کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە ئافریقا بەشوێن چیەوەیە؟

لە ڕۆژەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بەرەو وڵاتانی ئافریقایی کەوتەڕێ. یەکێک لە ئامانجەکانی مێرکێل لەم سەفەرە بەستنی کۆمەڵێک قەرارداد بوو لەگەڵ چەند وڵاتێکی باکووری ئافریقا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پەنابەران، دروست کردنی کەمپی پەنابەری لە لەسەر سنوورەکانی ئەم وڵاتانە بۆ جێگیر کردنی ئەو پەنابەرانەی کە لە دەریای مەدیتەرانەدا لە لایەن پاپۆڕه‌كانی یەکێتیی ئورووپاوە کۆدەکرێنەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەم سەفەرە گەڕانە بەشوێن ڕێگه‌ چارەیەکدا بۆ به‌رگرتن به‌ هاتنی پەنابەران بەرەو قەلای ئورووپا. لە ڕوانگەی ئاڵمانەوە، کۆسپی سەرەکی لە ڕاستای سەرکەوتنی ئەم تەرحەدا بارودۆخی ناسەقامگیری لیبیە. لەمرۆدا کۆمەڵگه‌ی لیبی لە سایەی سەری فرۆکە جه‌نگییه‌کانی ناتۆوە، بۆتە شوێنی تەڕاتێنی هەموو جۆرە ڕەوتێکی تێرۆریستی ئیسلامیی، باندەکانی قاچاخی چەک و پشتی جبهەی هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان.

بەشی زۆری پەنابەران لە وڵاتانی ئافریقاییەوە بەو بەلەمانەی کە لە زۆر حاڵەتدا نەک وەسیلەی نەجاتی ئەوان بەڵکوو ئه‌مڕازی له‌ناوچوونیانه‌، بەرەو لێوارەکانی قەڵای ئەرووپا دەکەونە ڕێ کە ئەگەر شانسیان هێنا و نەبوونە خۆراکی شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریای مەدیتەرانە، لە لایەن پاپۆڕه‌کانی ناتۆوە کە گۆیا بۆ ڕزگار کردنی ئەوان بەم دەریایەدا دەگەڕێن، ڕاو دەکرێن. لەبەر ئەمەیه‌ كه‌ خاڵی سەرەکی لە تەرحی یەکێتیی ئورووپا و سەدری ئەعزەمی ئاڵماندا درووست کردنی وەها بەربەستێکە کە پەنابەران ئیمکانی چوون بۆ مەدیتەرانەیان نەبێت. لەم ڕوانگه‌یه‌وه‌ لیبی ڕۆڵێکی گرنگی لەم گەڵالەیەدا دەگێڕێ. بەڵام شیرازەی لیبی وەها لێک هەڵوەشاوە کە بە دژواری دەتوانێت لێوارە ئاوییەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان دەیەوێ لە ئه‌نجامی سەفەری چەند ڕۆژیدا بۆ وڵاتانی لێواره‌كانی مەدیتەرانە لەوانە مێسر و تونێس ڕێگه‌ چارەیەک بۆ درووست کردنی ” سەقامگیری” لە لیبی بدۆزێتەوە. ئەگەر دەتوانێ لەگەڵ ئه‌ردۆغان لەسەر ژیانی پەنابەران دەستبداتە ساتوسەودا بۆچی ناتوانێ لەگەڵ دیکتاتۆڕی مێسر ژەنەڕاڵ السیسی ئەم کارەبکات. ئێستا کە ئەو ژەنڕاڵانەی پاڵیان وەکورسی دەسەڵاتەوە داوە لە مێسر موبارەك و “ئێخوانه‌ولمۆسلمین”نیان کردە قوربانی تا مەترسی ڕاستەقینە و گەورەتری شۆڕشی خەڵک نه‌هێڵن، بۆچی نەتوانن بە یارمەتی ئەم ژەنڕاڵانە شایەد سەروسامانێکیش بە لیبی بدەن. کێشەی خانمی مێرکل لەوێدایە کە ئەو و ژەنڕاڵ سیسی لەسەر ئەوەی کە کێ سەرۆکی دەوڵەتە لە لیبی خاوەنی یەک بۆچوون نین. لە حاڵێکدا کە مێرکل پشتی بە بەناو ” دەوڵەتی وەحدەتی نەتەوەیی” بەستوە، لە بەرانبەردا السیسی هیوای بە کسێکی لە جنسی خۆی واتە ژەنڕاڵ ” خەلیفە هەفاتر” بەستوە. بێجگە لەوەی کە بە شێوەی واقعی هیچکام لەم دوو هێزە توانایی گیڕانەوەی سەقامگیریان بۆ لیبی نییە. و ئێستا خانمی مێرکل دەیەوێ بە نوێنەرایەتی لە لایەن یەکێتی ئۆرووپاوە ڕێکارێک بۆ دوور ڕاگرتنی پەنابەران لە کەناراویەکانی ئافریقا بدۆزێتەوە.62

دەزانین کە دەمێکەیە کە لە یەکێتی ئۆرووپادا قسە و باس سەبارەت بە ڕاگەیاندنی وڵاتانی لیبی، تونێس و ئەلجەزایر وەک وڵاتانی ئەمن لە ئارادایە. وتووێژی کاربەدەستانی وڵاتانی ئۆرووپایی و بە تایبەت وەزیرانی ناوخۆ، دەرەوە و خانمی مێرکل لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم سێ وڵاتە ماوەیەکە لە جەریاندایە. ئەگەر ئۆرووپا و هەر سێ وڵاتی ناوبراو بگەنە ئەم ڕێککەوتنە ئەگەری ئەوە هەیە چوونی کۆچبەران لە وڵاتانی ئافریقاییەوە بەم ڕێگایەدا دابخرێت. دەوڵەتی ئاڵمان بە بێشەرمی تەواوەوە ئەفغانستانی بە ئەمن ڕاگەیاندوە و لەم هەفتانەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە پەنارانەی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەم وڵاتە. هەڵبەت سەدری ئەعزەمی ئاڵمان ساڵانێکە ستراتێژی به‌ستنی ڕێگه‌ی وشکایی هاتنی پەناباران بۆ لێوارەکانی ئافریقا تاووتوێ دەکات. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە ساڵی ٢٠١١ دا بۆ بە كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەم ستراتێژییە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەلجەزایردا، بەرهەمی هاوبەشی تانکی ” ڕێوی” لە ئەلجەزایر خستەکار. ئێستا ئەم تانکانە لە سنورەکانی ئەلجەزایر لە حاڵی ئۆپڕاسیۆنی پاراستندان. هەڵبەت پرۆژەی دیكه‌ش لەوانە بەرهەمهێنانی پاترۆڵ و دەزگاکانی ڕاداریش خراونەتەکار. شارەزایانی ئاڵمانی بۆ په‌روه‌رده‌ كردن و بارهێنانی سنوور پارێزانی تونێس ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون. لە پێوەند لەگەڵ مێسر نە تەنها ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كی به‌رگری لە ساڵی ٢٠١٦ دا واژۆ کراوە بەڵکوو هێزه‌کانی ڕێكخراوی ئاسایشی ئاڵمان بۆ بارهێنانی ئەندامانی ڕێكخراوی مه‌ترسیداری ئاسایشی مێسر لەو وڵاتەدا جێگیربوون. فەڕانسە و ئاڵمان بە هاوبەشی لە ساڵی ٢٠١٦ دا کەلوپەلی ماهوارەییان بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنوورەکان خستە ئێختیار مێسرەوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دا هەروەها شیرکەتەکانی کەشتی سازیی ئەڵمانی لە ڕێككه‌وتنێكی دیكه‌دا، ژمارەیەک ژێردەریاییان داوەتە دەست ئەلجەزایر و مێسر.

ستراتێژی دەوڵەتی ئاڵمان له‌ كێشه‌ی په‌نابه‌ران گه‌ڵێك ئه‌ولاتره‌. ئامانجی کۆتایی کۆنتڕۆڵ کردنی بە تەواوەتی دەریای مەدیتەرانەیە بۆ ئامانجە ستراتێژیەکانی دیكه‌. دەوڵەتی ئاڵمان بەردەوام لەسه‌ر زاری کاربەدەستانی خۆیەوە چ لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتی ئەمساڵی مۆنیخ و چ لە ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندوە کە خوازیاری قەبوڵ کردنی بەرپرسیاریەتی نیزامییە لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی جیهاندا. تا ئێرەش هێزە نیزامییەکانی ئاڵمان لە زیاتر لە ١٨ وڵاتی دنیادا بەرپرسی پاراستنی بەناو ” ئاشتی”ن.

ڕەنگە سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بۆ زاڵ بوون بەسەر قەیرانی پەنابەریدا لە ئوروپا بە ئەنجامدانی کۆمەڵیک مەعامەلەی کەسیف و نامرۆڤانە لەگەڵ ڕێبەرانی مێسر، تۆنیس و ئەلجەزایر بتوانێ ڕێگه‌یەکی کاتی بدۆزێتەوە و کۆچبەرەکانی وڵاتانی ئافریقایی لە کۆمەڵیک زیندانی مەترسیداردا کە بە ناوی کەمپەکانی پەنابەران لە وڵاتانی لێوارەی مەدیرەتانەدا دروست کراون، بەند بکات و چاوی خۆیان به‌سه‌ر گیان لە دەستدانی هەزاران کەس لە کۆچبەران لە ئاوەکانی ساحلی ئۆرووپادا ببه‌ستن، بەڵام تا کاتێک کە ئافریقا لەژێر کۆتوبەندی هێرشی سەرمایە و کالای وڵاتانی میترۆپۆلی سەرمایەداری و نابوود بوونی بە شینەیی ژینگە، پەرەگرتنی هەژاری و شەڕە فیرقەیی و مەزهەبیەکاندا بێت، هەموو ڕێگا چارەکان بۆ بەرگرتن لە حەرەکەتی میلیۆنی ئەو کۆچبەرانەی بەشوێن ژیانێکی ئینسانیدا دەگڕێن بەرەو رووی شکست دەبێتەوە. کاتێک سەروەتی ژمارەیەکی کەمتر لە پەنجەکانی دەست زیاترە لە سەروەتی نیوەی كۆمه‌ڵگه‌ی دونیایه‌، کاتێک وێنه‌ی جەستەی لەتوکوت کراوی منداڵانی ئافریقایی و دایکەکانیان لە ڕاگەیەنەرە گشتییەکاندا نیشان ده‌درێت، هیچ ئینسانێکی خاوەن ویژدان ناتوانێ بە هیچ بیانویەک لە خەبات بۆ تێک شکاندنی ئەم نیزامە دژی ئینسانیە خۆی بێ مەسئولیەت بکات.