێڵ و فریوکارییانەوه دەیهەوێ بە دەنگدەران بسەلمێنێ کە هۆکاری هەژاریی و بەدبەختیی و پەڕاوێزکەوتنیان، سەرمایەداران و یەک لەسەدییەکانی کۆمەڵگه نین، بەڵکوو کرێکارانی کۆچبەری مێکزیکی و ئەو مرۆڤه بێبەشانەن کە به‌ده‌ر لە هەر نه‌ته‌وه و مەزهەبێک کە هەیانبێت، هەژاریی و شەڕ و نائەمنیی، ئەوانی فڕێداوەتە ئەم گۆشەیەی جیهان.
تڕا‌مپ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م تەبلیغاتە ڕەگەزپەرستانە و فیرقەگەریانەیه‌وه توانیویەتی بەشێک لە توێژی مامناوەندی کۆمەڵگه و تەنانەت بەشێک لە بێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگه بۆ لای کەمپەینە ته‌بلیغاتییه‌كانی ڕابکێشێت. ئەمانە هەم قوربانیانی سیاسەتە ئابوورییە نێئۆلیبڕالییەکان و هەم دۆڕاوەکانی قەیرانی سەرمایەدارین کە لەسەر به‌ستێنی شکستی ئۆلگووی نێئۆلیبڕالیزمه‌وه سەری هەڵدا. بەمیلیۆن کەسیان بە کۆڵەبارێکی قورس لە قەرزی بانکەکانەوە په‌ڕاوێز خراون. ئەمانە کە به‌ده‌ست ئۆباماوه سەرخۆردە بوون، کلینتۆن بە بەشێک لە دەزگای سۆننەتیی حکومەتی دێمۆکڕاتەکان و درێژەپێدەری ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستا دەزانن، بەبێ ئەوەیكه بزانن کە کاندیدی کۆماریخوازەکان ئەوان بەرەو کوێ دەبات.
دەبێ بڵێین، هۆكاری ئەوەیكه لەم هەڵبژاردنەدا “هیلاری کلینتۆن”ێك کە تەنانەت لەناو دێمۆکراتەکانیشدا خۆشەویست نییە و “تڕا‌مپ”ێكی بێزلێكراو بێنه مه‌یدان، سەرچاوەگرتوو لە ئاكام و ده‌ره‌نجامه‌كانی قەیرانی جیهانیی سەرمایەدارییە. درێژەی ئەم قەیرانە كه‌له‌به‌رێكی قووڵی لەنێو چێنی سەرمایه‌دار و حیزبه بوورژاییه‌كانی وڵاتانی بەهێزی جیهان بەدیهێناوە. نە کلینتۆن و نە تڕا‌مپ هیچکامیان ناتوانن ئاسۆ و دیمەنگای گەشەی ئابووریی پیشانی خەڵکی ئامریکا بدەن. ئەمانه ناتوانن ڕێگه‌چارەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نیشان بده‌ن کە سەرتاپای نیزام و ده‌سه‌ڵاتی سەرمایەداریی ئامریکای داگرتووە. ئەوان ناتوانن ئاسۆیەکی ڕوون لە ئاکامی توندبوونەوەی ململانێی زلهێزە جیهانیی و ناوچەییەکان به‌ڕووی خه‌ڵكی ئامریكادا بكه‌نه‌وه کە لە هەموو جێگایەک ڕۆڵی ئامریکایان لە ڕێبەریکردنی سیاسی‌دا تووشی ئاستەنگ کردووە. ئەگەر کلینتۆن بە پەیڕەویکردن لە کانونەکانی دەسەڵات لە پارتی دێمۆکرات، کزبوونی دەسەڵاتی ئابووریی ئامریکا و لەپاڵیدا جیهانی چەندجەمسەریی و به‌شی هێزە ڕەقیبەکان لە کانونەکانی قەیرانی جیهان هه‌تا ڕادەیەک بەڕەسمییەت دەناسێ، بەڵام تڕا‌مپ کە بە وتەی کەسایەتییەکانی پارتی کۆماریخواز، نە قانونی ئەساسی وڵاتی خوێندۆتەوە و نە ئاگاداری سیاسەتە جێکەوتوەکانی حیزبەکەشیه‌تی، هەڵسوکەوتەکانی پێشبینی ناکرێن. ئەم هەڵسوکەوتە پێش بینی نەکراوانەی تڕا‌مپ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە ئامریکا چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی جیهانیدا به‌ره‌وڕوویان بۆتەوە، بووەته هۆی ئەوەیکە زۆربەی کەسایەتیی و سیما ناسراوە هاوحیزبییەکانیشی بە کلینتۆن واتە بە کاندیدی پارتی نەیار دەنگ بدەن.
بەڵام سەرەڕای نیگەرانیی خاوەن سەرمایە گەورەکان و ناوەندە داراییه‌كانی ئامریکا لە هەڵبژیردرانی دۆناڵد تڕا‌مپ، مێکانیزمەکانی سیاسەتگوزاریی لە هەر دوو پارتی کۆماریخواز و دێموکرات‌دا، وەها جێکەوتوو و نیهادینەکراون کە، هیچ سەرۆک کۆمارێک ناتوانێ نییه‌ت و بۆچوونه شەخسیی و نەوەساناتی ڕه‌وانیی خۆی بکاتە بنەمای دیاریکردنی سیاسەت له كۆشكی سپی. لە ئامریکا ئه‌وه به‌ناوبانگه کە واڕ ئێستریت و پیشەسازیی چه‌كوچۆڵ و بۆنگاکانی ڕاگەیاندن، ده‌وری یەکلاکەرەوەیان هەیە لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتدا. هه‌ر بۆیه ئەگەر کلینتۆن یاخود تەنانەت ئەگەر تڕامپیش هه‌ركامیان بچنه‌ناو کۆشکی سپی، پەیڕەویی لەم یاسا و ڕێسایە دەکەن.
ئەو دەنگدەره ئاساییانه‌ی کە بە بژاردەی ” خراپ و خراپتر”ه‌وه چارەنووسی خۆیان ده‌ده‌نه ده‌ست کلینتۆن، یان ده‌نا ئەو کەسانەشکە بە هیوای گۆڕانكاریی لە بارودۆخی شێواوی ئێستایان كه‌وتوونه‌ته شوێن ڕەگەزپەرستێکی جنێوفرۆشی وەک تڕا‌مپ، ئه‌مانه ده‌بنه دۆڕاوە سەرەکییەکانی ئەم گه‌مه‌یه. بۆ به‌شێكی گه‌وره له چینی سه‌رمیه‌ردار و چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئا‌مریكا کە عادەتیان بە یاریی” خراپ و خراپتر” کردووە، هاسانتره کە قەبوڵی بکەن باشتروایه کلینتۆن هەڵبژێرن و ئه‌مه هه‌ڵبه‌ت جۆرێكه له هه‌ڵبژاردن. به‌ڵام كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌شی ئا‌مریكا نابێ بكه‌ونه‌ناو داوی ئه‌م گه‌مه‌یه‌وه.
بێگومان تڕا‌مپ و کلینتۆن نوێنەرانی ئەو بەشانە لە سەرمایەداریی ئامریکان کە هه‌ڵوێست و بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌رامبه‌ركێكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشمه‌كێشانه هه‌یه كه ئا‌مریكا له قۆناغی داهاتوودا له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئەمانه هیچكامێكی پێوەندیی بە بەرژەوەندیی چینی کرێکاری ئامریکا و جەماوەرێکی میلیۆنییەوە نییه کە پەڕاوێز خراون. ئەمانە بەدیلی ڕزگارکردنی کۆمەڵگه نین. چینی کرێکار، ڕەنگین پێستەکان، کۆچبەران، ژنان و جەماوەری میلیۆنیی پەڕاوێزخراو، دەبێ ڕێگه‌ی خه‌بات له‌گه‌ڵ موناسباتی سه‌رمایه‌داریی بگرنه‌به‌ر، ئه‌و موناسباته‌ی كه بێكاریی و هه‌ژاریی و بێبه‌شییه‌كان به‌رهه‌م دێنێته‌وه، هه‌ر بۆیه ده‌بێ به‌دوای به‌دیل و جێگره‌وه‌یه‌كی واقعیی و ڕزگاریده‌ره‌وه بن.